چا

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-01-18:57:00 - کۆدی بابەت: 7465
چا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چا (بە ئینگلیزی: Tea) خواردنەوەیەکی بۆندارە بە ڕژاندانی ئاوی گەرم یان کوڵاو بەسەر گەڵا تەڕ یان وشککراوەکانی ڕووەکی کامیلیا سینێنسس (بە ئینگلیزی: Camellia sinensis) ئامادە دەکرێت. ڕووەکی کامیلیا دەوەنێکی هەمیشە سەوزە کە لە وڵاتی چین و وڵاتەکانی تری خۆرهەڵاتی ئاسیادا دەڕوێت. چا لەدوای ئاو بە زۆرترین خواردنەوەی بەکارهێنراو دادەنرێت لە جیهاندا. زۆر جۆری چا هەیە کە هەموویان لە ڕووەکی کامیلیا بەرهەم دەهێنرێن بەڵام بەڕێگەی جیاواز، کە هەندێکیان تامێکی خۆش، نیمچە تاڵ و گرژکەریان هەیە، هەندێکیشیان تامیان تەواو جیاوازە و بۆن و تامی گیا، گوڵ، شیرین یان بوندوق دەدەن. چا کاریگەریەکی وریاکەرەوە و هاندەری هەیە لە مرۆڤدا، بەهۆی بوونی ماددەی کافایین تێیدا.

بەهۆی مێژووی خواردنەوە و بازرگانی پێکردن و گواستنەوەی چا بە جیهاندا، لەلایەن چینییەکانەوە وشەی چا لە زۆربەی جیهاندا بە یەکێک لەم ناوانە ناسراوە، تی، چا یان چای.

زاراوەی چایە گیایییەکان (بە ئینگلیزی: Herbal teas) بە چا ناسراون، بەڵام لەڕاستیدا چا نین چونکە لە ڕووەکی کامیلیا بەرهەم ناهێنرێن. بەڵکوو خواردنەوەی گیاییین و بە خووساندنی میوە و گەڵا یان بەشەکانی تری ڕووەکی تر بەرهەم دەهێنرێن. ئەمانە پێیان دەوترێت تیزەین (بە ئینگلیزی: Tisane) یان خووسێنراوی گیایی بۆ ئەوەی لەگەڵ چادا تێکەڵ نەکرێن کە لە ڕووەکی چا بەرهەم دەهێنرێت. وەکوو چای بەیبوون و چای جەرجیر و... هتد.

مێژوو

مێژووی چا دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی ئاسیا بەتایبەتیش چین و وڵاتانی تری خۆرئاوای ئاسیا. دۆزینەوەی چا بۆ یەکەمجار لە چین تۆمارکراوە لە  ٥٩ ساڵ پێش زایینەوە، هەرچەندە لەوانەیە زووتریش بوونی هەبووبێت. ڕووەکەکە سەرەتا لە باشووری خۆرئاوای چین دۆزراوەتەوە، لە باکوری بۆرما و وڵاتانی تری ئاسیاش هەبووە وەکوو هیندستان. سەرەتای خواردنەوەی چا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێیەمی زایینی کە لە نووسینێکی پزشکیی هوا تۆ (بە ئینگلیزی: Hua Tuo) ئاماژەی پێکراوە، کە لە ناوچەی یوونان (Yunnan) لە چین بەکارهاتووە، سەرەتاش بۆ مەبەستی پزیشکی بەکارهێنراوە. دواتر بە وڵاتانی تری ئاسیادا بڵاوبووەتەوە وەکوو کۆریا، ژاپۆن و ڤێتنام. بازرگانەکان لە سەدەی ١٦ـدا چایان بە ئەورووپا ناساندووە. لە سەدەی ١٧ـشدا خواردنەوەی چا بووەتە باو لە ناو ئینگلیزەکاندا، کە دەستیان بە ڕوواندنی ڕێژەیەکی زۆری ڕووەکی چا کرد لە هیندستان. لەسەرەتادا چا خواردنەوەیەکی گرانبەها بووە و تەنیا لە بۆنە تایبەتەکاندا پێشکەش دەکرا و تاوەکوو کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ـش نرخی زۆر بەرز بووە. چای ڕەش لە سەرەتاکانی سەدەی ١٧ بەتەواوی ناوبانگی دەرکرد و شوێنی چای سەوزی گرتەوە. لە سەدەی ١٩ـدا نرخی چا لە ئەورووپا دەستی بە نزمبووەنەوە کرد بەتایبەتی دوای ئەوەی بڕێکی زۆری چا لە هیندستانەوە دەگەیشت.

