بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-16-15:39:00 - کۆدی بابەت: 7271
بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان

ناوه‌ڕۆك

بەڕێوبردنی سەرچاوە مرۆییەکان چییە؟

بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان یان ئێچ ئاڕ (HR) (بە ئینگلیزی: Human Resources Management) بەڕێوبردنی هێزی کار و سەرچاوە مرۆییەکانی رێکخراوەکانە. تایبەتە بە ڕاکێشانی کارمەند و دەستنیشانکردن و ڕاهێنان و هەڵسەنگاندن و خەڵاتکردنی ستاف و هەروەها بەدواداچوونی سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە و کولتووری ڕێکخراوەیی و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە یاساکانی کار. لەو حاڵەتانەدا کە کارمەندەکان دەیانەوێت دانوستانی بە کۆمەڵ بکەن، بەشی بەڕێوبردنی سەرچاوە مرۆییەکان ڕۆڵی دەبێت لە پەیوەندی سەرەتایی لەگەڵ نوێنەری ستافەکان (بەزۆری سەندیکاکانی کار).

سەرچاوە مرۆییەکان کۆی گشتی مرۆڤەکانن لە هێزی کاری ڕێکخراوێک، دامەزراوەیەک یان بوارێکی ئابووری و کار. هەندێک کات زاراوەی (سەرمایەی مرۆڤ) وەک هاوواتای سەرچاوە مرۆییەکان بەکاردێت. هەرچەندە سەرمایەی مرۆڤ بە شێوەیەکی باو ئاماژەیە بۆ تێڕوانینێکی وردتر. زاراوەکانی تر کە هەندێ جار بەکار دەهێنرێن بریتین لە "هێزی کار"، "بەهرە"، "کار" یان تەنها "تاک".

سەرچاوە مرۆییەکان وەک بەرهەمێکی جوڵانەوەی پەیوەندییە مرۆییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دۆزرایەوە، کاتێک توێژەران دەستیان بە بەڵگەنامەکردنی ڕێگاکان بۆ دروستکردنی بەهای بازرگانی کرد لە ڕێگەی بەڕێوەبردنێکی ستراتیجی بۆ هێزی کار.

سەرەتا سەرچاوە مرۆییەکان پەیوەندی بە کاری ڕۆژانەوە بوو وەک پێدانی مووچە و بەڕێوەبردنی قازانج. بەڵام بە هۆی جیهانگیریی و یەکخستنی ڕێکخراوەکان و پێشکەوتنی تەکنیکی و توێژینەوەی پێشکەوتوو، سەرچاوە مرۆییەکان ئێستا جەخت لە دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکان دەکاتەوە وەک: یەکگرتن و دەستکەوت و بەڕێوبردنی بەهرەکان و پلان و پەیوەندی پیشەسازی و کار و هەمەڕەنگی و گشتگیری.

لە ڕێکخراوە تازەکاندا، ئەرکی سەرچاوە مرۆییەکان دەبێت بدرێتە کەسێکی لێزان. بەڵام لە ڕێکخراوە گەورەکاندا، بەشێکی تایبەت بەم بوارە هەیە و کارمەند و کەسی شارەزای تایبەتی هەیە کە لەگەڵ بەشەکانی دیکە کاردەکەن و پەیوەندییان هەیە بۆ بەڕێوبردن و پلاندانان.

بۆ ڕاهێنانی کەسێکی نوێ بۆ ئەوەی ببێت بە کەسێکی پرۆفێشناڵ، دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و لیژنەی تایبەتمەند و خودی ڕێکخراوەکانیش پرۆگرامی خوێندنی تایبەتیان بۆ هەر بەشێکی ئەم بوارە پەرەپێداوە.

پێشکەوتنەکان لە تیۆرەکاندا

سەرچاوە مرۆییەکان لەلایەن بزووتنەوەی پەیوەندیەکانی مرۆڤەوە بەرهەم هێنران کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە ئەنجامی کاری فرێدریک تایلۆر (١٨٥٦ - ١٩١٥) دەستی پێکرد. تایلۆر چەمکێکی خۆی بەناوی "بەڕێوەبردنی زانستی" شیکردەوە، کە بەدوای گەشەسەندنی کارامەیی ئابووری لە کاری پیشەسازیدا دەگەڕا.

