لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئەو وێنانەی منداڵ دەیانکێشێت

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-20-20:45:00 - کۆدی بابەت: 7649
لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئەو وێنانەی منداڵ دەیانکێشێت

ناوه‌ڕۆك

بۆچی لێکدانەوە و شیکردنەوەی وێنەکانی منداڵ گرنگە؟

وێنەکێشان ڕێگایەکی ئاسانە بۆ دەربڕینی هەستەکان و گەشەی داهێنان لای منداڵ، وێنەکێشان هەستەکانی مرۆڤ دەردەخات و شتانێک نیشان دەدات کە ڕەنگە منداڵ نەتوانێت لە ڕێگای وشەوە دەریانببڕێت، شیکردنەوەی وێنەکانی منداڵیش دەکرێت دەروازەیەک بێت بۆ زیاتر تێگەشتن لێیان، هەمیشە منداڵ خۆی لە وێنەکانییەوە دەردەخات، دەکرێت هەستەکانی بێت یان کێشەیەک کە ئازاری داوە، نیگەرانییەک یان ڕووداوێک، ئەو شتانەی کە لە وێنەکانی منداڵەوە دەزانرێ نیشانەن بۆ ئەوەی کە بتوانن باشتر منداڵ بناسن و لە بێتاقەتییەکانی تێبگەن کە تێپەڕبێت یان هەمیشەیی بێت، ئەوەش بزانن کە بە یەک جار و یەک شیکردنەوە ناکرێت بەپێی پێویست لە منداڵ تێبگەن، وێنەکان بەپێی کات و دووبارە بوونەوەیان گرنگ دەبن، لە لایەکی تریشەوە ئەو قسە و چیرۆکانەی کە منداڵ دەیانڵێت ڕۆڵی لە لێکدانەوەی وێنەکانی هەیە، هەر شتێک کە لێرەدا باسی دەکەین دەربارەی منداڵانی تەمەن 4 - 12 ساڵە، هەروەها ئەوە بزانن کە دەروونناسی وێنەکێشانی منداڵ، لێکدانەوەی ڕەنگەکان و شێوەکان پەیوەستە بە کولتوورەوە و لەوانەیە  لای کولتوورە جیاوازەکان جیاواز بێت، پێویستە لە وێنەکانیشدا ئەو پێکهاتانە شی بکرێنەوە کە زیاتر دووبارە دەبنەوە و سەرەکین، ئەوەش بزانن کە لەکاتی لێکدانەوەی وێنە کێشراوەکانی منداڵ دەبێت دوور لە فەرمان پێکردن و وتنی ڕای خۆتان بن لەسەر وێنەکە، پێی مەڵێن کە چۆن وێنە بکێشێت یان ڕووخسار شین نییە و دارەکان پەمەیی نین، بەکارهێنانی ڕەنگی ناڕاستی یان بابەتی نوێ و سەیر، نیشانەی داهێنانن، کەواتە ڕێگا بدەن داهێنان لای منداڵەکانتان گەشە بکات.

