بەختەوەری

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-12-27-12:52:00 - کۆدی بابەت: 7402
بەختەوەری

ناوه‌ڕۆك

بەختەوەری چییە؟

بەختەوەری کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Happiness) بارودۆخێکی سۆزدارییە کە لە ڕێگەی هەستەکانی وەک دڵخۆشی و ئاسوودەیی و ڕازیبوون دەکرێت دەربڕینی بۆ بکرێت، لە کاتێکدا بەختەوەری چەندین پێناسەی جیاوازی هەیە بەڵام زۆرجار بە تێوەگلانی هەستە ئەرێنیەکان و ڕازیبوون بە ژیان پێناسە دەکرێت، کاتێک زۆرینەی خەڵکی لەسەر بەختەوەری دەدوێن، لەوانەیە باس لەوە بکەن کە لە ئێستادا چۆن هەست بە شتەکان دەکەن، یان لەوانەیە ئاماژە بە هەستێکی تر بکەن کە چۆن بە گشتی هەست بە ژیان دەکەن، هەروەها دەروونناسان و زانایانی تری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ئاسایی زاراوەی (باشبوون) بەکاردێنن کاتێک باسی ئەم بارودۆخە سۆزداریە دەکەن.

بنچینەکانی بەختەوەری

- هاوسەنگ ڕاگرتنی هەستەکان: هەموو مرۆڤێک ئەزموونی هەردوو هەستی خۆشی و ناخۆشی یان ئەرێنی و نەرێنی دەکات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەختەوەری زیاتر پەیوەندی هەیە بە ئەزموونکردنی هەستی ئەرێنی وەک لە نەرێنی.

- ڕازیبوون بە ژیان: ئەمە پەیوەندیدارە بەوەی کە تا چەند ڕازیت بە بەشە جیاوازەکانی ژیانت وەک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کار و سەرکەوتنەکان و تەواوی ئەو شتانەی تر کە بەلاتەوە گرنگن.

چۆن بزانین کە بەختەوەرین؟

لە کاتێکدا کە تێگەیشتن بۆ بەختەوەری لەوانەیە جیاواز بێت لە کەسێکەوە بۆ کەسی تر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک نیشانەی سەرەکی هەن کە دەروونناسان بە دوایاندا دەگەرێن لە کاتی پێوانەکردن و خەمڵاندنی بەختەوەری، کە هەندێک لەو نیشانانە بریتین لە:

١- هەستکردن بەوەی کە لەو ژیانەدا بژیت کە دەتەوێت.
٢- هەستکردن بەوەی کە تەواوی بارودۆخەکانی ژیانت ئاسایی و زۆر باشن.
٣- هەستکردن بەوەی کە چیت دەوێت لە ژیان ئەنجامت داوە.
٤- هەستکردن بە ڕازیبوون بە ژیانی خۆت 
٥- زاڵبوونی هەستی ئەرێنی وەک لە نەرێنی.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کات مرۆڤە بەختەوەرەکانیش هێشتا هەست بە هەموو هەستەکانی وەک تووڕەیی، بێهیوایی، بێزاری، تەنیایی و تەنانەت خەم و پەژارە دەکەن بەڵام، تەنانەت کاتێک تووشی ناڕەحەتی دەبنەوە هەستێکی ژیرانەی گەشبینییان هەیە کە شتەکان باشتر دەکات، ئەمەش وادەکات کە ئەوان بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو شتانەدا بکەن کە ڕوودەدات، و دەتوانن دووبارە هەست بە دڵخۆشی بکەنەوە.

جۆرەکانی بەختەوەری

زۆر شێوازی جیاواز هەیە بۆ بیرکردنەوە لە بەختەوەری بۆ نموونە، فەیلەسووفی یۆنانی کۆن ئەرستۆ جیاوازی لە نێوان دوو جۆری بەختەوەریدا کرد کە بریتین لە: 

- هێدۆنیا (Hedonia): بەختەوەری هێدۆنی لە دڵخۆشییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە زۆرینەی جار پەیوەندیدارە بەوەی کە چی وات لێدەکات هەست بکەیت بە باشی و خۆپارێزی و هاتنەدی خەونەکان و ئەزموونکردنی خۆشگوزەرانی و هەستکردن بە ڕازیبوونی خودی.

