داخورانی ئێسک

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-10-13-13:24:00 - کۆدی بابەت: 6868
داخورانی ئێسک

ناوه‌ڕۆك

داخورانی ئێسک

نەخۆشی داخورانی ئێسک (Osteoporosis) دەبێتە هۆی تەنکبوون و لاوازبوونی بەردەوامی ئێسک بەمەش مەترسی شکانیان زیاد دەکات، ساڵانە بەهۆی نەخۆشی داخورانی ئێسکەوە ٢٠٠٠ حاڵەتی شکانی ئێسک تۆمار دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت نەخۆشییەکە کار بکاتە سەر هەموو ئێسکەکانی لەش بەتایبەت ئێسکی بڕبڕەی پشت، سمت، مەچەک و بەمەش ئەگەری شکانیان لە ئێسکەکانی دیکە زیاترە، لە کەسانی بەتەمەندا شکانی ئێسکی سمت زۆر مەترسیدارترە بەهۆی ئەوەی پێویستی بە کاتێکی زۆرە بۆ چاکبوونەوەی شکاوییەکە و ئەمەش ئەگەری لێکەوتی خراپ زیاد دەکات بەتایبەت میکرۆبەهەوکردنی سییەکان و تۆپەڵبوونی خوێن.

لە نێو ۱۰ ملیۆن حاڵەتی پێشبینیکراوی داخورانی ئێسکدا لە ئەمریکا خانمان ٨۰٪ـی حاڵەتەکان پێکدێنن، شارەزایان دەڵێن هۆکاری بەرزی ڕێژەی حاڵەتەکە لە ئافرەتاندا دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی پێکهاتەی جەستەییان لەگەڵ پیاواندا بەتایبەت پاش تەمەنی نائومێدی کە گۆڕانکاری هۆڕمۆنی (بەتایبەت کەمبوونەوەی ئیسترۆجین) وادەکات داخورانی ئێسک خێراتر ببێت.

هۆکارەکان

- لە تەمەنی گەنجیدا ئێسکی مرۆڤ بە بەردەوامی  خانەی ئێسکی نوێ جێگەی خانەی ئێسکی کۆن  دەگرێتەوە لە کردارێکدا پێی دەوترێت نوێبوونەوەی ئێسک، چڕی ئێسک دەگاتە ئەوپەڕی بەهێزی لە تەمەنی ٢٥-٣٠ ساڵیدا پاشان وردە وردە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا کەم دەکات.

- مرۆڤ لە سییەکانی تەمەنیدا ڕێژەی جێگۆڕکێی خانەی کۆن و نوێی ئێسکی گرفتی تێدەکەوێت و کالسیۆمی ناو پێکهاتەکەی لە دەستدەدات کە هۆکاری ڕەقێتی ئێسکە هەروەها کرداری نوێبوونەوەی ئێسک بەڕێژەیەکی کەمتر ڕوودەدات بۆیە ئێسکەکە تەنک دەبێت، لە ئافرەتاندا به نزیکەیی ٥-٧ ساڵ پاش تەمەنی نائومێدی کەمبوونەوەی چڕی ئێسک زیاد دەکات و دواتر هێواش دەبێتەوە، زانایان پێیان وایە هۆکاری شیبوونەوەکە کەمبوونەوەی بەردەوامی هۆڕمۆنی ئیسترۆجینە کە ڕێژەی کالسیۆم لە لەشی ئافرەتاندا بە ئاسایی دەهێڵێتەوە.
- جگەرەکێشان.
- خواردنەوەی کهول.
- بوونی پێشینەی خێزانی لە شکانی ئێسکدا.
- لابردنی هێلکەدان بەتایبەت پێش تەمەنی ٤٠ ساڵی.
- قەڵەوی.
- گرفتی خواردن وەک (نەمانی ئارەزووی خواردن و نەخۆشی گەنم).
- نەتەوە (ئاسیاییەکان زیاتر تووشدەبن).
- بوونی گرفتی پەیوەست بە هۆڕمۆنەکان وەک کۆنیشانەی کوشینگ، نەخۆشیەکانی گورچیلە، ڕژێنی سایرۆید، پاراسایرۆید کە دەبێتە ھۆی داخورانی ئێسک.
-  بەکارهێنانی ستیرۆید و دەرمانی دژە گەشکە.
- نەخۆشی یاخود ئیفلیجییەک کە هۆکاری کەم جووڵەیی بێت بۆماوەیەکی زۆر.

داخورانی ئێسک چۆن دیاری دەکرێت؟

پزیشکی تایبەت دەربارەی مێژووی نەخۆشیەکە دەپرسێت و پشکنینی چڕی ئێسکیش ئەنجام دەدات هەروەها لەکاتی پشکنینەکاندا پزیشکەکە سەرنج دەداتە:
- تەمەنی نەخۆشەکە، هەروەها لە خانماندا لەوە دەکۆڵێتەوە ئایا لە تەمەنی نائومێدیدایە یاخود نا.
- بەکارهێنانی دەرمان (بەتایبەت ستیرۆیدەکان). 
- درێژی باڵای نەخۆشەکە، دەکرێت بەهۆی داخورانی ئێسکەکەوە یەکێک لە ئێسکەکانی بڕبڕەی پشت شکابێت و گۆڕانکاری لە درێژی باڵای نەخۆشەکە دروست کردبێت.   
- پشکنینی چڕی ئێسک کە بێ ئازارە و ڕێژەی چڕی ماددە کانزاییەکان پێوانە دەکات لە ئێسکی سمت، بڕبڕەی پشت، مەچەکدا، لەڕێی ئامێرێکی تایبەتەوە کە ناودەبرێت بە (DEXA).

چارەسەری داخورانی ئێسک

دەرمانە دووانە فۆسفاتییەکان کە مەترسی شکانی ئێسکەکان کەم دەکەنەوە:

  • Alendronate(Fosamax).
  • Risendronate(Actonel,Atelvia).
  • Zoledronic acid (Reclast).

ڕێگرییەکان

  • وەرزشی بەردەوام.
  • هاوسەنگ ڕاگرتنی ڤیتامینەکان بە دیاریکراوی ڤیتامین D (چوونە بەر تیشکی خۆر).
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کهول.


سەرچاوەکان



1616 بینین