بڕوانامەی دیبلۆم

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-10-17:17:00 - کۆدی بابەت: 7554
بڕوانامەی دیبلۆم

ناوه‌ڕۆك

بڕوانامەی دیبلۆم چییە؟

دیبلۆم (بە عەرەبی: الدبلوم، بە ئینگلیزی: Diploma) ئەو جۆرە بڕوانامەیەیە کە دەبەخشرێتە خوێندکار دوای بڕینی قۆناغێکی خوێندنی، پلە و ئاستی ئەم بڕوانامەیە بەپێی جۆرەکەیەتی، جۆری دیبلۆمی ناوەند و سەروو ناوەند لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس نزمترە، بەڵام دیبلۆمی باڵا و دیبلۆمی تایبەت لە پلەی بەکالۆریۆس بەرزترە، بڕوانامەی دیبلۆم یەکەمین ئاست و پلەی بڕوانامەکانی زانکۆیە، لە پاش تەواوکردنی ئاستی ئامادەیی ئەو بڕوانامەیە بەدەست دەهێنرێت،  دەکرێت پاش ئەو پلەیە بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش وەربگیرێت.
هەروەها دەکرێت بڕوانامەی دیبلۆم وەکوو خەڵاتێکی ئەکادیمی یاخود وەکوو ڕێزلێنانێک لە دوای تەواوکردنی چەند خول و ڕاهێنانێکی دیاریکراو ببەخشرێتە بەشداربووان.

واتا و مێژووی وشەی دیبلۆم

لە کۆندا بۆ ئاماژەدان بە ڕێکەوتنامەیەک یاخود پەیماننامەیەک، یان بەڵگەنامەیەکی فەرمی وشەی دیبلۆمیان بەکارهێناوە، هەروەها هەندێک بە کورتکراوەی وشەی "دیبلۆماسی" دایدەنێن، ڕەچەڵکی وشەی دیبلۆم یۆنانییە، بە واتای پلەبەندیی زانستییە، هەندێک لە پسپۆڕان پێیان وایە کە بە واتای لاپەڕەی لەبەرگیراوەش دێت. 

تایبەتمەندیی بڕوانامەی دیبلۆم

بڕوانامەی دیبلۆم چەندان تایبەتمەندیی ناوازەی هەیە گرنگترینیان:
ـ ئەم بڕوانامەیە بۆ ئەو کەسانە گرنگ و بایەخدارە کە پسپۆڕییەکیان خوێندوە، بەڵام بە دڵیان نییە و دەیانەوێت لە بوارێکی تردا پسپۆڕی وەرگرن چونکە لە پسپۆڕییەکانی خۆیان ڕازی نیین، بۆیە بڕوانامەی دیبلۆم بۆ ئەو کەسانە هەلێکی زور باشە، چونکە ماوەی خوێندنی ئەم ئاستە کورتترە و خوێندن لە بوارەکانی ئاڵۆز و قورس نییە.
ـ زۆرێک لە بوارەکانی خوێندنی دیبلۆم یان تەکنیکین یاخود بازرگانین، لەدوای بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیە کەسی دەرچوو وەکوو کەسێکی یاریدەدەری پسپۆڕە سەرەکییەکە کار دەکات، نموونەی یاریدەدەری پزیشکی ددان، یاخوود یاریدەدەری کارەبایی.
ـ خوێندن و بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە بەراورد بە بڕوانامەکانی تر، کاتێکی کەم و تێچوویەکی کەمتری دەوێت.
ـ لە زۆر ناوچە و شوێن بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە بەردەستە و دابینکراوە، هەروەها بەش و بواری خوێندن تێیدا هەمەجۆر و جیاوازە.

بڕوانامەی دیبلۆم لە هەرێمی کوردستان

لە پاش تەواوکردنی پۆلی دوانزە و تەواوکردنی ئاستی خوێندنی ئامادەیی، خوێندکار ژیانی زانکۆی دەست پێدەکات و تێیدا ناونیشانی ئەکادیمی بەدەست دەهێنێت، دەتوانێت ڕاستەوخۆ دوای پۆلی دوانزە بڕوانامەی دیبلۆم وەربگرێت پاش خوێندنی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یەکێک دە پەیمانگاکانی هەرێم، نموونەی پەیمانگا تەکنیکییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ پسپۆڕی لە بوارێک وەردەگرێت و پاشان بڕوانامەی دیبلۆم بەدەس دهێنێت. 

جۆرەکانی بڕوانامەی دیبلۆم

جۆرەکانی ئەم بڕوانامەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بەڵام بە گشتی پێنج جۆری سەرەکی هەیە ئەوانیش:
ـ دیبلۆمی ناوەند
ـ دیبلۆمی سەروو ناوەند
ـ دیبلۆمی باڵا
ـ دیبلۆمی گشتی
ـ دیبلۆمی تایبەت 

جیاوازی نێوان بڕوانامەی دیبلۆم و بڕوانامەی بەکالۆریۆس

جیاوازی نێوان بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دیبلۆم لە شێوازی خوێندن و بواری کارکردن و پلەبەندیی پیشەیی و ئاستی مووچەدایە، شێوازی خوێندن لە بڕوانەمەی بەکالۆریۆس زۆرتر و چڕترە و ماوەکەی چوار ساڵە، بەڵام ماوەی خوێندنی دیبلۆم بە گشتی دوو ساڵە، هەروەها جیاوازیی ئاست بەرزییان بەپێی جۆری بڕوانامەی دیبلۆم دەگۆڕێت، جۆری دیبلۆمی ناوەند و سەروو ناوەند لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس نزمترە، بەڵام جۆری بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا و دیبلۆمی تایبەت لە پلەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەرزترە.


سەرچاوەکان



2672 بینین