جۆرەکانی قژ و گرنگیپێدانیان

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-20-16:40:00 - کۆدی بابەت: 7644
جۆرەکانی قژ و گرنگیپێدانیان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە مرۆڤدا جۆری جیاوازی قژ بوونی هەیە، وەکوو قژی خاو، لوول، شەپۆلدار و لوولپێچ. بەپێی جۆری جیاوازی قژ ڕێنوێنی جیاواز پەیڕەو دەکرێت بۆ گرنگیدان بە قژ. 

جۆرەکانی قژ چۆنن؟

جۆری قژ بەندە لەسەر ڕادەی لوولیی قژ کە لەلایەن سەلکەمووی قژەوە دیاری دەکرێت، شێوەی سەلکەموو شێوەی قژ دیاری دەکات، هەرچەندە سەلکەمووەکە هێلکەییتر و لارتر بێت ئەوا قژەکە لوولتر دەبێت. بەگشتی جۆری قژ بە بۆماوە کاری تێدەکرێت، هەروەها دەکرێت شێوەی لوولیی قژ بۆماوەیەکی کاتی بگۆڕدرێت بۆ نموونە بە گەرمی یان بەهۆی ماددەی کیمایی. 

لەڕووی شێوە و دیزاینەوە بە شێوەیەکی گشتی چوار جۆر لە شێوەی قژ بوونیان هەیە، ئەوانیش:

  • قژی خاو
  • قژی شەپۆلدار
  • قژی لوول
  • قژی لوولپێچ

هەر یەک لەم جۆرانە بۆ جۆری وردتر پۆلێن کراون بە پشت بەستن بە ڕادەی پەرشی و توندبەستراوی قژەکە. هەروەها دەکرێت قژەکە لە تەپڵە سەردا جۆرێک بێت و لە خوارەکانی جۆرێکی تر بێت واتا تێکەڵەی زیاتر لە جۆرێک بێت.

جۆرەکانی قژ

خاو:

  • زۆر خاو و تەنک 1a
  • خاو و تۆزێک نووشتاوە 1b
  • خاو و ئەستوور 1c

شەپۆلدار

  • شەپۆلدار و تەنک 2a
  • شەپۆلداری کەمێک شێوە 2b S 
  • شەپۆلداری زۆر شێوە 2c S

لوول:

  • لوولی پەرش 3a
  • لوولی توندبەستراو و سپرینگی 3b
  • لوولی شێوە S یان Z کە لەکاتی ڕاکێشاندا بەرەوە دواوە دەگەڕێتەوە 3c

لوولپێچ

  • لوولپێچی پەرش 4a
  • لوولپێچی زیگزاگ 4b
  • لوولپێچی توندبەستراو 4c

چڕیی قژ

چڕیی قژ بریتییە لە ژمارەی ئەو مووانەی لە سەری کەسێکدا هەیە، هەرچەند ژمارەی مووەکان زیاتر بێت، چڕیی قژ زیاتر دەبێت. چڕیی قژ بە فشار، خواردن و گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان لەکاتی دووگیانی و تەمەنی بێئومێدیدا کاری تێ دەکریت. 

پێکهاتەی قژ

پێکهاتەی قژ بریتییە لە ئەستووریی قژ، کە دەکرێت قژ تەنک، مامناوەند یان ئەستوور بێت.

کونیلەداریی قژ

کونیلەداریی قژ پێوانەی ئەو بڕە شێدارییەیە کە قژی کەسێک دەتوانێت هەڵی بمژێت. ماددە کیمیاییەکان و گەرمی وا لە قژ دەکەن لە ڕادەی ئاسایی زیاتر کونیلەدار ببێت.

ڕێنوێنیی گشتی بۆ گرینگیدان بە قژ

بەگوێرەی ئەکادیمیای پێستزانی ئەمریکی (AAD) ئەم خاڵانە بە گشتی بۆ گرینگیدان بە قژ بەکاردێن:

  • شامپۆ: دەبێت قژ ئەوەندە بە شامپۆ بشۆرێت کە پێویستە بەپێی ڕادەی چەوربوونی قژەکە.
  • نەرمکەرەوە: دوای شوشتن بە شامپۆ پێویستە لێوارەکانی قژ بە نەرمکەرەوە بشۆرێت. 
  • وشککردنەوە: وشککردنەوە دەکرێت بە خاولی یان بەکارهێنانی ئامێری وشککەرەوە بکرێت، بەڵام ئامێری وشککەرەوە زیان بە قژ دەگەیەنێت، وا باشترە ئەگەر بەکاربێت لە دووری ١٥ سانتیمەترەوە بێت نەک زۆر نزیک لە قژەکە. 
  • شانەکردن: وا باشە قژ بە تەڕی شانە بکرێت و شانەیەک بەکاربێت کە ددانەکانی لەیەک دوور بن.
  • دوورکەوتنەوە لە قژی بارۆکە، دانانی قژی زیادە بۆ درێژکردن بە تایبەت ئەگەر قورس بن چونکە دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ.
  • دوورکەوتنەوە لە زۆر بەکارهێنانی بۆیە و ماددە کیمیایییەکان چونکە زیان دەگەیەنن بە قژ بەتایبەتی ئەگەر لە یەک کاتدا چەند ماددەیەک پێکەوە بەکاربێت.
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی خاولی بۆ وشککردنەوەی قژ، چونکە قژەکە ڕادەکێشێت و بایدەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی شکاندنەوەی تاڵەکانی قژ.

گرنگیدان بە قژی خاو

قژی خاو لە جۆرەکانی تر زیاتر ئەو چەورییە هەڵدەگرێت کە لەلایەن پێستەوە دەردەدرێت واتا زیاتر چەور دەبێت، بۆیە ئەم کەسانە پێویست دەکات زیاتر قژیان بشۆن، بەوریایییەوە وشکی بکەنەوە و شانەی بکەن، هەروەها دەبێت زیاتر خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانە:

  • هەر بەرهەمێکی قژ کە تایبەتە بە قژی وشک
  • ڕۆنەکان، وەکوو ڕۆنی زەیتوون، گوێزی هیندی و جۆجۆبا
  • بەرهەمەکانی جوانکاریی قژ کە بنچینەکەیان ڕۆنە
  • ئەو بەرهەمانەی پێویستیان بە هێشتنەوەیە لەسەر قژ

گرنگیدان بە قژی لوول

زۆر شانەکردن دەبێتە هۆی شێواندنی شێوەی قژی لوول، بۆیە کەسانی قژ لوول دەبێت کەمتر قژیان شانە بکەن، هەروەها دەتوانن جێلی تایبەت بە قژی لوول بەکاربهێنن بۆ جوانتر دەرخستنی شێوەی لوولییەکە. ئەم کەسانە پێویستە ئەم خاڵانە جێبەجێ بکەن:

  • کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شامپۆ
  • وشککردنەوەی قژ بە شێوەیەکی ئاسایی
  • دوورکەتنەوە لە زۆر شانەکردن
  • دوورکەوتنەوە لە ئامرازە گەرمەکانی جوانکاریی قژ 

گرنگیدان بە قژی ڕەش

  • هەفتەی یەک جار قژ بشۆرێت
  • لە هەر شوشتنێکدا نەرمکەرەوە بەکاربهێنرێت
  • بەکارهێنانی شێدارکەرەوە و جێلی ئاوی بۆ لێوارەکانی قژ
  • دوورکەوتنەوە لە زۆر بەکارهێنانی بارۆکە و دانانی قژی زیادە بۆ درێژکردن
  • دوو هەفتە جارێک چارەسەرێکی چەوری گەرم بەکارهێنرێت وەکوو ڕۆنە بنچینەیییەکان
  • بەکارهێنانی بەرهەمەکانی پارێزەر لە گەرمی پێش بەکارهێنانی ئامڕازە گەرمەکانی جوانکاری وەکوو ئوتوو

گرنگیدان بە قژی ئەستوور

  • بەکارهێنانی جێلی قژ
  • بەکارهێنانی ڕۆنی ڕووەکی بۆ قژ
  • بەکارهێنانی ماسکی قژ وەکوو ماسکی ئەڤۆکادۆ
  • بەکارهێنانی ڕۆنی خەست، وەکوو ڕۆنی گوێزی هیندی

گرنگیدان بە قژی تەنک

  • بەکارهێنانی شامپۆی قژی وشک 
  • شوشتنی قژ بە ڕێکوپێکی
  • نەرمکەرەوە بە وریایییەوە تەنیا بۆ لێوارەکان بەکاربێت


سەرچاوەکان



2507 بینین