شۆڕشی ٢٥ی یەنایەر

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-22-00:50:00 - کۆدی بابەت: 7663
شۆڕشی ٢٥ی یەنایەر

ناوه‌ڕۆك

شۆڕشی ٢٥ـی یەنایەر

شۆڕشی 25ـی کانوونی دووەم یان شۆڕشی ٢٥ی یەنایەری میسڕ (بە ئینگلیزی: 2011 Egyptian revolution، بە عەرەبی: ثورة ٢٥ يناير) کۆمەڵێک جووڵانەوە و خۆپێشاندانی جەماوەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو لە وڵاتی میسڕ. ڕۆژی سێشەممەی ٢٠١١/١/٢٥ لە ڕۆژی یادی پۆلیسی میسڕدا لەلایەن گەنجان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی میسڕەوە دەستی پێکرد. بەرەی جەماوەری هەریەک لە بزووتنەوەی کفایە، بزووتنەوەی گەنجانی ٦ـی نیسان، گەنجانی ئیخوان موسلمین و چالاکوانانی فەیسبووک و تویتەری لەخۆدەگرت، بە بەشداری چالاکی پەیجی (هەموومان خالید سەعیدین - كلنا خالد سعيد) و تۆڕی هەواڵی (رصد).

خۆپێشاندانەکان دژی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری گەلی میسڕ بوو و داوای چاکسازی و هەڵوەشانەوەی دەسەڵات و دژایەتی گەندەڵییان دەکرد لە هەموو بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ماوەی سەرۆکایەتی حوسنی موبارەک.

ساڵی ٢٠٠٨ کچێک بەناوی ئیسرا عەبدولفەتاح بە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک داوای خۆپێشاندانێکی ئاشتییانەی کرد دژی لە گەندەڵی و خراپی گوزەرانی خەڵکی. لە ڕێکەوتی ٢٠٠٨/٤/٦، ٧٠,٠٠٠ کەس بەخێرایی داواکەی ئیسرایان پەسەند کرد و لە شاری مەحەلە کوبرای میسڕ کۆبوونەوە. دواتریش کچەکە ناونرا "کچی فەیسبووک". لەگەڵ سەرکەوتنی ئەم کۆبوونەوەدا چەندین ڕێکخراو و پەیجی چالاک دروستبوون بەتایبەت بزووتنەوەی کفایە و بزووتنەوەی گەنجانی شەشی نیسان. لەدوای ڕووداوی کوشتنی خالید سەعید لەلایەن پۆلیسی میسڕەوە. هەریەک لە وائل غەنیم و عەبدولڕەحمان مەنسووڕی چالاکوان هەستان بە دروستکردنی پەڕەیەک بەناوی (هەموومان خالید سەعیدین). بەمەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونە پێگەیەکی کارا بۆ وروژاندنی خەڵکی.

شۆڕشی ٢٥ـی یەنایەر بووە هۆی وازهێنانی حوسنی موبارەک لە دەسەڵات و جێهێشتنی پۆستی سەرکۆماری.

ناوی شۆڕشەکە

شۆڕشەکە بەم ناوانە دەناسرێتەوە:

  • ثورة 25 يناير
  • ثورة الغضب
  • ثورة الشباب
  • ثورة اللوتس
  • الثورة البيضاء
  • ثورة التحرير
  • ثورة الصبار

هۆکاری خۆپێشاندانەکان

سیستمی حکوومەتی میسڕ، خراپیی هێزی پۆلیس، سەرۆکایەتی حوسنی موبارەک و گەندەڵی و هەژاری بە دیارترین هۆکارەکانی شۆڕشی میسڕ دادەنرێن.

بابەت: هۆکاری خۆپێشاندانەکان

ڕووداوەکانی مانگی کانوونی دووەم

مانگی یەک و دووی ٢٠١١ـی میسڕ پڕە لە ڕووداو، وەک تەقاندنەوەی کڵێسای قەشەکان و کوشتنی سەید بیلال و کوشتنی خالید سەعید لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە. مانگی یەک بە دژایەتی گەنجان دەستی پێکرد و دەستکرا بە ڕێکخستنی شۆڕش و خۆپێشاندان و لە ٢٥ـی مانگ کۆبوونەوەی سەرەکی دروستبوو.

