کاتی گونجاوی جووتبوون بۆ دووگیانی

له‌لایه‌ن: - دەستەی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-11-04-01:43:00 - کۆدی بابەت: 7080
کاتی گونجاوی جووتبوون بۆ دووگیانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاتێک خانمێک بڕیار دەدات کە دووگیان ببێت دەبێت چەند ڕێگایەک بگرێتە بەر وەک چۆن کاتێک بڕیار دەدەیت دووگیان نەبیت ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بەکاردەهێنیت بە هەمان شێوە دەبێت چەند ڕێگایەکیش بەکاربهێنیت تاکوو بتوانیت دووگیان ببیت، کاتی سوڕی مانگانە و کەوتنە سەر خوێنت بزانیت بەئاسانی دەتوانیت بزانیت کە چ ڕۆژێک ڕۆژی هێلکەدانانە، ئەگەر سوڕی مانگانەکەت ٢٨ ڕۆژ بێت، ئەوا هێلکەدانان لە ڕۆژی چواردەهەمی سوڕەکەدا دەست پێ دەکات.

چەندێکی پێدەچێت تاکوو هەوڵدان بۆ دووگیانی بگاتە ئەنجام؟

پزیشک بە وردی ناتوانێت کاتی دووگیانی هەر ژنێک دیاری بکات، هەندێک لە هاوسەران دوای هاوسەرگیری بە ئاسانی دەبنە خاوەنی منداڵ و بەڵام هەندێک لە هاوسەران ساڵانێکی زۆر هەوڵ دەدەن و هەموو ڕێگایەک تاقی دەکەنەوە بۆ بوون بەخاوەنی منداڵ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پزیشکان لەسەر بنەمای تەمەن و بارودۆخی تەندروستی و هەوڵدانەکان دەتوانن بیخەمڵێنن کە ژن و مێردێک کەی دەبنە خاوەنی منداڵ.

بوونی پەیوەندی سێکسی لە باشترین کاتدا

ڕێگای دروستبوونی منداڵ جووتبوونە، پێویست ناکات هەموو ڕۆژێک جووتبوون ئەنجام بدرێت تاکوو ببنە خاوەنی منداڵ، ڕۆژی نا ڕۆژێک باشترە و بوونی ڕۆژێک وەک مەودایەک یارمەتیدەرە تاکوو سپێرمی تەواو دروست ببێت بۆ پیتاندنی هێلکە، لە هەر مانگێکدا تەنها ٦ ڕۆژ شەنسی دووگیانی بوونی هەیە، ئەویش پێنج ڕۆژ پێش هێلکەدانان و ڕۆژی هێلکەدانان، ئەوانەی دەیانەوێت ببنە خاوەن منداڵ دەبێت لەم کاتەدا جووتبوون ئەنجام بدەن.

پێشبینی هێلکەدانان لەسەر بنەمای سوڕی مانگانە

ئاگاداربوون لە کاتی هێلکەدانان یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ دووگیانی، زۆر جار وتراوە کە ڕۆژی ١٤ـەم ڕۆژی هێلکەدانانە بەڵام ئەمە تەنها بۆ ئەو ژنانەیە کە سوڕی مانگانەکەیان ٢٨ ڕۆژە، یەکەمین ڕۆژی کەوتنە سەر خوێن دەبێتە یەکەمین ڕۆژی سوڕی مانگانەکەت، واتە دەکرێت بڵێین کە سوڕی مانگانەی تەواوی خانمان بەمشێوەیەیە کە هێلکەدانان ١٤ ڕۆژ پێش کۆتا ڕۆژی تەواوبوونی سوڕی مانگانەیە، واتە ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانەی دواتر و کەوتنە سەر خوێن، بە پێی ئەمە دەتوانرێت بوترێت بۆ ئەو خانمانەی کە سوڕی مانگانەکەیان ٢٤ ڕۆژە هێلکەدانان دەکەوێتە ڕۆژی ١٠ـەیەمەوە و لەو خانمانەشدا کە سوڕی مانگانەکەیان ٣٥ ڕۆژە ئەوا هێلکەدانان لە ڕۆژی ٢١ـی سوڕەکەدا ڕوودەدات.