لە سەدەی ١٩ـیەمەوە چا بووەتە خواردنەوەیەکی ڕۆژانەی هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگە. هەرچەندە سەرەتا چا لە چین دۆزرایەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩ـدا بەتەواوی بەناوی هیندستانەوە ناوبانگی دەرکرد لە جیهاندا بەهۆی سەرکەوتووییی ڕێکلام و بانگەشەی چا لە هیندستان.

بەرهەمهێنان و جۆرە جیاوازەکانی چا

ڕووەکی چا، کامیلیا، پێویستی بە چوار تا ١٢ ساڵە بۆ ئەوەی تۆو بگرێت و سێ ساڵیشی پێویستە تاوەکوو بۆ دروێنەکردن ئامادە بێت. دوای دروێنەکردن و کۆکردنەوەی گەڵاکان، ڕێگەی جیاوازی ئامادەکردنی گەڵاکان جۆری جیاوازی چا بەرهەم دەهێنێت، کە بریتین لە:

چای سپی: دوای کۆکردنەوە، گەڵاکان وشک دەکرێنەوە تا ڕێژەی شێیان کەمدەبێتەوە و بۆن و تامێکی خوازراو دروست دەکەن، دواتر گەڵاکان سیس دەکرێن و ئەم جۆرە چایە کردەی ئۆکساندنی بەسەردا نایەت بۆیەش تامی چایەکە زیاتر تامی ڕووەکی و میوەیی دەدات.

چای زەرد: دوای کۆکردنەوە، گەڵاکان تەنیا وشک دەکرێنەوە، کردەی سیسکردن و ئۆکساندنی بەسەردا نایەت، تەنیا ئەوەندە ڕێگە دەدرێت تا ڕەنگەکەی زەرد دەبێت.

چای سەوز: گەڵاکان دوای کۆکردنەوە، دەسووتێنرێن (واتە ڕووبەڕووی گەرمییەکی زۆر دەکرێنەوە)، کردەی سیسکردن و ئۆکساندنیان بەسەردا نایەت. ڕەنگی گەڵاکان هەر سەوزە، چونکە گەڵاکان دەسووتێنرێن ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی کردەی ئۆکساندن ڕووبدات و ڕەنگی گەڵاکان بگۆڕێت بۆ ڕەش. چای سەوز بە گشتی تایبەتمەندی گرژگەر و تامێکی تاڵی هەیە.

چای ئولۆنگ (بە ئینگلیزی: Oolong tea): دوای کۆکردنەوە، گەڵاکان سیس دەکرێن، دەکوترێن و نیمچە ئۆکساندنیشیان بەسەردا دێت. 

چای ڕەش: دوای کۆکردنەوە، گەڵاکان سیس دەکرێن، دەکوترێن، هەندێک جاریش دەهاڕدرێن و دواتر بەتەواوی کردەی ئۆکساندنیان بەسەردا دێت. زۆرجار چای ڕەش بە چای سووریش دەناسرێت. کردەی ئۆکساندن بەرپرسە لە ڕەنگی ڕەش و بۆن و تامە تیبەتەکەی چای ڕەش. چای ڕەش وا دادەنرێت کە زۆرترین ڕێژەی کافایینی تێدابێت وەک لە جۆرەکانی تر و ڕێژەیەکی زۆری دژەئۆکسانەکانیشی تێدایە.

