ڕفینی چاو 

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-10-25-14:26:00 - کۆدی بابەت: 6986
ڕفینی چاو 

ناوه‌ڕۆك

ڕفینی چاو چییە؟

ڕفینی چاو (Over Blinking of Eye) نیشانەیەکی بێزارکەری باوە لە نێو خەڵکدا و بە حاڵەتی کەشەنگبوونی خۆنەویستانەی ماسولکەکانی چاو پێناسە دەکرێت، بە شێوەیەکی ئاسایی لە چەند چرکەیەکدا ڕوودەدات و هەندێک جار چەند خولەکێک دەخایەنێت و  لەوانەیە بە ڕۆژ یان هەفتەش بەردەوام بێت.

دەرەمۆکەکان دەربارەی ڕفینی چاو

سەبارەت بەڕوودانی ڕفینی چاو لەنێوان زانست و دەرەمۆکدا لایەنی دەرەمۆک ئەوەیە کە کەلتووری خەڵکی لێکدانەوەو ڕونکردنەوەی جیاوازی هەبێت سەبارەت بە ڕوودانی ڕفینی چاو، لەو دەرەمۆکە زۆرانەی پەیوەستن بە ڕفینی چاوەوە:

- لە چینی، هیندی، هاوایی، کامیرۆنی و فۆلکلۆری نایجیری، ڕفینی چاو نیشانەی گۆڕانی ڕووداوەکانی ژیانە وەکو مردن لە خێزاندا، دەستگەیشتن بە پارە و منداڵبوون.
- لە وڵاتی چین لێکدانەوەی پێشهاتەکان لە کاتی ڕوودانی ڕفینی چاودا پەیوەستە بە جیاوازی کاتەوە واتە پشت دەبەستێ بە کاتژمێری ڕۆژ و شەو بۆ نموونە ئەگەر ڕفینی چاو لە کاتژمێر ٤ـی بەیانیدا ڕوویدا ئەوا ئاماژەیە بەوەی کە ڕووداوێکی خۆش ڕوودەدات، لە کاتێکدا ئەگەر لە نیوەڕۆدا ڕووبدات ئەوا کارەساتێک نیشان دەدات.

هۆکار و لێکەوتە خراپەکانی ڕفینی چاو

هۆکاری زانستی کێشەی ڕفینی چاو دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی دەروونی یان گرفتی پەیوەست بەتەندروستی چاوەوە، لەهۆکارە گرنگەکانی ڕوودانی ڕفینی چاو:
- گرفتی ماسولکەکانی چاو یان بەهۆی کێشەی بەشی ناوەکی چاوەوە.
- فشاری دەروونی.
- ماندوێتی زۆر و لە ڕادەبەدەر.
- بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە کافایین.
- جگەرە کێشان.
- خواردنەوەی کحول.
- ڕووناکی زۆر، بای بەهێز و گەردەلوول.
- چەند حاڵەتێکی نەخۆشی کە تووشی چاو دەبێت وەکو وشکبوونەوەی چاو، هەوکردنی پێڵوی چاو، هەوکردنی ڕەنگێنەی چاو، ڕووشانی کۆڕنیە.
 - هەبوونی کێشە لە دەمار و کارەباییەتی مێشک و ئەوانەی پەیوەستن بە جووڵەوە وەکو نەخۆشی پارکینسۆن (Parkinson Disease) و هەروەها ڕەقبوونی مل و ئیفلیجی ماسولکەکانی ڕوخسار وەکو نەخۆشی ئیفلیجی بێڵ (Bell's palsy).

چارەسەری ڕفینی چاو

بە شێوەیەکی خۆکارانە لە ماوەی چەند ڕۆژ یاخود چەند هەفتەیەکدا دەوەستێت، ئەگەر حاڵەتەکە درێژەی کێشا یان کاتێک نیشانەکانی تر دەرکەوتن پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، هەروەها دەبێت هەوکردنی چاوەکان، توشبوون، تێکچوونی دەموچاو دیاری بکرێت و هەوڵ بدرێت هۆکارەکە بدۆزرێتەوە و چارەسەر بکرێت، ڕفینی چاو لە چەند ڕێگەیەکەوە چارەسەر دەکرێت: 
 • پشوودانی پێویست (ڕێکخستنەوەی خەو).
 • خۆ بەدوورگرتن لە خواردنەوەی کافایین.
 • پاراستنی شێداری چاو.
 • بەکارهێنانی گەرمی.
 • دەرزی بۆتۆکس بۆ ڕاگرتنی کەشەنگبوونی ماسولکەکانی چاو بۆ ماوەی چەند مانگێک.
 • لە حاڵەتە سەختەکانی ڕفینی چاودا، لەوانەیە نەشتەرگەری بکرێت بۆ لابردنی بەشێک لە ماسولکەکان و دەمارەکان.


سەرچاوەکان



1116 بینین