فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-13-01:14:00 - کۆدی بابەت: 6867
فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاتێک حاڵەتێکی سووتان ڕوودەدات گرنگترین کار فریاگوزاری سەرەتاییە بۆ ئەو حاڵەتە و پێویستە بزانرێت کە دەبێت چی بکرێت لەوکاتەدا، هۆکارەکان زۆرن بۆ سووتان و دەبێت بە پێی هۆکارەکان بتوانیت فریاگوزاری سەرەتایی بکەیت، تاکوو خراپتر نەبێت و نەخۆشەکە ڕزگار بکەیت، بۆ هەموو حاڵەتەکان یەکەمین کار کە بیکەیت ئەوەیە کە سەرچاوەی سووتانەکە نەهێڵیت و بیوەستێنیت دواتر دەست بکەیت بە هەنگاوەکانی دیکە.

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتان بە گشتی

  1. پێش هەموو کارێک کۆنتڕۆڵی خۆت لەدەست مەدە و مەشڵەژێ.
  2. سەرچاوە و هۆکاری سەرەکی سووتانەکە بوەستێنە.
  3. دواتر هەنگاوەکانی دیکە زۆر بە خێرای ئەنجام بدە تاکوو کەسەکە زووتر ڕزگاری ببێت.
  4. کەسەکە دووربخەرەوە لەو جێگایە.
  5. ئەگەر سووتانەکەی بە ئاوی گەرم یاخود سووتان بە خۆرە ئەوا شوێنی سووتانەکە بخەرە بەردەم ئاوەوە بەڵام هەرگیز سەهۆڵ بەکارمەهێنە.
  6. دوورکەوە لە بەکارهێنانی هەر جۆرە دەرمانێک بە بێ بنەمای زانستی، وەک دۆشاوی تەماتە، پەتاتە، سەهۆڵ، هەویری ددان.
  7. هەموو جل و خشڵێک بەخێرایی بکەرەوە لە کەسەکە تاکوو زیاتر نەسوتێت جگە لەوانەی کە لکاون بە جەستەی نەخۆشەدا نابێت لێیبکەیتەوە.
  8. پارچەیەکی پاک بدە بە شوێنی سووتاویەکەدا بۆ ئەوەی دووربێت لە پیسبوون و هەوکردن تاکوو دەگەیتە نەخۆشخانە.
  9. هەرگیز هیچ جۆرە کرێم و دەرمانێک بەکارمەهێنە و مەیدە لە شوێنی سووتانەکەی و تەنها سوود لە ئاو وەربگرە.

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتان بە ئاوی گەرم

شوێنی سووتاوی نەخۆشەکە بخە ناو ئاوەوە بۆ ماوەی ١٠ بۆ ٢٠ خولەک تاکوو فێنک ببێتەوە بەڵام نابێت ئاوەکە زۆر سارد بێت و سەهۆڵ بێت.

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتان بە سەرما

لە زستاندا هەندێک شوێنی جەستە ئەوەندە سەرمای دەبێت کە دەتەزێت و دەسوتێت، وەک گوێ، لووت، دەست و قاچ و پەنجەکان، نابێت هەرگیز بۆ گەرمکردنەوەی ئەم شوێنانە ڕاستەوخۆ بچیتە لای ئاگرەوە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو جێگایانە بسووتێن، بەڵکوو جلەکانت و پەتوو بەکاربهێنە تاکوو کەمێک خاو دەبنەوە و گەرمیان دەبێتەوە.