چای ترشێنراو یان تێر (بە ئینگلیزی: Post-fermented tea (Dark)): چای سەوز یان هەر جۆرێکی تری چا کە کردەی ترشاندنی بەسەردا دەهێنرێت. وەکوو چای پوێر (به ئینگلیزی: Puer tea).

بەهۆی پڕۆسەی تر و تێکەڵکردن لەگەڵ ماددەی تر هەندێک جۆری تری چا دروست دەکرێن، بۆ نموونە چای ماتچا یان چای مەسالا چای.

چای ماتچا (بە ئینگلیزی: Matcha tea)، کە چایەکی کولتووری ژاپۆنییە و بە هاڕینی گەڵاکانی چای سەوز لەنێوان دوو بەرددا دروست دەکرێت بۆ ئەوەی تۆزی ماتچا بەرهەم بێت. دواتر تۆزەکە لەناو ئاودا دەشڵەقێنرێت و هەمووی بەیەکەوە پێشکەش دەکرێت و لە ئاوەکە دەرناهێنرێت وەک چایەکانی تر.

چای مەسالا چای (بە ئینگلیزی: Masala chai tea)، کە خواردنەوەیەکی کولتووری هیندییە و بریتییە لە تێکەڵکردنی چای ڕەش، شەکر، شیر و بەهاراتی وەکوو جەرجیر، دارچین و زەردەچەوە.

پێکهاتەی کیمیاییی چا 

کافایین نزیکەی ٣٪ـی کێشی وشکی چا پێکدێنێت، واتا ٣٠ بۆ ٩٠ ملیگرام لە ٢٥٠ ملیلیتردا. ئەم ڕێژەیە لە چای خواردنەوە بەگوێرەی جۆری چایەکە و شێوازی ئامادەکردنی دەگۆڕێت. کافایین تایبەتمەندی وریاکەرەوە و هاندەر دەدات بە چا.

هەروەها چا ماددەکانی تیۆفیلین (بە ئینگلیزی: Theophylline) و تیۆبڕۆماین (بە ئینگلیزی: Theobromine)ـی تێدایە کە وریاکەرەوەن، لەگەڵ زانتینەکان (بە ئینگلیزی: Xanthines) کە وەکوو کافایینن. 

ماددەیەکی تر کە لە چادا هەیە پێی دەوترێت پۆلیفینۆڵ، کە زۆرترین بڕی ماددەن لە گەڵای چادا و نزیکەی ٣٠٪ بۆ ٤٠٪ـی پێکهاتەی گەڵاکەن، پۆلیفینۆڵەکان کە لە چادا هەن وەکوو، فلاڤۆنۆیدەکان (بە ئینگلیزی: Flavonoids)، ئێپیگاڵۆکاتێکین گالەیت (بە ئینگلیزی: Epigallocatechin galate) و کاتێکینەکانی تر لەگەڵ تانینەکان. 

هەروەها چا بە ڕێژەیەکی کەم ماددە کانزایەکانی تێدایە، وەکوو مەگنسیۆم و فلۆراید.

کردەی ئۆکساندن لە چادا

کردەی ئۆکساندن لە چادا بەتایبەتیش چای ڕەش هەندێک تایبەتمەندی جیاواز دەدات بە چایەکە وەک بوونی دژەئۆکسانەکان. لە کردەی ئۆکساندندا بەهۆی ئەنزیمەکانی ڕووەکەکە ئۆکساندن بەسەر گەڵاکەدا دێت و ڕەنگی ڕەش دەبێت ئەمەش بەهۆی شیبوونەوەی ماددەی کلۆرۆفیل کە تانینەکانی (بە ئینگلیزی: Tannins) لێ دروست دەبن، کە جۆرێکی ماددەی پۆلیفینۆڵن.

سوودەکانی چای ڕەش

سوودەکانی چای سەوز

زیانەکانی زۆر خواردنەوەی چا


سەرچاوەکان



1237 بینین