پڵنگی سپی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-06-15:02:00 - کۆدی بابەت: 7512
پڵنگی سپی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پڵنگی سپی یان پڵنگی بنگالی سپی (بە ئینگلیزی: white tiger)، جۆرێکی جیاوازی پڵنگەکانە، دووەم گەورەترین جۆرە لە پاش پڵنگی سیبیریا، لە ڕابردوودا لە هەموو ناوچەکانی هیندستان و هەندێک لە وڵاتەکانی دەوروبەری بوونی هەبووە، لە ئێستاشدا لە هەندێک لە ناوچەکان بوونی هەیە، بەڵام بەهۆی ڕاوکردنی زۆرەوە ژمارەی کەمبووەتەوە و بووە بە یەکێک لە دەگمەنترین جۆری پڵنگەکان، کە لە ئێستادا لە چەند باخچەیەکی ئاژەڵان دەکرێت ببینرێت، وە سەرنجی زۆرینەی خەڵکی بۆ خۆی ڕادەکێشێت، نشینگەی پڵنگە سپییەکان بە گشتی دارستانەکانی هێڵی کەمەرەیی و دارستانە شێدارەکان و زۆنگاوەکان دەگرێتەوە، کە سەرچاوەی ئاوی سازگار و ڕووپۆشی ڕووەکی چڕی تێدایە، پڵنگی سپی بە تەنها دەژی واتە لە نێو کۆمەڵەدا نییە، تەنها لە وەرزی زۆربوون و بە مەبەستی یەکگرتن لەگەڵ پڵنگی دیکەدا دەبینرێن، لە ژینگەی سروشتیدا گیانەوەرێکی دڕندە و ڕاوکەر نییە بتوانێت پڵنگە سپییەکان ڕاوبکات، بەڵام بە درێژایی مێژوو لە لایەن مرۆڤەوە ڕاوکراوە، بە هۆی جوانی و شێوە سەرنج ڕاکێشەکەیەوە، کە بووە بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەیان، هۆکارێکی دیکە لەناوچوون و تێکدانی نشینگەکەیەتی، سەرەڕای هەڕەشە و مەترسییەکان بەڵام پڵنگی سپی یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە زۆرترین ژمارەی هەیە لە نێو جۆرەکانی دیکەی پڵنگەکاندا.

شێوەی دەرەوەی

ڕەنگی سپییەکی درەوشاوەیە هێڵی ڕەنگ تۆخ و ئەسمەری تێدایە، و رەنگی چاویشی شینە، کە ئەم جیاوازییانە بەهۆی گۆڕان لە بۆماوە ماددەی باوانەکەیانەوە دروستبووە، درێژییەکەی دەگاتە ٣م و کێشی دەگاتە ٢٨٥ کگم، هەستەکانی بیستن و بۆنکردنی زۆر پەرەسەندوون، بەهۆیانەوە دەتوانێت لە شەودا و بە تاریکی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ڕاو بکات، جگە لە هەستەوەرەکانیشی خێرایی و بەهێزی جەستەی و درێژی و تیژی چڕنوکەکانی هاوکاری دەکەن لە کاتی ڕاوکردندا.

خۆراک

هاوشێوەی جۆرەکانی دیکەی پڵنگەکان پڵنگی سپیش گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە، بۆ دەستکەوتنی ژەمە خۆراکییەکانی گیانەوەری دیکە ڕاودەکات، لەبەر ئەوەی بە تەنهایە بۆیە ڕاوکردنی سەرکەوتووترە لە دارستانە چڕەکاندا، لەگەڵ ئەوەی کە گیانەوەرێک نییە کە چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجام بدات، بەڵام ڕاوکردنی لە شەودایە، لە ڕێگەی دانانی کەمین و تەڵە بۆ کۆمەڵەی ئاسک و بزن و گامێشەکان، واتە بە پلەی یەکەم پڵنگی سپی گیانەوەرە گیاخۆرەکان ڕاودەکات، وەک بەرازی کێوی و مانگا و بزن و ئاسک.

یەکگرتن و زۆربوون

لەسەرەتادا هەردوو نێرینە و مێینە سەرنجی یەکدی ڕادەکێشن لە ڕێگەی بۆن و نەڕاندنەوە، پاش یەکگرتن، بە دوایدا ماوەی سکپڕی مێینەکەی ٩٥-١١٠ ڕۆژ دەخایەنێت، واتە نزیکەی سێ مانگ، لەهەر جارێکدا مێینەکە ٢-٦ بێچووی دەبێت، لەسەرەتادا بێچووەکان نابینان و کێشیان نزیکەی یەک کیلۆگرام دەبێت، ڕەنگیان دەکرێت پرتەقاڵی یان سپی بێت، هەتا تەمەنیان دەبێت بە ٤-٦ مانگ دایکیان شیریان پێدەدات، دواتر لە شیر دەبڕدرێنەوە، پاشان هەتا تەمەنیان دەبێت بە نزیکەی ساڵێک لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە، کە لە ئەم ماوەدا فێری ڕاوکردن و پشتبەخۆبەستن دەبن، دواتر کاتێک تەمەنیان دەگاتە نزیکەی ١٨ مانگ، بەتەواوەتی پێدەگەن و بەتەنها دەژین و لە دایکیان دوور دەکەونەوە، دەبن بە پڵنگێکی سەربەخۆ، بەگشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنی پڵنگی سپی دەگاتە ١٢ ساڵ، بەڵام دەکرێت بە دیلکراوی تەمەنیان زیاتر بێت.

پڵنگی سپی لە کولتوور

بە شێوەیەکی دووبارە و بەردەوام پڵنگە سپییەکان لە فلم و ڤیدیۆ و یاری و ئەدەب و پەڕتووکەکاندا دەردەکەوێت، دەکرێت ببێتە ناوی کۆمەڵە یاخود ڕووپۆشی پەڕەی یەکەمی پەرتووک، هەروەها لە بواری نمایشکردن و یاریکردنیشدا پڵنگە سپییەکان بوونیان هەیە، بە تایبەتی لە نمایشە جادووییەکاندا، یانیش بووە بە نازناوی هەندێک لە نووسەرەکان، کە دەشێت نووسەرەکان بۆ خۆیان دانابێت بۆ دەرخستنی ئەوەی کە کەسێکی تایبەت و ژیرن لە نێو هاوپیشە و هاوڕێکانیاندا، هەروەها لە هەندێک لە فیلم و ئەنیمییەکاندا پڵنگە سپییەکان ڕۆڵی پاڵەوان دەبینن و کەسایەتییەکی تایبەتن، ئەمانەش دەرخەری ئەوەن کە پڵنگە سپییەکان بە درێژایی مێژوو و لە زۆرینەی بوارەکاندا بوونیان هەیە.


سەرچاوەکان



1650 بینین