کۆمپانیای دانون

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-10-23-16:59:00 - کۆدی بابەت: 6947
کۆمپانیای دانون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای دانون (بە ئینگلیزی: Danone) کۆمپانیایەکی تایبەتە بە پیشەسازی خۆراکی هەمەجۆر بە گشتی سێ کەرتی سەرەکی لەخۆدەگرێت (بابەتی شیرەمەنی و بەرهەمەکانی، پسکویت و کاری هەویرکاری و ئاوی کانزایی)، ئەم کۆمپانیایە لە 90 وڵاتی جیهاندا لقی هەیە، لە ساڵی 2018  بەهای داهاتی فرۆشییەکانی گەیشتە 24.65 ملیار یۆرۆ ڕێژەی 29%ی ئەم داهاتە لە بەرهەمە خۆراکییە تایبەتەکانەوە بەدەستهێنراوە، 19%ی لە بەرهەمهێنانی ئاوی کانزایی، 52% لە بەرهەمی شیرەمەنییەکان و خۆراکە ڕووەکییەکانەوە بەدەستهێنراوە، لە وڵاتی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپی بۆ بەرهەمی خۆراکی شیر و ماست لە پێشەنگی بڕاندە بازرگانییەکانە، لە ساڵی 2016 داهاتی فرۆشتنەکانی بەرهەمی شیری تازە زیاتر لە 11 ملیار یۆرۆ بووە. 

مێژووی دروستبوونی کۆمپانیای دانون

سەرەتای دامەزراندن و دروستبوونی ئەم کۆمپانیایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1919 لەلایەن پزیشکێکی جولەکەوە دانراوە بە ناوی "ئیسحاق کاراسۆ" ناوی کۆمپانیاکەی بە ناوی کوڕەکەی خۆیەوە ناونا کە ناوی "دانێیڵ کاراسۆ" بوو، دانون کورتکراوەی ناوی دانێیڵە، لە سەرەتادا بارەگای کۆمپانیاکەی لە وڵاتی ئیسپانیا کردەوە، پاشان لە ساڵی 1929 گواستییەوە بۆ شاری پاریسی وڵاتی فەڕەنسا و گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونێکی باشی بەدیهێناوە و لە ئێستادا پێشەنگە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەرهەمەکانی بەردەستن.

بەرهەمەکانی کۆمپانیایای دانون

بەرهەمەکانی کۆمپانیای دانون تایبەتمەندن بە پیشەسازی خۆراکی هەمەجۆرن، شیرەمەنی و بەرهەمەکانی نموونەی ماست و شیر و پەنیر، هەروەها پسکویت و بابەتی هەویرکاری بە هەموو جۆرەکانی و ئاوی کانزایی.

گرنگترین بڕاندە ناودارەکانی جیهان کە سەر بە کۆمپانیای دانونن

ئەکتیڤیا گەورەترین و قازانج بەخشترین بڕاندی کۆمپانیای دانۆنە، دانێت، ئەکتمێل، فۆلفیک، ئیڤیان و چەندانی تر، هەروەها هەردوو کۆمپانیای بەیبیلاک و میلۆنای تایبەت بە دروستکردن و بەرهەمهێنانی شیری منداڵی ساوا سەر بە کۆمپانیای دانونە، کۆمپانیای سافی سعودیە تایبەت بە شیر و بەرهەمەکانی پەیوەستە بە کۆمپانیای دانونەوە. 

پەیمانگای دانون

ڕێکخراوێکی خێرخوازییە و کۆمپانیای دانون دایمەزراندووە، پەیمانگایەکی تایبەتە بە توێژینەوەی زاسنتی سەبارەت بە خۆراک و سیستەمە خۆراکییەکان و تەندرووستی گشتی، هەروەها گرنگیدان بە زانستی خۆراک، ئەم پەیمانگایە لە ساڵی 1991 لە شاری پاریس دامەزراوە، چەندان کەسایەتی ئەزموندار و لێهاتوو لە بواری خۆراک سەرپەرشتی ئەم پەیمانگایە دەکات، لە ساڵی 2007 نزیکەی 18 پەیمانگای لە چەند وڵاتێکی جیهان کردەوە لەوانە بەلجیکا، چین، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، ڕووسیا، ئیسپانیا، ئەمریکا و چەندان وڵاتی تر، هەروەها کۆمپانیای دانون لە ساڵی 1997ـەوە بڕی 120 هەزار یۆرۆ دوو ساڵ جارێک دابین دەکات بۆ هەرکەسێک کە توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدات لەسەر زانستی خۆراکی مرۆڤ.


سەرچاوەکان



850 بینین