شەمەندەفەرێک بەرەو بوسان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-30-21:07:00 - کۆدی بابەت: 7443
شەمەندەفەرێک بەرەو بوسان

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی فیلم

شەمەندەفەرێک بەرەو بوسان (بە ئینگلیزی: Train To Busan) فیلمێکی زۆمبییە لە چەشنی ئاکشن، ترسناک، چیرۆکی هەست بزوێن، کە بەرهەمی وڵاتی کۆریای باشوورە و لە ساڵی ٢٠١٦ـدا بەرهەم هاتووە، ماوەی فیلمەکە کاتژمێرێک و ٥٨ خولەکە و نمرەی ٧.٥ لە ١٠ـی وەرگرتووە لە سایتی IMDB تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم، فیلمەکە لە دەرهێنانی یۆنگ سانگ هو، و بە بەشداری ئەکتەران گۆنگ یو، جۆنگ یو می، ما دۆنگ سیۆک، سووان.
تێچووی فیلمەکە ٨.٥ ملیۆن دۆلار بووە و داهاتەکەی ٩٠ ملیۆن دۆلار بووە وە لە ساڵی ٢٠١٦ـدا لە ڤیستیڤاڵی کان پەخشکرا.

چیرۆکی فیلمەکە

پیاوێک لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و لەگەڵ دایک و کچەکەیدا دەژی، هاوسەری پێشووی لە شاری بوسان دەژی و بڕیار دەدات بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی منداڵەکەی کچەکەی بە شەمەندەفەر ببات بۆ بوسان بۆلای دایکی، لەوکاتەدا لە وڵاتی کۆریای باشوور ڤایرۆسی زۆمبی بڵاوبووەتەوە و کەسێکی تووشبوو دێتە ناو شەمەندەفەرەکەوە و تەواوی سەرنشینەکانی ناو شەمەندەفەرەکە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوە و  مانەوە دەدەن لە ژیان.

