نیشانەکانی کەمیی ئاسن لە جەستەدا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-23-22:18:00 - کۆدی بابەت: 6952
نیشانەکانی کەمیی ئاسن لە جەستەدا

ناوه‌ڕۆك

کەمیی ئاسن

کەمیی کانزای ئاسن لە لەشدا کاتێک ڕوودەدات کە لەشی مرۆڤ ڕێژەی پێویستی لە کانزای ئاسن تێدا نەبێت، لەشی مرۆڤ پێویستی بە ئاسنە بۆ دروستکردنی هیمۆگڵۆبین، کە پڕۆتینێکە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا و وایان لێدەکات ئۆکسجین هەڵبگرن و بیگوازنەوە بۆ هەموو لەش، ئەگەر لەشی مرۆڤ هیمۆگڵۆبینی پێویستی نەبێت، ئەوا شانەکان و ماسولکەکان ئۆکسجینی پێویستیان پێ ناگات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو کاربکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە حاڵەتێک کە پێی دەوترێت کەمخوێنی، چەندین جۆری جیاواز لە کەمخوێنی بوونی هەیە بەڵام ئەو کەمخوێنییەی کە هۆکارەکەی کەمیی ئاسنە باوترین جۆری کەمخوێنییە.

نیشانە و کۆنیشانەکانی کەمیی ئاسن دەگۆڕێت بە پشت بەستن بە:

  • ڕێژەی کەمخوێنییەکە.
  • تا چەند بە زووی زیاد دەکات.
  • تەمەن.
  • دۆخی تەندروستی.
  • لە هەندێک دۆخی تایبەتیشدا هیچ نیشانەیەک دەرناکەوێت.

نیشانەکانی کەمیی ئاسن

ماندوویەتی بەردەوام و نائاسایی

هەستکردن بە ماندوویەتییەکی زۆر یەکێکە لە نیشانە دیارەکانی کەمخوێنی هۆکاری کەمیی ئاسن، ئەم ماندوویەتییە تەنها لەو کەسانەدا باو نییە کە کەمخوێنن و نەخۆشییەکەیان دیاری کراوە، بەڵکوو لەو کەسانەشدا باوە کە جەستەیان ئاسنی پێویستی نییە، ئەم ماندوویەتییە بەهۆی ئەوە ڕوودەدات کە لەش ئەو ئاسنەی تێدانییە کە پێویستییەتی بۆ دروستکردنی پرۆتینی هیمۆگڵۆبین، کە یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ هەموو لەش، بە نەبوونی هیمۆگڵۆبینی پێویست ئۆکسجینی کەم دەگات بە خانە و شانەکانی لەش، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وزەکەیان، هەروەها دڵ پێویستە زیاتر کاربکات تاکوو خوێنی پڕ ئۆکسجینی زیاتر بنێرێت بۆ لەش کە ئەمەش دەبێتە هۆی هەست کردن بە ماندوویەتی، چونکە ماندوویەتی وەک بەشێکی ئاسایی سەرقاڵی دادەنرێت، قورسە کە تەنها بەهۆی هەستکردن بە ماندوویەتییەوە کەمیی ئاسن دیاری بکرێت، بەڵام ئەگەری زۆرە کە کەسێک ئاسنی کەم بێت هەست بە کەمیی وزە و بێهێزی و بێزاری و قورسی سەرنجدان بکات.

تێکچوونی ڕەنگی پێست

ڕەنگی پێست بە بەراورد بە کاتی ئاسایی زیاتر زەرد دەبێت، هەروەها ڕەنگی بەشی خوارەوەی پێڵووی چاو زەرد هەڵدەگەڕێت، ئەم دوو نیشانەیە یەکێکی دیکەن لە نیشانە باوەکانی کەمیی ئاسن لە جەستەدا.

هیمۆگڵۆبین هۆکارە بۆ پێدانی ڕەنگی سوور بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن، کەواتە کەمیی هیمۆگڵۆبین لە کاتی کەمیی ئاسندا هۆکارە بۆ ئەوەی ڕەنگی خوێن کاڵ ببێتەوە، لەبەر ئەوە کە پێستی مرۆڤ ڕەنگی سروشتی خۆی لە دەست دەدات لەو کەسانەدا کە کێشەی کەمیی ئاسنیان هەیە، بەپێی چەند توێژینەوەیەک دەرکەوتووە کە زەردبوونی پێست هەموو لەش دەگرێتەوە یان چەند شوێنێکی دیاریکراوی وەک (ڕووخسار، پووک، بەشی ناوەوەی لێو و پێڵووی چاو، نینۆک)، ئەم ڕەنگ زەردبوونە یەکێکە لەو نیشانە باوانەی کە پزیشک بە نیشانەیەکی کەمی ئاسنی دادەنێت بەڵام دەبێت بە پشکنینی خوێن دڵنیا بکرێتەوە.

