چۆن دڵخۆش ببین؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-29-22:30:00 - کۆدی بابەت: 7434
چۆن دڵخۆش ببین؟

ناوه‌ڕۆك

دڵخۆشی چییە؟

دڵخۆشی هونەرە و هەندێک کەس خۆیان دڵخۆشن و هەندێکی تر پێویستیان بەوەیە فێرببن دڵخۆشبن، کەسانی دڵخۆش هەندێک خووی زۆر سادە و کاریگەریان هەیە کە دەبێتە هۆی دڵخۆشبوونیان، پێویست ناکات هەموو ئەو نەریتانەتان هەبێت یان ئەنجامیان بدەن، لە سەرەتادا بە چەند دانەیەک لەوانە دەست پێبکەن و بەردەوامییان پێ بدەن تا دواتر کاریگەرییەکەی لەسەر ژیانتان ببینن، گرنگترین ئەو خوڕەوشت و نەریتانەی کە یارمەتی دڵخۆش بوونتان دەدات:

  • هەوڵبدەن ئەگەر بە زۆریش بێت ئەرێنییانە بیربکەنەوە و هەستی دڵخۆشی بە خۆتان بدەن، ئەرێنییانە بیرکردنەوە وادەکات دڵتان تەندروستتر و بەهێزتر بێت، بۆیە هەوڵبدەن ئەرێنیبوون ببێتە خووی ئێوە.
  • هەڵبژاردنەکانتان و کارەکانتان ڕیزبەندی بکەن و دڵخۆشی و سەلامەتی و خۆشەویستی و پەیوەندی لە ڕیزبەندی یەکەمی خۆتان دابنێن.
  • هەوڵبدەن بە ڕووداو و پێشهاتی زۆر بچووک دڵخۆشببن و ڕابێن لەسەر ئەوەی چێژ له دڵخۆشییە بچووکەکانتان وەربگرن.
  • باشتر خۆتان بناسن و دیاری بکەن کە چ شتێک دەبێتە هۆی دڵخۆشکردنتان و لە کاتێکدا کە خۆشحاڵ نین ئەو کارە ئەنجام بدەن یان بیر لەو شتە بکەنەوە کە دڵخۆشتان دەکات.
  • زیاتر گرنگی بدەن بە خۆتان، خۆویستی باش نییە، بەڵام هەوڵبدەن زیاتر خۆتان خۆشبوێت و کاتی زیاتر بۆ خۆتان دابنێن، گرنگی بدەن بە پێویستی و هەستەکانی خۆتان و هەوڵبدەن بۆ دڵخۆشکردنی خۆتان. 
  • لە هەموو کارێکدا بگەڕێن بەدوای ئارامی و دڵخۆشی و خاڵی ئەرێنیدا و بەدەستیان بهێنن، پێویست ناکات کەس دڵخۆشتان بکات، خۆتان دڵخۆشی بدۆزنەوە.
  • کەمتر بیر له ڕاوبۆچوونی ئەوانی تر بکەنەوە دەربارەی خۆتان و لەبەر بیرکردنەوە و ڕای ئەوان خۆتان بێتاقەت مەکەن، گرنگیدان بە رای ئەوانی تر ڕەنگە رێگاچارەیەک بێت بەڵام لەبیری مەکەن کە ئەوان ئاگایان لە ژیانی ئێوە نییە و شایەنی ئەو بێتاقەتییە نین.
  • لەکاتی کێشە و ناڕەحەتی بیر لە خراپترین ڕووداو بکەنەوە کە دەکرا ڕووبدات و وێنای بکەن، ئەوکاتە هەست بە ئارامی دەکەن.
  • زیاتر خۆشەویستی بدەن بە ئەوانی تر و لەگەڵ دەورووبەرتان میهرەبانتر بن تەنانەت بێگانەکانیش، ئەم هەستە باشە بۆ خۆشتان دەگوازرێتەوە.
  • سەختییەکانی ژیان و دڵخۆشییەکانی ژیان بە بەشێک لە ژیان بزانن و زۆر خۆتان ناڕەحەت مەکەن بۆ سەختییەکانی ژیان و بە ئارامگرتنەوە کێشەکانی ژیان تێپەڕێنن.


سەرچاوەکان



3843 بینین