ڕێگاکانی خۆشبەختی چین؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-16-15:15:00 - کۆدی بابەت: 7613
ڕێگاکانی خۆشبەختی چین؟

ناوه‌ڕۆك

خۆشبەختی چییە؟

بەشێوەیەکی گشتی خۆشبەختی حاڵەتێکی ڕۆحی و دەروونیی تایبەتە کە هاوتایە لەگەڵ هەستکردن بە دڵخۆشی و چێژوەرگرتن لە ساتەکانی ژیان، کەسی خۆشبەختیش ئەوەیە کە دڵخۆشە بەو بارودۆخ و شتانەی هەیەتی، زۆر کەس بڕوایان وایە کە خۆشبەختی لە ژیاندا پەیوەستە بە پارە، کار، ناوبانگ و تەندروستی، بەڵام ئەم بۆچوونە هەڵەیە و مەرج نییە وابێت، ئەگەر ئێوە نەتوانن بەو شێوەیەی کە هەن و بەو بارودۆخەی هەتانە دڵخۆش و شاد ببن، ئەوە ئەگەر تەنانەت بگەن بە هەموو ئامانجەکانیشتان دڵخۆش نابن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە کاتێک بە ئامانجەکانتان دەگەن، ئیتر بە بێتاقەتی و ناڕەزایی ڕاهاتوون، دڵخۆشی ڕازێکی خۆشبەختییە، هەڵبژاردنێکە نەک ڕووداوێک. 

ڕێگا و کلیلی گەیشتن بە خۆشبەختی چییە و چۆن فێری ببین؟

یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بە خۆشبەختی ئەوەیە کە بزانن خۆشبەختبوون مافی ئێوەیە و تەنها بۆ ئەوانی تر نییە، لەبری هەڵپەساردنی خۆشبەختی، هەوڵبدەن چێژ لە هەموو ساتەکان وەربگرن، هەوڵ بدەن ئەمە بکەن بە شێوازی ئاسایی ژیانتان، ئەگەر بەدوای ڕازی خۆشبەختیدا دەگەڕێن لە ژیاندا لەبیرتان بێت، تاکە کەس کە دەتوانێت بێ بەشتان بکات لەو خۆشبەختییەی کە شایەنتانە، کەس نییە جگە لە خۆتان، لە ڕاستیدا هەموو شتێک پەیوەستە بە خۆتانەوە ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێت خۆشبەخت بن، واز لەوە بێنن کە وا نەبن! لە هەموو ساتێکدا چێژ لە هەموو ئەو شتانە وەربگرن کە هەتانە، لەکۆتاییدا هەموو مرۆڤەکان لە ژیاندا شتانێکیان هەیە کە سەرچاوەی دڵخۆشییان بێت، هەوڵ بدەن لەبری ژماردنی دڕکەکان لە ژیاندا، گوڵەکان بژمێرن، لێرەدا کۆمەڵێک تەکنیک بۆ گەیشتن بە خۆشبەختی و ژیانێکی باشتر دەخەینەڕوو، بەڵام لەبیرتان بێت دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر(بۆ نموونە سێ مانگ و زیاتر) بە وردی ئەنجامیان بدەن تا کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ببینن.

