هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ٢٠٢١

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-11-18:12:00 - کۆدی بابەت: 6857
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ٢٠٢١

ناوه‌ڕۆك

هەڵبژاردنی ٢٠٢١

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ٢٠٢١ (بە ئینگلیزی: Iraqi Election 2021) ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بڕیاردرا لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ڕووبدات و ئەنجامدرا، ئەمەش یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقە لەدوای داگیرکردنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پێشتر لە ڕۆژی ٢٠١٩/١٢/٢٤ پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای نوێی هەڵبژاردن کە سیستەمی فرەبازنەی تاک پاڵێوراوە، و کاندید تێیدا سەنتەرە نەک حیزبەکان، بەڵام حیزب پاڵپشتی دەکات و یارمەتیدەرە و دەتوانێت کاندید پێشکەش بکات، دواتریش پاشکۆی یاساکەی پەسەندکرد کە تایبەت بوو بە دابەشکرنی پارێزگاکانی عێراق بەپێی ژمارەی کۆتای ژنان لە پارێزگاکان، بەمەش هەڵبژاردن لە پارێزگار و ناوچەوە گۆڕا بۆ بازنە و لە ١٨ پارێزگار دابەشکرا بەسەر ٨٣ بازنەی هەڵبژاردن، ئەم کارە بەمەبەستی دەرفەتدان بە کەسانی سەربەخۆ و بێ لایەن و کەمکردنەوەی ھەژموونی (باڵادەستی) حیزبی وە هەروەھا ڕێگری کردن لە ساختەکاری بووە.

کاندیدان و پڕۆسەکە

لەم هەڵبژاردنە ژمارەی کاندیدان ٣٢٤٩ کەس بوو کە ٩٥١ کەسیان مێ و ٢٢٩٨ کەسیان نێر بوون، کە کێبڕکێیان لەسەر گرتنی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەیانتوانی دەنگ بدەن ٢٥ ملیۆن کەس بوو، بەپێی یاساکە لە هەر بازنەیەک یەک کورسی بۆ ژنان تەرخان کراوە، ئەم یاسایە بە شێوەیەکی تەواو ڕێگری لە پاڵێوراوان دەکات لە چەند بازنەیەک خۆیان کاندید بکەن ئەوان تەنھا دەتوانن لەیەک بازنە خۆیان بەربژێربکەن، دەنگی هیچ بازنەیەکیش ناچێت بۆ بازنەیەکی دیکە و سوود لە دوو ئامێری تایبەت بینراوە بۆ هەڵبژاردن بۆ ڕێگری لە ساختەکاری، کە هەریەک لە ئامێرەکانی ڤی ڤی دی(VVD) و پیکۆس(PIcos)ـن، کە ڤی ڤی دی بۆ ناسینەوەی کارتی دەنگدان و پەنجەمۆری دەنگدەر و ئامێری پیکۆسیش بۆ کۆکردنەوە و هەژمارکردن و وەرگرتنی فۆڕمی دەنگدان و ڕاستەوخۆ ناردنیەتی بۆ بەغداد و بنکەی سەرەکی هەڵبژاردن.

لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە لایەنەکان ڕەتیانکرەوە بەشداری بکەن و وتیان دەبێت دوابخرێت، بەڵام لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە واتە مستەفا کازمی ڕەتکرایەوە و بڕیاری لەسەردرا.

یاساکان

دوا بەدوای ئەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە بەغداد و ناوەڕاست و خوارووی عێراق گرژی تێکەوت، خۆپیشاندەران و بەشێک لە سیاسییەکانی عێراق داوای ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد. سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لیژنەیەکی پێکھێنا بۆ تاوتوێکردنی ٤ یاسا، کە لەنێویاندا یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و قەزاکان ھەبوو. لەپەیامێکدا بۆ خۆپیشاندەران، بەرھەم ساڵح ڕای گەیاند کە یاسای نوێی ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆن پەسەند دەکات و ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەدادەوەر و شارەزا پێکدێت.

ڕۆژی ٢٠١٩/١١/١٩، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ یاساکانی کۆمیسیۆن و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کرد. ڕۆژی ٢٥ی مانگ خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و کۆمیسیۆن کرا.

