بڕوانامەی ماستەر

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-13-15:16:00 - کۆدی بابەت: 7586
بڕوانامەی ماستەر

ناوه‌ڕۆك

بڕوانامەی ماستەر چییە؟

بڕوانامەی ماستەر یان ماجستێر (بە عەرەبی: الماجستیر، بە ئینگلیزی: Master) پلەیەکی زانستی بەرزی خوێندنی باڵایە لە بواری پسپۆڕییەکی دیاریکراودا، لەدوای بەدەست هێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەکرێت بڕوانامەی ماستەریش بەدەس بهێنرێت و ماوەی خوێندنی دوو ساڵە، ژمارەی هەر کۆرسێکی خوێندن کە خوێندکار لە ماوەی ئەو دوو ساڵە وەریدەگرێت بەندە بە پسپۆڕی و بەشەکەیە، ساڵی یەکەمی وەکوو دسپێک و ئامادەکارییە، چەند وانەیەکی سەرەکی و دیاریکراوی پەیوەست بە بەشەکەیەوە دەخوێنێت، دواتر لە ساڵی دووەم دەست دەکات بە ئامادەکردنی توێژینەوەی زانستی لەسەر بابەتتێکی پەیوەستدار بە پسپۆڕییەکەیەوە، دەتوانرێت ئەم بڕوانامەیە لەکاتی پیشە و کارکردندا بەدەست بهێنرێت. 

جۆر و بوارەکانی بڕوانامەی ماستەر

ـ ماستەری ئەندازیاریی Master Of Engineering (M.Eng)
ـ ماستەری زانست (Master of Scienc (M.Sc
ـ ماستەری ئاداب و هونەر  Master of Art (M.A)
ـ ماستەری بەڕێوبەردنی کار Master of Business Administration (MBA)
ـ ماستەری یاسا Master of Laws (LL.M)
ـ ماستەری فەلسەفە Master of Pilosophy(M.Phil)
ـ ماستەری پزیشکی Master of Medical (M.B.CHB) 

هەلومەرجەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر

ـ هۆکار و ئامانجی بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە بۆ خۆت دیاری بکە، واتا پێش ئەوەی دەسپێبکەیت هەوڵبدە وەڵامی چەند پرسیارێک بدەیتەوە، لەوانە ئایا بۆچی هەوڵی بەدەسهێنانی بڕوانامەی ماستەر دەدەیت، هۆکاری هەوڵدانت بۆ بەدەسهێنانی ئەم بڕوانامەیە لە حەزی قوڵبوونەوە لە پسپۆڕییەکەت سەرچاوەی گرتووە یان تەنها دەتەوێت لە ڕێگەی ئەم بڕوانامەیەوە پیشەیەکی دیاریکراو و مووچەیەکی بەرزتر دابین بکەیت.
ـ هەڵبژاردنی زانکۆیەکی گونجاو، پێش ئەوەی بۆ خوێندنی ماستەر پێشکەشی هەر زانکۆیەکی بکەیت، لە سەرەتادا لە زانکۆکە دڵنیابە و لە ئاستی زانستی و مامۆستاکانی بکۆڵێرەوە لە ڕێگەی پرسیار کردن و بەدواداچوون.
ـ دیاریکردنی جۆری پڕۆگرامی خوێندنت بۆ بەەدسهێنانی بڕوانامەکەت، لە ماستەردا دوو پڕۆگرام هەیە، پڕۆگرامی ماستەری Taught فێرکردن و پڕۆگرامی ماستەری Research توێژینەوە.
ـ وانەکانی خوێندنی ماستەر پەیوەستە بە بەشی پسپۆڕییەکەتەوە، بۆیە جیاواز و هەمەجۆرن، پێویستە پێش وەرگیران لە زانکۆ بۆ بەدەستهێنانی ماستەر بیرۆکەت لەسەر ئەو وانانە هەبێت.
ـ بڕی تێچووی بەدەسهێنانی ماستەر ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دیاریکردنی پسپۆڕی، بڕی تێچوو لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی تر دەگۆڕێت، دەکرێت لە ڕێگەی پێدانی بەخششی زانکۆوە ئەم بڕوانامەیە بخوێنیت.
ـ بەدەسهێنانی بڕوانامەی ماستەر بەندە بە بەدەسهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و پلە و نمرەی ئەو بڕوانامەیە، دەکرێت ئەگەر نمرەکانی زانکۆت بەرز بوون یان لە یەکەمەکانی زانکۆ بوویت هەلی ماستەر لە وڵات و زانکۆکەی خۆتدا بەدەسبهێنیت و بۆت ئاسانتر دەبێت.

بایەخ و سوودی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر

ـ ئاسانکاریی لە دابینکردنی چەندان هەلی جیاواز و هەمەجۆری پلە و پۆستی باڵا لە پسپۆڕییەکەتدا.
ـ بەرزکردنەوەی ئاست و پلەبەندیی پیشەیی.
ـ دابینکردنی داهاتێکی باش و بەرز.
ـ هەڵگری بڕوانامەی ماستەر دەتوانن زانکۆکان وانە بڵێنەوە. 

جیاوازی نێوان بڕوانامەی بەکالۆریوس و بڕوانامەی ماستەر

ـ ماوەی خوێندنی مستەر دوو ساڵە، بەڵام ماوەی خوێندنی بڕوانامەی بەکالۆریس چوار ساڵە.
ـ پلە و ئاستی بڕوانامەی ماستەر لە ئاستی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەرزترە، بۆ بەدەسهێنانی بڕوانامەی ماستەر پێویستە بڕوانامەی بەکالۆریست هەبێت.
ـ هەموو پسپۆڕییەک بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بۆ دابین کراوە و لە هەموو زانکۆیەک بەردەستە، بەڵام ئەو زانکۆیانەی بڕوانامەی ماستەری لێ بەدەس دەهێنرێت دیاریکراوە، هەموو زانکۆیەک ماستەری تێدا بەردەست نییە.
ـ بەدەستهێنان و وەرگرتنی خوێندکار لە ماستەر بەپێی چەند تاقیکردنەویەکی تایبەت و دیاریکراو و بەندە بە پسپۆڕییەکەوە، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی بەکالۆریۆس دەتوانیت بە بڕوانامەی دیبلۆم یاخود بڕوانامەی ئامادەییەوە بەپێی نمرە و پسپۆڕییەکەت ناوت لە یەکێک لە زانکۆکان تۆمار بکەیت.


سەرچاوەکان



2515 بینین