ئەدۆنیس

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-18-14:12:00 - کۆدی بابەت: 7209
ئەدۆنیس

ناوه‌ڕۆك

ناسادندن و قۆناغەکانی ژیانی

ئەدۆنیس (بە عەرەبی: أدونيس) شاعیر و ڕەخنەگر و نووسەری ناوداری عەرەبی، ناوی تەواوی ئەحمەد سەعید ئەسبەرە لە ساڵی 1930 لە سوریا لەدایکبووە، درەنگ چووەتە بەرخوێندن و لە سەرەتادا هەر لەلای باوکی فێری نووسین و خوێندنەوە بووە، باوکی یارمەتیداوە کە هەر لە مناڵییەوە گرنگی بە شیعری عەرەبی کۆن بدات و لەبەریان بکات، کاتێک تەمەنی 13 ساڵ بووە لە ئاهەنگێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی سوریای ئەوکاتە "شوکری قۆتەلی" هۆنراوەیەکی کاریگەری پێشکەش کردووە و ئامادەبووان و سەرۆکی زۆر سەرسام کردووە، بۆیە لەسەر ئەرکی وڵات نێردرا بۆ خوێندنگەیەکی فەڕەنسی لە شاری تەڕتووسی سوریا، لە ساڵی 1954 لە زانکۆی دیمەشق بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فەلسەفە وەرگرت، پاشان چووەتە خزمەتی سەربازی و ساڵێک زنیدانی کراوە بەهۆی ئەوەی کە سەر بە حیزبی نەتەوەیی سوریا بووە، لە پاش ئازادکردنی ڕاستەوخو کۆچی وڵاتی لوبنانی کردووە، لە برەودان بە خوێندن بەردەوام بووە تاکوو لە ساڵی 1973 پلەی دکتۆرای ئەدەبی لە زانکۆی سانت جۆزێف لە لوبنان بەدەستهێناوە.