لە ساڵی ١٩١٣، یەکێک لە کۆنترین ڕێکخراوە مرۆییەکان، کە "پەیمانگای گەشەپێدانی کەسی" بوو، وەک ڕێکخراوێکی چاودێری کار لە ئینگلتەرا دامەزرا، هەروەها لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، یەکەم پەیمانگای جیهان کە تایبەتە بە خوێندنی ژینگەی کار "کۆلێجی پیشەسازی و پەیوەندیەکانی دامەزراندن"، لە ساڵی ١٩٤٥ لە زانکۆی کۆرنێل دامەزراوە.

لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، ئەندامێتی یەکیەتی بە ڕوونی ڕەتکرایەوە، هەرچەندە بەڕێوەبردنی هێزی کار بەردەوام بوو لە فراوانکردنی کاریگەری خۆی لەناو ڕێکخراوەکاندا. دەستەواژەی "پەیوەندییە داراییە پیشەسازییەکان" بەتایبەت بۆ کێشەی دانوستانە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهات، و زۆرێک لە ڕێکخراوەکان دەستیان کرد بە وەرگرتنی کەسانێک بۆ پیشەی "بەڕێوبردنی کاروباری کارمەندان". لە ساڵی ١٩٤٨دا گەورەترین ڕێکخراوی شارەزایانی پیشەی سەرچاوە مرۆییەکان -کۆمەڵەی بەڕێوبردنی سەرچاوە مرۆییەکان- "ڕێکخراوی ئەمریکی بۆ بەڕێوبردنی کاروباری کارمەندان" دامەزراند.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەدەی ٢١، پێشکەوتن لە گواستنەوە و پەیوەندییەکان زۆر ئاسانکاری کرد بۆ جووڵەی هێزی کار و هاوکارییان. ڕێکخراوەکان دەستیان کرد بە نرخاندنی کارمەندەکان وەک سەرمایەیەکی بەنرختر لە ئامێرەکان. دواتر "بەڕێوبردنی سەرچاوە مرۆییەکان" بووە جڵەوکەری ئەم پیشەیە و ساڵی ١٩٩٨ "ڕێکخراوی ئەمریکی بۆ بەڕێوبردنی کاروباری کارمەندان" ناوی خۆی گۆڕی بۆ ڕێکخراوی بەڕێوبردنی سەرچاوە مرۆییەکان.

گرنگترین پێناسەکان بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان

فرێنش: پرۆسەی هەڵبژاردن و بەکارهێنان و گەشەپێدان و قەرەبووکردنەوەی سەرچاوە مرۆییەکانی ڕێکخراوەکەیە.

سیکۆلا: بەکارهێنانی هێزی کاری دامەزراوەکەیە کە بریتین لە: پڕۆسەی دامەزراندن، هەڵسەنگاندنی کارکردن، گەشەپێدان، قەرەبووکردنەوە، مووچە، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ کرێکاران و توێژینەوەی تاک.

گلیویک: ئەو کردارە ڕێکخراوەییەیە کە تایبەتە بە دابینکردنی سەرچاوە مرۆییە پێویستەکان لەوانە: پلاندانان و گەڕان و کارپێکردن و پاشگەزبوونەوە لە پێداویستیەکانی هێزی کار.

شرودن و شێرمان بی: بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان پڕۆسەیەکی بنەڕەتیی کۆمەڵێک کرداری سەرەکییە کە دەبێت جێبەجێ بکرێن و پەیڕەو بکرێن. ئەرکی سەرەکی بەڕێوەبەری کارمەندانیش یارمەتی بەڕێوەبەرانی دەزگاکە و پێدانی ئەو پێویستییانەیە کە دەیانەوێت، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕاوێژکردن پێکەوە.

کارەکانی بەڕێوبردنی سەرچاوە مرۆییەکان

دامەزراندن: سەرکەوتنی کارمەندانی دامەزراندن بە ژمارەی ئەو بۆشاییانە دەپێورێت کە بە هێزی کاری گونجاو پڕی دەکەنەوە، کاری بەڕێوبەرانی ئەم پیشەیە پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە کە لە دامەزراوەکە دروست دەبێت، بەڕێوبەرانی ئەم بەشە هەڵدەستن بە دیاریکردنی چەند کەسێک کە داوای کارکردن دەکەن، یاخود خۆیان دەگەڕێن و کەسەکان دەدۆزنەوە، لەنێویشیاندا باشترینەکان هەڵدەبژێرن. دوای ئەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ساز دەکەن و گەر لەگەڵ مەرجەکانی کار ڕێککەوتن دەست بەکار دەبن.

