سوودە تەندروستییەکانی زوو هەستان لە خەو

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-11-15:12:00 - کۆدی بابەت: 6854
سوودە تەندروستییەکانی زوو هەستان لە خەو

ناوه‌ڕۆك

زوو هەستان لە خەو

جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەک بونیادنراوە کە کاتێک دونیا تاریکدەبێت هۆڕمۆنی میلاتۆنین زیاتر دەردەکات، هەروەها سوڕی خەو لە جەستەماندا بە ڕیتمی بازنەیی ئێمە ڕێکدەخرێت، و کاتژمێری ناوەکی جەستەمان، بە ڕووناکی و تاریکی دەورووبەری ئێمە کار دەکات، کاتێک تۆڕی چاو هەست بە ڕووناکی دەکات یاخود ڕووناکی بەردەکەوێت ئەوا ئەم هەستکردنە ئاماژەکان بۆ کاتژمێری سروشتی بایۆلۆجی ناوەکی جەستە دەنێرێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی خەو لە جەستەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی تێر خەو نەبوون و بێهێزی، لەڕاستیدا جەستەی ئێمە بەشێوەیەکی سروشتی وا بوونیادنراوە کە لە بەیانیاندا بەئاگاو چووست و چالاکبین و بە شەویشدا تەمبەڵ و خەواڵووبین.

نۆ سوودی گرنگی زوو هەستان لە خە

  • باشترکردنی توانای بەڕێوەبردن

کاتێک زوو لە خەو هەڵدەستیت ئەوا کاتژمێرە زووەکانی بەیانیان بە باشترین کاتە دروستکەرەکانی ڕۆژ دادەنرێن چونکە کاتێکی نەبڕاوەت دەبێت، و دەبێتە هۆی ئەوەی تەواوی کارەکانت خێراتر بەکۆتا بگەیەنیت و ڕووبەڕووی هیچ سەرقاڵیی و ڕێگرییەک نەبیتەوە، هەروەها دەتوانیت ئەم کاتە ئارام و بێدەنگە بەکاربهێنیت بۆ دانانی پلانەکانی دیکەی ڕۆژەکەت کە بڕیارە بەئەنجامیان بگەیەنیت، و هەوڵبدەیت کە خشتەیەکی ڕێکخستنی ئەرکەکانت دروستبکەیت تێیدا کاتی هەموو ئەرکەکانت دیاری بکەیت، هەروەها بیركردنه‌وه‌ی هۆشیارانە پێش دەستپێکردنی ڕۆژەکەت ده‌بێته‌ هۆی هاندانی توانای بەڕێوەبردن و هاندانی توانای به‌رهه‌م هێنان.

  • خواردنی خۆراکی تەندروست

زوو هەستان لەخەو دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانیت خواردنێکی تەندروست بخۆیت، ئەو کەسانەی کە زوو لە خەو هەڵدەستن ئەم کاتەیان هەیە بۆ ئامادەکردنی ژەمی بەیانییەکی سادە و تەندروست بۆ خۆیان و خێزانەکانیان و چێژوەرگرتن لە خواردنی ژەمی بەیانی لەجیاتی ئەوەی بەپەلە قاوەیەک بەدەم ڕێگاوە بخۆنەوە، هەروەها ئەگەر دەستپێکی ڕۆژەکەت بە خواردنێکی تەندروست بێت ئەوا یارمەتیت دەدات تاکوو بۆ ماوەیەکی درێژ هەست بە تێری بکەیت و وزەیەکی زیاترت هەبێت بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکییەکان، بەڵام ئەگەر درەنگ لەخەو هەڵسیت، هەلی ئەنجامدانی تەواوی کارەکانی دیکەشت کەمتر دەبێتەوە، ژەمی بەیانی ژەمێکی گرنگە، وزەت پێ دەدات بۆ دەست پێکردنی چالاکییەکانی ڕۆژەکەت، نەخواردنی ئەم ژەمە خواردنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جەستەت ئارەزووی بەدەستهێنانی وزەی زیاتر بکات و لەئەنجامدا بۆ ئارامبوونەوەی جەستە پەنا دەبەیتە بەر خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ڕێژەیەکی بەرز شەکر و چەوری لە پێکهاتەکەیاندا هەیە.

  • ئەنجامدانی ڕاهێنانی دروست

ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان لە بەیانیاندا بە باشترین چالاکی دادەنرێت چونکە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوە ئاستی هۆڕمۆنی ئەدریناڵین و ئەم هۆڕمۆنە دەبێتە هۆی زیادبوونی توانای بێداری و زاڵبوون بەسەر هەستی خەواڵووییدا، هەروەها ورزشکردن لە بەیانیاندا  یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وزە، وەرزشکردن ئۆکسجین و ماددە خۆراکیەکان لە سەرتاسەری جەستە زیاد دەکات، کە دەتوانێت وزەیەکی زۆرترت پێ ببەخشێت، هەروەها دەتوانێت یارمەتی بەهێزبوونی تەرکیز بدات.

