خۆپێشاندانەکانی حەڤدەی شوبات

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-18-20:02:00 - کۆدی بابەت: 7629
خۆپێشاندانەکانی حەڤدەی شوبات

ناوه‌ڕۆك

حەڤدەی شوبات

خۆپێشاندانی حەڤدەی شوبات یان ناڕەزایییەکانی ٢٠١١ی باشووری کوردستان (بە ئینگلیزی: 2011 Kurdish protests in Iraq، بە عەرەبی: الاحتجاجات الكردية في العراق عام 2011). زنجیرەیەک خۆپێشاندان و گرژی دوای هەڵگیرسانی شۆڕش و خۆپێشاندانەکانی بەهاری عەرەبی و خۆپێشاندانەکانی عێراق بوو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١١، دژی گەندەڵی و ستەمی دەسەڵات. هاوشان لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی باکووری کوردستان و وڵاتی ئێرانیش لە ماوەی ٢٠١١-٢٠١٢.

پێشەکی

دوای سەرکەوتنی لە خۆپێشاندانەکان، بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی ٢٠١١ داوای دەست لەکارکێشانەوە و هەڵوەشانەوەی حکوومەتی کرد و خۆپێشاندانی لە شاری سلێمانی سازدا. بەڵام وەڵامی حکوومەتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەروەزیرانی ئەوکات نەخێر بوو و دژی وەستانەوە و بە هۆکاری سەرەکی خۆپێشاندانەکانیان زانی. بەهۆی وەڵامنەدانەوەی حکوومەت، جەماوەری هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و کەسانی بێ لایەن و ئۆپۆزسیۆنە کۆنەکانی کوردستان دەستیان کرد بە خۆپێشاندان و لە زۆرینەی شارەکانی زۆنی سەوزی کوردستان خۆپێشاندان دروست بوو و دواتریش گرژی تێکەوتەوە.

هێڵی کاتیی خۆپێشاندانەکان

ڕۆژی ١٧ـی شوبات نزیکەی ٣,٠٠٠ خوێندکاری زانکۆ و کەسانی تری خۆپێشاندەر کۆدەبنەوە و هەندێکیان دەڕۆنە بەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەردبارانی دەکەن، چەکدارانی حیزبەکەش بە فیشەک وەڵامی خوێندکاران و خۆپێشاندەران دەدەنەوە و لە ئاکامدا گەنجێک بەناوی (ڕێژوان عەلی) شەهید دەبێت و ٥٨ کەس بریندار دەبن. ڕێکخەرانی خۆپێشاندان ئاکامەکانیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام ڕەتیان کردەوە داوایان کردبێت هێرش بکرێتە سەر بینای حکوومی.

ڕۆژی ١٨ـی مانگ بارەگاکانی گۆڕان لە هەولێر و بادینان دەسوتێنرێن.

لە هەفتەکانی دواتر ژمارەی خۆپێشاندەران گەیشتە ٧,٠٠٠ کەس و لە سەرای ئازادی سلێمانی کۆبوونەوە و کردیان بە بنکەی ناڕەزایەتی خۆیان. دووبارە کاتێک ٤٠٠ خۆپێشاندەر لەگەڵ پۆلیس و هێزی بەگژداچوونەوەی تاوان تووشی گرژی دەبن شەڕ دروست دەبێت و لانی کەم ٥٠ کەس بریندار دەبن. ڕۆژی ١٩ـی مانگ لەلایەن کارمەندێکی پۆلیسی کارەباوە هەریەک لە (شێرزاد تەها) و (سورکێو زاهید) شەهید دەکرێن.

ڕۆژی ٢٠ـی شوبات کاتژمێر دوو و نیوی بەیانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە دەسوتێنرێت، هەمان ڕۆژیش لە ڕانیە و کۆیە خۆپێشاندان دەستی پێکرد.

ڕۆژی ٢١ـی مانگ لە سەرای ئازادی سلێمانی قەڵغانێکی مرۆیی لە نێوان هێزە پارێزەرەکان و خۆپێشاندەران دروست کرا و لە ڕانیە و کۆیە و کەلار و سەیدسادق خۆپێشاندان دەستی پێکردەوە. هەمان ڕۆژ ئەمینیستی ئینترناشناڵ ڕاپۆرتی ساڵانەی دژی پێشێلکاری دەسەڵاتی کوردی بڵاوکردەوە.

