کەمیی قژی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-13-00:45:00 - کۆدی بابەت: 6866
کەمیی قژی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەندێک لە منداڵان بە قژی پڕ و زۆرەوە دێنە دونیاوە، بەڵام هەندێکی دیکەیان کەچەڵن، زۆرجار ئەو منداڵانەی کە بەبێ قژ دێنە دونیاوە و یاخود قژیان زۆر کەمە تەندروستن و هیچ کێشەیەکیان نییە بەڵام بە دەگمەن دەکرێت نیشانەیەکیش بێت بۆ نەخۆشی لە منداڵەکەدا.

هۆکارەکانی کەمیی قژی منداڵ

بۆماوەیی

زۆرێک لە منداڵان لە ڕووی بۆماوەییەوە مووی قژیان کەمە و تاکوو نزیکی ساڵێک کەچەڵ دەبن یاخود قژیان زۆر کەم دەبێت، زۆرینەی منداڵە ئەوروپییەکان تاکوو تەمەنی ٢ ساڵی قژیان کەمە یاخود کەچەڵن.

وەرینی قژی منداڵ

زۆرینەی منداڵان لە دوای لەدایکبوونیان دوو جۆر موویان هەیە، لە هەندێک لە منداڵاندا جۆری مووی دووەم ئەگەری هەیە تاکوو کاتی پێگرتن بمێنێت و دوای ئەوە بوەرێت.

هەوکردنی کەڕوویی

هەوکردنە کەڕووییەکان لەوانەیە ببنە هۆی وەرینی قژ لە منداڵاندا، کەچەڵی کەڕوویی جۆرێک لە کەچەڵییە کە ئەگەری هەیە منداڵەکە زۆرینەی مووی پشتە سەری لەدەست بدات.

قژ ڕووتانەوەی ناوچەیی

ئەمە تێکچوونێکی خۆییە کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بڕێک قژ لە ناوچەیەکی سەردا و کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ڕووتانەوەی بەردەوام، ئەو منداڵانەی کە تەنها بەشێکی سەریان کەچەڵە لەوانەیە لە ساواییدا یاخود کاتێک تازە دەکەونە سەرپێ ئەم نیشانەیان زیاتر تیا دەرەکەوێت، بە گشتی ئەمە حاڵەتێکی دەگمەن و بێ چارەسەرە.

قژ ڕووتانەوەی کێشهاتن

ڕاکێشانی قژ هۆکارێکی دیکەی لەدەستدانی قژی منداڵە بە تایبەت کچان، بەستی قژ بە توندی و بە شێوەیەکی بەردەوام دەتوانێت ببێتە هۆی وەرینی قژ و لە ئەنجامیشدا وەرینی قژ و کەچەڵی، بۆیە بەردەوام نابێت قژی منداڵەکەت ببەستیت.

کەمبوونەوەی ماددەی خۆراکی

کەمبوونەوەی هەندێک لە تەواوکەرە ماددە خۆراکییەکان دەکرێت ببێتە هۆی وەرین و ڕووتانەوەی قژ وەک ماددەی ئاسن و پڕۆتین.

چارەسەری ڕووتانەوەی قژی منداڵ

ئەم چارەسەرە زیاتر بۆ منداڵێکە کە تەمەنی لەسەرو ٦ مانگەوە بێت.

ڤیتامین D

کەمی ڤیتامین D هۆکارێکە بۆ وەرینی قژ بۆیە وەرگرتنی ڤیتامین D بەشێوەی قەترە بۆ منداڵەکە یارمەتیدەرە لە چارەسەریدا.

بادەم

بادەم سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتین و ترشی ئەمینۆئەسیدەکانە گرنگە ڕۆژانە ٢ بۆ ٣ دنک بادام بکوتیت و بیدەیت بە منداڵەکەت تاکوو بیخوات.

ئاسن

ئاسن سەرچاوەیەکی باشە کە ڕێگری دەکات لە شکانەوەی قژ، گرنگە ماددەی خۆراکی پڕ لە ئاسن بدەیت بە منداڵەکەت وەک، سەوزەواتەکان و دانەوێڵەکان.

پارێزگاری کردن لە قژ

شانەکردنی مووەکە ڕۆژانە بەڵام بەشێوەیەکی هێواش، ئەمە وادەکات کە سوڕی خوێن زیاتر چالاک ببێت، و هەروەها دەتوانیت قژەکانی کورتر بکەیتەوە و تاکوو پڕتر و پاکتر و جوانتر دەربکەوێت.

پاک ڕاگرتنی قژ

گرنگە ٢ بۆ ٣ ڕۆژ جارێک قژی منداڵەکەت بشۆیت، بە ئاوێک بیشۆ کە نە زۆر سارد و نە زۆر گەرم بێت.

بەکارهێنانی زەیت

بەکارهێنانی زەیتی بادەم زۆر گرنگە کە شێدارییەک دەدا بە قژەکە، دەتوانیت بە زەیت قژی منداڵەکەت مەساج بکەیت و شێداری بکەیتەوە.

ئەلۆڤێرا

ئەلۆڤێرا زۆر بەسوودە بۆ بەهێزکردنی قژ، دەتوانیت ڕاستەوخۆ بیهێنیت بە قژیدا یاخود تێکەڵی شامپۆکەی بکەیت.

شامپۆی گونجاو بەکاربهێنە

لەوانەیە ئەو شامپۆیە بە قژی منداڵەکەت نەکەوێت و هۆکارێک بێت بۆ وەرینی قژی، بۆیە باشترە وریابیت بۆ هەڵبژاردنی شامپۆی منداڵەکەت.

چەند پێشنیارێک بۆ چاودێری کردنی قژی منداڵەکەت

  • قژی منداڵەکەت بە توندی مەبەستە تاکوو زیانی پێنەگات و نەشکێتەوە.
  • با منداڵەکەت ڕۆژانە ئاوی زۆر بخواتەوە.
  • ئارامگربە و وردە وردە ئەنجامی کارەکان دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان



3759 بینین