چەند زانیارییەک دەربارەی فیلمەکە

  • دوای ئەوەی یەکەمین نمایشی فیلمەکە لە ڤیستیڤاڵی کان بوو و دواتر فیلمەکە لە کۆریای باشوور پەخشکرا زیاتر لە ١١.٥ ملیۆن کەس دانیشتن بۆ سەیرکردنی ئەم فیلمە و فرۆشی فیلمەکە گەشتە ٨٠.٥ ملیۆن دۆلار بە تەنها لە کۆریای باشووردا و بووە پڕفرۆشترین فیلمی ساڵ، لە ئەمریکا و کەنەدا ٢.٢ ملیۆن دۆلار فرۆشی هەبوو، ١٥.٨ ملیۆنی دۆلاری تر لە سەرجەم وڵاتەکانی تردا و فرۆشەکەی گەیشتە ٩٨.٥ ملیۆن دۆلار ئەمە لە کاتێکدا کە تێچووی فیلمەکە تەنها ٨.٥ ملیۆن دۆلار بوو، فیلمەکە لە ٢٠١٦ـدا نۆیەمین پڕفرۆشترین فیلمی مێژووی کۆریا بوو و تاکوو ساڵی ٢٠٢١ چواردەهەمین پڕفرۆشترین فیلمی کۆریایە.
  • فیلمەکە چووەتە بەردەست ١١٨ ڕەخنەگری سینەمایی و توانیویەتی دەنگی ٩٤ کەسیان بەدەست بهێنێت.
  • بیرۆکەی فیلمەکە کاتێک بە بیری دەرهێنەردا هات کە خۆی خەریکی دروستکردنی ئەنیمەیشنێک بوو بە ناوی وێستگەی سێئول، پڕۆژەیەک کە ئێستا ناودەبرێت بە پێشەکی شەمەنەفەرێک بەرەو بوسان.
  • ئەم ئەنیمەیشنە دەربارەی کەسانێکی بێ ماڵ و حاڵە کە بەهۆی دەمارگیری کۆمەڵایەتییەوە وەک زۆمبییەکان سەیر دەکرێن و وادەزانن ئەوانن و ئەم ئەنیمەیشنە مانگێک دوای شەمەندەفەرێک بەرەو بووسان پەخش کرا.
  • دەرهێنەر دەڵێت کە تەنها گۆڕانکاری لە ڕووخساری کەسه زۆمبییەکاندا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت بۆ بینەری کۆری هەر بۆیە من جگە لە ڕووخساریان کارم لەسەر جووڵەی جەستەیان و بە دانانی کۆمەڵێک جووڵە و شکانی ئێسکەکانیان تاکوو زیاتر سەرنج ڕاکێش بێت.
  • لە کاتێکدا کە دەرهێنەر ئەزموونی هەبوو لە بەرهەمهێنانی ئەنیمەیشندا و هەروەها کۆمەڵێک گرتەی ئاکشنی فیلمەکە تەکنیکی بووە بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا وێنەگرتنی ئەم گرتانە هیچ ئاسان نەبووە، بچووکترین نواندنکاری فیلمەکە کە کچە بچووکەکە بوو لە ڕۆڵی سووان دا دەڵێت: کاتێک کە لە لۆکەیشنەکەدا بووین دەبوو بۆ هەر گرتەیەک ٢٠ وێنە بگرین هەم لەبەر کاری پەیوەیست بە SIG کە بڕیاربوو دواتر زیادەی بۆ دابنرێت و هەم بەهۆی کۆمەڵێک کێشەی پەیوەست بە سەرنجی گرتنی گرتەکانەوە.
  • نواندنکاری سەرەکی فیلمەکە (گۆنگ یو) لە بەرامبەر ڕووبەڕووبونەوەی زۆمبییەکان دەڵێت: من پێشتر لە فیلمە ئەکشنە ڕاستییەکاندا نواندنم کردووە و هەربۆیە وامدەزانی کە ئەزموونی پێشووم دەتوانێت یارمەتیدەر بێت تاکوو بەکاریبهێنم لەم فیلمەدا، بەڵام شەڕکردن لەگەڵ زۆمبییەکاندا زۆر ئاڵۆز بوو تەنانەت ئەگەریش هەوڵم بدایە خۆم بگونجێنم لەگەڵ جووڵەکانی ئەواندا نەمدەتوانی چونکە جەستەیان بەردەوام لە جووڵەدا بوو و دەستەکانیان دەچەمایەوە.
  • سەرکەوتنی ئەم فیلمە بە ڕادەیەک بوو کە ئەوروپی و ئەمریکییەکان لەبیری دروستکردنی ئەم فیلمەدا بوون بە زمانی ئینگلیزی، لە ساڵی ٢٠٢١ سێ کۆمپانیا بەناوەکانی (نیولان سینەما)، (ئەتۆمیک مۆنستەر) و (کوین ئۆپەرەیتد)، ڕایانگەیاند کە بە شێوەیەکی هاوبەش کاردەکەن لەسەر بەرهەمهێنانەوەی فیلمی شەمەندەفەرێک بەرەو بوسان بە زمانی ئینگلیزی.
  • دەرهێنەر ڕایگەیاند کە فیلمی شەمەندەفەرێک بەرەو بوسان وەک ترەیلەرێکی دەرونناسی سەیرم کرد بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژی دوای ئەنیمەیشنی وێستگەی سیئۆل، وە لە مێشکمدا نەبوو کە خۆم دەرهێنانی بۆ بکەم بەڵام کۆمپانیای (ئینتەرتەیمێنت وۆرڵد) یەکێک بوو لە بەرهەمهێنەرانی ئەنیمەیشنی وێستگەی سیئۆل پێداگیری کرد لەسەر ئەوەی کە فیلمێک دروست بکرێت و من دەرهێنەری بم.

 


سەرچاوەکان



418 بینین