ڕۆژی ٢٣ـی مانگ پەرلەمان لەژێر کاریگەری فشاری ئۆپۆزسیۆن بڕیارێکی ١٧ خاڵی دەرکرد، بەڵام دواتر ئەنجام نەدرا. هەمان ڕۆژ بەهۆی گرژی لە خۆپێشاندانەکان پۆلیسێک لە شاری هەڵەبجە بەناوی سەرکار شەهیدکرا.

٢٤ـی شوبات یەکێتی قوتابیانی کوردستان/پارتی بەبێ ئاگاداری حکوومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا، دەوامی خوێنکارانی زانکۆی سەڵاحەدینی ڕاگرت و هەمان ڕۆژیش هاتووچۆی سلێمانی بۆ هەولێر قەدەغە کرا.

ڕۆژی ٢٥ـی مانگ ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە هەولێر دەستگیر کران کە پێکهاتبوون لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی مەدەنی، هەمان ڕۆژ لە چەمچەماڵ منداڵێکی ١٣ ساڵان بەناوی (گەرمیان ئەحمەد) و گەنجێکی کەلاریش بە ناوی (بیلال ئەحمەد) بەهۆی فیشەکی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە شەهید کران. هەمان ڕۆژ لە عەربەت و دەربەندیخان و قەڵادزێ خۆپێشاندان دەستی پێکرد و لە سلێمانیش یەکەمین نوێژی هەینی لە سەرای ئازادی ئەنجام درا، لە بەرانبەردا لایەنگرانی پارتی لە هەولێر ڕژانە سەر شەقام و ئاهەنگیان گێڕا.

ڕۆژی ٢٦ـی مانگ دوای تەقینەوەی بۆمبێکی دەنگی لە سەرای ئازادی پشێوی دروست بوو و بەهۆی گولـلەی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسەوە کەسێک بەناوی (ئومێد جەلال) شەهید بوو.

ڕۆژی ٢٧ـی مانگ خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی مانگرتنیان ڕاگەیاند، هەمان ڕۆژیش لە هەولێر مامۆستایان بەیاننامەیەکیان دژی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیان بڵاوکردەوە لە ڕاگرتنی دەوامی زانکۆ.

ڕۆژی ٢٨ـی مانگ ئەنجوومەنی کاتیی سەرای ئازادی داواکاری خۆپێشاندەرانی خستەڕوو.

ڕۆژی دووی ئازار فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو بایکۆتی هۆڵی پەرلەمانیان کرد بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندەران.

ڕۆژی سێی ئازار مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: خۆپێشاندان مافێکی سروشتییە و هەمووکەس مافی خۆیەتی خۆپێشاندان بکات، بەڵام بە ئاشتی.

ڕۆژی چواری ئازار پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر داخوازی خۆپێشاندەران کرد و بڕیاری ژمارەی دووی بۆ پاڵپشتی داواکاری خۆپێشاندەران دەرکرد، بەڵام دواتر لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بڕیارەکە ونکرا.

ڕۆژی پێنجی ئازار مانگرتنی سەرتاسەری ڕاگەیەنرا و خۆپێشاندەرانی سەرای ئازادی بڕیاریاندا شەوانە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.

ڕۆژی شەشی مانگ لە کەلار هێرش کرایە سەر ڕادیۆی دەنگ و کەلوپەلەکانی تێکشکێنرا، لە هەمان ڕێکەوتدا لە نیوەشەو خێمەکانی سەرای ئازادیش سووتێنران و کۆمەڵێک لە مانگرتووانیش دەستگیرکران.

ڕۆژی حەوتی مانگ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، ئیدانەی هێرش کردنە سەر خۆپێشاندەرانی کرد، هەمان ڕۆژ لۆکەری فۆڕم پۆڵیوسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە دەسەڵاتی هەرێم ئازادی بۆ گەلی هەرێم دابین نەکردووە.

ڕۆژی هەشتی مانگ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: مایەی شەرمەزارییە کە گەلی کورد مافی خۆپێشاندانی هێمنانەی نییە.

ڕۆژی نۆی مانگ پەرلەمانی کوردستان متمانەی بە کابینەی شەش دایەوە.

ڕۆژی ١١ـی مانگ بارزانی لە دووەم پەیامیدا ڕایگەیاند: دوای سێ بۆ چوار مانگی تر چاکسازیەکان دەبینن.

ڕۆژی ١٣ـی مانگ ژمارەیەک لە نووسەر و ڕووناکبیر بەناوەکانی (ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، ڕێبین هەردی) نامەیەکیان ئاڕاستەی تاڵەبانی کرد و داوایان لێ کرد پشتگیری داخوازی خۆپێشاندەران بکات.

