پیدۆفیلیا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-17-20:20:00 - کۆدی بابەت: 7203
پیدۆفیلیا

ناوه‌ڕۆك

پیدۆفیلیا  چییە؟

لەم دواییانەدا زاراوەی پیدۆفیلیا لە جیهان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نێو خەڵکی بەربڵاوە و زۆر دووبارە دەبێتەوە و بەرگوێدەکەێت، بە تایبەتی لە کاتی بڵاوبوونەوەی چەند تاوانێکی دڕندە و تۆقێنەر کە کۆمەڵگا جیهانییە پێشکەوتووەکانی هەژاندووە، نەخۆشی ئارەزووی سێکسکردن لەگەڵ منداڵان یەکێکە لە هەرە دیاردە قێزەوەنەکانی نێو کۆمەڵگا لە هەرە ترسناکترین کێشە تەندروستییەکانە کە هەڕەشەیە بو سەر کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی، هەروەها کاریگەری زۆر خراپ و ڕووخێنەر لەسەر دەروونی قوربانییەکە بەجێدەهێڵێت، زۆر جار بەهۆی دابوونەریتی کۆمەڵایەتییەوە چاوپۆشی لێدەکرێت و دەشاردرێتەوە.

واتای پیدۆفیلیا چییە؟

(بە عەرەبی: بيدوفیلیا، الغلمانیة، بە ئینگلیزی: Pedophilia) زاراوەی پیدۆفیلیا لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانییە، لە دوو بڕگە پێکدێت (پیدۆ ـ Pedo) واتا منداڵ، (فیلیا ـ Philia) واتا خۆشەویستی یاخود حەزلێکردن، واتای سەرەکی ئەم زاراوەیە بریتییە لە خۆشویستن و حەزلێکردن بۆ منداڵان لەڕووی سێکسییەوە، بۆ یەکەم جار لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم لەلایەن پزیشکێکی دەروونی ئەڵمانییەوە بە ناوی "ڕیتشارد فۆن گراڤێت" ئەم زاراوەیە بەکارهێنراوە.

پێناسەی پیدۆفیلیا

دەزگای جیهانی دیاریکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM -5) پیدۆفیلیای وەکوو ناڕێکی یاخود لادانێکی سێکسی وەسف کردووە، پێناسەی کردووە بەوەی کە حەز و خولیا و ئارەزوو و پاڵنەری سێکسی تووند دژی منداڵان لەخۆدەگرێت، هەروەها کەسی تووشبووی ئەم بارودۆخە ئارەزووەکانی ئەوەندە توندن کە دووچاری زەحمەتی دەبێت لە مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا و هەست بە ئاڵۆزی و دژواری دەکات. 

مێژووی پیدۆفیلیا

مێژووی پیدۆفیلیا زانراو نییە، بەڵام لە کۆنەوە بوونی هەبووە، لە شارستانییەتی یۆنانی و ڕۆما پیدۆفیلیا دیاردەیەکی باو و بەربڵاو بووە و بە ئاشکرا ئەنجامدراوە، بە تایبەتی لە چینی دەوڵەمەند و خانەدانەکان کە ڕێوڕەسمی تایبەتی خۆیان هەبووە، هەروەها شارستانییەتی عەرەبیش لە چەندان چیرۆکەوە باسی (حب الغلمان/ خۆشەویستی مێرمنداڵ) کراوە و لەو مێژووەدا بوونی هەبووە.

