دوورگەی نۆرفۆک

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-17-21:50:00 - کۆدی بابەت: 7624
دوورگەی نۆرفۆک

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دوورگەی نۆرفۆک

دوورگەی نۆرفۆک (بە ئینگلیزی: Norfolk Island)، هەرێمێکی دەرەکی وڵاتی ئوسترالیایە و دەکەوێتە ئۆقیانوسی هێمن لە نێوان نیوزلاند و نیو کالیدۆنیا، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ 1,412 کیلۆمەتر (877 میل) دوورە لە ڕۆژهەڵاتی شاری ئێڤانس هێدی ئوسترالیا، وە نزیکەی 900 کیلۆمەتر (560 میل) دوورە لە دوورگەی لۆرد هاو (Lord Howe)، ئەم دوورگەیە پێکەوە لەگەڵ دوورگە دراوسێکانی دوورگەی فیلیپ و دوورگەی نیپیان هەرێمی دوورگەی نۆرفۆک پێکدەهێنن، هەروەها لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 2016دا ژمارەی دانیشتوانی دوورگەی نۆرفۆک 1748 کەس بوو لە ڕووبەرێکی نزیکی 35 کیلۆمەتر دووجا (14 میل دووجا)ـیدا، وە پایتەختی ئەم دوورگەیە شاری کینگستۆنە.

یەکەم نیشتەجێی زانراوی دوورگەی نۆرفۆک گەلی پۆڵینیزی خۆرهەڵاتی بوون، بەڵام لەو کاتەی کە هاوڵاتیانی بەریتانیای مەزن لەوێ جێگیربوون وەکو بەشێک لە جێگیرگەی ئوستڕالیا لە ساڵی 1788 گەلی پۆڵینیزی ئەم دوورگەیان چۆڵکرد و ڕۆشتن، هەروەها ئەم دوورگەیە لە 6ی ئازاری ساڵی 1788 ەوە هەتا 5ی ئایاری ساڵی 1855 وەکو سزای کەسیی تاوانبار بەکارهێنراوه و تاوانباریان ناردووە بۆ ئەم دوورگانە و لێرەدا هێڵراونەتەوە، جگە لەو کاتەی کە ناوچەکە چۆڵکراوبوو و بەمەش سزاکە بۆ ماوەی 11 ساڵ لەنێوان 15ی شوباتی 1814 و 6ی حوزەیرانی 1825 ڕاگیرا، هەروەها لە 8ی حوزیرانی 1856 کاتێک وەچەی یاخییەکانی باونتی لە دوورگەی پیتکەیرن هەواریان پێ گواسترایەوە دەستکرا بە دروستکردنی نشینگەیی هەمیشەیی لە دوورگەی نۆرفۆکدا، لە ساڵی 1914 شانشینە یەکگرتووەکان دوورگەی نۆرفۆک‌یان دایە دەست وڵاتی ئوستڕالیا بۆئەوەی وەکو هەرێمێکی دەرەکی بەڕێوەی ببات.

هەروەها دار سنەوبەرە هەمیشەسەوزەکانی دوورگەی نۆرفۆک هێمایەکی دوورگەکەیه و لەسەر ئاڵای دوورگەکە نەخشێنراوە، دار سنەوبەر هەناردەیەکی سەرەکی دوورگەی نۆرفۆک و دارێکی جوانکاری بەناوبانگە لە وڵاتی ئوسترالیا و هەموو جیهاندا.

دوورگەی نۆرفۆک خاوەنی 174 جۆر ڕووەکی ڕەسەنە کە 51 جۆریان نیشتیمان نشینی ناوچەکەن، وە بەلایەنی کەمەوە 18 جۆر لەم ڕووەکە نیشتیمان نشینانە دەگمەنن یان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، هەروەها دارخورما و درەختی سەرخەسی نەرم و درێژترین درەختی سەرخەس لە جیهاندا لە پارکی نەتەوەیی دوورگەی نۆرفۆک باون بەڵام لە شوێنەکانی تری دوورگەکەدا دەگمەنن.

لەڕووی جوگرافییەوە

دوورگەی نۆرفۆک دەکەوێتە باشووری زەریای هێمن لە ڕۆژهەڵاتی بەشی سەرەکی کیشوەری ئوسترالیا، دوورگەی نۆرفۆک خۆی دوورگەی سەرەکی ئەو کۆمەڵە دوورگەیەیە کە هەرێمەکه لەخۆی گرتوون و دەکەوێتە 29°02′ باشوور 167°57′ خۆرهەڵات، هەروەها ڕووبەرەکەی 34.6 کیلۆمەتری چوارگۆشە (13.4 میل دووجا) دەگرێتەوە، کە هیچ تەنێکی گەورەی ناوەکی ئاوی لێ نییە وە 32 کیلۆمەتر (20 میل) هێڵی کەناری دەریاوە دوورە، نۆرفۆک لە چەند تەقینەوەیەکی گڕکانی لە نێوان 3.1 و 2.3 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دروست بووە.

بەرزترین شوێنی دوورگەکە چیای بەیتسە کە 319 مەتر (1,047 پێ) لە ئاستی دەریاوە بەرزە و دەکەوێتە چارەکە بازنەی باکووری ڕۆژئاوای دوورگەکە، هەروەها زۆربەی زەوییەکانی ئەم دوورگەیە بۆ ئاژەڵ‌داری و کشتوکاڵ گونجاون، دوورگەی فیلیپ کە دووەم گەورەترین دوورگەی ناوچەکەیە، دەکەوێتە 29°07′ باشوور 167°57′ خۆرهەڵات، حەوت کیلۆمەتر (4.3 میل) دوورە لە باشووری دوورگەی سەرەکی.

کەشوهەوا

دوورگەی نۆرفۆک کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی دەریایی و ناوچەی هێڵی پانی ناوەڕاستی هەیە، پلەی گەرما هەرگیز بۆ ژێر 6 پلەی سیلیزی دانابەزێنێت و هەرگیز بۆ سەرووی 30 پلەی سیلیزی بەرز نابێتەوە، زۆرترین پلەی گەرمی تۆمارکراوە 28.4 پلەی سیلیزییە، لەکاتێکدا کەمترینی پلەی گەرمی 6.2 پلەی سیلیزییە، هەروەها ڕێژەی باران بارینی ساڵانەی ئەم دوورگەیە نزیکەی 1100 ملیمه، لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی نیسانەوە بۆ مانگی ئاب زۆرترین ڕێژەی باران بارین تۆماردەکرێت.


سەرچاوەکان



433 بینین