عەبدولڕەحمانی کوڕی موعاویە

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-10-30-15:47:00 - کۆدی بابەت: 7042
عەبدولڕەحمانی کوڕی موعاویە

ناوه‌ڕۆك

هەڵۆکەی قوڕەیش

عەبولڕەحمانی کوڕی موعاویە کە نازناوی هەڵۆکەی قوڕەیشە و پێی دەناسرێتەوە، دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەمەویە لە ئەندەلوس، نەوەی هیشامی کوڕی عەبدولمەلیکە، لە ماڵی خەلافەتی ئەمەویدا گەورە بووە و پێگەیشتووە، ئەم نازناوەشی لەلایەن ئەبو جەعفەری مەنصوری خەلیفەی عەبباسی لێ نراوە کاتێک لە جەنگدا ئەبو جەعفەر نەیتوانی بەسەر عەبدولڕەحماندا سەر بکەوێت.

سیفەت و ئاکارەکانی عەبدولڕەحمانی داخیل

عەبدولڕەحمانی داخیل زۆر گرنگی بە جیهاد و تێکۆشان دەدا لە پێناو خودای گەورە، لەهەمان کاتدا گرنگی بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی دەدا لە ئەندەلوس، ژیانی عەبدولڕەحمانی داخیل پربووە لە جیهاد و تێکۆشان و پڕکردنەوەی کێشەکان و ڕێنمایی کردنی سوپا و زاڵبوون بەسەر فیتنەکاندا، تا ڕادەیەک کە هەندێک بە ئەبیل مولوک بانگی دەکەن و دەیناسێنن، واتە باوکی گشت خەلیفە و دەسەڵاتداران، مەسلەمەی کوڕی عەبدولمەلیک ئەوەی دەبینی کە عەبدولڕەحمانی داخیل توانای ئەوەی هەیە کە ببێت بە والی، لەبەر ئەو ئەو سیفەتە جوانانەی کە تێیدا بوو، ئەوەندە کەسایەتی عەبدولڕەحمان بەهێز بوو کە هەر کەسێک بەرکەوتەی هەبووبێت لەگەڵیدا باسی لە خوڕەوشت و زانستی کردووە، هەرگیز بە خراپە و سیفەتی ناشرین باس لە عەبدولڕەحمان نەکراوە، لە هەمان کاتدا عەبدولڕەحمان شاعیرێکی بەتوانا و ڕەوانبێژ بووە، کەسێک بووە بە زانست و دادپەروەر ناسراو بووە، کەسێک بووە کە پێشبینی باش و چاک و ڕاستی کردووە، بیر و هۆشی بەهێز بووە، زرنگ و بەتوانا بووە، ئازا و چاو نەترس بووە، دەست پێشخەر بووە، ئەو دەسەڵاتەی کە هەیبووە کاریگەری لەسەر خوڕەوشتە جوانەکانی نەکردووە، عەبدولڕەحمان لەگەڵ ئەم هەموو سیفەتە جوانەیدا لەسەر مینبەرەکان ئامۆژگاری خەڵکی دەکرد.

دروستکردن و بنیاتنانی دەوڵەتی ئەمەوی لەلایەن عەبدولڕەحمانەوە

پاش ئەوەی سەردەمی ویلایەتەکان تەواو بوو و ئەندەلوس بە حاڵەتێکی خراپدا تێدەپەڕی و بەرەو لەناوچوون دەچوو، هەڵۆیەکی ئیسلامی لەخواترس و بەهێز و چاونەترس پەیدابوو بۆ ئەوەی کە ئیسلام بگەڕێنێتەوە پێگەی خۆی لە ئەندەلوسدا، بێگومان ئەم هەڵۆ چاو نەترسەش عەبدولڕەحمانی داخیل بوو کە پاش ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی عەباسیەکان هەڵهات بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەندەلوس بنیات بنێت، بەڵام وەک ئاشکرایە کە بنیاتنانی دەوڵەت بێ ڕووبەڕووبونەوە و کێشە نابێت، عەبولڕەحمان لەم ڕێی دروستکردنی دەوڵەتەدا تووشی شۆڕشی زۆر بوویەوە کە بە 25 شۆڕش ئەژمار دەکرێت، توانی بەسەر هەموویاندا سەر بکەوێت، عەبدولڕەحمان سیاسەتی و لێزانینی خۆی هەبوو لە دروستکردی دەوڵەتدا، ئەو تایبەتمەندیانە لەم خاڵانەی خوارەوە پێک دێت:-

- بە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەندەلوس عەبدولڕەحمان توانی لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی جیا ببێتەوە، بە ئیمام یا ئەمیر بانگ دەکرا.

- عەبدولڕەحمان هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی بە تەواوی دەست بگرێت بەسەر کار وبارەکانی ناوخۆیی دەوڵەتەکە، بۆ ئەوەی ئاسایش تێیدا بپارێزێت هەستا بە دروستکردنی دەستەیەکی تایبەتی دروستکرد کە ئەویش دەستەی شوڕتە و پۆلیس بوو، بۆ ئەوەی ئارامی شار بپارێزن و ئەوانەی هەوڵی خراپە دەدەن دەستگیریان بکەن.

