چیتا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-18-14:30:00 - کۆدی بابەت: 6922
چیتا

ناوه‌ڕۆك

ئاژەڵی چیتا

چیتا یاخود یوز (بە ئینگلیزی: cheetah)، یەکێکە لە پشیلە دڕندەکانی کۆمەڵەی پشیلە گەورە کێوییەکان، نشینگەکەی زۆر ناوچەی جیاوازی جیهان دەگرێتەوە، لە ڕابردوودا بە زۆری لە دارستانەکانی هێڵی کەمەرەیی و باراناوییەکان و ساڤانادا دەژیا، بەڵام ئێستە لە ناوچەی جیاوازی وەک پاکستان و ئێران و باشووری ئەفریقاش بوونی هەیە، هەروەها زۆرترین ژمارەی چیتا دەکەوێتە وڵاتی نامیبیای باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا، و بە زەوی چیتاکان ناودەبرێت، جێگەی خەوتنی چیتا جیاواز لە زۆرینەی گیانەوەرەکانی دیکە لەسەر بەردەکان لە بەرزاییەکی زۆردا، کە بەرزییەکەی دەگاتە زیاتر لە ٥٠٠٠-٥٠٠ م، و لە کاتی گەرمای زۆر بە ڕۆژدا لەسەر لقی درەختەکان دەخەوێت، و دواتر چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجامدەدات، گرنگترینیشیان ڕاوکردنی نێچیرەکانییەتی.

تایبەتمەندییەکانی

تایبەتمەندی جیاوازی هەیە لە گیانەوەرەکانی دیکە کە بووە بە پێناسە و ناسەرەوەی، وەک ئەوەی کە بەشێوەیەکی زۆر توند ڕاودەکات و خێراترین گیانەوەری وشکاوەکییە، شێوازی دروستبوونی جەستە باریکەکەی بەجۆرێکە هاوکاری دەکات لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە ١٢٠ کم ببڕێت، ئەمەش خێراترە لە ئۆتۆمبێلێک کە بە تێكڕای ١٦٠ کم لە کاتژمێرێکدا دەجووڵێت، هەروەها دەتوانێت بە یەک جار بۆ مەودای زیاتر لە ٦ م و بە بەرزی زیاتر لە ٣ م بازبدات، بەڵام بێچووەکان زۆر هەستیارن و بە خێرایی توشی نەخۆشی دەبن، هەر کاتێک یەکێکیان تووشی نەخۆشیەک ببن ئەوا ئەوەکانی دیکەش تووشدەبن، و راستەوخۆ دەمرن، بەهۆیەوە بە بەردەوامی چیتاکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

شێوەی دەرەوەی و خۆراک

چیتا کۆتا نەوەی ئەو ئاژەڵانەیە کە چڕنوکەکانیان جێگیرە، جۆرەکانی دیکە هەزاران ساڵ پێش ئێستە لەناوچوون بەهۆی گۆڕانکارییە سروشتییەکانەوە، درێژییەکەی لە نێوان ١٠٠-١٩٠ سم دەبێت، کێشێ بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت کە بە گشتی لە نێوان ٣٠-٩٠ کگم ە، هەروەها خۆراکی سەرەکیشیان بریتییە لە ڕاوکردن و خواردنی ئاژەڵە سمدارەکان، وەک ئاسک و بزنی کێوی، هەندێکجاریش کە ناچار بێت قرتێنەر و مەیموون و باڵندەکان ڕاودەکات.

شێوازی ژیانکردن

چیتا ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتی نییە و نێرینە و مێینەکانیشی بە شێوەی تاک و بە جیا دەژین، تەنها کاتی یەکگرتن لە یەکدی نزیک دەبنەوە یاخود کاتێک مێینەکان بێچوویان دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵیاندا دەژین، هەتا بێچووەکان دەگەنە قۆناغی پشتبەخۆبەستن، نێرینەکان ناوچەکانیان دەپارێزن بە دەرکردنی دەنگ و بڵاوکردنەوەی بۆنی خۆیان، مێینەکانیش دەنگی جیاواز دەردەکەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی نێرینەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ بێچووەکانیان.

یەکگرتن و زۆربوون

هیچ وەرز و کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ یەکگرتن و زۆربوونی چیتا، واتە هاوشێوەی شێرەکان بە درێژایی ساڵەکە توانای زۆربوونی هەیە، نێرینەکان دوای تێپەڕاندنی سێیەم ساڵی تەمەنیان مێینە هاوبەشەکانیان هەڵدەبژێرن، و دوای یەکگرتن و تێپەڕاندنی ماوەی سکپڕییەکەی کە ٩٠-١٠٠ ڕۆژ دەخایەنێت، نێرینەکە ناوچەیەکی هێمن و پارێزراو دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مێینەکە بێچووەکانی ببێت، دواتر ٣-٥ بێچووی دەبێت، لە سەرەتای لەدایکبوونیان کێشیان لە نێوان ١٥٠-٣٠٠ گم دەبێت، قەبارەیان بچووکە و فەرووەکانیان نەرمە و ڕەنگەکەشیان بە گوێرەی جۆرەکەیان دەگۆڕێت، هەتا تەمەنیان دەگات بە ساڵێک و نیو دایکیان لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە و گرنگییان پێدەدات، سەرەتا فێری ڕاوکردنیان دەکات، و دواتریش لەگەڵیاندا دەچێتە نێو سروشتەوە و تێکەڵدەبن لەگەڵ نشینگە و ناوچە دیاریکراوەکانیان، ئینجا دایکەکە ڕاوکردنی ئاژەڵی فێردەکات بە وردی وەک ڕاوکردنی کەروێشک و چۆنیەتی کوشتنی.

جۆرەکانی

چیتاکان دابەشدەبن بۆ ٧ نەوەی سەرەکی کە بریتین لە:

  • چیتای ڕاوکردن، پاشای چیتا ڕاوکەرەکانە.
  • چیتای ئاسیایی، یاخود چیتای ئێرانی.
  • چیتای بەفری
  • چیتای شێرەکان
  • چیتای هەوری
  • چیتای هیندی
  • چیتای کۆری


سەرچاوەکان



1192 بینین