جۆرج واشنتن

له‌لایه‌ن: - ئاکۆ محەمەد - به‌روار: 2021-12-27-13:21:00 - کۆدی بابەت: 7403
جۆرج واشنتن

ناوه‌ڕۆك

جۆرج واشنتن کێیە؟

جۆرج واشنتۆن (بە ئینگلیزی: George Washington) یەکەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە پێشتریش وەک وەک سەرباز خزمەتی کردووە، لە ٢٢/٢/١٧٣٢ لە هەرێمی وێستمۆرلاند لە ویلایەتی ڤێرجینیا لەدایکبووە، کەسایەتییەکی سیاسەتمەداری دیاری مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

ژیانی جۆرج واشنتن

جۆرج واشنتن لە ساڵی ١٧٣٢ لە خێزانێکی جووتیاری ویلایەتی ڤێرجینیا لەدایکبووە، و نەریت و ئاکار و پێشمەرجییەکانی ژیان بۆ پیاوێکی سەدەی ١٨ ی ڤێرجینیا هەر لەوێوە فێربوو، واشنتن لە دوو بواردا کاری دەکرد کە هونەرە سەربازییەکان و فراوانبوونی ڕۆژئاوایی بوون، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەشداریی لە ڕووپێویی زەوییەکانی سەر ڕووباری شێناندۆهـ کرد بۆ میر تۆماس فێرفاکس، پلەی ئەفسەریی لە ساڵی ١٧٥٤ـدا وەرگرت و بەشداریی لە یەکەم مانۆڕی سەربازییدا کرد کە دواتر بەشداریی لە جەنگی فەڕەنسا و هیندستاندا کرد، ساڵی دواتر بوو بە یاریدەری جەنەڕاڵ ئێدوارد برادۆک، کە دوای ئەوەی برینداربوو، کاتێک دوای ئەوەی بریندار بوو بەهۆی ئەوەێ کە فیشەکەکان بەر چاکەتەکەی کەوتبوون لە مردن ڕزگاری بوو، بۆیە پاش ئەو ڕووداوە کرا بە یاریدەدەری جەنەڕاڵ "ئێدوارد برادۆک".

لە ساڵی ١٧٥٩ تاوەکو بەرپابوونی شۆڕشی ئەمریکی، جۆرج واشنتن خاوەندارێتیی زەوییەکانی دەکرد لە دەوروبەری ناوچەی گردی ڤێرنۆن و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ڤێرجینیا خزمەتی دەکرد، هاوسەرگیریی لەگەڵ (مارثا داندریج کوستیس)ـدا کرد کە بێوەژن بوو، واشنتن ژیانێکی پڕ سەرقاڵی و خۆشی دەژیا، بەڵام هاوشێوەی خاوەن زەوییەکانی هاوڕێی واشنتن هەستیدەکرد کە لەلایەن بازرگانە بەریتانییەکانەوە چەوسێنراوەتەوە و یاساکانی بەریتانیا کێشەیان بۆی دروستکردووە، دوای ئەوەی لەگەڵ وڵاتەکەیدا توشی گرژی بوو، بەشێوەیەکی میانڕەوانە ناڕەزایی خۆی بەرامبەر یاساکان دەربڕی.

کاتێک لە مانگی ٥ی ساڵی ١٧٧٥ دا دووەم کۆنگرەی کیشوەری لە فیلادلفیا بەسترا، واشنتن یەکێک بوو لە نوێنەرەکانی ڤێرجینیا، پاڵێوراوبوو بۆ فەرمانداریی گشتیی سوپای کیشوەری، لە ٣/٧/١٧٧٥ لە کامبریج، ویلایەتی ماسەشوستس بوو بە فەرماندەی کۆمەڵە سەربازێکی خراپ مەشقپێکراو و دەستی بە جەنگێکی ماندووکەر کرد کە ماوەی ٦ ساڵی خایاند.