- عەبدولڕەحمان لە ناوەوە و دەرەوەی دەوڵەتەکەدا کەسی بۆ خۆی پەیدا کرد بۆ ئەوەی لە هەموو ڕووداوەکان ئاگادار بێت، وە کۆمەڵێک سوارچاکی ئازای کردە چواردەوری خۆی، بۆ ئەوەی دەوڵەت دوور بێت لە هەموو هێرشێکی دەرەکی.

- بێگوومان بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی گەورە و مەزن بنیات بنرێت پێویستە گرنگی بە دین و زانست بدرێت، هەر بۆیە عەبدولڕەحمان ڕێزی لە زاناکان دەگرت و بە گەورەی ڕادەگرتن، و ڕێزی دەگرتن و گرنگی بە بڵاوکردنەوەی زانست دەدا لە نێو خەڵکیدا و مزگەوتی بنیات دەنا، وە لە گرنگترینیشیان مزگەوتی قوڕتوبەی گەورە، ئەمە لە کاتێکدا کە بەشی شارستانی وڵاتی بوژاندەوە و فەرامۆشی نەکرد، باخچەی دروست دەکرد، کە ڕووەکی جۆراوجۆر و سەرەنج ڕاکێشی تێیدا دەناشت کە لە شوێنانی ترەوە دەهێنران، قەڵای دروست دەکرد، پارەی لێدەدا، کە ئەوەش بۆ خۆی بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت لەو شێوەیەدا، لە سەردەمی ئەودا وڵات بوژایەوە و سەقامگیر بوو.

- چارۆکەی بەهێزی بۆ سوپا دەریایەکان دروست کرد، زۆر بەندەری دروست کرد، لەوانە بەندەری ئیشبیلیە، بەرشەلۆنە، تەڕتووشە.

بنیاتنانی سوپا لە ئەندەلوس لەلایەن عەبدولڕەحمانەوە

پاش ئەوەی عەبدولڕەحمان سەرکەوت بەسەر هەموو شۆڕشەکاندا، پێویست بوو کەسوپایەکی بەهێز بنیات بنێت، هەر بۆیە هەستا بە دروست کردنی سوپایەک کە تێیدا زیاتر پشتی بەستبوو کە موەلیدەکان و ئەمازیغەکان و سەقاڵیبەکان و یەمەنیەکان، موەلیدەکان زۆربەی دانیشتوانیان پێک دەهێنا، بە هەمان شێوە پشتی بە بەربەریەکان بەست، بەندە سودانیەکانی داخڵی سوپا کرد، لەبەر ئەوەی جەنگاوەرانێکی بەهێز بوون، هەموو بەشەکانی موزەڕیەی خستە سوپاکەیەوە کە لە بەنی ئومەیە بوون، کارگەی دروست کردنی چەک و شمشێر و مەنجەنیقی دروست کرد، عەبدولڕەحمان سامان و داهاتی دەوڵەتی دەکرد بە سێ بەشەوە، بەشێک بۆ سوپا، بەشێک بۆ دەوڵەت بۆ ئەوەی پرۆژەی پێ بەڕێوە بەرێت، وە بەشێکی پاشەکەوت دەکرد بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو.

فکری سەربازی عەبدولڕەحمان

عەبدولڕەحمان کەسێکی زۆر لێهاتوو و بە توانا بوو، هەر بۆیە فکرێکی سەربازی زۆر بەهێز و ناوازەی هەبوو، لەبەرئەوەی زۆربەی ژیانی لە جەنگدا بوو، هەندێک لە فکرەکانی عەبدولڕەحمان لە جەنگدا:

- هەرگیز نەیدەهێشت دوژمن سەرەتا زەفەریان پێ ببات و هێرشیان بۆ بەرێت، ئەمەش لە جەنگی مەصارە بەدەرکەوت، لەو کاتەی کە عەبدولڕەحمان دەیویست جەنگ بگات، دوژمن دەیەویست کە جەنگ دوا بکەوێت و فێڵیان لێ بکەت، لە هەمان کاتدا عەبدولڕەحمان کارێکی دەکرد کە دوژمن هەلی ئەوەی نەدەبوو کە زۆر جەنگ دوا بخەن، هەمیشە دەست پێشخەری دەکرد، هەروەها کام کارانە گرنگتر و لە پێشتر بوایە ئەوەی ئەنجام دەدا.

- لایەنی ئابووری بەهێز بوو بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە جەنگ بکەن و سەربکەون.

کۆچی دوایی عەبدولڕەحمانی داخیل

عەبدولڕەحمانی کوڕی موعاویە لە جەمادی یەکەمی ساڵی 172 کۆچی کۆچی دوایی کردووە لە شاری قوڕتوبە، وە هەر لەوێ نێژراوە، تەمەنی 59 ساڵ بووە کە کۆچی دوایی کردووە، ژیانی عەبدولڕەحمان سێ بەش بووە، بەشی یەکەم پێش ڕووخانی دەوڵەتی ئەمەوی بووە، کە لە دیمەشق و عێراق ژیاوە بۆ ماوەی 19 ساڵ، بەشی دووەم ئەو ماوە بووە کە ئەویش ئەو 6 ساڵە بووە ڕاکردن لە دەستی عەباسیەکان و چوونە ناو ئەندەلوس بەسەری بردووە، بەشی سێیەم ئەو 34 ساڵە بووە کە لە بەڕێوەبردنی ئەندەلوسدا بەسەری بردووە تا کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



800 بینین