١٤ـی مانگ ژمارەیەک خەڵک ڕێگرییان لێ کرا لە بازنەی دێگەلەوە بڕۆنە هەولێر.

ڕۆژی ١٥ـی مانگ بۆ جاری دووەم مۆڵەتی خۆپێشاندان ئاڕاستەی پارێزگای هەولێر کرا، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسەوە ڕەتکرایەوە.

ڕۆژی ١٧ـی مانگ ڕێگە نەدرا ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان بچێتە هەولێر.

ڕۆژی ٢٠ـی مانگ بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و وتی: دوای سێ تا چوار مانگی تر ئەنجامی چاکسازیەکان دەبینن، هەمان ڕۆژ بە ئامادەبوونی ۲۰ هەزار کەس لە سەرای ئازادی جەژنی نەورۆز یادکرایەوە.

ڕۆژی ٣١ـی مانگ لە کەلار بە پلانێکی پێشوەختە لەلایەن دەزگا ئاسایشییەکانی یەکێتییەوە هێرش کرایە سەر دوو پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی گۆڕان بەناوەکانی (نەریمان عەبدوڵڵا، سەردار عەبدوڵڵا).

ڕۆژی دووی نیسان کەمپەینێک دژ بە سەرکوتکردن و پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان و خۆپێشاندەران دروست کرا و هەمان ڕۆژ دووبارە پەلاماری خۆپێشاندەران درا.

ڕۆژی سێی نیسان بارزانی لە پەیامی چوارەمیدا جیاواز لە پێشووتری ڕایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک قبووڵ نییە کەس بەناوی میللەتەوە قسە بکات، ئێمەش وەک دژی میللەت بشوبهێنێت."، هەمان ڕۆژ لە کەلار هێزێکی چەکداری دەمامکدار بڵاوەی پێکرا و لە سلێمانیش (محەمەد نەسڕوڵڵا)ـی یەکەمین پێشنوێژ و وتارخوێنی سەرای ئازادی دەستگیرکرا.

ڕۆژی چواری نیسان سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکارییەکانی دژ بەڕۆژنامەنووسان بڵاو کردەوە کە پێکهاتبوو لە ١٠٠ حاڵەتی پێشێلکاری، هەمان ڕۆژ لە بازگەکانی پارتی ڕێگە نەدرا ٥ پاس بچنە هەولێرەوە بۆ ئەوەی لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەشت بکەن.

ڕۆژی پێنجی نیسان بۆ جاری چوارەم مۆڵەتی خۆپێشاندان لە هەولێر ڕەتکرایەوە.

ڕۆژی نۆی نیسان ڕەوەندی کوردی لە شاری شیفێڵدی بەریتانیا ڕژانە سەر شەقام و پشتگیری خۆپێشاندەرانی هەرێمی کوردستانیان کرد.

ڕۆژی دەی نیسان ڕۆژنامەنووسان بەیاننامەیەکیان دژی پێشێلکاری بڵاوکردەوە.

ڕۆژی ١٦ـی نیسان فاروق ڕەفیق لەسەر سکاڵایەکی (سۆزانی خاڵە شیهاب) سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە مانگێک زیندانی حوکمدرا.

ڕۆژی ١٧ـی نیسان، ١٨ کەس لە سلێمانی برینداربوون، ٢٠٠ خوێندکاریش دوای ئەوەی ویستبوویان خۆپێشاندان بکەن توندوتیژییان بەرانبەر کرا و لێیان درا.

ڕۆژی ١٨ـی نیسان ٨٣ هاوڵاتی لە سلێمانی بریندار بوون و کەسێک بەناوی (هەردی فارووق) شەهید بوو. لە کۆیەش لە کلکە سماقە لە خوێندکاران درا.

ڕۆژی ١٩ـی نیسان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێزێکی زۆری هێنایە سلێمانی کە بە ٥ هەزار چەکدار مەزەندە دەکرا، بە چەکی سووک و قورسەوە ئامادەبوون. هەمان ڕۆژ ڕەشبگیری دەستی پێکرد و لەلایەن دژەتیرۆری یەکێتیەوە ٤٥ خوێندکار بریندار کران. بەوشێوەیەش خۆپێشاندانەکان سەرکوتکران.

شەهیدەکان

  • شەهید ڕێژوان عەلی
  • هەردی فارووق
  • سورکێو زاهید
  • شێرزاد تەها
  • شەهید سەرکار
  • گەرمیان ئەحمەد
  • بیلال ئەحمەد
  • ئومێد جەلال


سەرچاوەکان



1339 بینین