ئەو پێی وابوو کە لەوکاتەدا باشترین چارەسەر ئەوەیە کە ئابڵوقە بخاتە سەر بەریتانییەکان، لە نامەیەکیدا کە بۆ ئەنجومەنی نارد گوتی "پێویستە لە هەر بارودۆخێکدا بێت هێرشی سەرتاسەری نەکەین و هیچ شتێک نەخەینە مەترسییەوە ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، و هەرگیز لە جەنگ ماندوو نابین." لە کاتی جەنگەکانیشدا بە هێمنی دەکشایەوە و دواتر بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هێرشی دەکردەوە، لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٧٨١ دا بە هاوکاریی هاوپەیمانی فەڕەنسا توانیی لە یۆرکتاون وا لە سوپاکەی جەنەراڵ کۆرنواڵیس (Cornwallis) بکات خۆیان بدەن بەدەستەوە.

بیریشی لەوە دەکردەوە کە خانەنشین ببێت و بڕواتەوە کێڵگەکانی خۆی لە گردی ڤێرنۆن، بەڵام هەستی کرد کە دۆخی وڵات بەهۆی یاساکانی یەکگرتووییەوە لەباشیدا نیە، بۆیە بووە بزوێنەری هەوڵەکانی پەیماننامەی دەستووریی فیلادلفیا لە ساڵی ١٧٨٧، کاتێک پەیمانە نوێیەکە بەسترا، بە کۆدەنگیی دەستەی هەڵبژاردن واشنتۆن وەک سەرۆک هەڵبژێردرا.

جۆرج واشنتن وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

جۆرج واشنتن لە ٣٠/٤/١٧٨٩ لە باڵکۆنی بارەگای فیدراڵی لە ۆڵ ستریت لە نیویۆرک، وەک یەکەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد، لە نامەکەیدا بۆ جەیمس مادیسن دەڵێت "یەکەم کارمان داڕشتنی یاسای کارەکانمانە"، لە نامەکەیدا بۆ جەیمس مادیسن گوتی "لەلایەنی خۆمەوە هیوادارم کە ئەم یاسایانە لەسەر بنەمای ڕاست و دروست دابڕێژرێن". 

واشنتن دەستی لە دەسەڵاتی یاسادانانی ئەنجوومەن وەرنەدەدا، و پاراستنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی کاری لەپێشینەی بوو، کاتێک شۆڕشی فەڕەنسا سەری کێشا بۆ جەنگی نێوان فەڕەنسا و ئینگلتەرا، واشنتن پێشنیاری هەریەک لە تۆماس جێفرسنی وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی کە پشتگیری فەڕەنسا بوو و ئەلێکساندەر هامڵتنی وەزیری دارایی کە پشتگیری بەریتانیا بوو ڕەتکردەوە، بڕیاریدا بێلایەن بێت تاوەکو ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر گەشە بکات.

لە کۆتایی یەکەم ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا دوو حیزب خەریکبوون پەیدا دەبوون، واشنتن ماندوو بووبوو لە سیاسەت و هەستیدەکرد کە تەمەنی هەڵکشاوە، بۆیە لەکۆتایی دووەم ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا خانەنشین بوو، لە وتاری ماڵئاواییەکەیدا داوای لە هاونیشتیمانییەکانی کرد کە واز لە پیرۆزکردنی حیزبایەتی بێنن و شارچێتی نەکەن، لە کاروبارەکانی دەرەوەی وڵاتیشدا هۆشداریی دابوو لەسەر مەترسیی هاوپەیمانێتیی ماوەدرێژ لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا.

کۆچی دوای واشنتن

واشنتن لەدوای خانەنشینبوونی کەمتر لە سێ ساڵ ژیا و بەهۆی توشبوونی میکرۆبیی قوڕگییەوە لە ١٤/١٢/١٧٩٩ کۆچی دوایی کرد، وڵات بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ماتەمینیدا بوو بۆی، جۆرج واشنتن لە خانووەکەی خۆی لە گردی ڤێرنۆن لە ڤێرجینیا کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش نێژراوە.  


سەرچاوەکان



1601 بینین