شەوی یەڵدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-20-20:45:00 - کۆدی بابەت: 7328
شەوی یەڵدا

ناوه‌ڕۆك

یەڵدا

شەوی یەڵدا یان چلەی یەڵدا (بە فارسی: شب یَلدا)، یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانی کولتووری فارس و لە کوردستانیشدا یادی دەکرێتەوە، ئەم شەوە درێژترین و تاریکترین شەوی ساڵە و تێیدا خۆروەگەڕی زستان ڕوودەدات، کە تێیدا زەوی دەگاتە خاڵێک لە دەوری خۆردا و دەگەڕێتەوە، شەوی یەڵدا دەکەوێتە کۆتا شەوی پاییز و یەکەم شەوی زستان کە لە کوردستان لە ٢١ لەسەر ٢٢ـی مانگی ١٢ یادی دەکرێتەوە. لەم شەوەدا ١٤ کاتژمێر تاریکی نیوەی گۆی زەوی دەگرێتەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕۆژەی لەدوای شەوی یەڵدا دێت کورتترین ڕۆژی ساڵە.

خەڵکی لەم شەوەدا بە شیعر و گۆرانی و دانیشتن و سەردانی یەکتری و پێکەوەبوون و تۆمارکردنی یادگاری، شەوەکە زیندوو دەکەنەوە، خێزانە ئێرانییەکان بەتایبەت، چەندین جۆری میوە و خواردن لەسەر سفرە دەڕازێننەوە کە هەریەک لە شووتی و هەنار لەخۆی دەگرێت. دواتریش بە خوێندنەوەی شیعری شانامەی فیردەوسی و خوێندنەوەی چیرۆک لەلایەن بەتەمەنەکان شەوەکە زیندوو ڕادەگرن، و گرتنەوەی فاڵی حافزیش یەکێکی دیکەیە لە دیاردەکانی ئەو شەوە.

لە کۆندا خەڵکی بارانی بەفریان بە خەیر و بەرەکەت لە قەڵەم دەدا بۆ ئەو ساڵە.

ئەم شەوە لە پێڕستی میراتە نابینراوەکانی جیهان لەلایەن یونسکۆوە وەک جەژنێکی هاوبەشی نێوان ئێران-ئەفغانستان تۆمارکراوە.

ناوی یەڵدا

ناوی یەڵدا لە وشەی سریانی (ܝܠܕܐ) وەرگیراوە کە بە واتای (لەدایکبوون) دێت، چلەش بە واتای (ژمارە چل) دێت کە لەدوای ئەم شەوەوە چلەی گەورەی زستان دەست پێ دەکات، و بیست ڕۆژیش دوای ئەوە چلەی بچووک دەست پێ دەکات.

مێژوو

شەوی یەڵدا وەک شەوێکی پیرۆزە لەلای ئێرانییەکان و لە ئێرانی کۆندا بوونی هەبووە، لە ساڵی ٥٠٢ـی پێش زایین لە سەردەمی داریوشی یەکەمەوە دەستی پێ کردووە، چلە و جەژنەکانی دیکەی لەم جۆرە سوننەتێکی کۆنی ئێرانین، خەڵکی ڕۆژگاری دوور و ڕابردوو کە کشتوکاڵەکەیان بناغەی ژیانی خۆیانی پێکهێناوە و بە درێژایی ساڵ بە تێپەڕبوونی وەرزەکان و دژیەکە سروشتییەکان خوویان پێوە گرتووە، بەهۆی ئەزموون و کاتەوە توانیان بە سوڕانەوەی خۆر و گۆڕینی وەرز و بەرزایی و کورتی ڕۆژ و شەو و ئاڕاستە و جوڵە و پێگەی ئەستێرەکان چالاکیەکانیان ڕێکبخەن، تێبینی ئەوەیان کرد کە لە چەند ڕۆژ و وەرزێکدا خۆر زۆر بەرزە و لە ئەنجامدا دەتوانن لەو ڕۆژانەدا ڕووناکی و تیشکی خۆر زیاتر بەکاربهێنن، بەمجۆرەش بۆیان دەرکەوتووە کە کۆتا ڕۆژەکانی پاییز و سەرەتای زستان کورتترین ڕۆژەکانی ساڵن، لەدوای شەوی یەڵداوە وردەوردە ڕۆژەکان درێژ و شەوەکان کورت دەبنەوە.

جیا لەمانە، شەوی یەڵدا بە شەوی لەدایکبوونی خوداوەندی خۆر و دادگەری و پەیمان و جەنگیش دادەنرێت، هەروەها لە نووسراوی پادشایانی هەخامەنشییەکان دا هاتووە کە لەم شەوەدا میترای خوداوەند دەگەڕێتەوە سەر زەوی، گێڕانەوەیەکی تر وتویانە کە ساڵی ١٩٦ـی زایینی پێغەمبەرێک لەدایکبووە کە دوو دۆلفین ئەویان لە ئاو دەرهێناوە، چونکە لە ئایینی میتراییزم ئاو گرنگییەکی زۆری هەبووە.

ئەو ناوچانەی جەژنەکەی تێدا دەکرێتەوە

خواردنە باوەکان

  • شووتی
  • هەنار
  • چەرەس


سەرچاوەکان



1660 بینین