ڕۆژی ٣٠ی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی ئەنجامدا، ڕۆژی ١ی ١٢ پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا، دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەھدی خستە دەنگدانەوە و بەپێی ماددەی ٧٥ی دەستوور پەسەندکرا.

ڕۆژی ٥ی کانوونی یەکەم، پەڕلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە و پەسەندکرا. ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی خستە دەنگدانەوە، ڕۆژی ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، بەرھەم ساڵح نووسراوی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی دادوەرانی ھەڵبژێردراو دەکرد. ڕۆژی ١٢ی کانوونی دووەم، ئەندامانی ھەڵبژێردراو بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە بەرامبەر سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سوێندی دەستوورییان خوارد.

ڕۆژی ١ی شوباتی ٢٠٢٠، بەرھەم ساڵح محەمەد تۆفیق عەلاویی بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەت ڕاسپارد، بەپێی یاسای نوێی ھەڵبژاردن سیستەمەکە پشتیوانی یەک دەنگی نەگوازراوە دەکات واتا دەنگەکان تەنھا لە بازنەی دیارکراو دەمێنێتەوە و ناچێت بۆ ھیچ بازنە و شارێکی دیکە و کاندیدەکان تەنھا دەتوانن لە یەک بازنەی ھەڵبژاردن خۆیان ھەڵبژێرن و ناتوانن لە بازنەیەکی دیکە خۆیان بەربژێربکەن ئەمەش لە پێناو ئەوەی ھەژموونی (باڵادەستی) حیزبی کەمتر بکرێتەوە و کەسانی سەربەخۆ و بێ لایەنیش بتوانن دەرفەتی بردنەوە بەدەست بھێنن. دەنگدەر تەنھا دەتوانێت ئەو کاندیدە ھەڵبژێرێت کە لە بازنەکەی ئەو خۆی ھەڵبژاردووە. دەرچوونی کاندیدەکان لەسەر زۆرینە و کەمینە دیارکراوە بەگوێرەی دەستووری عێراق، %٢٥ـی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ژنان تەرخان کراوە.

بازنەکان

هەتاوەکوو دەرکردنی یاساکە لەلای عێراق بە فەرمی پارێزگاکانی عێراق بریتیبوون لە ١٨ پارێزگار و پارێزگای هەڵەبجە دانی پێدانەنراوە، هەر پارێزگایەکیش بەسەر چەند بازنەیەک دابەشکراوە، کە کۆی گشتییان دەگاتە ٨٣ بازنە، ژمارە و ناوی کاندیدانیش لە بازنەیەک بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت، دەکرێت دوو کاندید لە دوو بازنەی جیاواز هەمان ژمارەیان هەبێت، بازنەکانیش بەپێی چڕی دانیشتوان دابەشکراوە و پارێزگا گەورەکان بۆ بازنەی گەورە و پارێزگای بچووک بۆ بازنەی بچووک دابەشکراون، کە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق کەمترین بازنەی هەبوو کە ٢ بازنەبوو، پارێزگای بەغدادیش لە ١٧ بازنە پێکدەهات.

مەرجەکانی بوون بە پاڵێوراو

  • تۆمارکرابێت
  • هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتایەکی بێت
  • دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت کە خۆی لێ دەپاڵێوێت
  • لیستێک پێشکەش بکات کە دڵنیابکرێتەوە ٥٠٠ دەنگدەری هەیە لەو بازنەیەی خۆی پاڵاوتووە
  • تەمەنی لە ٢٨ ساڵ کەمتر نەبێت
  • نابێت سزادراو یان داواکراو بێت لەلایەن یاساوە
  • نابێت تاوانبار بێت و بە کەیسی بێ ڕەوشتییەوە تێوەگلابێت
  • نابێت ئەندامی هێزی چەکدار یان ئاسایش و میلیشیا و ئەندامی کۆمسیۆن بێت لە پێشتر و پاشتر.

ئامێرەکان

لەم ھەڵبژاردنە دوو ئامێری تایبەت بە دەنگدەران و فۆرمی دەنگدەران تەرخان کرا، بەمەبەستی کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە ساختەکاری.