پێشبینی هێلکەدانان لەسەر بنەمای نیشانە جەستەییەکان

ئەگەر ئاگاداری ژمارەی ڕۆژەکانی سوڕی مانگانەکەت نیت، ئەوا یەکەم ڕۆژ و کۆتا ڕۆژی کەوتنە سەر خوێنت بنووسە لە مانگەکەدا ئەمە ڕێگایەکی باشە تاکوو کاتی هێلکەدانان بزانیت و لەوکاتەدا جووتبوون ئەنجام بدەیت تاکوو بتوانیت دووگیان ببیت.
یاخود دەتوانی ڕۆژی هێلکەدانان بە پلەی گەرمی جەستەدا بزانیت، هەر بۆیە دەتوانیت هەموو ڕۆژێک بەیانییەکەی دوای هەستان لە خەو پلەی گەرمی جەستەت بێپێوە، دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک دەگەیت بە ئەنجامێکی جێگیر لە گۆڕانی پلەی گەرمی جەستەت، پلەی گەرمی جەستە لە ڕۆژی هێلکەداناندا دادەبەزێت و دواتر دوو ڕۆژ دوای ئەوە دووبارە دەچێتەوە سەرەوە، هەروەها دەکرێت پێشبینی هێلکەدانان لەسەر بنەمای دەردراوە خەستەکانی ملی منداڵدانەوە بزانیت، دەردراوەکانی ملی منداڵدان لە کاتی هێلکەداناندا ڕوون و ئاویی و خز و لکاوە.

١٠ هەڵەی باوی هاوسەران لە کاتی جووتبووندا کە ڕێگرە لە منداڵ بوون

جووتبوونی کەم

زۆرێک لە هاوسەران وادەزانن ئەگەر جووتبوون کەمتر ئەنجام بدەن ئەوا دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی زۆری سپێرم و لە ئەنجامدا زیادبوونی ئەگەری دووگیانی، بەڵام لە ڕاستیدا جووتبوونی کەمتر دووگیانیش دوادەخات، بۆیە دەبێت جارەکانی جووتبوون زیاد بکەیت بە تایبەت لە پێش هێلکەدانان و ڕۆژی هێلکەداناندا.

جووتبوونی زۆر 

هەندێکی دیکەش لە هاوسەران وادەزانن کە هەرچەندە جارەکانی جووتبوونیان زیاتر بێت ئەوا پیتێن ئاسانترە و زووتر ڕوودەدات، زۆر جووتبوون لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی لەماوەی هێلکەداناندا و ئەوکاتە ئەنجام نەدرێت.

ڕێگای هەڵە بۆ جووتبوون

گرنگە لە کاتی جووتبووندا بزانیت کە چۆن پاڵدەکەویت و یاخود دادەنیشیت و چ ڕێگایەک بەکاردەهێنیت، چونکە سپێرمی پیاو لە کاتی ڕژاندا بە شێوەیەکی مەلەکردن لە دەردراوە خەستەکانی ملی منداڵدان و جۆگەی فالوپدا لە حاڵەتی مەلەکردندان، بۆیە باشترە ڕێگای جووتبوونەکەت بە جۆرێک بێت زیاتر یارمەتیدەر بێت کە سپێرمەکان بەباشی مەلە بکەن و بگەن.

لە زۆرێک لە پەیوەندییەکاندا کاتێک خێرانێک نابنە خاوەنی منداڵ ژنەکە بە هەڵە دەزانن، زۆرێک لە پیاوان نایانەوێت ئەوە قبوڵ بکەن کە دەکرێت کێشە لە پیاوەکەدا بێت، تەنها ڕژانی سپێرمەکان گرنگ نییە بەڵکوو چۆنییەتی ڕژانەکە و بڕی و مەلەکردنەکەش گرنگە لەناو ملی منداڵدان و جۆگەی فالوپدا، به گشتی ٪٥٠ـی کێشەکانی منداڵ نەبوون پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە و ٪٤٠ـی پەیوەندی بە پیاوانەوە هەیە و ٪١٠ـی پەیوەندی بە هەردوولاوە هەیە یاخود هیچکامیانەوه نییە.

بەهەڵە هەژمارکردنی کاتی هێلکەدانان

زانینی کاتی هێلکەدانان بە وردی کەمێک قورسە، زۆرینەی ژنان لەو باوەڕەدان کە کاتی هێلکەدانان ١٤ ڕۆژ دوای یەکەمین ڕۆژی دەستپێکی سوڕی مانگانەیە، بەڵام دەبێت ئەوا بزانرێت کە کات و درێژیی هەر سوڕێکی مانگانە و کاتی هێلکەدانان دەکرێت لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە جیاواز بێت.

جووتبوون لە کاتی هێلکەداناندا

هەڵەیە وابزانیت کە گرنگە تەنها ڕۆژی هێکەدانان جووتبوون بەسود بێت بەڵکوو ٥ ڕۆژ پێش هێلکەدانان جووتبوون گرنگترە لەبەرئەوەی کە هێلکە دوای دابەزینی تەنها ٢٤ کاتژمێر دەمێنێتەوە لە جەستەی خانمەکەدا و تەمەنی سپێرم ٣ بۆ ٥ ڕۆژە.