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتان بە ئاگر

سووتان بە ئاگر یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی سووتان، کاتێک ئەم حاڵەتە ڕوودەدات یەکەم کار دەبێت ئاگرەکە بە ئاو بکوژێنیتەوە و ڕێگری بکە لەوەی کە کەسەکە ڕابکات بە ئاگرەکەوە و ئەو جلانەی کە لەبەریدایە و ئاگری پێوەیە لایببە لەبەریدا، کۆنتڕۆڵی بکە و نەخۆشەکە ڕابخە لەسەر زەوییەکە و تلی پێ بدە تاکوو بکوژێتەوە یاخود پەتوو یان بەتانییەکی تەڕ بدە بەسەریدا.
دوای ئەم هەنگاوانە نەخۆشەکە بە بارێکدا ڕابکێشە کە سووتانی نەبێت یاخود کەمترین سووتانی هەبێت، و ئەو ماددانە لە نەخۆشەکە بکەوە وەک جل و خشڵ بەڵام بە هیچ شێوەیەک جلێک یاخود جۆرە خشڵێک لێمەکەرەوه کە لکابێت بە جەستەی نەخۆشەکەوە و ئەگەر هۆشی هەیە کەمێک ئاو بدە بە نەخۆشەکە تا بیخواتەوە ئەگەر گەورەبوو نیوەی پەرداخێک ئاوی پێ بدە و ئەگەر منداڵی یەک تا ١٢ ساڵ بوو یەک لەسەر چواری پەرداخەکەی پێ بدە، وە ئەگەر منداڵەکە تەمەنی کەمتربوو لە یەک ساڵ ئەوا یەک لەسەر هەشتی پەرداخەکە ئاوی پێ بدە و بە زووترین کات بیگەیەنە نەخۆشخانە.

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتان بە ماددەی کیمیایی

جۆرە سووتانێکی نوێیە بە گشتی بەشێکی کەمی جەستە دەگرێتەوە بەڵام بە قووڵی دەسوتێت، ئەمە زیاتر لە کارگە کیماییەکاندا ڕوودەدات و کەسەکە بە ماددەیەکی کیمیایی دەسووتێت، سەرەتا دەبێت جلەکانی لاببەیت و جل و ئەو ناوچەیەی ئەوی تێدایە بە ئاو بشۆیت، دواتر سەیری نیشانەکانی زیندوویەتی کەسەکە بکەیت وەک هەناسەدان و لێدانی دڵی،  و پێویستە شوێنی سووتاوی نەخۆشەکە بۆ ماوەی ٢٠ تاکوو ٣٠ خولەک بخەیتە بەر ئاو و دواتر بە زووترین کات کەسەکە بگەیەنیتە نەخۆشخانەوە.
سەبارەت بە سووتانی چاو بە ماددەیەکی کیمیایی دەبێت ئاوی پاک بکەیت بە چاوەکەدا و چاوەڕێ بکەیت تاکوو ئاوە پیس و ئالوودەکەی چاوی دێتە دەرەوە و دواتر دووبارە ئاوی پاکی پێدا بکەرەوە، هەروەها ئەگەر ماددەکە تەنێکی ڕەق بوو دەبێت بە سەری پارچە پەڕۆیەکی پاک بە هێواشی لە چاویدا دەریبهێنیت.

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتان بە کارەبا 

سووتان بە کارەبا خراپترین جۆری سووتانە و کەسەکە بە قووڵی دەسوتێت و زۆر جار سووتانەکە دەگاتە سەر ماسولکە و ئێسکەکانیشی، گرنگترین کار ئەوەیە کە سەرچاوەی کارەباکە بکوژێنیتەوە و دواتر ئەو کەسە لەو جێگایە دووربخەیتەوە بەڵام دەبێت زۆر وریایی ئەوە بیت کە خۆشت کارەبا نەتگرێت و دەبێت بە کەرەستەیەکی نەگەیەنەری کارەبا کەسەکە ڕابکێشیت، دواتر ئەگەر ئاگری پێوەبوو بیکوژێنیتەوە، ئەویش بەو ڕێنماییانەی کە بۆ فریاگوزاری سووتان بە ئاگر باسکرا، ئاگاداری نیشانە زیندووەکانی نەخۆشەکە ببە و بە زووترین کات بیگەیەنەرە نەخۆشخانە.


سەرچاوەکان



2652 بینین