تەیم حەسەن

له‌لایه‌ن: - لیزا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-12-14:51:00 - کۆدی بابەت: 6861
تەیم حەسەن

ناوه‌ڕۆك

تەیم حەسەن کێیە؟

تەیم حەسەن (Taim Hassan) لەدایکبووی ١٧ـی شوباتی ساڵی ١٩٧٦ـە، ئەکتەری بەناوبانگی بە ڕەگەز سوورییە، بە ڕۆڵە ناوازە و پیاوانەکەی لە جیھانی عەرەبیدا ناسراوە، تەیم لە ڕێگای چەند زنجیرەیەکی سووری و میسڕییەوە ناوبانگی دەرکرد و ھاتە ناو بواری نواندنەوە، ئەو ڕۆڵانەش کە بینیویەتی بریتین لە (سەڵاحەدین)، (تەیفاس)، و (نزار قەبانی)، ھەروەھا لەم دواییانەدا بەژداری کرد لە زنجیرەی ھەیبە بە ڕۆڵی جەبەل وەک یەکێک لە قۆزترین پیاوی عەرەب و باشترینی زنجیرەکە ھەڵبژێردرا.

ناو تەیم حەسەن 
ساڵی لەدایکبوون ١٩٧٦
شوێنی لەدایکبوون سوریا
پیشە ئەکتەر
ژیانی ھاوسەرگیری
  • دیما بیاعە (٢٠٠٢-٢٠١٢) 
  • وەفا کیلانی (٢٠١٧-ئێستا)
منداڵەکانی
  • وەرد
  • وەفا
بڕوانامە دەرچووی پەیمانگای ھونەرەجوانەکان
زمان عەرەبی

ژیان و کارەکانی 

تەیم حەسەن لە شێخ بەدر لەدایکبووە لە تارتوس دووەم شاری کەناراوی گەورەی سوریایە، لە ٤ بۆ ٥ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە (دیمەشق)، لە خێزانێکی مامناوەند گەورەبووە کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە فیلم و جیھانی سینەماوە نەبووە، باوکی خوێندنی لە ئەڵمانیا تەواوکردووە و مامۆستای زمانی ئەڵمانی بووە، دایکیشی مامۆستای زمانی عەرەبی بووە، تەیم دووساڵ خوێندکاری زانکۆ بووە لە بەشی یاسا و پاشان وازی ھێناوە، کە بۆ یەکەمجار داواکاری خوێندنی لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکان کردووە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام وازی نەھێناوە و بۆ دووەمجار داوایکردووەتەوە و لەبەردەم لیژنەی تاقیکردنەوەدا ئەکتەری گەورەی سوری (جەمال سولەیمان) توانایەکی زۆری لە (تەیم)ـدا بینیوە و دواتر وەرگیراوە، دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی لە ساڵی ٢٠٠١ـدا  تەیم ھەر لە ھەوڵدا بووە و زۆر چاودێری کاری ئەکتەرە بەناوبانگەکانی کردووە بۆ فێربوون، یەکەم ڕۆڵی لە زنجیرەیەکدا لە ساڵی ٢٠٠٠ وەرگرتووە کە ھێشتا خوێندنی پەیمانگای تەواونەکردووە کە لەلایەن (حاتەم عەلی)ـیەوە کاری دەرھێنانی بۆکراوە، پاشان لە ساڵی داھاتووشدا بەژداری زنجیرەیەکیتری کردووە کە ھەمان دەرھێنەر (حاتەم عەلی) کاری دەرھێنانی بۆکردووە، تاوەکو ساڵی ٢٠٠٦ تەیم بەردەوام بەژداری زنجیرەکانی کردووە و بوو بە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی زنجیرەی سوری. 

دوای ئەوەی لە زنجیرەیەکی ڕۆمانسیدا بەژداری کردووە بەناوی (ڕۆژەکان)، لەو ڕێگایەوە توانی بەژداری لە پڕۆژەیەکی میسڕیدا بکات بە ڕۆڵی سەرەکی بەناوی (پاشا فارووق)، ھەروەھا ڕۆڵی بەناوبانگترین شاعیری میسڕی کردووە (نزار قەبانی) لە زنجیرەی نزار قەبانی لە ساڵی ٢٠٠٥، دواتر ھەواڵ بڵاوکرایەوە لەسەر ئەوەی دوای سەرنەکەوتنی چەندین ئەکتەری بەناوبانگ بۆ ڕۆڵی (پاشا فارووق) لە کۆتاییدا تەیم توانی ڕۆڵەکە بەدەستبھێنێت و ماندووبوونی دەرھێنەر و نووسەری بەفیڕۆنەدا و زنجیرەیەکیان لێ بەرھەمھێنا کە تیایدا تەیم ناچاربوو بۆ ماوەی چوار مانگ لەکاتی وێنە تۆمارکردنی زنجیرەکەدا سەری کەچەڵ بکات و ھەمیشە بە ئارایشتی زۆر و پۆشاکی فەرمییەوە دەربکەوێت.

نوێترین دەرکەوتنی (تەیم حەسەن) لە زنجیرەی (ھەیبە)ـدا بووە لەساڵی ٢٠١٧ کە لە سەرانسەری جیھان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و تیایدا بە قۆزترین پیاوی عەرەب ھەڵبژێردرا و لە زنجیرەکەدا لەگەڵ کۆمەڵێک ئەکتەری بەناوبانگی تردا ڕۆڵ دەگێڕێت لەوانەش (نادین نەسیب)، (مونا وەسف) ھەروەھا (محمد شەمما)، ھەروەھا لە زنجیرەیەکی بەناوبانگی ئەمریکیدا ڕۆڵی ھەبووە بەناوی (Teen wolf) لە وەرزی سێدا.

خەڵاتەکانی

ساڵی ٢٠٠٧ براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر بووە لە ڕۆڵی (پاشا فارووق)، ھەروەھا ساڵی ٢٠١٧ براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەری عەرەبی بووە لە زنجیرەی لوبنانی "نیو ڕۆژ ٢٠١٦". 

ژیانی تایبەتی

تەیم لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ھاوسەرگیری لەگەڵ ئەکتەرێکی سووری کردووە بەناوی (دیما بەیا) و دوو منداڵیان ھەیە بەناوی (وەرد) و (فەھەد)، دوای ١٠ ساڵ لە ژیانی ھاوسەرگیری و لە ساڵی ٢٠١٢ـدا جیابوونەوەیان ڕاگەیاندووە و ئەمەش ھەموو ھەوادارانی سەرسام کردووە چونکە کەس چاوەڕێی ئەو جیابوونەوەیە نەبووە و پێیانوابووە باشترین دووانەن پێکەوە، پاشان لە ساڵی ٢٠١٧ تەیم ھاوسەرگیری لەگەڵ پێشکەشکاری بەرنامەیەک دەکات بەناوی (وەفا ئەلکیلانی) کە چوار ساڵ لەخۆی گەورەترە.


سەرچاوەکان



1043 بینین