  1. زووتر لە خەو هەڵبستن: هەوڵ بدەن هەمیشە بەیانیان زوو لەخەو هەڵبستن، بە شێوەیەک هەڵهاتنی خۆر ببینن، ئەو کاتەی کە تیشکی خۆر، جێگای تاریکی دەگرێتەوە لەسەر زەوی یەکێکە لە جوانترین دیمەنەکانی ژیانتان، ئەم دیمەنە لەدەست مەدەن، لەوانەیە بپرسن ئەمە بۆچی ڕێگای گەیشتنە بە خۆشبەختی؟! زوو هەڵسان لە بەیانیاندا دەتانگۆڕێت بۆ کەسێکی جیاواز. کەسێک کە دووردەکەوێتەوە لە شتی بێ واتا و خاوەن ئامانجی باشی هەیە.
  2. وەرزشکردن: چەند جووڵەیەکی سادەی وەرزشی فێرببن و ڕۆژانە ئەنجامی بدەن، بەم شێوەیە دوور دەبن لە نەخۆشی و لەشساغتر دەبن، هەر ئەم کارە سادانە ڕێگای گەیشتنە بە خۆشبەختی چونکە وەرزشکردن دەبێتە هۆی ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان و هەستێکی باشترتان دەبێت، خواردنەوەی چەند پەرداخێک ئاویش لە شەو و ڕۆژدا، هەم یارمەتی کۆئەندامی هەرس دەدات هەم وزەی تازەمان دەداتێ تا بتوانین شادتر بین.
  3. سەیری دەورووبەر بکەن، بەڵام بە سەرنجی زیاترەوە: کاتێک ماوەیەکی زۆر لە ژوورێک بەسەر دەبەن، دوای ماوەیەک ماندوو و بێزار دەبن، لەم کاتانەدا لە ژوورەکە وەرنە دەرەوە و سەیری ئاسمان بکەن، چێژ لە هەناسەدان وەربگرن لە هەوای ئازادا. بیستووتانە دەڵێن لەگەڵ سروشت ئاشت ببنەوە؟ هەندێکمان بەڕاستی زویرین لە سروشت.
  4. هەستکردن بە ئارامی: یەکێک لە ڕازەکانی خۆشبەختی لە ژیانی تایبەتدا ئەوەیە کە بەڕاستی هەست بە ئارامی بکەن. ئەم هەستی ئارامییەش کاتێک بۆتان دروست دەبێت کە ڕق و کینەتان لە دڵدا نەبێت و چاوەڕێی هیچ لە کەس نەکەن. کاتێک کەسێک ڕەخنەیەکی نابەجێتان لێدەگرێت یان قسەیەکی ناخۆشتان پێ دەڵێت، باشترین ڕێگا ئەوەیە کە لەبیری بکەن. ئەگەر مێشکتان بەم شتانەوە سەرقاڵ بکەن، وزەیەکی نەرێنی زۆر لە بوونتاندا دروست دەبێت کە دواتر دەگۆڕێت بە ڕق و کینە و تەنانەت خواستی تۆڵە کردنەوە. ئەم هەستانەش ڕێگرن لە شادی.
  5. میهرەبان بن: ئەگەر لە دیدێکی ڕەشبینانەوە سەیربکەین، باشەمان بۆ هەر کەسێک هەبوو، خراپەمان لێ بینی. ئەگەر وا بیردەکەنەوە ئەوا بە خێرایی لە ڕێگای خۆشبەختی دوور دەکەونەوە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کاتێ میهرەبان دەبین، میهرەبانییش دەبینین. تەنانەت ئەگەر ئەم میهرەبانییە زەردەخەنەیەک یان هەواڵپرسینێکی گەرم و گوڕ بێت.
  6. کێشەکان بە بەهێزکەری خۆتان بزانن و لێیان مەترسن: هەر کاتێک توشی کێشەیەک بوون چی لەگەڵ کەسێک یان لەگەڵ ڕووداوێک، وەکوو دەرفەتێک بیبینن بۆ بەهێزکردنی تواناکانتان. کێشەکان بەشێکن لە ژیان کە ئەگەر پەسەندیان نەکەن و نەتانەوێت لێیان تێپەڕن، بە هەستی ئارامی و ڕازیبوون ناگەن. کلیلی خۆشبەختی لە ژیاندا ئەوەیە کە کێشەکان پەسەند بکەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.
  7. هەمیشە سوپاسگوزار بن: گەیشتن بە خۆشبەختی گرێدراوە بە سوپاسگوزاری و نرخ دانان بۆ شتەکان. سوپاسکردن لەبەرانبەر بچووکترین کار کە بۆت دەکەن، لەبەرانبەر نچوکترین شت کە هەتە دەتکاتە کەسێکی شاد و ڕەزامەند لە ژیان.
  8. بیر لە ئارەزوو و ئامانجی گەورە بکەنەوە: هەمیشە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان خەیاڵکردن و بەرزەفڕی. ئەگەر سەقفی ئارەزووەکانتان نزم بێت، هەر بەو ئەندازەیەش گەشە دەکەن. هەرچەند ئامانجی گەورەترتان هەبێت، هەوڵی زیاتر بۆ بەدەست هێنانیان دەدەن و بەدڵنیاییەوە بە ئاستێکی بەرزتر دەگەن لە ژیان و ڕەزامەندتر دەبن.
  9. هەمیشە ڕاستگۆیانە ڕەفتار بکەن: بۆچی ڕاستگۆیی ڕێگایەکی خۆشبەختییە؟ چونکە هەستێکی ئێجگار ئەرێنی دروست دەکات و وادەکات زیاتر خۆتان خۆشبوێت. درۆکردن ئازاری ویژدان دروست دەکات بەبێ ئەوەی هەست بکەین، هەمیشە ترس لە ئاشکرابوونی درۆکە دەمانخاتە نیگەرانییەوە. ئەم نیگەرانی و ترسە بێ بەشمان دەکات لە دڵخۆشی و ئارامی.
  10. پێویستە ئاستی زانست و زانیاریتان بەرز بکەنەوە.
  11. بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی ئەنجام مەدەن.
  12. زیاتر گوێ بگرن و کەمتر قسە بکەن.
  13. ئەو شتەی کە ناتوانن بیگۆڕن قبوڵی بکەن.
  14. کاتی زیاتر بۆ خۆتان تەرخان بکەن و کات لەگەڵ خۆتان بەسەر ببەن.
  15. هاوڕێی باش و ڕاستەقینە پەیدا بکەن.
  16. لەگەڵ ئەو کەسانە بن کە زەردەخەنە دەخەنە سەر ڕوخسارتان.
  17. مەگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو.
  18. هەمیشە بۆ خۆتان پاشەکەوت بکەن بۆ ئەو کاتانەی کە پێویستییەک دەبێ یان کێشەیەکی ماددی، بتوانن چارەسەری بکەن.
  19. فێرببن داوای لێبوردن بکەن.


سەرچاوەکان



2250 بینین