منداڵبوونی درێژخایەن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-13-23:38:00 - کۆدی بابەت: 7593
منداڵبوونی درێژخایەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵبوون ئەزموونێکی تایبەتە بۆ هەر ژنێک جیاوازی نییە ئەگەر بێت و یەکەم منداڵی بێت و یاخود کۆتا منداڵی بێت، منداڵبوون کۆمەڵێک گرژبوونی لەگەڵدایە و بە چەند قۆناغێکدا دەڕوات و هەر قۆناغە و کاتی خۆی هەیە و ماوەی منداڵبوونەکە لە ژنێکیشەوە بۆ ژنێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام هەندێک کات ماوەی منداڵبوون درێژە دەکێشێت و لە حاڵەتی ئاسایی خۆی لادەدات.

منداڵبوونی درێژخایەن چییە؟

هەندێک کات منداڵبوون بە ڕێژەیەکی نائاسایی درێژە دەکێشێت، ئەو ژنانەی بۆ یەکەمین جار دەبنە دایک بەشێوەیەکی گشتی ماوەی منداڵبوونەکەیان ١٢ بۆ ١٨ کاتژمێر دەخایەنێت وە ئەگەر منداڵی دووەم و سێیەمیان بێت ئەوە ماوەی منداڵبوونەکە دەبێت کەمتر بێت لەوە و خێرایی منداڵبوونەکە زیاتر بێت، ئەگەر هات و منداڵەکه دوای ٢٠ کاتژمێری بەردەوام لە ژان و گرژبوون هەر لەدایک نەبوو ئەوە ژنەکە لە حاڵەتی منداڵبوونی درێژخایەندایە و بەگوێرەی قسەی شارەزایان پڕۆسەی منداڵبوونی درێژخایەن بە ١٨ بۆ ٢٤ کاتژمێر ڕوودەدات.

هۆکارەکان

  • منداڵەکە زۆر گەورەیە و ناتوانێت بە ڕێڕەوی منداڵبووندا بجووڵێت.
  • شێوازی وەستانی منداڵەکە نائاساییە، کە حاڵەتی ئاسایی ئەوەیە منداڵەکە سەری لە خوارەوە بێت.
  • بچووکی و تەسکی ڕێڕەوی منداڵدان.
  • گرژبوونەکانی دایکەکە زۆر لاوازە.

هەنگاوەکان

پزیشک و پەرستاران کاتێک دەزانن کە منداڵبوونەکەت درێژ بووەتەوە چەند هەنگاوێک دەگرنە بەر و بەدواداچوون دەکەن بۆ:

  • ژمارەی گرژبوونەکان
  • هێزی گرژبوونەکان 
  • هەروەها ئەنجامانی کۆمەڵێک پشکنین 
  • دانانی ئامێری پێوەری هێزی گرژبوونی منداڵدان (IUPC), ئامێرێکی بچووکە لە منداڵداندا لەلای منداڵەکەدا دادەنرێت نەک تەنها یارمەتی پزیشک دەدات کە کاتی دەستپێکردنی گرژبوون بزانێت بەڵکوو هێزی گرژبوونەکەش دەپێوێت، ئەگەر پزیشکەکە بۆی دەرکەوت کە گرژبونەکان بە ئەندازەی پێویست بەهێز نییە ئەوا دەگەڕێت بۆ چارەسەر و لەم کاتەدا ئەگەری زۆرە دەرزی ژان بەکاربهێنێت.
  •  بەکارهێنانی پێوەری لێدانی دڵی کۆرپەلە (EFM) بۆ پێوانی لێدانی دڵی منداڵەکە و ئاگاداربوون لە تەندرووستی منداڵەکە

لێکەوتەکان

دەکرێت مەترسیدار بێت بۆ منداڵەکە و چەند کێشەیەکی بۆ دروست بکات وەک:

  • بڕی کەمی ئۆکسجین بۆ منداڵەکە
  • لێدانی نائاسایی دڵی منداڵەکە
  • بوونی ماددەی نائاسایی لە شلەی سەراودا 
  • تووشبوونی میکرۆبی منداڵدان

چارەسەر

پزیشک پێت دەڵێت کە کەمێک پشوو بدە و هەندێک کات دەرمانی ئازارشکێنت پێ دەدات و پێدانی دەرمانی دیکە پەیوەستە بەوەوەی کە ئایا بۆچی منداڵبوونەکە درێژەی کێشاوە و دەبێت هۆکارەکەی بدۆزرێتەوە ئینجا چارەسەری بکەن، ئەگەر منداڵەکە دەمێک بێت کە هاتبێتە ناو ڕێڕەوی منداڵبوونەوە و لەوێدا بێت ئەگەری زۆرە کە ئامێری فۆرسێپس بە ئینگلیزی (Forceps) کە ئامێرێکە وەک مەقاشە و یارمەتی ڕاکێشانی سەری منداڵەکە دەدات و دەیهێنێتە دەرەوە، وە ئەگەر پێویست بکات پزیشک بڕیار دەدات کە دەرزی پێتۆسین بدات کە دەرزییەکە ناسراویشە به ژانی دەستکرد بۆ ئەوەی گرژبوونەکان زۆر ببن و زووتر منداڵەکە بێتە دەرەوە، ئەگەر هاتوو گرژبوون زیادی کردوو و بەڵام منداڵبوونەکە وەستابوو و خانمەکە توانای منداڵبوونی نەبوو ئەوا پێویستە بە نەشتەرکاری منداڵبوون منداڵەکە ببێت.


سەرچاوەکان



1367 بینین