ئایا شیری قوتوو منداڵ قەڵەو دەکات؟

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-12-15-20:40:00 - کۆدی بابەت: 7255
ئایا شیری قوتوو منداڵ قەڵەو دەکات؟

ناوه‌ڕۆك

شیری قوتوو

شیری دەستکرد (بە ئینگلیزی Formulated Milk) ئەو شیرەیە کە لە کارگەکاندا بەرهەمدەهێنرێت و هەموو ئەو ماددانەی تێدایە کە پێویستن بۆ گەشەی منداڵ بەتایبەت ڤیتامینەکان و ماددە پێویستەکانی تر، بەڵام بەو جۆرەش سوودەکانی هاوتای سوودە تەندروستییەکانی شیری دایک نییە، چونکە دژەتەنەکانی تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بە جێگرەوەی یاخود پاڵپشتیکاری شیری دایک دادەنرێت، زۆر جار لە شیری مانگا دروست دەکرێت بە شێوەیەک کە گونجاوبێت بۆ منداڵانی شیرەخۆرە، لەبەر زۆریی بەرهەمهێنانەکەی و بەکارهێنانی لەلایەن خێزانەکانەوە واپێویستە کە بزانرێت کام جۆرەی شیری قوتوو گونجاوە بۆ منداڵەکانمان، جۆر یاخود شێوازی شیرپێدان لە کارە هەرە کاریگەر و بنەڕەتییەکانە بۆ گەشەی منداڵ.

شێوازی ئامادەکردنی شیرەکە بەم جۆرەیە: پێویستە مەمەیەکی خاوێنی شۆراو هەبێت، پاشان ئاوێکی گەرم، بە پێچەوانەی شیری دایک کە هیچ لەوانەی پێویست نییە و گەرمکردن و کوڵاندنی ناوێت.

پەیوەندی نێوان قەڵەوی منداڵان و شیری قوتوو

زیادبوونی کێشی منداڵ یاخود قەڵەوی بە یەکێک لە کێشە بەربڵاوەکان دادەنرێت لە سەرتاسەری جیهاندا، بە گوێرەی توێژینەوەکان سەرەتاکانی تەمەنی منداڵی قۆناغی گەشەی خێرا و زیادبوونی کێشە، بەهەمان شێوە چەند توێژینەوەیەک ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیادبوونی کێش لە سەرەتاکانی منداڵیدا پەیوەستە بە سروشتی خواردنی منداڵەوە، پێدەچێت لە قۆناغەکانی دیکەی ژیانیدا تووشی قەڵەوی ببێتەوە، وەک ئاماژەی پێدرا زۆرینەی حاڵەتەکانی قەڵەوی لەو منداڵانەدا بووە کە شیری قوتوویان خواردووە نەک شیری دایک، بە هۆی ئەم هۆکارانەوە: 

⁃ بڕی ئەو شیرەی منداڵەکە دەیخوات بەبەراورد لەگەڵ شیری دایک زۆرترە و کالۆرییەکی زۆرتری تێدایە.

⁃ بەرزیی ڕێژەی پڕۆتین لە هەندێ جۆری شیری قوتوودا، پڕۆتینیش ماددەیەکی خۆراکی زۆر تێرە و خواردنی بە بڕێکی زۆر لەوانەیە هانی دەردانی ئەنسۆلین بدات، ئەمەش وا لە منداڵەکە دەکات کە گەشەی خێرا بێت و شانە چەورییەکانی لەشی زیاد بکات و قەڵەو ببێت، بۆیە ئەو شیرانە بۆ منداڵ پێشنیار دەکرێن کە پرۆتینیان کەم تێدایە، یەکێکی دیکە لە توێژینەوەکان ئەوەی پشت ڕاستکردەوە کە پێدانی شیری قوتوو بە منداڵی تازە لەدایکبوو هۆکاری گۆڕانکاری جەستەییە بەرەو قەڵەوی لە منداڵەکەدا.

لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت دایکان دووچاری چەند گرفتێکی تەندرووستی ببنەوە کە ڕێگرییان لێ بکات لە شیرپێدان یاخود ئازاریان هەبێت یاخود زۆر بەقورسی شیربدەن، ئەمەش بەکارهێنانی شیری قوتوو دەکاتە کارێکی پێویست، بەکارهێنانی شیرەکە خاڵی ئەرێنیشی هەیە، وەکو ئاسانی شیرپێدان و ئاسوودەیی منداڵەکە، هەروەها پڕکردنەوەی ماددە پێویستەکان بۆ منداڵ و ناپێویستی ژەمی دیکە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێ لەلای دایکان کەم دەکاتەوە.

بیروبۆچونە هەڵەکان دەربارەی شیری قوتوو

هەندێک بیروبۆچوونی هەڵە دەبیستین دەربارەی شیری قوتوو بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و سەلماندنێکی زانستی پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە شیرەکە زیانی زۆرە، لێرەدا هەندێکیان ڕاست دەکەینەوە:

⁃ شیری قوتوو گونجاوترە بۆ دایکان، لەکاتێکدا ئەم بیروبۆچوونە هەڵەیە.
⁃ شیری قوتوو ئامادەکردنی سەلامەتە، کە بەهەمان شێوە ئەمەش هەڵەیە چونکە لە کاتی ئامادەکردنیدا ڕەنگە بەکتریا و ڤایرۆسی کوشندە تێکەڵ بە شیرەکە ببێت.
⁃ شیری قوتوو خەرجییەکەی کەمترە، ئەمەش بەتەواوی هەڵەیە چونکە بۆکسێکی شیر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ خەرجییەکەی زۆرە، ئەمە بێجگە لە خەرجییە شاراوەکان کە لە مەمەی شیر و خاوێنکەرەوە و شیرەقوتووەکەدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵام شیری دایک خۆڕاییە.
⁃ قازانجی شیری قوتوو زیاترە لە شیری دایک بۆ دایکەکە و ئازاریشی نییە (لەوانەیە هەندێک لە دایکان ئازاریان لەکاتی شیرپێداندا بۆ دروست ببێت)، لە کاتێکدا ئەم بیر و بۆچوونە هەڵەیە و شیرپێدان دایکان لە شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان دەپارێزێت و بەرهەڵستی خەمۆکی و شەکرە و کەمبوونەوەی کێش دەکات.


سەرچاوەکان



2527 بینین