فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خنکانی منداڵی سەروو یەک ساڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-12-22:51:00 - کۆدی بابەت: 7580
فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خنکانی منداڵی سەروو یەک ساڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵ لە هەر تەمەنێکیدا بە زۆر هۆکار ئەگەری خنکانی هەیە، منداڵ هەموو ئەوەی لە بەردەستیاندایە دەیکەن بە دەمیانا یاخود دەکەونە ژێر شت و دەکەونە ناو ئاوەوە، دایکان و باوکان و کەسانی نزیکی منداڵەکە پێویستە بزانن چۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ حاڵەتێکدا کە تێیدا منداڵەکەیان دەخنکێت، دەبێت هەوڵی خۆیان بدەن و فریاگوزاری سەرتایی بۆ ئەنجام بدەن.

هەنگاوەکانی فریاگوزاری سەرەتایی

بەخێرایی بەدواداچوون بکە بۆ بارودۆخی منداڵەکەت

ئەگەر منداڵێک لەناکاو توانای گریان و کۆکەی لەدەست دا بەدڵنییایەوە شتێک لە قوڕگیدا گیراوە و ڕێڕەوی هەناسەدانی گرتووە و لە حاڵەتی خنکاندایە.

نیشانەکان

لەوانەیە منداڵەکە کاتێک دەمی دەکاتەوە چەند دەنگێکی نائاسایی دەربکات یاخود بە هیچ شێوەیەک دەنگ دەر نەکات.

پێستی سوور و شین دەبێتەوە

ئەگەر منداڵەکە دەکۆکێت یان دەنرکێنێت واتە ڕێڕەوی هەناسەدانی تا ڕادەیەک گیراوە و بهێڵە بەردەوامبێت لە کۆکە چونکە کۆکە کردن باشترین ڕێگایە بۆ هاتنە دەرەوەی تەنی نامۆ لە قوڕگی منداڵەکەدا.

ئەگەر منداڵەکە ناکۆکێت و ناتوانێت تەنە نامۆکە لە قوڕگی بکاتە دەرەوە و شین بووەتەوە و دەبوورێتەوە بەردەوام فریاگوزاری سەرەتاییشی بۆ ئەنجام دەدەیت و سوودی نابێت ئەوا پەیوەندی بکە بە فریاکەوتنەوە.

ڕێگاکانی ڕزگارکردنی منداڵی سەروو یەک ساڵ لە خنکان

دوای ئەوەی کە دڵنیابوویتەوە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە ڕێگەدایە دەتوانیت چەند ڕێگایەک بەکاربهێنیت.

کێشان بە پشتدا

ئەگەر منداڵەکە بە ئاگایە و بەڵام ناتوانێت بکۆکێت یان قسە بکات و هەناسە بدات و یاخود پێستی دەستی کردووە بە شینبوونەوە لە پشتییەوە ڕاوەستە یاخود بکەوە سەر ئەژنۆ، دواتر لەپی دەستت بخەرە سەر سنگی منداڵەکە و بیچەمێنەرەوە بۆ پێشەوە، لەپی دەستەکەی ترت بە توندی بکێشە بە ناوەڕاستی پشتی منداڵەکەدا بۆ سەرەوە، هەر پیداکێشانێک دەبێت نێوانیان وەک یەک بێت و هەوڵدانێکی گرنگ بێت بۆ ڕزگارکردنی منداڵەکە، پێنج جار ئەم پێداکێشانە دووبارە بکەرەوە و دواتر کێشهاتنی سک دەست پێ بکە.

کێشهاتنی سک

هەردوو قاچت جووت بکە و لە پشتی منداڵەکەوە ڕاوەستە یاخود بکەوە سەر ئەژنۆ، دەستەکانت بپێچە لە کەمەری منداڵەکە بەو شێوەیەی کە وەک بڵێی بتەوێت لە پشتەوە باوەشی پێدا بکەیت، دەستت بلکێنە بە یەکەوە و لە سەرووی ناوکی منداڵەکەوە و ڕێک ژێر ئێسکەکانی سنگیدا دایبنێ و بە پێنج لێدانی خێرا و کورت سنگی دەگوشیت بۆ ناوەوە و سەرەوە، بەشێوەیەک پاڵ دەنێیت بە سنگیییەوە کە بۆ سەرەوە بێت، بەردەوامبە لە پێنج کێشان بە پشتیدا سنگ گوشین و پاڵنانی بۆ سەرەوە لە پێشەوە تاکوو تەنەکە دێتە دەرەوە لە قوڕگیدا و منداڵەکە دەکۆکێت یاخود دەگری و قسە دەکات و ئەگەر دەستیکرد بە کۆکە لێیگەڕێ بکۆکێت تاکوو تەنە نامۆکە دێتە دەرەوە.

