بیروباوەڕی هەڵە دەربارەی منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-11-11:59:00 - کۆدی بابەت: 6849
بیروباوەڕی هەڵە دەربارەی منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵبوون پڕۆسەیەکی قورس و هەستیارە و هەر خانمێک مافی خۆیەتی کە بترسێت و تووشی دڵەڕاوکێ ببێت، بەڵام گرنگە کە کۆمەڵێک بیروباوەڕی هەڵە لاببات لە مێشکیدا دەربارەی منداڵبوون تاکوو ئەوەندەی دیکە پڕۆسەکە قورستر نەبێت لەبەرچاوی، ئەمە زیاتر بۆ ئەو خانمانە ڕوودەدات کە یەکەم منداڵیانە و لەلایەن کەسانی ترەوە قسەیان بۆ دەکرێت کەخۆیان پێشینەی منداڵبوونیان هەبووە.

بیروباوەڕە هەڵەکان چییە دەربارەی منداڵبوون؟

منداڵبوون بە نەشتەرگەری ڕێگایەکی ئاسانترە

یەکێکە لە بیروباوەڕە زۆر هەڵەکان، لە ئێستادا خانمان لە ترسی ژانی منداڵبوونی سروشتی و ئازارە زۆرەکەی پەنا دەبەن بۆ منداڵبوون بە نەشتەرگەری و پێیان وایە کە ڕێگایەکی زۆر ئاسانە، ئەمە لە کاتێکدا کە منداڵبوون بە نەشتەرگەری زیانی زۆری هەیە هەم بۆ دایک و هەم بۆ منداڵەکەش، دەکرێت کاتی منداڵبوونەکە ژانت نەبێت و ئاسانتر بێت بەڵام لێکەوتی زۆر خراپی هەیە لە داهاتوودا.

ژانی تۆقێنەری منداڵبوون

گوومانی تێدا نییە کە ژانی منداڵبوون زۆر بە ئازارە، بەڵام خانمەکە دەتوانێت بەرگەی بگرێت و زۆر لە منداڵبوون به نەشتەرگەری باشترە، بۆیە ئەمە بیروباوەڕێکی هەڵەیە کە لە ترسی ژانی منداڵبوون پەنا ببەیت بۆ منداڵبوون بە نەشتەرگەری.

دروستبوونی کێشەی سێکسی 

زۆرێک لە خانمان وادەزانن ئەگەر منداڵیان بە سروشتی ببێت دووچاری هاتنە خوارەوەی منداڵدان و شلبوونەوەی زێ دەبن و کێشە دروست دەکات بۆ کرداری جووتبوونیاندا و هەروەها جەستەیان تێک دەچێت و ئەندامی زاوزێیان ناشرین دەبێت، بەڵام دوای منداڵبوون چۆن منداڵدانی خانمەکە وەک خۆی لێ دێتەوە زێ و ناوچەکانی دیکەش بە هەمان شێوەیە و بە خۆراکی تەندرووست و وەرزش و ڕاهێنانی تایبەت دەتوانیت لەم کێشەیە ڕزگارت ببێت.

زۆرخۆری پێش منداڵبوون

هەندێک پێیان وایە پێش منداڵبوون دەبێت زۆر بخۆن تاکوو وزەیان پێ بێت کاتی منداڵبوونەکە، بەڵام ئەمە هەڵەیە چونکە زۆرخۆری زۆرجار دەبێتە هۆی دڵتێکچوون و ڕشانەوە و قەبزیی، کە ئەوەندەی دیکە منداڵبوونەکە قورس دەکات.


سەرچاوەکان



1682 بینین