- ئۆدایمۆنیا (Eudaimonia): ئەم جۆرە بەختەوەرییە لە گەڕان بە ڕەوشت و واتا وەرگیراوە، هەروەها پێکهاتە گرنگەکانی خۆشگوزەرانی ئۆدایمۆنی بریتییە لە هەستکردن بەوەی کە ژیانت مانا و بەها و مەبەستێکی هەیە، زیاتر پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بەرپرسیاریەتیەکان و وەبەرهێنان لە ئامانجە درێژخایەنەکان و بایەخدان بە خۆشگوزەرانی خەڵکی تر و ژیان بۆ بیرۆکە تایبەتەکان.

هێدۆنیا و ئۆدیمۆنیا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گشتی لە دەروونناسیدا بە پێی شادی و واتا ناسراون، بەم دواییانە، دەروونناسان پێشنیاری زیادکردنی پێکهاتەی سێیەمیان کردووە کە پەیوەندی بە یەکگرتنەوە هەیە، ئەمانە هەستی پابەندبوون و بەشداریکردنن لەبوارە جیاوەزاکانی ژیاندا، هەموو ئەمانە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە ئەزموونی گشتی بەختەوەریدا.

هەندێک جۆری خۆشبەختی هەیە کە ڕەنگە بکەوێتە ژێر سایەی ئەم شەش جۆرەوە کە بریتین لە:

- شادی: هەستێکی تا ڕادەیەک کورتە کە لە ساتەوەختی ئێستادا هەستی پێ دەکرێت.

- خرۆشان: یەکێکە لە هەستەکانی بەختەوەری کە لە ئەنجامی چاوەڕوانی بۆ شتێک یاخود پێشبینی ئەرێنی پەیدادەبێت.

- سوپاسگوزاری: هەستێکی ئەرێنییە کە سوپاسگوزاری و پێزانین لەخۆ دەگرێت.

- شانازیکردن: بریتییە لە هەستی ڕازیبوون بەرامبەر بە شتێک کە ئەنجامت داوە.

- گەشبینی: ئەمە ڕێگایەکە بۆ سەیرکردنی ژیان بە تێڕوانینێکی ئەرێنی و بەرز.

- ئاسوودەیی: ئەم جۆرە بەختەوەرییە هەستی ڕازیبوون لە خۆ دەگرێت.

کاریگەری بەختەوەری

لە چەندین ڕوانگەی جیاوازە بۆ ژیان، بەختەوەری وەک پێشبینی کردنی دەرئەنجامە ئەرێنیەکان نیشاندراو، هەستە ئەرێنییەکان هەستی ڕازیبوون بۆ ژیان زیاد دەکەن، بەختەوەری یارمەتی خەڵکی دەدات بۆ بنیاتنانی توانا بەهێزەکانی خۆ گونجاندن و سەرچاوە سۆزدارییەکان، هەستە ئەرێنییەکان بە تەندروستی باشتر و تەمەن درێژیەوە گرێدراون، هەروەها هەستە ئەرێنیەکان خۆڕاگری زیاد دەکەن و خۆڕاگری یارمەتی خەڵکی دەدات تاکوو باشتر زاڵبن بەسەر فشارەکانیان، بەختەوەری یارمەتیت دەدات تاکوو کەمتر ڕووبەڕووی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی ببیتەوە چونکە ئاسوودەیی باری دەروونی بە هەبوونی کۆئەندامێکی بەرگری بەهێزەوە بەستراوەتەوە.

کەواتە لە کاتێکدا کە تۆ ناتوانی کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەیت کە "ئاستی بنچینەیی" خۆشیت چییە، هەندێک شت هەیە کە دەتوانیت بەئەنجامیان بگەیەنیت بۆ ئەوەی ژیانت شادتر و بەختەوەرتر بکەیت، تەنانەت دڵخۆشترین تاکەکانیش جاروبار هەست بە نیگەرانی دەکەن، بەڵام بەختەوەری شتێکە کە پێویستە هەموو خەڵک بە ئاگاییەوە بەدوایدا بگەڕێت.


سەرچاوەکان



7868 بینین