  • ڕەنگەکان: هەرچەند منداڵ تەمەنی کەمتر بێت، زیاتر حەزی لە یاریکردن بە ڕەنگەکان و تاقیکردنەوەیان دەبێت لە وێنەکانیدا، هەرچەند زیاتر ڕەنگ بەکاربهێنێت نیشانەی شادی و جۆش و خرۆشە لە ژیاندا، سەوز ئاماژەیە بۆ شادی و سازگاری، ڕەنگە گەرم و ڕۆشنەکان وەکوو پرتەقاڵی و زەرد ئاماژەن بۆ وزە و شادی و دڵخۆشی و ڕەنگە تاریکەکان ئاماژەن بۆ خەم و نائومێدی، بەکارهێنانی زۆر و زیاد لە پێویستی ڕەنگی سوور و ڕەش و کێشانی خوێن و ڕق و کینە لە وێنەدا پێویستە گرنگی پێ بدرێت. 
  • هارمۆنی و هاوسەنگی: لە وێنەدا و بەتایبەت لە لێکدانەوەی وێنەی منداڵان بۆ ناسینی ڕۆحییەتیان، هارمۆنی و هاوسەنگی گرنگە، ئەگەر منداڵ زۆر بە بچووکی خۆی بکێشێت دەکرێت ئاماژە بێت بۆ هەستکردن بە نائارامی و ڕوخان، هەروەها، بۆشایی پڕکراوەی سەر پەڕەکەش گرنگە، پڕکردنەوەی هەموو پەڕەکە ئەوە نیشان دەدات کە منداڵ ژینگەی دەورووبەری خۆی پەسەند دەکات، کاتێ تەنیا گۆشەیەک یان یەک شوێنی پەڕەکە بەکار دەهێنێت، نیشاندەری نائارامی و کێشەیە لە پەیوەندیدا.
  • خاڵی دەستپێکی وێنەکە: پێویستە سەرنج بخەنە سەر خاڵی دەستپێک و ئەو شوێنەی کە منداڵ لێوەی دەست بە وێنەکێشان دەکات، چونکە نیشاندەری بارودۆخی دەروونییەتی، منداڵێک کە لە لای چەپی پەڕەکەوە دەست بە وێنەکێشان دەکات، شەرمن و دەروون گەرایە و پێویستی بە بوونی چالاکی کەسێکی گەورەترە، منداڵێکیش کە لە لای ڕاستەوە دەست بە وێنەکێشان دەکات نیشاندەری منداڵێکی کۆمەڵایەتییە کە حەز بە دروستکردنی پەیوەندی دەکات، 
  • پەیوەندییەکان: ئەم حاڵەتە بەتایبەت بۆ ئەندامانی خێزان گرنگی هەیە، بە گشتی منداڵ سەرەتا ئەو کەسە دەکێشێت کە زیاتر لەوانی تر گرنگی پێ دەدات و هانی دەدات، کاتێ منداڵ شێوەی کەسێک بە گەورەتر دەکێشێت، واتای ئەوەیە کە ئەو کەسە لای ئەو بەهێزترە، سڕینەوەی ئەندامێکی ناو خێزانەکە لە وێنەکەدا، دەکرێت ئاماژە بێت بۆ ئیرەیی یان ناڕازیبوونی منداڵ لەو کەسە.
  • شێوەی مرۆڤەکان: لە تەمەنی 5 ساڵی بەدواوە، دەبێت شێوەی مرۆڤ بە هەموو ئەندامەکانییەوە بکێشرێت.
  • گوێچکەکان: نەکێشانی گوێچکەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی حەز بە گوێگرتن لە کەسانی تر ناکات.
  • دەم: نەکێشانی دەم مانای ئەوەیە شتێک هەیە کە منداڵ نایەوێت بیڵێت. 
  • دەستەکان: کاتێک بە گەورەیی و درێژی بکێشرێن، مانای نزیکبوونەوەیە لە کەسانی تر و پەیوەندییە لەگەڵیان. 
  • قۆڵەکان یان قاچەکان: نەبوونیان نیشانەی پێنەگەیشتنە یان پەیوەستبوون بە دایک و باوکە.
  • ئەندامانی خێزان: بۆ لێکدانەوەی وێنەی منداڵ دەربارەی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی، دەبێت سەرنج لە شوێنی منداڵ بدرێت، کاتێک منداڵ لە ناوەڕاست و لە نێوان دایک و باوک بێت، مانای ئەوەیە کە هەست بە ئارامی و پارێزراوی دەکات، ئەگەر منداڵ زۆر بچووکتر بێت لە دایک و باوک یان لە گۆشەیەک بە تەنها بێت، ڕەنگە هەست بە تەنهایی و پشتگوێ خستن بکات. 
  • درەختەکان: درەختەکان زۆر گرنگن چونکە ئاماژەی پەیوەندین لەگەڵ خوددا، چڵە درێژەکان بە مانای بوێری و چڵە کورتەکان بە مانای ڕۆحی ترساو دێن.
  • ڕەگەکان: واتای تووند و تۆڵی پەیوەندی خێزانە و لەمەش باشتر بوونی گەڵا و میوەیە، ئەم دوو شتە هێندە گرنگن کە ئەگەر منداڵ نەیانکێشێت، مانای ئەوەیە هەڵەیەک لە پەیوەندی خێزانیدا هەیە، 
