دەردراوی گۆی مەمک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-10-23:48:00 - کۆدی بابەت: 7556
دەردراوی گۆی مەمک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەردراوی گۆی مەمک (بە ئینگلیزی: Nipple Discharge) هاتنە دەرەوەی هەر شلەیەکە لە گۆی مەمکەوە، نیشانەیەکی زۆر باوە لە خانماندا و دەکرێت حاڵەتی ئاسایی بێت تاکوو ئەوەی کە کێشەیەک بێت لە تەندروستی خانمەکەدا، بە نزیکەیی ١٥ بۆ ٢٠ جۆگەی شیر لە ناو مەمکدا بوونیان هەیە کە هەموویان دەگەن بە گۆی مەمک، هاتنە دەرەوەی دەردراوەکە لەوانەیە بەهۆی یەکێک یاخود هەموو جۆگەکانی شیرەوە بێت.

شێوازی هاتنە دەرەوەی دەردراوی گۆی مەمک 

لەخۆڕایی

واتە دەردراوەکانی مەمک لەخۆیانەوە و لەخۆڕایی دێنە دەرەوە بەبێ پەستان و گوشینی گۆی مەمک.

گوشینی گۆی مەمک

دەردراوەکان تەنها کاتێک دێنە دەرەوە کە گۆی مەمک دەگوشێریت و پەستان دەخەیتە سەری.

دەردراوی ئاسایی و نائاسایی لە گۆی مەمکەوە

هاتنە دەرەوەی شلە لە گۆی مەمکدا زۆر ئاساییە و کاتێک کە کۆمەڵێک ڕێگا بەکاردەهێنیت وەک پەستان خستنە سەر و شێلان و بەکارهێنانی ئامێر بۆ مەمک ٪٥٠ بۆ ٪٧٠ـی خانمان دەردراو لە گۆی مەمکیانەوە دێتە دەرەوە و ئەم دەردراوە پێی دەوترێت دەردراوی فیسیۆلۆجی، بەگشتی ئەم دەردراوانە ڕەنگیان زەرد، شیری، سەوز، و هاتنە دەرەوەیان بەهۆی هۆکارێکەوەیە و لەخۆڕایی نایەنە دەرەوە حاڵەتێکی ئاساییە بەتایبەت لەماوەی دووگیانی و شیرداندا.
بەڵام کاتێک شلەی گۆی مەمک بەبێ هیچ هۆکارێک خۆی دێتە دەرەوە لە کاتێکیشدا کە خانمەکە دووگیان یاخود شیردەر نەبێت نائاساییە و دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ نەخۆشییەکی مەمک کە زۆرینەیان ناشێرپەنجەین.

دەردراوی خوێنی 

دیاریکردنی دەردراوی خوێنی زۆر گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بەخێرایی، هەڵبەتە ئەم دەردراوە خوێنییە زۆرجار نەخۆشی ناشێرپەنجەییە و ئاساییە بەڵام هەندێک کات دەردراوی گۆی مەمک نیشانەیە بۆ شێرپەنجەی مەمک بەتایبەت دەردراوی خوێناوی مەمک، ئەگەر خوێنەکە لەخۆڕایی و بەبێ هیچ پەستانێک لە مەمکێکەوە هاتە دەرەوە پێویستە بەدواداچوونی زیاتری بۆ بکرێت و پشکنینی، مەمۆگرافی، سۆنەر، تیشکی ڕەنین.
دەشکرێت پزیشک پەنا ببات بۆ دەرهێنانی ئەو جۆگەیەی کە گوومانی لەسەرە و شلەکەی لێوە دێتە دەرەوە، لەکۆتایی ماوەی دووگیانی و شیرداندا ئاساییە کە ئەم شلە خوێناوییە ببینرێت، کە ئەویش بەهۆی زیادبوونی لولە خوێنەکان لە سەرەتای دووگیانی و شیرداندا کە دوای منداڵبوون و شیردان نامێنێت.

