منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار بە ڕێگای سەرو پەردەیی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-22-20:10:00 - کۆدی بابەت: 6934
منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار بە ڕێگای سەرو پەردەیی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەرزی پشت یاخود ئێپیدوڕاڵ ڕێگایەکە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری منداڵبوونی سروشتی، کە سڕکردنێکی نیوەسڕەکەرە و واتە گشی نییە، جۆرە سڕکردنێکە کە لە کاتی منداڵبوون لەلایەن پزیشکی سڕکردنەوە دەدرێت بە خانمەکە، لە کاتی دەستپێکردنی ژاندا دەکرێت بۆ نەخۆشەکە، ئەم جۆرە سڕکردنە پێکهاتووە لە تێکەڵەی هەندێک لە دەرمانە سڕکەرەکان و ماددە بێ هۆشکەرەکان، هەروەها پێش پێدانی نەخۆشەکە کانۆلا و موغەزی بۆ دادەنرێت تاکوو پەستانی خوێنی نەیەتە خوارەوە، گرنگە خانمەکە ژانی دەستی پێ کردبێت واتە بەلایەنی کەمەوە ٣ گرژبوونی منداڵدانی بۆ بێت لە ماوەی ١٠ خولەکدا ئینجا ئەم سڕکردنەی بۆ بەکاربهێنرێت ئەویش بۆ ئەوەی دڵنیابیت کە منداڵەکە بە سروشتی لەدایک دەبێت و کێشەی نییە و مامان دەبێت دڵنیابووبێتەوە لەوەو سەری منداڵەکە هاتبێتە خوارەوەی ناوچەی حەوز کاتێک پشکنینی بۆ دەکات، ڕێگای سەرو پەردەیی بە هیچ شێوەیەک ئازاری دایکەکە ناهێڵێت لە کاتی منداڵبوونەکەدا.

چۆنییەتی سڕکردن بە سەرو پەردەیی

بۆ لێدانی دەرزییەکە لە پشت دەبێت خانمەکە کەمێک بچەمێتەوە و یاخود پاڵکەوێت و بکەوێت بەلادا، پزیشکەکە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت پاکی دەکاتەوە بە ماددەی پاککەرەوەی پزیشکی و دواتر دەرزییەکی زۆر باریک دەکاتە ناوەوە، کە لەم ڕێگایەوە سۆندەیەکی باریک لە نێوان پشتی نەخۆشەکە و دڕکە پەتکیدا دەبێت، سڕکردنەکە ١٠ خولەکی پێدەچێت تاکوو پزیشکەکە دەتداتێ و ١٥ بۆ ٢٠ خولەکی پێویستە تاکوو کاری خۆی دەکات، و ٢ بۆ ٤ کاتژمێریش کاری خۆی دەکات و دواتر کاریگەری نامێنێت، سەرەتا بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە تەنها بڕێکی کەم لە دەرمان دەنێرن لەو ڕێگەیەوە، دواتر وردە وردە دەرمان لەو ڕێگەیەوە دەنێردرێت تاکوو خانمەکە سڕ ببێت، کە ماوەی دەرمان پێدانەکە ٢٠ بۆ ٤٠ خولەک جارێکە و لەم کاتەدا لێدانی دڵی منداڵەکە و پەستانی خوێنی دایکەکە بە بەردەوامی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.
هەروەها پێویستە پێش ئەنجامی ئەم کارانە دایکەکە سۆندەی میزی بۆ دابنرێت چونکە قاچەکانی سڕ دەبێت و ناتوانێت بچێتە تەوالێت و میز بکات.

چ کاتێک ناکرێت ئەم جۆرە سڕکردنە بەکاربهێنرێت؟

  • پەڕەکانی خوێنی دایکەکە کەمە و یاخود دەرمانی خوێن تەڕکردنەوە بەکاردەهێنێت.
  • دایکەکە بە هۆکارێکی دیکە پەستانی خوێنی نزم بێت.
  • دایکەکە هەوکردنی خوێنی هەبێت.
  • هەوکردنی پێستی هەبێت دایکەکە لە ناوچەی پشتیدا و ئەو شوێنەی کە سڕکردنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت.
  • پزیشکەکە کێشەی هەبێت لە دۆزینەوەی شوێنی سڕکردنەکەدا ئەویش بە هۆی ئەوەی کە دایکەکە قەڵەو بێت یاخود کێشەیەکی دیکەی هەبێت.
  • دایکەکە پێشتر هەستیاری هەبووبێت بۆ هەر جۆرە سڕکردنێکی دیکەی نیوەسڕکەر.
  • دەرمانی (Enoxoparin Sodium) یان (Heparin) بەکاربهێنێت.

