ونبووی شەڕ

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-20-15:32:00 - کۆدی بابەت: 7643
ونبووی شەڕ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەستەواژەی "ونبووی شەڕ" یان "لە شەڕدا ونبووە" (بە ئینگلیزی: Missing in action، بە عەرەبی: فقد في المعركة). دەستەواژەیەکی سەربازییە و ئاماژەیە بۆ ئەو سەرباز و فەرماندە و زانا ئایینی و پزیشکانەی کە لە شەڕدا وندەبن، یان بە دیل دەگیرێن و ون دەکرێن لە کاتی شەڕکردن یان لە ماوەی ئاگربەستدا. ئەم کەسانە دەشێت کوژرابن، بریندارکرابن، بە دیل گیرابن یان لەسێدارە درابن و ڕەمی کرابن. کە ئەگەر مردبن گۆڕ و شوێنی مردنەکەیان ناڕوونە. ئەمەش یەکێکە لە هەرە مەترسیدارترین زیانەکانی جەنگ.

هەروەها ئەم دەستەواژەیە بۆ کەسێکیش بەکاردێت کە کوژرابێت و جەستەکەی نەناسرێتەوە.

دەستەواژەکە

  • لە زمانی کوردیدا بەو کەسانەی لە شەڕدا ون دەبن پێیان دەوترێت "ونبووی شەڕ" یان "لە شەڕدا ونبووە" کە بە کورتکراوەی (ل ش و) دەناسرێت.
  • لە زمانی عەرەبیدا بەو کەسانەی لە شەڕدا ون دەبن دەوترێت "فقد في المعركة" کە بە کورتکراوەی (ف ف م) دەناسرێت.
  • لە زمانی ئینگلیزیدا بەو کەسانەی لە شەڕدا ون دەبن دەوترێت "Missing in action" کە بە کورتکراوەی (MIA) دەناسرێت.
  • لە زمانی فارسیدا بەو کەسانەی لە شەڕدا ون دەبن دەوترێت "مفقودالاثر".

کێشە و چارەسەر

تاوەکوو ساڵی ١٩١٢ ناسنامەی سەربازی لە هەندێک وڵات بۆ خزمەتکارانی سوپا دروست نەدەکرا. لەبەرئەوەش ئەگەر کەسێک بمردایە و ماوەیەک درەنگتر بهێنرایەتەوە، ئەگەرێکی کەم هەبوو بۆ ناسینەوەی مەگەر ئەوەی بە کاتژمێرێک یان نامەیەک، شتێکی تایبەتی خۆی بناسرایەتەوە. لە سەرەتای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دەست کرا بە دروستکردنی پێناسی تایبەت بە سەربازان. کە زۆرجار لە ماددەی سووک دروست دەکرا وەک ئەلەمنیۆم، بەمەش هەڵگرتن و لەملکردنی ئاسان بوو. ئەم داهێنانە سەربازییە خزمەتێکی زۆری بەو سەربازانە کرد کە دەکوژران و جەستەیان تێک دەچوو، بەهۆی پێناسەکەوە دەناسرانەوە. مەگەر ئەوەی بە ئامێرێکی سەخت یان لە بۆردمانێکی سەخت ببوونایە بە هەڵم یان پارچە پارچە ببوونایە و هیچ شتێکیان لێ نەمایەتەوە. یان لە شەڕی ئاسمانی و دەریایی بکوژرێن و نەدۆزرێنەوە. هەندێک کاتیش دەکرا بەهۆی کێشەی کارگێڕییەوە ونبوون ڕووی بدایە، بۆ نموونە لە ساتی کوژرانی سەربازێک لە شوێنێک، شوێنەکە دیاری دەکرا بەڵام دواتر بەهۆی تەم و کێشەی بینین و تێکچوونی ژینگەکەی ئەو شوێنە نەدەناسرایەوە و شوێنی مردنی سەربازەکە ون دەبوو.

هەندێک کاتیش لەگەڵ مردنی سەربازەکاندا، گەر جەستەیەکی زۆر بکەوتایە و ڕێژەی کوژراوان زۆر ببوایە. پێکەوە هەمووان دەخرانە گۆڕێکی گەورەوە بۆ ماوەیەکی کاتی بەڵام دواتر کێشەی تێکەڵبوونی جەستەکان و پارچەکانیان دروست دەبوو و دەبووە هۆی ونبوونی هەندێک لە سەربازان.

کۆتایی سەدەی بیست

لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست بە سوودوەرگرتن لە پەنجەمۆر و خوێن و پشکنینی موو و هەر تایبەتمەندییەکی کەسەکە، ونبوونی سەرباز بە شێوەیەکی زۆر باش کەم بوویەوە. چونکە بە دۆزینەوەی بچووکترین پارچەی جەستەکە دەکرا بزانرێت کێیە، گەر لە کۆگای زانیاری سوپا تۆمار بکرایە.

سەرەڕای ئەوەی هێشتاش ونبوون لە جەنگدا بوونی هەیە، بەڵام بەهۆی تەکنەلۆجیای نوێ و ڕێگەی دۆزینەوەی تایبەت و جلوبەرگی نوێ و وەرگرتنی تایبەتمەندی و خوێنی سەربازان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.


سەرچاوەکان



374 بینین