کورتیی هەناسەدان

بەهۆی ئەوە هیمۆگڵۆبین یارمەتیدەرەی خڕۆکە سوورەکانە بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ هەموو لەش، کاتێک ڕێژەی هیمۆگڵۆبین کەم دەکات لە کاتی کەمیی ئاسنی جەستەدا، ماسولکەکانی جەستە ئۆکسجینی پێویستیان پێ ناگات بۆ ئەنجامدانی چالاکییە ئاساییەکانی وەک ڕۆشتن، لە ئەنجامی ئەمەشدا لەش هەوڵ دەدات ئۆکسجینی زیاتر بە دەست بهێنێت و تێکڕای هەناسەدان زیاد دەکات، لەبەر ئەم هۆکارەیە کورتیی هەناسەدان یەکێکی دیکەیە لە نیشانە باوەکانی کەمیی ئاسن.

خێرایی لێدانی دڵ

خێرابوونی لێدانی دڵ یەکێکی دیکەیە لە نیشانەکانی کەمیی ئاسن لە لەشدا و کەمخوێنی، پەیوەندی نێوان خێرایی لێدانی دڵ و کەمیی ئاسن و کەمخوێنی تاکوو ئێستاش توێژینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵام زۆربەی ئەنجامەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە بە هۆی ڕێژەی ئۆکسجینەوە بێت، کاتێک ڕێژەی ئاسن لە لەشدا کەم دەبێت و هیمۆگڵۆبین کەم دەبێت بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین، دڵ ناچار دەبێت کە بە سەختی کاربکات تاکوو ئۆکسجینی پێویست بگەیەنێت بە هەموو لەش، کە ئەمەش بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆی ناڕێکی لێدانی دڵ و هەست کردن بە لێدانی نائاسایی و خێرای دڵ.

وشکبوون و تێکچوونی پێست و قژ

کەمیی ئاسن و هیمۆگڵۆبین لە خوێندا هۆکارن بۆ ئەوەی کە بڕی ئۆکسجینی پێویست نەگات بە خانەکانی پێستی سەر بۆ گەشەکردنی موو، کاتێک پێست و قژ تووشی کەمیی ئۆکسجین دەبن وشک و لاواز دەبن، جگە لە لاوازی گەشەی موو کەمیی ئاسن دەبێتە هۆی وەرینی قژ.

وشکبوونەوە و هەڵئاوسانی ناودەم و زمان

هەندێک کات تەنها بە سەیرکردنی ناودەمی نەخۆشێک دەتوانرێت بزانرێت کە نەخۆشی کەمخوێنی هەیە، نیشانەکانی وەک هەڵئاوسان و هەوکردن و زەردهەڵگەڕان و سافبوونی نامۆی زمان دەرخەری ئەوەن کەسەکە نەخۆشی کەمخوێنی و کەمی ئاسنی هەیە، هەروەها کەمیی ئاسن دەبێت هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی دیکەی وەک: وشکبوونی ناودەم و هەستکردن بە سووتانەوەی ناودەم و برینداربوون و قڵیشانی گۆشەکانی ناودەم.

ئازاری بەردەوامی قاچەکان

ئازاری بەردەوامی قاچەکان حاڵەتێکە کە تێیدا کەسی تووشبوو ئارەزوو دەکات قاچەکانی بجووڵێنێت کاتێک کە خەریکی پشوودانە، هەروەها دەبێتە هۆی لێکخشان و خوورانێکی نامۆ و نەخوازراوی و قاچ و پێیەکان، بە گشتی لە شەودا ئەم ئازارە زیاد دەکات و کەسی تووشبوو بە قورسی خەوی لێ دەکەوێت، ئەم ئازارەی قاچ بە تەواوی نیشانە نییە بۆ کەمیی ئاسن بەڵام نزیکی ٢٥٪ـی ئەو کەسانەی کەمخوێنی و کەمیی ئاسنیان هەیە ئەم ئازارەی قاچیان هەیە، ئازاری بەردەوامی قاچ بە ڕێژەی ٩ ئەوەندە لەو کەسانەدا زیاترە کە کەمیی ئاسنیان هەیە.

نەرمبوون و شکانەوەی نینۆکەکان

یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی کەمیی ئاسن لاوازبوونی نینۆکەکانە، واتە نینۆکەکان بە ئاسانی دەشکێن و درز دەبەن، لە دوایین قۆناغەکانی کەمیی ئاسندا نینۆکەکان دەشکێنەوە (واتە ناوەڕاستی نینۆکەکان قووڵ دەبن و چواردەورەکەی بەرزدەبێتەوە لە شێوەی کەوچکی چێشخواردن)، بەڵام ئەم نیشانەیە دەگمەنە و تەنها لە نزیکەی ٥٪ـی ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە کەمیی ئاسنیان هەیە، هەروەها لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە ڕێژەی ئاسن زۆر کەمە تیایاندا.


سەرچاوەکان



1899 بینین