سوودەکانی سڕکردن بە سەرو پەردەیی

  • گەورەترین سوودی ئەم ڕێگایە نەمانی ئازارە زۆرەکەی منداڵبوونە، بەم هۆیەشەوە دایکەکە زیاتر چێژی لێ دەبینێت و ئاگاداری منداڵبوونەکەیەتی.
  • دایکەکە کاتی منداڵبوون توانای پاڵنانی هەیە.
  • کاریگەری زۆرە کە تاکوو کۆتایی منداڵبوونەکە کار دەکات.
  • تەنها بڕێکی کەم لەو دەرمانە دەگات بە منداڵەکە و سەلامەتە بە بەراورد بە سڕکردنی کاتی نەشتەرگەری منداڵبوون.
  • ئەگەر هات و لەناکاو پێویست بوو دایکەکە نەشتەرگەری بۆ بکرێت، ئەوا پێویست بە سڕکردنی دیکە ناکات و بەم سڕکردنە دەکرێت نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت.

لێکەوتە خراپەکانی سڕکردن بە ئێپیدوڕاڵ

  • ئەم جۆرە سڕکردنە بە گشتی ڕێگایەکی سەلامەتە بەڵام لە هەندێک کەسدا واتە ٥٪ بۆ ١٠٪ خانمان کە ئەم ڕێگایەیان بۆ بەکاردەهێنن بە بڕی پێویست سڕ نابن و ئازاریان دەبێت کاتی منداڵبوونەکە و ئەگەریش زیاتر لە بڕی پێویستیان پێ بدرێت کێشەی هەناسەدانیان بۆ دروست دەبێت.
  • دایکەکە بە هۆی سڕکردنەکەوە قاچەکانی کاتییان دەوێت تاکوو ئەو سڕبوونەیان نەمێنێت و ڕاستەوخۆ دوای منداڵبوونەکە ناتوانن هەستنەوە.
  • یەکێک لە لێکەوتە خراپەکان ئەوەیە کە زۆرجار دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێنی دایکەکە و ئەمەش کاریگەری دەخاتە سەر لێدانی دڵی منداڵەکە و بەمەش پڕۆسەی منداڵبوونەکە کێشەی تێدەکەوێت، دەکرێت بە پێدانی موغەزی بەردەوام بە دایکەکە بۆ بەرز کردنەوەی پەستانی خوێنی ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت.
  • میز ڕانەگرتن ئەویش بە هۆی ئەوەی کە لە کەمەرت بەرەو خوار سڕە و دایکەکە هەست ناکات، بۆیە گرنگە پێش سڕکردنەکە سۆندەی میزی بۆ دابنرێت دایکەکە.
  • هەندێک جار کاریگەری دەبێت لەسەر هەناسەدانی منداڵەکە، بەڵام پاش لەدایکبوونی پزیشک دەرمانی پێدەدات تاکوو هەناسەی ئاسایی ببێتەوە.
  • ڕشانەوەی منداڵەکە پاش یەکەم شیر خواردنی ئەویش تەنها یەکجارە و دوای ئەوە چاک دەبێت. 
  • هەندێک جار دایکەکە دوای منداڵبوونەکە تووشی تا دەبێتەوە.
  • دەکرێت قۆناغی دووەمی منداڵبوون درێژ بکاتەوە.
  • ئەگەری ئەوەی کە پێویست بکات منداڵەکە بە ئامێر کە ئەویش مەقاشە دەربهێندرێت زیاتر دەکات.
  • ئازاری پشت و شوێنی دەرزییەکە.
  • سەرئێشە.
  • ڕشانەوە.
  • خوێنبەربوون لە شوێنی دەرزیەکەدا.
  • کێشەکانی هەناسەدان.
  • خورانی جەستە بە هۆی هەستیاری بە دەرمانەکان.

 


سەرچاوەکان



4801 بینین