تەندروستی و سەلامەتی: بەپێی یاسا دەبێت بەڕێوبەرانی ئەم بەشە ژینگەیەکی تەندروست و باش بۆ کارمەندانی بەردەست بخات، هەروەها یەکێک لە ئەرکەکانی ئەم بەشە دابینکردنی ڕاهێنانی کردارییە بۆ هاوکاری کارمەندان و فێربوونی چارەسەری خێرا بۆ حاڵەتی لەناکاو لەکاتی کارکردن، لەگەڵ دابینکردنی قەرەبوو بۆ زیان لێکەوتووەکان.

پەیوەندی نێوان کارمەندان: بەڕێوبەرانی سەرچاوە مرۆییەکان بەرپرسیارن لە بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی خاوەنکار و فەرمانبەر بە پێوانەکردنی ڕەزامەندی کار و بەشداری کارمەندان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کار.

مووچە و هاندان: ئامادەکاریی مووچە ئەرکی فەرمانگەی سەرچاوە مرۆییەکانە، لەکاتێکدا مووچە بەشێکی سەربەخۆی هەیە لە کۆمپانیا گەورەکاندا، بەڵام لە کۆمپانیا بچووکەکاندا بەشی سەرچاوە مرۆییەکان ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت.

بەشی سەرچاوە مرۆییەکان هەروەها قەرەبووی چاودێری تەندروستی بەڕێوەدەبات، گفتوگۆ لەسەر ڕێژەی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی گرەنتی دەکات، هەروەها سندوقی پاشەکەوتی خانەنشینی ڕێک دەخات.

دڵنیایی جێبەجێکردنی یاساکانی کار: یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەرچاوە مرۆییەکان ئەوەیە کە کۆمپانیاکە پابەند بێت بە یاساکانی کارەوە، چونکە گەر ئەوە نەبێت دەشێت سکاڵا بەهۆی نادادپەروەری دامەزراندن و دۆخی نادڵنیای کارکردن و ناڕەزایەتی گشتی لە مەرجەکانی کارکردن دروست ببێت.

هەموو ئەمانە لەوانەیە لە کۆتاییدا کار بکەنە سەر بەرهەمداری و قازانج، لەبەر ئەوە پێویستە کارمەندەکانی سەرچاوە مرۆییەکان بە تەواوی ئاگاداری یاساکانی کار بن.

تۆمارکردن: بەشی سەرچاوە مرۆییەکان تۆمارەکانی داهات، کڕینەکان، مامەڵەی بازرگانی و تۆمارە گرنگەکانی تری کۆمپانیاکە دەپارێزێت.

پلاندانان بۆ باشترکردنی کاری کارمەندان: بەشی سەرچاوە مرۆییەکان زۆربەی کات ئەو پلانانە پەرە پێ دەدات بۆ یارمەتیدانی ئەو کارمەندانەی کێشەیان هەیە بۆ ئەوەی لە کارەکانیان پێشبکەون و بگەنە ئەو ئاستەی کە کۆمپانیا چاوەڕێیەتی.

ڕاهێنان و پەرەپێدان: خاوەنکارەکان دەبێت ئامڕازی سەرکەوتن بۆ کارمەندان دابین بکەن، وەک ڕاهێنانی گشتگیر بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ کولتوری ڕێکخراوەیی نوێ.

زۆربەی بەشەکانی سەرچاوە مرۆییەکان ڕاهێنانی سەرکردایەتی دابین دەکەن کە لەلایەن سەرپەرشتیارەکان و بەڕێوەبەرە تایبەتمەندەکانەوە دەوترێتەوە، لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بوارەکانی دیکە وەک پەیوەندی نێوان کارمەندانی دامەزراوەکە.

لەگەڵ دەستەبەرکردنی بەجێهێنانی ئامانجە کەسییەکانی تاکەکان، وەک یارمەتیدان لە بەدەستهێنانی بڕوانامەیەک یاخود خوێندن لە بەشێکی دیاریکراو.


سەرچاوەکان



7667 بینین