  • کات نەکوشتن لە ترافیکدا

هەتا زووتر لە خەو هەڵسیت، زووتر ماڵەوە بەجێدەهێڵیت، ئەمەش وادەکات کاتێکی کەمتر لە ترافیکەکاندا بەفیڕۆبدەیت و قەرەباڵغی ترافیکەکان نەبێتە هۆی دواکەوتنت بۆ سەر کارەکەت بەپێچەوانەوە دەتوانیت بەدرێژایی رۆژ لەکاتی خۆیدا بۆ هەموو کار و چاوپێکەوتنەکانت ئامادەبیت.

  • مانەوە بە ئارامی

زوو هەستان لە خەو دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاتی بەتاڵت زیاتر بێت بۆ دانانی پلانی ڕۆژەکەت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە ئارامی بمێنیتەوە و پەلەت نەبێت لە ئەنجامدانی کارەکانتدا، هەروەها پلاندانانی پێشوەختە بۆ چالاکییەکانی ڕۆژەکەت ئەو فشارانە لادەبات کە دەبنە هۆی بەپەلە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکان، هەروەها کاتی زیاترت هەیە بۆ ئەنجامدانی هەندێک چالاکی وەرزشی لە ڕۆژەکەتدا، و یارمەتیت دەدات کە ڕۆژەکەت بە دەروونێکی هێمن و ئاسوودەوە دەست پێ بکەیت.

  • چێژ وەرگرتن لە شێوازی خەوتن

ئەو کەسانەی زووتر لە خەو هەڵدەستن خێراتر خەوییان لێ دەکەوێتەوە، پێویست ناکات کات بژمێرن تا بڕۆنە ناو خەوێکی قووڵەوە و خەویان لێبکەوێتەوە، چونکە کاتێک زوو لە خەو هەڵدەستیت، بەهۆی ئەنجامدانی کارەکانت بە درێژایی ڕۆژ جەستەت ماندوو و شەکەت دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەرکاتێک چوویتە ناو جێگا خەوت لێبکەوێت، ئەمەش واتلێدەکات کە لەگەڵ ڕیتمی زوو خەوتن و زوو هەستان لە خەو ڕابێیت.

  • هەبوونی وزەی زیاتر

ئەو کەسانەی کە زووتر لە خەو هەڵدەستن شێوازی خەوتنی باشتریان هەیە بەبەراورد بەوانەی کە شەو درەنگ دەخەون و بەیانیان درەنگ لە خەو هەڵدەستن، چونکە ئەگەری تەواوکردنی هەموو قۆناغەکانی سوڕی خەوێکی پێویستیان بەرزترە، ئەم کەسانە بە وزەیەکی زۆرترەوە لەخەو هەڵدەستن بەبەراورد بەوانەی کە درەنگ هەڵدەستن چونکە ئەو کەسانەی کە درەنگ لە خەو هەڵدەستن ناتوانن هەموو قۆناغەکانی سوڕی خەوێکی پێویست تەواوبکەن، هەروەها تەواوکردنی قۆناغەکانی سوڕی خەو هەردوو لایەنی جەستەیی و دەروونی باشتردەکات، چونکە لە کاتی قۆناغە قووڵەکانی خەوتندا چالاکی هۆڕمۆنەکان باشتردەبن و خانە و شانەکانی لەش نوێدەبنەوە.

  • هەستکردن بە ئاسوودەیی زیاتر

کاتێک زوو لە خەو هەڵدەستیت، چەندەها خووی باش و تەندروست بەدەست دەهێنیت، وزەی زیاترت دەبێت، باشتر پشووت وەرگرتووە، پەستانی کەمترت لەسەرە، کەسێکی بە بەڵێن و تەندروست باش دەبیت، لە ڕاستیدا بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە، ئەو گەنجانەی کە بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستن بیرکردنەوەی باش و ئەرێنیان زۆر زیاترە بەبەراورد بەوانی دیکە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر هەست بە دڵخۆشی و ئاسوودەیی بکەن.

  • بەدەستهێنانی نمرەی بەرز

زوو هەستان لە خەو لەوانەیە هەلی بەدەستهێنانی نمرەی زیاترت پێببەخشێت بەبەراورد بەوانیەی کە درەنگ لە خەو هەڵدەستن، لە نوێترین توێژینەوە کە لەم دواییانەدا ئەنجامدراوە دەرکەوتووە ئەو خوێندکارانەی کە بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستن نمرەی بەرزتر لە وانەکانیان بەدەستدەهێنن بەبەراورد بەوانەی کە درەنگ هەڵدەستن.


سەرچاوەکان



665 بینین