چارەسەر و قۆناغەکانی شێرپەنجەی گورچیلە

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-10-11-14:36:00 - کۆدی بابەت: 6853
چارەسەر و قۆناغەکانی شێرپەنجەی گورچیلە

ناوه‌ڕۆك

شێرپەنجەی گورچیلە

شێرپەنجەی گورچیلە نەخۆشییەکە کە تێیدا خانەکانی گورچیلە دەبن بە خانەی شێرپەنجەیی و گەشەکردنیان لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و گرێ دروست دەکەن.

قۆناغەکانی شێرپەنجەی گورچیلە

قۆناغەکانی شێرپەنجەی گورچیلە چوار قۆناغە، پێشبینی کردنی داهاتووی نەخۆشییەکە پشت دەبەستێت بە تەندروستی جەستە و قۆناغی شێرپەنجەکە.

- قۆناغی یەکەم: گرێ شێرپەنجەییەکە بە تەنها لە گورچیلەدایە و  ٧ سم یان بچووکترە.

- قۆناغی دووەم: گرێ شێرپەنجەییەکە تەنیا لە گورچیلەدایە و لە ٧ سم گەورەترە.

- قۆناغی سێیەم: گرێ شێرپەنجەییەکە لە ناو گورچیلەدایە و بە لایەنی کەمەوە لە یەکێک لە لیمفەگرێ نزیکەکانیشدا هەیە، هەروەها گرێ شێرپەنجەییەکە لە لوولە خوێنی سەرەکی گورچیلەدایە و دەشێت لە یەکێک لە لیمفەگرێ نزیکەکانیشدا هەبێت، گرێیەک لە چەورییە شانەکانی دەوروبەری گورچیلەدایە و بەهەمان شێوە دەکرێت لە یەکێک لە لیمفەگرێ نزیکەکانیشدا هەبێت، گرێیەک کە چووەتە ناو (خوێنهێنەرە سەرەکییەکەی گورچیلە یان شانەکانی نزیکی گورچیلە)ەوە، بەڵام نەچۆتە ناو ڕژێنی ئەدریناڵەوە هەروەها دوورە لە پەردەیەکی ڕیشاڵی کە ناوی پەردەی جیرۆتایە.

قۆناغی چوارەم: شێرپەنجەکە تەشەنەی کردووە بۆ ئەودیوی چینە چەورییەکانی دەوروبەری گورچیلە و دەکرێت چووبێتە یەکێک لە لیمفەگرێ نزیکەکان، هەروەها پێدەچێت بگوێزرێتەوە بۆ ئەندامەکانی دیکەی لەش بۆ نموونە ڕیخۆڵە، پەنکریاس، سییەکان.

دیاریکردنی نەخۆشییەکە

ڕەنگە کەسی نەخۆش خۆی هەست بە هەندێک نیشانە بکات و نیشانەی وەک (ماندوویەتی لە ڕادەبەدەر و کەمبوونەوەی کێشی لەش و ئازاری لاتەنیشتەکانی پشت)ـی تێدا دەربکەوێت، یاخود لەوانەیە پزیشکی پسپۆر لە کاتی پشکنیندا بۆ نەخۆشییەکی دیکە بۆی دەربکەوێت کە نەخۆشەکە شێرپەنجەی گورچیلەی هەیە، هەروەها پێویستە مێژووی تەندروستیی کەسەکە و پشکنینی تایبەت و پشکنینی جەستەیی نەخۆشەکەش لەلایەن پزیشکەکەوە ئەنجام بدرێت، لە پشکنینی جەستەییدا پزیشکەکە چاودێری تا و پەستانی خوێن و ئازاری سک دەکات، نەخۆشەکەش پێویستە لە باسی مێژووی نەخۆشیەکە هەموو سەرەداوێکی پەیوەست بە بابەتەکە بە پزیشکەکە بڵێ بەتایبەت بەکارهێنانی هەر جۆرە دەرمانێک پێش تووشبوونەکە.

بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە پزیشک پشت بەم  جۆرە پشکنینانە دەبەستێت:

- شکنینی میز: بۆ دڵنیابوونەوە لە بوون و نەبوونی خوێن لە نێو میزدا.
- پشکنینی خوێن: دەریدەخات کارکردنی گورچیلەکان لە چی ئاستێکدایە.
- ئێکس ڕەی گورچیلە (Renal X-Ray): ماددەیەکی تایبەت لەڕێی میزەڕۆوە دەدرێت بە کەسەکە کە وەکو بۆیە وایە و لە کاتی پشکنینەکەدا گرێ شێرپەنجەییەکان دەردەخات.
- سۆنەر (ULTRASOUND): شەپۆلی دەنگ بەکاردەهێنرێت بۆ نیشاندانی وێنەی گورچیلە، ئەم پشکنینە یارمەتیدەرە لە دەرخستنی ئەوەی جۆری گرێکە ڕەقە یاخود کیسی پڕ لە شلەیە.
- CT-Scan.
- تیشکی ڕەنینی موگناتیسی (MRI).
- ناوبینی لوولەکانی خوێنی گورچیلە: ئەم پشکنینەش بەکاردێت بۆ هەڵسەنگاندنی لوولە خوێنی ڕۆیشتوو بۆ گرێ شێرپەنجەییەکە، تەنها لە حاڵەتێکدا سوودبەخشە کە گرێکە بچووک بێت.
- پکشنینی شانەی زیندووی ئەندامەکە (Biopsy): هەندێکجار پزیشکەکە پەنا دەباتە بەر ئەم ڕێگایە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی پشکنینەکانی دیکە لە دیاریکردنی نەخۆشییەکەدا، کەسی پسپۆڕ دەرزییەکی تایبەت بەکاردێنێت بۆ هەڵگرتنی بەشێکی شانە زیندووەکە دواتر لە تاقیگەدا پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ بوون و نەبوونی خانەی شێرپەنجەیی تێیدا، ئەم پشکنینە پێمان دەڵێت کە شێرپەنجەکە لە کام قۆناغدایە واتا ئاستی مەترسیداری شێرپەنجەکە دیاری دەکات، ئەگەر پزیشکەکە نەخۆشییەکەی وەکو شێرپەنجەی گورچیلە دیاری کرد ئەوا ڕەنگە پێویست بکات پشکنینی دیکەی وەک MRI و CT-Scan و X-Ray ئەنجام بدرێت بۆ زانینی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە بۆ سییەکان و ئێسک، پسپۆڕەکەش لەڕێیانەوە دڵنیاتر دەبێت لە قۆناغی نەخۆشییەکە.

چارەسەری شێرپەنجەی گورچیلە

شێرپەنجەکە یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە کە لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کات گەشەسەندنی کەم بکات و بگەڕێتەوە قۆناغەکانی سەرەتای دەرکەوتنەکەی، لێرەدا ئاماژە بە هەندێک چارەسەری پێوانەیی دەکەین کە یەکەمین هەنگاویان نەشتەرگەرییە، لەوانەیە هەندێک دەرمان بەکاربهێنرێت بۆ لەناوبردنی پاشماوەی نەبینراوی شێرپەنجەکە تەنانەت ئەگەر تەواوی گرێ شێرپەنجەییەکانیش بە نەشتەرگەری لابرابن.

نەشتەرگەری شێرپەنجەی گورچیلە

نەشتەرگەری شێرپەنجەی گورچیلە ئەم چەند جۆرەی هەیە: 

  • لابردنی گورچیلە و ڕژێنی ئەدریناڵ و لیمفەگرێ نزیکەکان و شانەکانی دەوروبەری بەتەواوی، باوترین جۆری نەشتەرگەرییە کە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجەی گورچیلە ئەنجامدەدرێت بەشێوەیەک کونێکی بچووک دەکرێتە پشت و گرێکان دەردەهێنرێن.
  • لابردنی گورچیلە بە تەنیا.
  • لابردنی گرێ شێرپەنجەییەکان و بەشێکی شانەکانی دەوروبەری بەمەرجێک گرێکە زۆر بچووک بێت (بچووکتر لە ٤ سم) یاخود لە حاڵەتی نەگونجانی جۆری یەکەم ئەم ڕێگەیە بەکاردێت.
  • مرۆڤ دەتوانێت بە یەک گورچیلەوە بژی، ئەگەر پزیشکی نەشتەرگەر هەردوو گورچیلەکەی دەرهێنا ئەوا پێویستە ئامێرێک خوێن بپاڵێوێت (شۆرینی گورچیلە) یاخود پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە دەبێت.

لە حاڵەتێکدا کە ئەگەر نەشتەرگەری ڕێگەی چارەسەر نەبوو ئەوا ڕوودەکرێتە ئەم ڕێگایانەی دیکە:

- چارەسەرکردن بە پلەی نزمی گەرمی: بە بەکارھێنانی ساردی گرێکان لەناودەبرێن.
- چارەسەرکردن بە پلەی بەرزی گەرمی: بە بەکارھێنانی گەرمی گرێکان دەسووتێنرێن.
- بەرگیرانی شاخوێنبەر: تێیدا ئەو لوولە خوێنەی دەچێت بۆ گرێکە دادەخرێت و پێش نەشتەرگەری لووەکەی پێ لاواز دەکرێت.
- چارەسەری زیندەیی (بایۆلۆجی): ئەم ڕێگا چارەیەش پشت بە بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری دەبەستێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی لووە شێرپەنجەییەکان.
- چارەسەرکردن بە ماددەی کیمیایی: تێیدا خانە شێرپەنجەییەکان دەکرێنە ئامانج.

ڕێگریکردن لە توشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلە

بەهۆی ناڕوونی هۆکاری سەرەکی تووشبوونەوەکەی ڕەنگە ڕێگری کردن لێی زەحمەت بێت، بەڵام گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە مەترسیی تووشبوون کەمدەکاتەوە:

- وازهێنان لە جگەرەکێشان.
-  پارێزگاریکردن لە گونجاوی کێشی لەش.
-  کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن.
-  دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن بە ماددە زیانبەخشەکان.


سەرچاوەکان



875 بینین