ڤیڤیدی

ئەم ئامێرە لەڕێی نێتۆرکێکەوە پەیوەندی هەیە بە کۆمسیۆن و ئامێری پیکۆسەوە و زانیاری دەربارەی هەموو ئەو دەنگدەرانە تێدایە کە لەو ژوورەدا بۆیان هەیە دەنگ بدەن، ئامێرەکە شاشەیەکی بچووک و جێگای کارتی دەنگدان و جێگای پەنجەمۆر و خوێنەرێکی QRـی هەیە، ئەو کەسەی دێت دەنگ بدات دەبێت کارتەکەی لە شوێنی خۆی دابنێت و بە ناسنامەیەکی دیکە و پشکنینی وێنە دڵنیابکرێتەوە کە دەنگدەرەکە خاوەنی کارتەکەیە، دواتر لەڕێی پەنجەمۆرەوە دڵنیادەکرێتەوە، بەڵام ئەو کەسانەی کە کارتەکەیان وێنەی نییە، دەبێت هەر ١٠ پەنجەیان بیخوێنێتەوە، گەر تەنیا یەک پەنجە نەیخوێنێتەوە بۆی نییە دەنگ بدات.

دوای ناسینەوەی پەنجەمۆر، فۆڕمێکی دەنگدان دەدرێت لە خوێنەرەوەی QR و بارکۆدێک دەبەخشێت بە فۆڕمەکە و کەسەکە دەتوانێت دەنگی خۆی بدات بە مۆری تایبەتی کۆمسیۆن و دانانی لەسەر ژمارە یان وێنەی پاڵێوراو، دواتریش دەیخاتە نێو ئامێری پیکۆس کە فۆڕمەکە دەخاتە نێو سندوقەکەوە دوای ئەوەی لای خۆی تۆماری دەکات، گەر دەنگەکە پووچەڵ بێت لەدوای فۆڕمەکە بە دەستەواژەی (پووچەڵ) ئاماژەی پێدەدات و سووری دەکات.

ئامێرەکە زمانی کوردی و عەرەبی بۆ دانراوە، بەڵام سوود لە زمانە کوردییەکە نەبینرا بەهۆی کێشەوە، لە یاساکانی کۆمسیۆن ئامێرەکە پێویستە پێش کاتژمێر ٧ی بەیانی ئامادەبکرێت و تاقیبکرێتەوە، لە کاتژمێر ١٢ـی ڕۆژ ئامێرەکە بە خۆکارانە داتایەک دەردەکات و نابێت لەو کاتەدا هیچ کەسێک دەنگ بدات، لەو داتایەدا ژمارەی دەنگدەر و ڕێژەی نێر و مێ جیادەکاتەوە. 

ئامێری پیکۆس

ئەم ئامێرە لەسەر سندوقی دەنگدان دادەنرێت و فۆڕمەکە تۆمار دەکات، لەدوای پڕۆسەی دەنگدان و لە کاتژمێر ٦ ڕاستەوخۆ دەوەستێت و دەنگ قبووڵ ناکات، ئامێرێکی زۆر زیرەکە و ئەگەر فۆڕمەکە بە هەڵە، یان کێشەیەکی تێدابێت، یان زیانی پێبگات یان ڕووی کاندیدەکان لە سەرەوەبێت نایخوێنێتەوە و ناهێڵێت بڕواتە نێو سندوق، ئامێرەکە زانیارییە تۆمارکراوەکانی ناو سندوقەکە دەگوازێتەوە بۆ ئامێری ڤی ڤی دی پاش تەواوبوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، پاشان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی زانیارییەکان چاپ دەکات و لە ئامێرەکە دێتە دەرەوە و دەدرێت بە بەڕێوەبەری بنکە، ھەروەھا ڕاپۆرتەکە دەتوانرێت چەند جارێک کۆپی بکرێت بۆ ئەوەی بدرێتە چاودێرەکان، کۆمیسیۆنی بالای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەی ڕاگەیاندووە کە کۆمپانیایەکی ئیسپانی سەرپەرشتی پاراستنی ئامێرەکان دەکات و دڵنیایی دایە ھاووڵاتیان لە سەلامەتی ئامێرەکان لە ھاککردن ژمارەی دەنگەکان وەک خۆی ھەژماردەکات بێ ئەوەی کەس بتوانێت لە جیاتی کەسێکی دیکە دەنگ بدات.

