نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبۆ لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-12-22-13:04:00 - کۆدی بابەت: 7345
نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبۆ لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی ڕەبۆ لە منداڵاندا

نەخۆشی ڕەبۆ (بە ئینگلیزی: Asthma) یەکێکە لە نەخۆشیە درێژخایەنەکان کە کاریگەری دەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسە، نەخۆشیەکە وا لە ڕێڕەوی هەوای منداڵان دەکات کە کە وەڵامدانەوەی لە ڕادەبەدەری هەبێت بۆ چەند کارتێکەرێکی دیاریکراو لەبەرئەوە بەرکەوتنی هەر یەکێک لە کارتێکەرەکان وادەکات ڕێڕەوی هەوا بئاوسێت و ماسولکەکانیشی تەسکببنەوە، هەروەها لینجەماددەی ناوەوەی ڕێڕەوەکەش زۆر زیاد بکات.

نەخۆشی ڕەبۆ یەکێکە لەو نەخۆشیە درێژخایەنانەی کە کاردەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسە لە منداڵاندا و گرفتی هەناسەدانیان بۆ دروست دەکات و نیشانەی دیکەی وەکو کۆکە و بەڵغەم و خیزەی سنگ و سنگ توندی  هەیە بۆیە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ لە کاتی بوونی نیشانەکاندا چارەسەری پێویستییان بکات و چاودێری هەر گۆڕانکارییەکی نەخوازراو بکات.

نیشانە باوەکان

بەشێوەیەکی گشتی نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە منداڵاندا دەردەکەوێت، ئەمەش مانای ئەوە نادات کە لە ماوەکانی دیکەی تەمەنیاندا دەرناکەوێت دەشێت لە تەواوی تەمەنیاندا نیشانەکانی ڕەبۆیان هەبێت، خۆشبەختانە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا بە ڕێژەی ٥٠٪ دەرکەوتنی نیشانەکان کەمدەبێتەوە و دەشێت دووبارە و لە کاتی جیاوازدا دەربکەوێتەوە، لێرەشدا دیارترین نیشانەکانی نەخۆشییەکە ئاماژە پێدەدەین:
کۆکەی بەردەوام: نەخۆشی ڕەبۆ یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی کۆکەی بەردەوام، هەروەها دەتوانین بە چەند تایبەتمەندی و خاسیەتێک کۆکەکە بناسینەوە: 
- منداڵەکە لە شەوان و بەرەبەیاندا تووشی دەبێت.
- کۆکەکە بەردەوامی دەبێت و کاتی دەوێت تا ئاسەواری نامێنێت.
- لەزۆرینەی حاڵەتەکاندا بەڵغەم لەگەڵ کۆکەکە دێتەدەرەوە .
- لە ڕاهێنانی وەرزشی و پێکەنین و جووڵەی بەردەوامی لەشدا دەرکەوتنی زیاترە.

سنگ توندی: بەهۆی هەڵاوسان و هەوکردنی ڕێڕەوەکانی هەواوە منداڵەکە تووشی سنگ تووندی دەبێت بەڵام توانای گوزارشت کردنی لێی نییە و تەنها ئاماژە بە ئازاری سکی دەکات، هەروەها بەخێوکەرانی منداڵاکە تێبینی دەکەن کە نەخۆشەکە بەبەردەوامی سک و سنگی دەخورێنێت.

هەناسەتوندی: یەکێکی تر لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە هەناسەتوندییە، بەهۆی تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەناسەدانەوە، بەڵام منداڵەکە بەشێوەی جیاواز دەری دەبڕێت کە هەناسەی توندە بۆ نموونە:
- گرفتی خواردن بەتایبەت منداڵی شیرەخۆر.
- هەناسەتوندی لە کاتی یاریکردن و جووڵەی زۆردا.
- ماندوویەتی و بێ توانایی.

خیزەی سنگ: دەنگی خیزەی سنگ لەکاتی هەناسەدانی منداڵەکە هەستی پێدەکرێت و هۆکاری درووستبوونی ئەم دەنگەش تەسکبوونەوە و داخرانی ڕێڕەوی هەوایە.

نیشانە ناباوەکان

لەگەڵ ئەوەی نەخۆشی ڕەبۆ نیشانەی باو و دیاری هەیە، چەند نیشانەیەکیش هەن کە ڕەنگە نیشانەی باو نەبن و هەندێک جار دەربکەون، لەوانە:
- نیشانەکانی پەتای ئەنفلۆنزا کە لەوانەیە چەن جارێک تووشی ببێت و بەتایبەتیش کاردەکاتە سەر سنگ.
- هەستکردن بە بێزاری و ئارەقکردنەوەی بەردەوام.
- گۆشەگیری لەکاتی یاری و گەمەی منداڵاندا بەهۆی ئەوەی کە توانای نییە وەکو ئەوان بە ئازادی بجوڵێت.
- گرفتی خەو.

لە چی کاتێکدا پزیشکی پسپۆڕ پێویستە منداڵەکە ببینێت؟

منداڵانی توشبووی ڕەبۆ لە کاتی بوونی ئەم نیشانانەی خوارەوەدا پێویستە بە زووترین کات ببرێنە لای پزیشکی پسپۆڕ: 
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
- کۆکە و بەڵغەم.
- هەناسەتوندی کە بەڵغەم و خیزەی سنگی لەگەڵدابێت.
- ئازاری مل و  سنگ و قوڕگ.
- شینبوونەوەی لێو و پەنجە.
- تۆخبوونەوەی ڕەنگی پێست.
- ڕشانەوەی بەردەوام کە گرفتی خواردن درووست دەکات.


سەرچاوەکان



2341 بینین