نەخۆشی دوو جەمسەری

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-19-20:42:00 - کۆدی بابەت: 7216
نەخۆشی دوو جەمسەری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشی دەروونی دوو جەمسەری یاخود جووت جەمسەری (بە عەرەبی: الاضطراب ثنائي القطب، بە ئینگلیزی: bipolar disorder) لە جیهاندا زۆر کەس دووچاری ئەم نەخۆشییە دەروونییە بوونە، بەپێی سایتی (our world in data) لە ساڵی 2017 نزیکەی 46 ملیۆن کەس لە جیهاندا دووچاری ئەم نەخۆشییە بوونە، کەسی تووشبوو کەسێکی میزاجی دەبێت، ژیان لای ئەو دابەش بووە لە نێوان دوو واقیعی جیاوازدا: Manic Episod شاگەشکەیی یاخوود دڵخۆشییەکی لە ڕادەبەدەر کەسەکە دەگاتە لوتکەی خۆشی بەڵام لە ناکاودا دووچاری دڵتەنگی و خەمۆکییەکی توند دەبێتەوە و دەگاتە لوتکەی خەمباریی پێی دەوترێت Depressive Episode، کەسی تووشبوو لەلای مەحاڵە هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان ئەم دوو حاڵەتە، هەندێک کات لەهەمان کاتدا هەردوو حاڵەتەکەی هەیە، هەروەها چەند گۆڕانکاری و شێواوییەک لە ڕەفتار و ئاستی چالاکی و وزەی کەسەکە ڕوودەدات و کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی دروستدەکات. 

جۆرەکانی دوو جەمسەریی

- جۆری یەکەم: هەستکردن بە Mania یاخود هەوەس لەخۆدەگرێت، کە بریتییە لە تێکچوون و ئاڵۆزیی دەروون لانیکەم 7 ڕۆژ دەخایەنێت، کەسی نەخۆش لە هەمانکاتدا دڵخۆشی زۆر تووند دەبێتەوە و خەمباری زۆر تووند ئەزموون دەکات، هەندێکات نیشانەکانی مانیا ئەوەندە تووندە کە نەخۆش پێویستی بە چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە هەیە.
- جۆری دووەم: ئەم جۆرەیان دووچاری خەمۆکی دەبێتەوە ماوەی شاگەشکەیی و دڵخۆشییەکەی کورتتر و کەمترە لە نێوان ماوەیەکی درێژی خەمۆکیدا، لە جۆری یەکەم نیشانەکانی كەمترە و ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت.
- جۆری سێیەم: ئەم جۆرەیان تێکەڵەیەکە لە جۆری یەکەم و دووەم، ماوەیەکی کەم دەخایەنێت، نیشانەکان سوکتر لەسەر نەخۆش دەردەکەون.

هۆکارەکانی تووشبوون

ناکرێت نەخۆشی دوو جەمسەری بە یەک هۆکار پەیوەست بکرێت، چوونکە کێشەیەکی ئاڵۆز و وردە و تاکوو ئێستا هۆکارێکی ورد و سەرەکی ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بە گشتی ئەگەری ئەوە هەیە چەند فاکتەرێک ڕۆڵیان هەبێت لە دروستبوونی ئەم نەخۆشییە، لەوانە بۆماوە و پێکهاتەی مێشک و ژینگە و دوروبەر، دەتوانین هۆکارەکان لە چەند ڕوویەکەوە بخەینەڕوو: 
- هۆکاری تووشبوون لە ڕووی زانستییەوە: لێکۆڵەران پێیان وایە کە هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە بوونی ئاڵۆزی و ناڕێکییەک لە ڕێکخستنەکانی مێشک، مێشکی تەندروستی ئاسایی بەهۆی بەردەوامی خۆیەوەوە بۆ پاکسازی و لابردنی پەیوەندییە دەمارییە بەکارنەهێنراو و نادروستەکانی مێشک، هەمیشە پەیوەندی بەهێز و چالاک دەهێڵێتەوە لە نێوان دەمارەخانەکاندا، ئەم پڕۆسەیە بایەخدارە چوونکە ڕێڕەوە دەمارییەکان هاوشێوەی نەخشەیەک کار دەکەن بۆ هەر کارێک کە ئەنجامی دەدەن، زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە کەسی تووشبووی دوو جەمسەری توانای مێشکی بۆ چاکسازی و پاکژکردنی خۆی کێشەی تێدایە، بەو واتایەی کە دەمارەخانەکان ئاڵۆز دەبن هەر ئەمەش هۆکارە بۆ دەرکەوتنی ڕەفتار و بیرکردنەوەی جیاواز و تێکچوونی چەند لایەنێکی دەروونییان، هەروەها ڕێژەی هۆرمۆنی دۆپامینیان تێکدەچێت.
ـ هۆکاری بۆماوەیی: بۆماوەیی هۆکارێکی سەرەکی ئەم نەخۆشییەیە، جینێکی تایبەت بەم نەخۆشییە بوونی نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ئاڵۆز بەهۆی دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان چەند جینێک ئەم نەخۆشییە سەرچاوە دەگرێت.
ـ هۆکارە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان: ڕووبەڕوو بوونەوەی شۆکی دەروونی و ڕووداوە سەختەکانی ژیان و ڕووداوەکانی ڕابردوو ڕۆڵیان هەیە لە دروستبوونی ئەم نەخۆشییەدا.