دەردراوی ئاویی

ئەم جۆرە شلە ڕوون و ئاساییە و جێگای مەترسی نییە.

دەردراوی کێمی 

ئەم جۆرە شلەیە کێمە و بەهۆی تووشبوونی میکرۆبییەوەیە و زۆرجار لە خانمانی شیردەر یاخود ئەو خانمانەی کە لە تەمەنی نائومێدیدان ڕوودەدات، بەگشتی لە یەک مەمکدا دەبینرێت و هەوکردن و سووربوونەوە و ئازار و ڕەقبوونی مەمکی لەگەڵدایە.

دەردراوی ڕەنگدار

ئەو شلانەی بە ڕەنگی سپی، زەرد، قاوەیی، سەوز، لینجی، خۆڵەمێشی بن و خوران و سووتانەوەی مەمکیشیان لەگەڵدا بێت، هۆکاری سەرەکی ئەم دەردراوانە فراوانبوونی جۆگەی سەرەکی مەمکە کە بەهۆی زیادبوونی تەمەنەوە ڕوودەدات و هیچ پەیوەندییەکیان بە شێرپەنجەوە نییە و بەگشتی پاکن.

هۆکارەکان

دەردراوی گۆی مەمک هۆکاری جیاوازی هەیە و بەڵام بە دەگمەن نیشانەیەکن بۆ شێرپەنجە و زۆرجار پاکن، دەردراوی مەمک لەماوەی شیرداندا بەهۆی تووشبوونی میکرۆبی مەمکەوە ڕودەدات لە مەمکێکەوە یاخوود هەردوو مەمکەکەوە، لە حاڵەتی بوونی هەر جۆرە دەردراوێک گرنگە بەدواداچوونی بۆ بکەیت و دڵنیابییتەوە لە هۆکارەکەی.

ئەگزیمای گۆی مەمک

ئەگزیما وشکبوونەوەی نائاساییە و لە گۆی مەمکیشدا ڕوودەدات دەبێتە هۆی دەردراوی مەمک و هەڵدانی پێستەکەی.

شێرپەنجەی مەمک

شێرپەنجەی مەمک هۆکارێکی ناباوی دەردراوی گۆی مەمکە و کەمتر لە ٪٥ـی ئەو خانمانەی کە شرپەنجەیان هەیە دەردراوی گۆی مەمکیان هەیە، شێرپەنجەی مەمکی لە جۆری پاجێت برینی گۆی مەمکی لەگەڵدایە کە دەبێتە هۆی هاتنە دەرەوەی شلەی خوێنی لە مەمکەوە.

بەرکەوتن

زۆر پەستان خستنە سەر مەمک و گوشینی دەبێتە هۆی هاتنە دەرەوەی شلە لە مەمکەوە و یاخود بەرکەوتنی زەبرێکی توند بە مەمک و ئەنجامدانی وەرزشی قوورس.

تووشبوونی میکرۆبی مەمک

ئەم کێشەیە بەزۆری لە خانمانی شیردەردا ڕوودەدات و هەر جۆرە برین یان کونێک لە گۆی مەمکدا دەبێتە هۆی چوونە ناوەوەی میکرۆب بۆ مەمک و دروستبوونی تووشبوونی میکرۆبی مەمک بەهۆی شیردانەوە، لەم حاڵتەدا دەردراوەکە کێمییە و مەمک سووردەبێتەوە و دەئاوسێت و پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە.

دووگیانی 

لە سەرەتاکانی دووگیانیدا هەندێک لە خانمان دەردراوی لینجیان هەیە لە مەمکیانەوە و لە قۆناغەکانی دواتردا ئەم دەردراوانە لەوانەیە بگۆڕێن بۆ ئاویی و شیری.