  • خانوو: پەناگە، جیهانی بچووکی ئێمە، شوێنێک بۆ پاراستنی هەر تاکێک، ئەم پێکهاتانە گرنگن لە کێشانی ماڵ و خانوودا: 
     • بوونی دەرگا و پەنجەرە
     • دوکەڵکێش، گوڵ و وردەکارییەکانی تر
     • شەقامێک یان ڕێگایەک
    بوونی دەرگا و پەنجەرە مانای پێشوازیکردنە لە جیهانی دەرەوە، هەمان شت بۆ ئەو ڕێگایەش کە دەگات بە ماڵەکە، هەرچەند وردەکاری زیاتر بکێشرێت، نیشاندەری هەستی شادی و ئارامییە لە ماڵەوە.
  • خۆر: ئەمەش پێکهاتەیەکی گرنگە لە وێنەکێشانی منداڵدا، خۆر نیشانەی پەیوەندی باوکانەیە، بوونی خۆر لە ناوەڕاستی پەڕەکە لە کاتی درەوشانەوە و بێ کەموکورتی، مانای پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ باوک و هەستی شادی و متمانە بەخۆبوونە، خۆرێکی نیوە یان ناتەواو لە گۆشەیەکی پەڕەکەدا بە مانای ترسان و شڵەژانە لە کەسێکی بەهێز کە باوکە، خۆرێک کە لە پشت هەورەکانەوەیە ئاماژەیە بۆ شڵەژان، خەمۆکی و هەستی نائومێدی لەو بارودۆخەی کە هەیە. 
  • هەور و باران: بوونی هەور و بارانی زۆر لە وێنەدا دەکرێت ئاماژە بێت بۆ ترس و فشار لە منداڵدا، ئەگەر وابێت، لەم کاتانەدا منداڵ زیاتر خۆی لەژێر هەورەکەدا دەکێشێت. 
  • پەلکەزێڕینە: منداڵێک کە لە وێنەکانیدا پەلکەزێڕینە دەکێشێت، دیدێکی ئەرێنی بۆ داهاتوو هەیە و بە ئومێدە.
  • زۆر بەکارهێنانی یەک ڕەنگ: لەوانەیە لە خۆتان بپرسن بۆچی وێنەی منداڵە پێنج ساڵەکەتان هەمووی ڕەشە؟ ئایا ڕەنگی تر نابینێت؟ بە گشتی شین نیشانەی خەمۆکی و سوور نیشانەی تووڕەییە، بەڵام هەمیشە وانییە، هەندێک لە منداڵان حەزێکی تایبەتیان بۆ ڕەنگێکی تایبەت هەیە و لەبەر ئەمەش زیاتر بەکاری دەهێنن، کاتێک جێی نیگەرانییە کە هەموو وێنەکان بە یەک ڕەنگ بکرێن، بەتایبەت ئەگەر سێبەری خۆڵەمێشیان هەبێت. 
  • ناتەواوی وێنەکێشان: ئەگەر منداڵ وێنەکەی بە نیوەیی و ناتەواوی جێ هێشت، لەوانەیە پێویستی بە هاندانی زیاتر بێت، بوونی هێڵی نیوە ناچر و شێواو نیشاندەری نائارامی و گومانە لە منداڵدا، چاککردنەوەی زیاد لە پێویستی وێنە و چەند جار سڕینەوەی نیشانەی فشار و شڵەژانە، لە لایەکی تر بەکارهێنانی ڕازاندنەوەی زۆر نیشاندەری ئەوەیە کە منداڵ پێویستی بە گرنگی پێدانی زیاترە، هەندێ کات سەیرترین وێنەکان جێی نیگەرانی نین، بەڵام هەندێ کات سادەترین وێنە شتانێکی زۆر لە ناخ و دەروونی منداڵ نیشان دەدات.

ئەو بابەتانەی لە وێنەی منداڵدا پێویستی بە بەدواداچوونی زیاترە

• ئەگەر وێنەکانی منداڵ لەپڕ گۆڕانی زۆری بەسەردا هات، بۆ نموونە، ئەگەر پێشتر منداڵەکەتان وێنەی تووندوتیژی و ڕقاوی نەکێشابێت و دەستی کردووە بە کێشانی شتی لەو جۆرە، دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکەن، هەر وەک وتمان یەک جار کردنی ئەو شتە بەس نییە بۆ بڕیاردان، دەبێت چەند جارێک دووبارە بووبێتەوە.
 • ئەگەر منداڵ زیاتر ڕەنگی سوور و ڕەش بەکاربهێنێت، دەکرێت ئاماژە بێت بۆ خەمۆکی یان ڕق و تووڕەیی شاردراوە. 
 • منداڵێک کە ئەندامانی خێزان بە شێوەیەکی سەیر دەکێشێت، بۆ نموونە سڕینەوەی یەکێک لە ئەندامانی خێزان بە تەواوی یان کێشانی خۆی دوور لە ئەوانی تر پێویستە بە بەدواداچوونە.


سەرچاوەکان



1185 بینین