مامۆستام گۆران - شێرکۆ بێکەس

له‌لایه‌ن: - ئاڵەکۆک - به‌روار: 2021-10-24-13:55:00 - کۆدی بابەت: 6966
مامۆستام گۆران - شێرکۆ بێکەس

ناوه‌ڕۆك

مامۆستام گۆران

شاعیر: شێرکۆ بێکەس

بەرهەم: تریفەی هەڵبەست

شیعر: مامۆستام گۆران

ئەی جێنزرگەی یارانی خامۆش
میری شاعیران نەکەی فەرامۆش

ئەی ئەرخەوانی ئازیزی سەیوان
ئاخۆ ئەزانی کێت بۆتە میوان؟ 

میوانی تازەت تەرمی «گۆران»ە
گەوهەری دنیای شیعری کوردانە

شا بەستەی گیانی تازە هەڵبەستە
زیندووی ئەدەبی چرا بەدەستە

ئاوازی لێوی فریشتەی ژینە
خواوەندی وەسفی جوان و شیرینە

تریفەی هەستی مانگی نەورۆزە
لوتکەی هونەری بەرز و پیرۆزە

گیانی مەولەوی سەدەی ئێستایە
پەنجەی نەخشاوی وردی هیوایە

قیبلەی ئارامگای تاسەی دڵدارە
باڵا ئاوێنەی دڵی بەهارە. 

***

گۆران ئەبینم: لەناو جوانییا
ئەژی لەئاسۆی دەم بەیانییا

لەگۆمی مەنگ و لەخۆرنشینا
لەقژی زەرد و لەچاوی شینا

لەلوتکەی سپی و نزاری چڕا
لەهاژەی چەم و قەڵبەزەی خوڕا

لەباڵای بەرزی زۆر شۆخ و شەنگا
لەدۆڵی کپی مات و بێدەنگا

لەبای خەزان و پایزی زەردا
لەباڵەفڕێی پەپوولەی هەردا

لەناو هێلانەی سۆزی بولبولا
لەدەمی خونچەی سەر پۆپەی چڵا

لەناو جریوەی ئەستێرەی دوورا
لەرەنگی ئاڵ و پەمەیی و سوورا

لەبەرزیی کێوی سەر کەشکەڵانا
لە، لەرانەوەی پەڕەی گوڵانا

لەنیگای مەستی ئافرەتی جوانا
سیاچەمانەی لای هەورامانا

لەعەتری بۆن و بەرامەی باخا
لەدار و بەردی ڕێی قەرەداخا

لەو جوانیانەدا کە وەک وەنەوشە
لەبەر چاوانا وون و خامۆشە. 

***

کەژاوەی شیعری بەهاری گۆران
ڕووناکە وەکوو ئاسۆی بەر بەیان

هەتاکوو جوانی بژی و بمێنێ
گوڵاوی شیعری ئەو ئەپرژێنێ.


سەرچاوەکان



294 بینین