زیکر و ویردەکانی ڕۆژی هەینی

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-10-17-15:30:00 - کۆدی بابەت: 6914
زیکر و ویردەکانی ڕۆژی هەینی

ناوه‌ڕۆك

ڕۆژی هەینی

ڕۆژی هەینی ئەو ڕۆژەی هەفتەیە کە موسڵمانان تێیدا بەیەک دەگەن، هەر لەبەر ئەوە ڕۆژی هەینی (جومعە) ڕۆژێکی تایبەتە لە ئیسلامدا و فەزڵ و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر بۆیە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئامۆژگاریمان دەکات کە سات بە ساتی ئەم ڕۆژە پیرۆزە بقۆزینەوە و پەرستش و بەندایەتی بۆ خودای گەورە بکەین و توێشوویەکی باش بۆ خۆمان کۆبکەینەوە بۆ ڕۆژی دوایی.

وشەی جومعە لە زمانی عەرەبیدا بە سێ جۆر هاتووە و دەخوێندرێتەوە، یا ئەوەتا دەوترێت (جوموعە) واتە پیتی (م) ـەکە زەممە (بۆرە) بێت، یا (جومعە) یا (جومەعە)، بەناوبانگترینیشیان لە زمانی عەرەبیدا یەکەمیانە واتە (جوموعە)، بەڵام لە زمانی کوردیدا زیاتر (جومعە) بەربڵاوترە، هەروەها لە واتای (جومەعە) ـدا هاتووە کە بە مانای ئەوە دێت کە خەڵکی لەو ڕۆژەدا کۆدەبنەوە، دەوترێت کەعبی کوڕی لوئەی بەم ناوەوە ناوی ناوە لەبەر ئەوەی خەڵکی لەو ڕۆژەدا کۆدەبووونەوە و دەچوون بۆ لای کەعب بۆ ئەوەی ئامۆژگاریان بکات، دەشوترێت کە وشەی (جومعە) لە دوای هاتنی ئیسلامەوە بەدەرکەوتووە.

ویردەکان

زیکر یا ویردەکان بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە بە هۆکاریەوە لە خوای گەورە نزیک ببیتەوە، هەروەها بە هۆکاریەوە بێتاقەت و دڵتەنگی لادەچێت، جۆرەکانی زۆرە و هەندێک زیکر کاتی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ نموونە زیکری بەیانیان یا زیکری ئێواران، کە ئەم زیکرانە پێویستە لە کاتێکی دیاریکراودا ئەنجام بدرێتت، جێی ئاماژەپێدانیشە کە لە ئاینی ئیسلامدا ئەو کاتانە دیاری کراوە، هەر بۆیە لە ڕۆژی هەینیدا موستەحەبە کە دوعای زۆری تێدا بکەیت.

تایبەتمەندی ڕۆژی جومعە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا

ڕۆژی هەینی لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا تایبەتمەندی خۆی هەیە جیاواز لە ڕۆژەکانی تر، لەو تایبەتمەندایانەش:-

- ڕۆژی هەینی جەژنێکی هەفتانەی موسڵمانانە بۆ ئومەتی ئیسلام بەتایبەت.

- مەکروهە کە بەتەنیا لە ڕۆژی هەینیدا بەڕۆژوو بیت، مەگەر ئەوەی کە ڕۆژێک پێش هەینی یا ڕۆژێک پاش خۆی لەگەڵیدا بەڕۆژوو بیت.

- موستەحەبە کە تێیدا سورەتی (السجدة) و (الإنسان) بخوێنرێت لە نوێژی بەیانی ڕۆژی هەینیدا.

- نوێژی بەیانی ڕۆژی هەینی بە جەماعەت باشترین نوێژە لەلای خودای گەورە.

- نوێژی جومعە دوو ڕکاتە و دەنگی بەرز قورئانی تێدا دەخوێنرێت جیاواز لە نوێژی نیوەڕۆی ڕۆژەکانی تر.