بەکارهێنانی چەورکەر

بەکارهێنانی هەندێک چەورکەر بۆ کاتی جووتبوون لەوانەیە سپێرم لاواز بکەن بۆیە نابێت ئەو چەورکەرانە بەکاربهێنیت کە زۆر ماددەی کیمیاییان تێدایە، واباشترە کە چەورکەری سروشتی بەکاربهێنیت وەک زەیتی زەیتوون.

زوو سەردانکردنی پزیشک

زۆرێک دوای یەک تا دوو جووتبوون بە خێرایی سەردانی پزیشک دەکەن و هەمیشە دوودڵن بەڵام ئەمە پەستانی دەروونیان بۆ دروست دەکات و دەبێت چاوەڕێ بکەن چونکە مەرج نییە هەمیشە بە جووتبوونێکی دروست و گونجاویش دووگیانی ڕووبدات.

گرنگی نەدان بە تەندروستی

زۆرێک تەنها بیر لە کاتی جووتبوونەکە دەکەنەوە کە گونجاو بێت تاکوو بتوانن منداڵیان ببێت، بەڵام ژیانێکی تەندروستیش کاریگەری زۆرە لەسەر دووگیانی، کێشی زۆری جەستە، جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان، پەستانی دەوونی، بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمان هەموو ئەمانە کاریگەرییان هەیە لەسەر توانای هێلکە و سپێرم بۆ بوون بە منداڵ.
جگەرەکێشانی پیاوان توانای سپێرمەکانی ٪٥ کەم دەکاتەوە هەر بۆیە ئەگەر پیاوێک دەیەوێت ببێتە خاوەن منداڵ واباشترە ٤ مانگ پێش ئەوە واز لە جگەرەکێشان بهێنێت.

کاریگەری شێوازی جووتبوون 

هیچ بنەمایەکی زانستی نییه کە جۆرێکی تایبەت لە جووتبوون بتوانێت ئەگەری دووگیانی زیاد بکات، زۆرینە وادەزانن ئەو ڕێگایەی کە پیاوەکە بەسەر ژنەکەوە بێت کاریگەری زیاترە، بەڵام هیچ بنەمایەکی نییە و هەر ڕێگایەک بتوانێت کە زۆرترین سپێرم بخاتە ناو لەشی خانمەکەوە کاریگەری خۆی هەیە، بە هەر شێوازێکی جووتبوونیش ئەمە ڕوودەدات.

کاریگەری گەیشتن بە لوتکەی چێژ

ئەگەرچی ئەو باوەڕە لەناو خەڵکیدا زۆرە کە ئەگەر ژن بگات بە ئۆرگازم واتە لوتکەی چێژ ئەوا ئەگەری دووگیانی زیاد دەکات، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی زانستی تاکوو ئێستا ئەمەی نەسەلماندووە کە ڕاست بێت.

پاڵکەوتن دوای جووتبوون

زۆرێک لە خانمان دوای جووتبوون پاڵدەکەون و  قاچیان بەرز دەکەنەوە یاخود لە هەوادا وەک شێوازی پاسکیلسواری قاچیان دەجوڵێنن لەو باوەڕەدان کە ئەم ڕێگایە یارمەتی سپێرم دەدات کە زیاتر مەلە بکات و بجوڵێت و زووتر بگات بە هێلکە، بەڵام بە هەمان شێوە ئەمەش هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، دوای ڕژانی سپێرم بۆ ناو ملی منداڵدان دەردراوە خەستەکەی ملی منداڵدان کە لکاو و خەستە دەوری سپێرمەکان دەگرن و سپێرمەکان لەناویدا دەست دەکەن بە مەلەکردن و ڕۆشتن بەرەو بۆرییەکانی منداڵدان.
لە هەر جارێک لە ڕژان ملیۆنان سپێرم دەڕژێتە زێی خانمەکەوە و ئەگەریش کاتی هەستانەوە کەمێک لە سپێرمەکان هاتە دەرەوە کێشە نییە، هەر بۆیە هەستانەوە دوای جووتبوون هیچ کاریگەرییەکی نییە بەڵام واباشترە خانمان ١٥ بۆ ٣٠ خولەک دوای جووتبوون کەمێک پاڵبکەون تاکوو پشوو بدەن و وزە بەدەست بهێننەوە و پێویست بە قاچ بەرزکردنەوەش ناکات چونکە هیچ یارمەتیدەرێک نییە.


سەرچاوەکان



54882 بینین