بووژاندنەوەی دڵ و سییەکان 

ئەگەر هاتوو منداڵەکە هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبوو دوای ئەو هەنگاوانە ئەوە لە حاڵەتی خنکاندایە و پێویست دەکات کە بووژاندنەوەی دڵ و سییەکانی بۆ بکەیت، بەم ڕێگایانەی خوارەوە:

شێلانی دڵ 

منداڵەکە پاڵبخە لەسەر پشت لەسەر شوێنێکی ڕەق و تەخت، نابێت جێگاکەی نەرم و قووڵ بێت، دەستت بخەرە سەر سنگی منداڵەکە و ئەگەر بچووکە تەنها دەستێکت بەسە بەڵام ئەگەر منداڵەکە گەورەیە و چوار بۆ پێنج ساڵ دەبێت دەستەکەی تریشت وەک و پاڵپشتێک بخە سەر دەستەکەی ترت، پاڵ بنێ بە سنگی منداڵەکەوە بەنزیکەیی پێنج سانتیمەتر بۆ خوارەوە و ئەم کارە ٣٠ جار ئەنجام بدە و بەردەوامبە یەک لەدوای یەک بەشێوەیەکی توند و خێرا و نێوان پەستانەکان وەک یەک بێت، بەجۆرێک کە پەستانی یەکەم دەخەیتە سەر سنگی بهێڵە چەند چرکەیەکی کەم نێوانی هەبێت واتە با سنگی بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی دوای پەستانی یەکەم و ئینجا پەستانی دووەم دەست پێ بکە و بەو شێوەیە بەردەوامبە تاکوو ٣٠ پەستان و بە دەنگی بەرز بیژمێرە یەک دوو سێ....
دەمی منداڵەکە بکەرەوە و سەیری بکە ئەگەر خنکانەکەی بەهۆی تەنی نامۆوەیە و تەنە نامۆکە دەبینیت لە دەمیدا ئەوا دەریبهێنە بەڵام ئەگەر تەنەکە لە قوڕگیدایە بە هیچ شێوەیەک دەست مەکە بە دەمیدا چونکە لەوانەیە لەوکاتەدا پاڵ بنێیت بە تەنەکەوە زیاتر بچێتە ناوەوە بۆ ناو ڕێڕەوی هەناسەدانی.

هەناسەی دەستکرد

ئەگەر ناتوانیت تەنە نامۆکە دەربهێنیت و منداڵەکەش هیچ وەڵامدانەوەیکی نەبوو دەبێت دەست بکەیت بە پێدانی هەناسەی دەستکرد، سەری منداڵەکە بە دەستکێت پاڵ بنێ بۆ سەرەوە و بە دەستەکەی ترت چەناگەی بەرز بکەرەوە تاکوو ڕێڕەوی هەناسەدانی بکرێتەوە، لووتی منداڵەکە دابخە و دەمی بکەرەوە و هەناسەیەک هەڵمژە و دەم بخەرە سەر دەمی و بە ئەندازەی دەمی ئەو دەمت دابنێ، ئەگەر هیچ بەرزبوونەوەیەکی سەر سنگی نابینیت دووبارە دەس پێ بکەرەوە بە سنگ شێلان ٣٠ جار و دوای ئەوە دوو هەناسەی دەستکردنی پێ بدە و لەم کارە بەردەوامبە تاکوو تەنەکە دێتە دەرەوە و منداڵەکە دەست دەکات بە هەناسەدان.

گەیشتنی فریاکەوتن

تەنانەت ئەگەر منداڵەکەش هاتەوە هۆش خۆی و توانیت ڕزگاری بکەیت و هەناسەدانی بۆ گەڕایەوە هەر پێویستە کارمەندانی فریاکەوتن و پزیشک بیبین بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن بۆ ڕێڕەوی هەناسەدانی بزانن ئایا بەتەواوی کراوەتەوە یاخود نا و منداڵەکە تووشی هیچ جۆرە کێشەیەکی ناوەکی نەبووەتەوە.


سەرچاوەکان



1673 بینین