ئامێرەکە لەدوای دەنگدان لە کاغەزێکدا کە چاپی دەکات ئەنجامەکان دیاری دەکات.

دەنگدانی تایبەت

ڕۆژی هەینی لە بەرواری ٢٠٢١/١٠/٨ ڕۆژی دەنگدانی تایبەت بوو، واتە هێزە چەکدارە فەرمییەکانی وڵات (جگە لە حەشدی شەعبی) لەو ڕۆژەدا دەنگیان دا، لەدوای دەنگدان کارتی بایۆمەتری لە دەنگدەر وەردەگیرایەوە و لەدوای کۆی پڕۆسەی دەنگدان پێیان دەدرێتەوە، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت ١٫١٩٦٫٥٢٤ کەس بوو کە بەسەر ٦٨٧ بنکەدا دابەش کرابوون، ڕێژەی بەشداریکردن تاوەکوو کۆتایی ڕۆژ گەیشتە %٦٩.

دەنگدانی گشتی

ڕۆژی ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، دەنگدان لەکاتژمێر (٧)ی بەیانی دەستی پێکرد و لەکاتژمێر (٦)ی ئێوارە کۆتایی پێھات، کارمەندان ڕۆژی دەنگدان دەیانتوانی لەکاتژمێر (٧)ی بەیانی بۆ کاتژمێر (٨)ی بەیانی لە وێستگەکانیان دەنگبدەن.

ڕێژەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی بەشدارییان کرد و زۆرێکیش دەنگەکانیان پووچەڵ کردەوە، بەهۆی دۆخی سیاسی عێراق و بێئومێدبوونی گەل لە دەسەڵاتدارانی یەک لەدوای یەک، گەورەترین بایکۆت و دەنگ پووچەڵکردن ڕوویدا و لە هەندێک لە بنکەکان ڕێژەی دەنگدان %٤٠ـی تێپەڕ نەکرد.

دوای پڕۆسە و جیاکردنەوەی دەست

لەدوای هەڵبژاردنەکە و لە ئێوارەدا کۆمسیۆن تیروپشک لە نێو وێستگەکان دەکات بۆ ئەوەی یەکێک لە ژوورەکان هەڵبپچڕێت و بە دەستی جیابکرێنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەنجامەکان هاوتای ئامێری پیکۆسن، ئەگەر هاوتابن هەموو ژوورەکان قبووڵ دەکرێن لەو بنکەیە، بەڵام ئەگەر %٥ زیاتر کێشەی تێدابوو و جیاوازی هەبوو لە نێو دەنگەکان، ئەوکات پەسەند ناکرێت و تەواوی ژوورەکان لەلایەن ئەندامانی کۆمسیۆنەوە بە دەستی جیادەکرێنەوە.

ئەنجامە بەراییەکان

دوای ئەوەی لە ڕۆژی ١١/١٠/٢٠٢١ ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ڕۆژی پێش خۆی ڕاگەیەندرا، ئەنجامەکان زۆرینەی لایەنەکانی تووشی شۆک کرد، ڕەوتی سەدڕ بوو بە یەکەمی عێراق و توانی زیاتر لە ٧٠ کورسی بەدەست بهێنێت، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان شکستێکی گەورەی تووشبوو و بزووتنەوەی گۆڕان بە کۆی گشتی تەنیا ٢١ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، کە ئەوەش ناڕەزایی لایەنگرانی هەردوو لایەنی لێکەوتەوە، لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە سێیەم پارتی عێراق و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش کورسییەکانی دوو هێندەکرد و بوو بە خاوەنی ٤ کورسی.

