یادی مەولوود

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-12-01:30:00 - کۆدی بابەت: 6859
یادی مەولوود

ناوه‌ڕۆك

مەولود

لەدایکبوونی پێغەمبەر یان مەولودی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت، ساڵیادی لەدایکبوونی کۆتا پێغەمبەری ئایینەکانە و دەکەوێتە ڕۆژی ١٢ـی ڕەبیعولئەوەلی مانگی کۆچی، موسوڵمانان لەم مانگەدا ئاهەنگ دەگێڕن بەتایبەت لە ڕۆژی ١٢ـی مانگ، و شیرینی دەبەخشنەوە و بە دەف لێدان و وەسف و سەنای پێغەمبەرەکەیان یادی دەکەنەوە.

ڕۆژی لەدایکبوون

بەپێی گێڕانەوە و سەرچاوە مێژووییەکان سوڵتان موزەفەڕەدین کۆکبری کە حاکمی شاری هەولێر بووە لەسەردەمی سەڵاحەدینی ئەیووبی، یەکەمین کەس بووە یادی مەولودی داناوە و جەژنی گێڕاوە و خۆراکی بەسەر هەژاران بڵاوکردۆتەوە.لە ئێستادا موسڵمانان دەچن بۆ مزگەوت بە مەبەستی زیکر و گێڕانی مەولوود و خۆشی و لەوێ بە شیعر و وتار باسی ژیان و ڕەوشتەکانی پێغەمبەر و ئیسلام دەکەن و بەبیری خەڵکی دەهێننەوە، لە کوردستانیش وەک یادێکی گەورە سەیردەکرێت و بەتایبەت لە شاری هەولێر ساڵانە یادی مەزنی بۆ دەگێڕدرێت، لە زۆرینەی وڵاتانی موسوڵمان نشین ئەو ڕۆژە پشووی فەرمییە لە سەرجەم دام و دەزگاکان.

هەولێر و ٤٠٠ ساڵ مێژوو

ساڵی ٢٠٢٠ بۆ یەکەمین جار و دوای ٤٠٠ ساڵی بەردەوام لە ئاهەنگی یادی مەولوود، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە یادی مەولوود سازنەکرا، بەوەش ئەو زنجیرەیە شکێنرا.

ئایا یادی مەولوود دروستە؟

هەندێک لە سەلەفییەکان و هەندێک لە کەسایەتییە ئاینییە مێژووییەکان بەهۆی ئەوەی ئەم یادە لە سەردەمی پێغەمبەر نەبووە بە دروستی نازانن و پێیانوایە دەبێتە هۆی فیتنە لە نێو موسوڵمانان و بیدعەیە، بەڵام لە ڕاستیدا و بەڕای زۆرینەی زانایان مەولوود هۆکارێکە بۆ بەرەو پێشچوونی موسوڵمان و وەبیرهێنانەوەی ئاکار و خووڕەوشتەکانی پێغەمبەر کە دەبێتە هۆی نوێکردنەوەی موسوڵمانان.

یادی مەولوود یەکێکە لە کارە جوانەکان و تەنیا بۆ بەرزنرخاندنی پێغەمبەر و زیندووکردنەوەی کارەکانیەتی، نەک هیچ شتێکی تر، بۆیە موسوڵمان نابێت بە قسە و بەڵگەی چەند فەرموودەیەک کە پەیوەندییان بەو بابەتەوە نییە سەری لێ بشێوێت و پێغەمبەرەکەی لەبیر بکات.

لە یادی مەولوود خواردن دابەش دەکرێت و خەڵکی دڵخۆش دەکرێت و موسوڵمانان نوێژی زیاتر دەکەن و سەڵاوات دەنێرن بۆ گیانی پێغەمبەرەکەیان، یارمەتی هەژاران دەدەن و ئاگاداریان دەبن و بەبیریان دێتەوە کە پێغەمبەرەکەیان چی پێوتوون لەڕێی وتارەکانی نێو مەولوود، بۆیە ئەگەر ئەم کارانە خراپ بن ئەوا مەولوودیش کارێکی خراپە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم کارانە ئاکاری بەرزی موسوڵمانن و پێویستە هەمیشە نوێ بکرێنەوە و موسوڵمانیش زیاتر پێغەمبەرەکەی بناسێت و شوێن ڕێبازەکەی بکەوێت.


سەرچاوەکان



1467 بینین