هۆکارەکانی پیدۆفیلیا

سەرەڕای پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی پزیشکی و زانستی دەروونناسی، زانایان هێشتا بەتەواوی دڵنیا نین لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە پێدۆفیلیا، بەڵام زانایان کۆمەڵێک تیۆری زانستییان خستووەتەڕوو کە بە هۆکار و یارمەتیدەری پیدۆفیلیا دادەنرێن ئەو تیۆریانەش بریتیین لە:

ـ بوونی نەخۆشی دەروونی تر: هەندێک لە زانایان پێیان وایە کە پیدۆفیلیا وەکوو دەرئەنجامی کاریگەری لاوەکی چەند نەخۆشییەکی دەروونی تر دەردەکەوێت، بەپێی هەندێک توێژینەوەی زانستی کاریگەری پیدۆفیلیا لەسەر مێشک وەکوو کاریگەری چەند نەخۆشییەکی دەروونی ترە نموونەی نەخۆشی دوو جەمسەری و زۆرە خولیایی و ئالوودە بوون.
ـ جیاوازی لە گەیەنەرە دەمارییەکانی مێشک: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو کەسانەی دووچاری پیدۆفیلیان جیاوازی لە گەیەنەرە دەمارییەکانی مێشکیان هەیە کە هەندێکات یارمەتیدەرن لە دەرخستنی کەسی تووشبوو کە زیرەکی و ژیریی کەسەکە کەمترە بەراورد بە هاوتەمەنەکانیان و پەیوەندییەکانیان ناجێگیرە.
ـ تێکچوون و ناتەواویی لە جیناتە بۆماوەییەکان: لە چەند توێژینەوەیەکی زانستی بوونی تێکچوون و ناتەواوی جیناتەکان لە کەسی تووشبـوو بەدیکراوە نموونەی ناتەواوی لە کرۆمۆسۆماتی ئێکس.
ـ هۆکارە ژینگەییەکان: هەندێک لە زانایان پێیان وایە کە فاکتەرە ژینگەییەکان ڕۆڵیان هەیە لە دەرکەوتنی پێدۆفیلیا، و هەندێک لەو کەسانە خۆیان لە منداڵی دووچاری دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە. 

نیشانەکانی

ناکرێت تەنها بەبوونی هەستکردنێکی ئاسایی بۆ منداڵان کەسێک دەستنیشان بکرێت بە پیدۆفیلیا، بەڵکوو چەند نیشانەیەکی سەرەکی هەیە کە ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
ـ هەستکردن و بوونی حەز و خەیاڵی سێکسی توند بۆ منداڵی بچووک تەنانەت هەندێک ئارەزوویان بۆ منداڵی ساوای ژێر تەمەنی 6 مانگ هەیە، هەندێکی تر هەڵسوکەوتی سێکسی ناباوو و سەیر لەگەڵ مێردمنداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ ئەنجام دەدەن.
ـ کردار و ڕەفتارەکانی تاک لەسەر بنەمای خەیاڵ و پاڵنەرە سێکسییەکان دەبێت، کەسی تووشبوو لە حاڵەتە قورسەکاندا ژیانی ڕۆژانە و باری دەروونی قورس و دژوار دەبێت و ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ کەسانی تردا بکات و ئەرکەکانی ڕۆژانەی بەتەواوی جێبەجێ ناکات.
ـ پیدۆفیلیا لە پیاواندا بەربڵاوترە و لە تەمەنی هەرزەکارییەوە نیشانەکانی لەسەر دەردەکەوێت. 

چارەسەری پیدۆفیلیا

لە ئێستادا چارەسەری پیدۆفیلیا بەندە بە چارەسەری لایەنی دەروونی و وەرگرتنی کۆمەڵێک دەرمان کە ئاستی هۆرمۆنە سێکسییەکان کەم دەکەنەوە و سستی دەکەن، ئاستی وەڵامدانەوەی چارەسەرییەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازن، ئەو دەرمانانەی کە لەگەڵ چارەسەری دەروونی بەکاردەهێنرێن ڕێگری دەکەن لە دەردانی هۆرمۆنی تێستێسترۆن و کەمی دەکەنەوە کە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی پاڵنەر و حەزه سێکسییەکان، لە حاڵەتی توند و یاساییدا بە مادەی كیمیایی نەزۆك دەكرێن (دەخەسەێنرێن). 


سەرچاوەکان



1363 بینین