  • رەوتی سەدر: 76 کورسی 
  • هاوپەیمانیی تەقەدووم: 37
  • دەوڵەتی یاسا: 33
  • پارتی دیموکراتی کوردستان: 32
  • هاوپەیمانی کوردستان: 17
  • هاوپەیمانیی فەتح: 15
  • عەزم: 11
  • نەوەی نوێ: 9
  • ئیشراقی کانوون: 6
  • عەقدی نیشتمانی: 5
  • یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 4
  • هاوپەیمانیی تەسمیم: 4
  • حیزبی جەماهیرونا: 4
  • رەوتی حیکمە: 3
  • ئیمتیداد (تشرینییەکان): 3
  • نەسر: 2
  • حقووق: 2
  • بەرەی تورکمانی: 2
  • کۆمەڵی دادگەری: 1
  • هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک: 1
  • گردبوونەوەی خەڵکی واست: 1
  • پارتی نیشتمان: 1
  • ئیقتیدرای نیشتمان: 1
  • پرۆژەی نیشتمانی: 1
  • سەنەدی نیشتمانی: 1
  • نەهجی نیشتمانی: 1
  • بیلادی نیشتمانی: 1
  • قادیموون: 1
  • رەوتی فوراتێن: 1
  • بەربژێرە سەربەخۆکان: 32

هەولێر

ڕێژەی بەشداربوون لەم هەڵبژاردنە کەمترین بەشداری بووە بە بەراورد لە ساڵانی پێش خۆی، کە ڕێژەکە %٢٥,٦٧ـە لە شاری هەولێر، ژمارەی دەنگەکان ٣١٧,٩٤٣ دەنگ بوون، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە ١,٢٣٨,٣٧٩ کەس بوون، ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە ١٥ کورسییە لە کێبڕکێی ٤٤ کاندید و پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەمی پارێزگاکە بووە، لەدوای ئەویش هەریەک لە نەوەی نوێ و هاوپەیمانی کوردستانی دێن.

پارتی دیموکراتی کوردستان: ١١ کورسی کە پێکدێن لە:

  1. نهرو محمود قادر سعيد
  2. سيبان عزيز حدو خدر

  3. محمد صديق محمد ياسين

  4. خدر علي صادق صوفي منتك

  5. ريبوار هادي عبدالرحمن برايم

  6. امانج محمود اسعد فتاح هركى

  7. مه ريوان قره ني ابراهيم امين

  8. صباح صبحي حيدر حسن

  9. نهله قادر محمد حارس

  10. جوان عبدالله عمر عبدالله

  11. ليلى اكرم سعيد سليم

نەوەی نوێ: ٣ کورسی کە پێکدێن لە:

  1. وزيره احمد برايم ملا
  2. محمد اسماعيل عمر رسول
  3. فيان عبدالعزيز عبدالرحمن محمد
هاوپەیمانی کوردستان: ١ کورسی کە پێکدێ لە:
  1. كوردو عمر عبدالله صالح

سلێمانی

ڕێژەی بەشداربوون لەم هەڵبژاردنە کەمترین بەشداری بووە بە بەراورد لە ساڵانی پێش خۆی، کە ڕێژەکە %٢٠,٢٥ـە لە شاری سلێمانی، ژمارەی دەنگەکان ٢٨٨,٦٧٩ دەنگ بوون، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە ١,٤٢٥,٧٠٥ کەس بوون، ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە ١٨ کورسییە لە کێبڕکێی ٦٣ کاندید و هاوپەیمانی کوردستان یەکەمی پارێزگاکە بووە، لەدوای ئەویش هەریەک لە نەوەی نوێ و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری دێن.

هاوپەیمانی کوردستان: ٨ کورسی کە پێکدێن لە:

  1. غريب احمد مصطفى امين
  2. بدريه حسين عزيز داودحسن
  3. جرو حمه شريف عبدالله خوامراد
  4. بريار رشيد شريف محمد
  5. اسو فريدون على امين
  6. نه رمين معروف غفور حمه امين
  7. سروه محمد رشيد ميران زنكنه
  8. رزكار محمد كريم معروف

جوڵانەوەی نەوەی نوێ: ٥ کورسی کە پێکدێن لە:

  1. سروه عبدالواحد قادر ابراهيم
  2. بدريه ابراهيم رشيد احمد البرزنجى
  3. موفق حسين قادر كريم
  4. ريبوار اورحمن وستا صالح عارف
  5. اريان عزيز احمد يوسف تاوكوزى