چەند وێستگەیەک لە ژیانی ئەدۆنیس

- واتای ناوەکەی: نازناوی ئەدۆنیسی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، وشەی ئەدۆنیس لە بنەڕەتدا وشەیەکی کەنعانییە و ئاماژەیە بۆ یەکێک لە نازناوی ئەو  خوداوەندە ئەفسانەیەی کە بە بەهار و بەخشندەیی سروشت بەرجەستە دەکات، هەروەها کارەکتەری ئەدۆنیس لە ئەفسانەکاندا عاشقی خوداوەندەکانی عەشتارە و ئەم شاعیرە ناوی "ئەدۆنیس"ـی بۆ خۆی هەڵبژاردووە چوونکە لە ئەفسانەكانی یۆنانیدا بە خوداوەندی جوانی‌ و ئارەزوو ناسراوە.
- ئەزموونی ئەدەبی: ئەدۆنیس لە تەمەنی لاوییەوە دەستی بە کاری ئەدەبی کردووە، چەندین بەرهەمی  شیعر و وەرگێڕانی هەبووە، کە بوونە هۆی ناودارکردنی لە ئەدەب و ڕەخنەدا لەنێو شاعیرانی عەرەبی و جیهانیدا، شێوازی نووسینی شیعرەکانی ناوازە و تایبەتن، بە ڕێچکەشکێنی ئەدەبیاتی عەرەب ناسراوە،  ستایلی نووسینی تایبەت بەخۆی هەیە، شێوازە ئەدەبی شیعری و دەربڕینە جیاوازەکانی ناوەڕۆکی نووسینەکانی بە جۆرێک کاریگەرن لەسەر خوێنەر زۆرێک لە شیعرەکانی پرسیار لە مێشکی خوێنەردا دروست دەکەن و وادەکەن کە خوێنەر بیربکاتەوە و تێڕامان لە شتەکان بکات، پاشان بەدوای وەڵامەکان بگەڕێت.
- بەرهەمەکانی: ئەدۆنیس لە ماوەی ئەزموونی نووسینی چەندین کاری ئەدەبی بڵاوکردوەتەوە، لە ساڵانی شەستەکاندا دیوانێکی بە ناوی "شیعری عەرەبی" بڵاوکردەوە، لە سەرەتای حەفتاکاندا چەندین کاری وەرگێڕانی بۆ چەند بەرهەمێکی ئەدەبی پێشکەش کرد، لەوانە: "بێداری پەندەکان"، "چیرۆکی ڤاسکۆ"، "بەڕێز بوێڵ" و چەندانی تر، هەروەها چەندین بەرهەمی شیعری هەیە کە کاریگەر و سەردەمیانە و واقعین و چیرۆکی ڕووداوەکان بە زمانێکی ناوازە دەگێڕنەوە، نموونەی "قبر من أجل نيويورك - گۆڕێک لە پێناو نیویۆرک" ئەم هۆنراوەیەی باسی ڕووداوەکانی 11ـی سێبتەمبەری ساڵی 2001 دەکات، لە ساڵی 2012 دیوانێکی شیعری بە ناوی "کونشیرتو القدس - کۆنشێرتۆی قودس" بڵاوکردەوە کە تێیدا وێنایەکی ڕوون و گرنگی دەربارەی فەڵەستین خستەڕوو، هەروەها بەراوردی لە نێوان ڕابردوو و ئێستای قودس کردووە، لە ساڵی 2017 کتێبێکی لەژێر ناونیشانی "سوريا وسادة واحدة للسماء والأرض - سوریا یەک باڵتەیە بۆ ئاسمان و زەوی" کە باس لە گەلی سوریا و جوانییەکانی ئەو وڵاتە دەکات پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا.
- ڕەخنە و تێڕوانین: ئەدۆنیس بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بەهۆی هەڵوێستە پڕ لە ڕەخنە تووندەكانی دژ  بە ئیسلام‌ و دواتریش بەرامبەر بە شۆڕشی گەلانی سوریا‌ و پاڵپشتیکردنی لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد جێی مشتومڕ و ڕەخنە بووە.
- ڕۆڵی ئەدۆنیس لەگەڵ کورد: ئەدۆنیس ناوێكە لەلای زۆربەی خوێنەران‌ و ئەدەب دۆستانی كوردستان ناسراوە، بەشێك لە بەرهەم و شیعرەكانیشی بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕدراوە و لەساڵانی ڕابردوودا بە مەبەستی بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی گەلاوێژ و پێشانگای کتێبدا سەردانی كوردستانی كردووە و چاوی بە جەلال تاڵەبانی سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق کەوتووە، هەروەها نووسەری ناودار تەڵعەت تاهیر وەرگێڕانی کوردی بۆ چەند بەرهەمێکی ئەدۆنیس کردووە لەوانە:
ـ "ئارام بە هاملێت شێتی ئۆفیلیا هەڵمژە"، شیعر ساڵی 2012.
ـ "عەتری ئەو عاشقانەی مردن"، وەرگێڕانی شیعر، کۆبەندی شیعرەکانی شاعیر ساڵی  2016.

گرنگترین ئەو خەڵاتانەی کە بەدەستی هێناوە

لە ماوەی ئەزموونی ئەدەبییدا ئەدۆنیس چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی "ژان مارلیۆ" فەڕەنسی بۆ ئەدەبی بیانی لە ساڵی 1993، خەڵاتی دەریای ناوەڕاستی ئەدەبی بیانی لە پاریس و خەڵاتی کۆڕبەندی کلتوری لوبنان لە ساڵی 1997، ساڵی 1998 خەڵاتی زێڕینی شیعری لە مەقدۆنیا بەدەستهێنا کە یەکێکە لە گرنگترین خەڵاتە ئەدەبییەکان بۆ شاعیران، هەر لەو ساڵەدا خەڵاتی شیعری "نونینۆی" لە ئیتالیا وەرگرت، هەروەها یەکەمین شاعیری عەرەبییە کە خەڵاتی گۆتەی لە ساڵی 2011 لە فرانکفۆرت بەدەستهێناوە. 

باری خێزانی

لە ساڵی 1956 شاعیری مەزن ئەدۆنیس هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ "خالیدە سەید" خانمە نووسەری دیاری سووریا، بوونەتە خاوەن دوو کچ بە ناوەکانی ئەرواد و نینار کە لە ئێستادا لە فەڕەنسا دەژین.   


سەرچاوەکان



931 بینین