لەشیربڕینەوه

دوای شیردان هەر دەردراوی مەمک بوونی دەبێت و تەنانەت لەوانەیە ئەم دەردراوە بەردەوام بێت تاکوو دوو ساڵ دوای شیردان ئەم حاڵەتە ئاساییە بەڵام نابێت بەردەوام پەستان بخەیتە سەر مەمک و بتەوێت شلەکان دەربهێنیت.

کیسی ڕیشاڵی مەمک

کیسی ڕیشاڵی مەمک (بە ئینگلیزی: fibrocystic) ئەم جۆرە کیسانە دەبنە هۆی دروستبوونی چەند دەرهاتوویەک لە مەمکدا و لە ئەنجامدا مەمک یەکێک لەم دەردراوانەی لینج، زەرد، سەوزی لێ دێتە دەرەوه، ئەم جۆرە کیسە زۆر باوە و لە نیوەی خانماندا ڕوودەدات و حاڵەتێکی ئاساییە.

هۆڕمۆن

نەخۆشی گالاکتۆریا (بە ئینگلیزی: galactorrhea) واتە دەردانی ناسروشتی شیر لە گۆی مەمکەوە، واتە مەمک دەردراوی هەیە بەبێ ئەوەی خانمەکە دووگیان یاخود شیر بدات. و تەنانەت لە کچانیشدا ڕوودەدات و لە ئەنجامی بەرهەمهێنانی ڕێژەیەکی نائاساییە لە هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین.

بەکارهێنانی دەرمان

دەکرێت هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین چەند دەرمانێک بێت وەک: حەپی دژە دووگیانی، بەکارهێنانی دەرمانی دڵتێکچوون، دەرمانی خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکان، هەروەها بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانیش وەک کۆکایین کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پڕۆلاکتین.

دیاریکردن

کاتێک دەچیتە لای پزیشک دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بزانیت کە پزیشک لێت دەکات کە ئەمانەن:

  • دەردراوەکە چ ڕەنگێکە؟
  • بڕەکەی چەندە؟
  • ئایا لە هەردوو مەمکدا هەیە یاخود تەنها یەکێکیانە؟
  • ئایا لە چەند کونێکی گۆی مەمکەوە دێتە دەرەوە یاخود لە یەک کونەوە؟
  • ئایا لەخۆڕایی دێتە دەرەوە خۆی یاخود پەستانت خستۆتە سەری و مەمکت گوشیووە؟
  • ئایا جگە لە دەردراو نیشانەی دیکەت هەیە وەک، تا، سووربوونەوە، ئازاری مەمک، سەرئێشە، گۆڕانکاری لە بینیندا؟
  • لەم دوایانەدا بەرکەوتنێکی توند یاخود نەشتەرکاری بۆ مەمکت کراوە؟
  • چ دەرمانک بەکاردەهێنیت؟

جگە لەم پرسیارانە پزیشک بەپێی جۆری دەردراوەکە چەند پشکنینێک دەکات بۆ نەخۆشەکە، وەک پشکنینی خوێن، مەمۆگرافی، سۆنەر، تیشکی ڕەنین.

چارەسەر

ئەو دەردراوانەی کە ئاسایین و پێویستیان بە چارەسەر نییە، تەنها خۆپارێزی و دوورکەتنەوە لە پەستان خستنە سەری و گوشیی مەمک بەسە چونکە ئەوانە وادەکەن کە دەردراوەکان زیاتر ببن، و کاتێک دەردراوەکە هۆکارەکەی بەرزی ڕێژەی هۆڕمۆن بێت دەرمان دادەنرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی هۆڕمۆنەکە، هەروەها ئەگەر تووشبوونێکی میکرۆبی بێت دەرمانی دژەبەکتریای بۆ دادەنرێت و ئەگەر کیس بێت کیسەکە دەردهێنرێت، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر شێرپەنجەی مەمک بوو پزیشک چارەسەری تایبەت بە شێرپەنجەی بۆ دەکات.


سەرچاوەکان



4925 بینین