ویردە تایبەتەکانی بە ڕۆژی جومعە

زۆر زیکر و ویرد هەیە کە موستەحەبە بە تایبەت لە شەو و ڕۆژی هەینیدا بخوێنرێت، هەرچەندە ئەو ویردانە گشتین و موسڵمانان زۆر دوبارەی دەکەنەوە ڕۆژانە، بەڵام دیارە تایبەتکردنی بە شەو و ڕۆژی هەینیەوە لەبەر ئەوەیە کە پاداشتەکەی زۆرترە، والله أعلم، لەو ویردانەش:-

- خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بە تایبەتی سورەتی (الکهف)، چونکە سورەتی (الکهف) ڕووناککەرەوە و هۆکاری لێخۆشبوونی نێوان دوو جومعەیە، وە دوبارە کردنەوەی بەشێک لە زیکر و دوعاکان.

- زۆر سەڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر ﷺ.

- دوعاکردن، ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە، پێویستە لە شەو و ڕۆژی هەینیدا زۆر دوعا بکەین و لە خودای گەورە بپاڕێینەوە، چونکە وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت ساتێکی تێدایە کە دوعا تێیدا ڕەت ناکرێتەوە و بەندە هەر شتێک داوا بکات خوای گەورە پێی دەبەخشێت، زانایان ڕای جیاوازیان هەیە دەربارەی ئەو ساتە لە ڕۆژی هەینیدا، ڕایەکیان دەڵێت سەعاتێک دوای نوێژی عەسرە، کە زۆربەی هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺ لەسەر ئەم ڕایەن لەگەڵ چەندان زانایانی گەورەی تر، لەوانە عەبدوڵای کوڕی سەلام و ئەبو هورەیرە و پێشەوا ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، وە ڕای دووەم دەڵێت کە ئەو ساتە ساتی دانیشتی ئیمامە لە جومعەدا هەتا دەستپێکردنی نوێژ.

- 3 جار وتنی زیکری (أسْتَغْفِرُ اللَّهَ الَّذي لا إِلهَ إِلاَّ هُوَ الحَيَّ القَيُّومَ وأتُوبُ إِلَيْهِ) ثَلاث مَرَّات، لەبەر ئەوەی وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت هەر کەس ئەو بەیانی ڕۆژی هەینی پێش نوێژی بەیانی ئەو زیکرە بخوێنێت ئەوە خودای گەورە لە تاوانەکانی خۆش دەبێت ئەگەر بە هێندەی کەفی دەریاش بن.

- خوێندنی (معوذات) لە ڕۆژی هەینییدا، واتە زۆر خوێندنی سورەتەکانی (الإخلاص، الفلق، الناس).

- یادکردنەوەی خوای گەورە بە هەموو جۆرەکانیەوە، ئەمەش بەتایبەت لە دوای نوێژی جومعەوە، ئەمەش بەبەڵگەی ئەو ئایەتەی کە خوای گەورە دەفەرموێت: ‏(فإذَا قُضِيَتِ الصَّلاةُ فانْتَشِرُوا في الأرْضِ وَابْتَغُوا مِنْ فَضْلِ اللَّهِ وَاذْكُرُوا اللَّه كَثِيراً لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ‏).[الجمعة: 10).

ئەمانە و چەندان خاڵی تر هەن کە ئاماژە بە گرنگی و پیرۆزی ڕۆژی هەینی دەکەن، هەر بۆیە ڕۆژی هەینی لەنێو ڕۆژەکانی تر جیاوازترە و فەزڵی گەورەترە، هەر بۆیە پێویستە تاکی باوەڕدار زۆر بە گرنگ و گەورەوە سەیری ئەم ڕۆژە بکات و هەوڵبدات ئەو زیکر و ویردانەی کە باسکران جێبەجێیان بکات بۆ ئەوەی لە خوای گەورە نزیک ببێتەوە و خۆشەویستی خوای گەورە بەدەست بخات، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ بە جێبەجێکردنی سونەتەکان لە خوای گەورە نزیک دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



2396 بینین