پارتی دیموکراتی کوردستان: ٣ کورسی کە پێکدێن لە:

  1. ناسكه عبدالله رسول حمه ره ش
  2. شوان محمد روستم عبدالله
  3. يادكار محمود نصرالله رضا

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: ٢ کورسی کە پێکدێن لە:

  1. مثنى امين نادر حسين
  2. دارا حمه احمد حسن

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: ١ کورسی کە پێکدێ لە:

  1. سوران عمر سعيد احمد

دهۆک

ڕێژەی بەشداربوون لەم هەڵبژاردنە کەمترین بەشداری بووە بە بەراورد لە ساڵانی پێش خۆی، کە ڕێژەکە %٣٦,٤٢ بووە لە پارێزگای دهۆک، ژمارەی دەنگەکان ٢٩٩,٦٦١ دەنگ بوون، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە ٨٢٢,٧٠٣ کەس بوون، ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە ١١ کورسییە لە کێبڕکێی ٢٥ کاندید و پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەمی پارێزگاکە بووە، لەدوای ئەویش یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دێت کە هەردوو کاندیدەکەی دەرچوون و سێیەمیش هاوپەیمانی کوردستانە، خاوەنی زۆرترین دەنگیش لە سەرتاسەری عێراق لەم پارێزگایە کە د.جەمال کۆچەرە بە ٤٥,٠٧٩ دەنگ.

پارتی دیموکراتی کوردستان: ٩ کورسی کە پێکدێن لە:

  1. خالد سليم امين جاسم الريكاني
  2. موفق شهاب باشا شهاب
  3. خليل غازي حسن شيخ اومر
  4. سگڤان يوسف بشار صالح اغا
  5. جياي تيمور عبدال عبدالقادر
  6. فهمي سلمان حسن محمد
  7. زوزان علي صالح بيرو الهاجاني
  8. افين سليم نوري سليم
  9. فيان صبري عبدالخالق عبدالقادر

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: ٢ کورسی کە پێکدێن لە:

  1. جمال احمد محمد سيدو
  2. عمر صالح عمر فارس

هاوپەیمانی کوردستان: ١ کورسی کە پێکدێ لە:

  1. ايمان عبدالرزاق محمد عارف

کەرکووک

ڕێژەی بەشداربوون لەم هەڵبژاردنە کەمترین بەشداری بووە بە بەراورد لە ساڵانی پێش خۆی، کە ڕێژەکە %٣٤,٤٨ بووە لە پارێزگای کەرکوک، ژمارەی دەنگەکان ٣٤٨,٨٧٣ دەنگ بوون، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە ١,٠١١,٩٢٨ کەس بوون، ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە ١٢ کورسییە لە کێبڕکێی ١٣٠ کاندید و هاوپەیمانی کوردستان یەکەمی پارێزگاکە بووە، لەدوای ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستان، نەوەی نوێ، بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراق، هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک، پارتی تەقەدووم، هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی، بەرەی یەکگرتووی عەرەب دێن.

هاوپەیمانی کوردستان: ٣ کورسی کە پێکدێن لە:

  1. ديلان غفور صالح سمين زنكنه
  2. صباح حبيب قادر وهاب
  3. كيلان قادر علي عمر
پارتی دیموکراتی کوردستان: ١ کورسی کە پێکدێ لە:
  1. شاخه وان عبدالله احمد عبدالقادر طالباني

پارتی تەقەدووم: ١ کورسی کە پێکدێ لە:

  1. محمد علي محمد تميم

نەوەی نوێ: ١ کورسی کە پێکدێ لە:

  1. اميد محمد احمد غفور فيض الله

بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراق: ١ کورسی کە پێکدێ لە:

  1. ارشد رشاد فتح الله عبدالرزاق الصالحي

بەرەی یەکگرتووی عەرەب: ١ کورسی کە پێکدێ لە:

  1. وصفي عاصي حسين علي العبيدي

هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی: ١ کورسی کە پێکدێ لە:

  1. منى محمد خلف سبيل الجبوري

هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک: ١ کورسی کە پێکدێ لە:

  1. راكان سعيد علي رضوان الجبوري


سەرچاوەکان



3672 بینین