نیشانەکانی

لە جیهاندا نزیکەی لە سەدا یەک بۆ سێی پێگەیشتوان ئەو نیشانانەیان تێدایە کە دەرخەری نەخۆشی دوو جەمسەریین، زۆرینەی ئەم کەسانە کەسی چالاک و کاران لە ژیان و کۆمەڵگادا زۆر نیشانەکان بە تووندی دەرناکەێت و کاریگەرییان تێناکات، تەنها ئاستێکی کەمە، بەڵام بۆ هەندێکی تر نیشانەکان تووندن و لە هەموو ڕوویەکەوە کاریگەری دەکاتە سەر ژیانیان، پەیوەندییەکانیان، باری سۆزدارییان، مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەسانی تر، ئەنجامدانی چالاکی و ئەرکەکانی ڕۆژانەیان، هەمووی لاواز و سست دەبێت، نیشانەکانی دوو بەشن.

نیشانەکانی کاتی مانیا یان شاگەشکەیی و دڵخۆشی لە ڕادەبەدەر Manic Episod

ـ هەستکردن بە ئاسوودەیی یان شادبوونێکی لە ڕادەبەدەری بێ هۆکار.
ـ قسەکردنی شێواو، بیرکردنەوەی وەهمی. 
ـ "پاڕانۆیا" واتا لەخۆگۆڕان و "تەوەهوم" واتا خەیاڵکردنی شتی ناڕاست.
ـ هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و چالاکبوونێکی لە ڕادەبەدەر.
ـ بوونی بیرۆکەی خێرا و لەناکاو گۆڕینی بیرۆکەکان و قسەکردن بە خێرایی.
ـ خەوتنی کەم یاخوود نەخەوتن، کەسی تووشبوو، واهەست دەکات کە پێویستی بە خەو نییە. 
ـ کەسی تووشبوو هەست دەکات نائاساییە و کەسێکی زۆر گرنگە.
ـ کەسی تووشبوو بڕیاری گەورە و هەڵەشە دەدات، بێ ئەوەی بیر لە دەرئەنجامەکانی بکاتەوە وەکوو خەرجکردنی بڕێکی زۆر پارە و خواردنەوەی ماددە کحوولییەکان. 

نیشانەکانی کاتی خەمۆکی Depressive Episode

ـ هەستکردن بە بێهیوایی نەرێنی بوون و خەمباری.
ـ گۆشەگیری و قسەنەکردن.
ـ نەبوونی وزە و ئارەزوو بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە.
ـ لە بیرچوونەوە و بەبیرنەهاتنەوەی شتەکان.
ـ گۆڕانی کێشی جەستە. 
ـ نەبوونی توانای بڕیاردان
ـ میزاجی بوون و توڕەبوون و هەڵچوون.
ـ تێکچوونی خەو.
ـ بیرکردنەو لە مردن و بوونی بیری خۆکوژی. 

چارەسەر

هۆکار و نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە ئاڵۆزن و ژیان کردن لەگەڵ کەسی تووشبوو سەختە، چارەسەر نەکردنی ئەم نەخۆشییە نیشانەکان تووندتر و زیاتر دەکات، کاتی زیاتر دەخایەنێت تا کەسەکە ئارامبێتەوە، زۆرێک لە تووشبووان ورگرتنی چارەسەری ڕەتدەکەنەوە چوونکە ترسییان هەیە لە کاریگەرییە لاوەکییەکان، زانایان و پزیشکانی جیهان هەوڵی تەواویان داوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکان و لەڕێگای چارەسەری دەروونی و وەرگرتنی دەرمان دەکرێت نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

چارەسەر بە دەرمان

ـ هەندێک دەرمان نموونەی لیسیۆم Litheom دەتوانن یارمەتیدەر بن لە ڕێکخسنی بیرکردنەوە و ڕەفتاری ترسناکی کەسەکە، کار دەکەن لەسەر باشکردنی باری دەروونی کەسەکە بە کەمکردنەوەی چالاکییە نائاساییەکانی نێو مێشک، بەمەش پەیوەندییە دەمارییەکانی مێشک تەندروست و بەهێز دەبن.
ـ دەرمانی دژە ناڕێکی مێشک کە کاریگەرییەکانی هۆرمۆنی دۆپامین دەگۆڕن و ڕێژەکەی ڕێک دەخەن.
ـ چارەسەری شۆکی کارەبایی ECT ئەم پڕۆسەیە وەکوو چارەسەری لەناکاو بەکاردەهێنرێت، کاریگەری ئەم چارەسەرییە وەکوو کاریگەریی نۆرە فێیەکی کۆنتڕۆڵکراو وایە بۆ سەر مێشک و نیشانەکان کەم دەکاتەوە و کۆتا هەنگاو پەنا دەبرێتە بەر ئەم چارەسەرییە. 

چارەسەری دەروونی

ـ ڕێکخستنی باری دەروونی و زانینی هەست و سۆزەکانت ڕێگایەکی سەرەکی چارەسەر و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم نەخۆشیەیە.
ـ وەرزشکردنی بەردەوام، خەوتنی باش، وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان و خواردنەوە کحوولییەکان.
ـ دەوروبەر و خێزان ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە چارەسەرکردن و باشترکردنی نەخۆشەکە، لە ڕێگای قبوڵکردنی کەسی  تووشبوو، هاوخەمیی بوون و پاڵپشتی کردن و لۆمە نەکردنی.
ـ دوو جەمسەری نەخۆشییەکی دەروونییە و حاڵەتێکی پزیشکییە، هیچ هەڵەی کەسەکەی تێدا نییە، دەکرێت بە چارەسەری پزیشکی پێویست و گونجا نەخۆشییەکە  کۆنتڕۆڵ بکەیت.


سەرچاوەکان



8780 بینین