سۆران عومەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-17-01:07:00 - کۆدی بابەت: 6906
سۆران عومەر

ناوه‌ڕۆك

سۆران عومەر کێیە؟

سۆران عومەر سەعید، لەدایکبووی ١٩٧٨/١٢/١٢ـە لە قەرەداغ، سیاسەتوان و ڕۆژنامەوانێکی ئیسلامیی کوردە و ئەندامی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانە، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ بووە لە پەرلەمانی کوردستان.

ژیان و خوێندن

سۆران عومەر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە لە ئامار و ڕاگەیاندن. ڕاوێژکاری سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بووە، و لە میدیاکانی ئەو حیزبە کاری کردووە. سەرنووسەری ھەردوو گۆڤاری ڕێگا و ڕێگامەگەزین بووە، هەروەها بەرپرسی ئاژانسی کۆمەڵ نیوز و بەشی هەواڵی کەناڵی پەیام بووە. خاوەنی کۆمپانیایەکی دابەشکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار بووە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ بە ٨٣٣١ دەنگ دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ و ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری.

ساڵی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتە ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ، بەڵام لە ڕۆژی ٢٠٢٠/٧/١٥ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی پەرلەمان دەکات، بەهۆی ئەوەی دەڵێت پەرلەمانی کوردستان ئەرکی خۆی لە یاسادانان و چاودێری کردنی حکومەت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بەجێناهێنێت.

هەڵگرتنی پارێزبەندی

لە ٢٠٢٠/٤/١ سۆران عومەر لە کەناڵی سپێدە دەڵێت سەرۆکی حکوومەت کۆمپانیا و بانکی هەیە، لە شەوی دواتر بە تۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵای لەدژ تۆمار دەکەن و هەر بەو هۆیەوە دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر داوای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر ده‌كات و فرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکات، لە ڕۆژی ٧ـی پێنجی هەمان ساڵ پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ٥٧ پەرلەمانتار پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵدەگرێت، ڕۆژی ١٢ـی ٧ دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر یاداشتی دەستگیرکردنی سۆران عومەر دەردەکات، بەپێی ئەو یاداشتەی دەستگیرکردنەی کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر سەربە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر دەرکرابوو، دەسەڵات درابوو بە گشت ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری و هێزەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی سۆران عومەر و رادەستکردنی بە بنکەی پۆلیسی خانەقا.

پەیوەندی لەگەڵ مەلا کرێکار

سۆران عومەر لە تەمەنی لاوێتیدا شیوعی بووە، دواتر چووەتە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان. لە سەرەتای ١٩٩٩ مەلا کرێکاری ناسیوە و بووەتە ئەندامێکی کارای بزووتنەوەی باڵی ئیسڵاح کە مەلا کرێکار سەرپەرشتی کردووە. پاشان بووەتە سەرنووسەری گۆڤاری مەئوا کە مەلا کرێکار خاوەن ئیمتیازی بووە. لە دوای ڕووداوی خێڵی حەمە لە ساڵی ٢٠٠١ و پەیوەندیکردنی مەلا کرێکار بە جوندولئیسلامەوە پەیوەندی لەگەڵ مەلا کرێکار نامێنێت. سۆران عومەر دەلێت لە ٢٠٠٩ لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەیەک نێوانیان بەتەواوی تێکچووە و لە ٢٠١٢ نامیلکەیەکی بڵاوکردووەتەوە بە ناوی حەقیقەتی مامۆستا کرێکار. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەو کاتەوە ھەر ھێرشێک کە مەلا کرێکار دەیکاتە سەری لە کاردانەوەی ئەو نووسینەیە.


سەرچاوەکان



737 بینین