ڕۆژی یەکەم/ ٢٥ـی یەک

هەموو کێشەکانی پێشوو و دوایی وایکرد ڕۆژی ٢٥ـی ١ زۆرێک لە گەلی میسڕ و گەنجان بەتایبەت، داوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قبووڵ بکەن و بڕژێنە سەر شەقامەکان. هەریەک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش هەستان بە خۆپێشاندان و هەمووان پێکەوە یەکیان گرت. ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین کە بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی کارای میسڕە لە ڕۆژی ٢٥ـی مانگ داوای لە خۆپێشاندەران کرد کە ڕێزی هێزەکانی پۆلیس بگرن چونکە ئەوانیش هاووڵاتی میسڕین. هەروەها داوای لێکردن دووربن لە خراپە و سووتاندن و تاڵانکردن. لە هەریەک لە شارەکانی قاهیرە، ئەسکەندەریە، ئیسماعیلیە و مەحەلە کوبرا خۆپێشاندان دەستی پێکرد. لە هەمان ڕۆژ هەواڵی یەکەمین کوژراوی خۆپێشاندانەکان لە شاری سویس بڵاوکرایەوە.

لەم ڕۆژە خەڵکی بە دروشمی "گەل دەیەوێت ڕژێم بڕوخێنێت" ڕژانە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و دەستپێکێک بوو بۆ شۆڕشی گەلی میسڕ لە ٢٠١١.

لە یەکەمین ڕۆژی خۆپێشاندانەکان سالار حەبیب عادلی، فەرماندەی باڵای وەزارەتی ناوخۆ فرمانی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی لە تەواوی میسڕ دەرکرد.

ڕۆژی دووەم/ ٢٦ـی یەک

لە ڕۆژی دووەم هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەر هەزاران خۆپێشاندەری گۆڕەپانی تەحریر و بە باتوم و گاز و ئۆتۆمبێلی ئاوهاوێژ هەوڵیان دا خۆپێشاندەران بڵاوە پێبکەن. لە هەمان ڕۆژیش ٥٠٠ خۆپێشاندەر دەستگیرکران. ئەم کردەیەش لەڕێی ٢٠٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ٥٠ پاسی گواستنەوە، ٣,٠٠٠ چەکداری هێزی بەگژداچوونەوەی تاوان و ١٠,٠٠٠ چەکداری ئاسایشی ناوەندییەوە ئەنجام درا.

لە شاری سویس زانای شۆڕشگێڕی میسڕی حافز سەلامە بەشداری خۆپێشاندانەکانی کرد و ئەوەش زیاتر هانی خۆپێشاندەرانی دا.

لە شاری ئەسکەندەریە گرژی لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپێشاندەران دروستبوو و شێوەیەک لە شێوەکانی جەنگی کۆڵان بە کۆڵان پەیدابوو.

لە هەمان ڕۆژ حکوومەت زۆرێک لە پەیج و ماڵپەڕەکانی داخست و تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریشی ڕاگرت. یەکێتیی ئەورووپا داوای لە سەرکۆماری میسڕ حوسنی موبارەک کرد کە گوێ لە گەلەکەی بگرێت و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش داوای هێمنی و دانبەخۆداگرتنی گەلی میسڕ و حکوومەتی کرد، دواتریش هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا داوای ئاشتی و دانووستانیان کرد. ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە بە وردی چاودێری ڕووداوەکان دەکەن.

لە هەمان ڕۆژ دراوی میسڕ بە ڕێژەیەکی زۆر نزمبوویەوە و پشکەکانی میسڕ ٢٣ ملیار جونەی لەدەست دا.

تاوەکوو ڕۆژی دووەم چوار کەس کوژران، کە یەکێکیان سەرباز بوو. لەنێو بریندارەکانیش ١٦٢ سەرباز و ١١٨ هاووڵاتی تێدابوو. زیاتر لە ١٠٠ کەسیش دەستگیرکران.

ڕۆژی سێیەم/ ٢٧ـی یەک

لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ـی مانگ، محەمەد بەڕادعی سەرۆکی پێشووتری بەرێوبەرایەتی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای گەڕانەوەی لە نەمسا هاتە پاڵ خۆپێشاندەران و وتی کاتی خانەنشینبوونی حوسنی موبارەکە.

لە هەمان ڕۆژ خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر بنکەی پۆلیسی ئەربەعین و ئاگریان تێ بەردا و ئۆتۆمبێلەکانیشیان سووتاند. هێزەکانی پۆلیسیش بە گازی فرمێسک ڕژ وەڵامی خۆپێشاندەرانیان دایەوە. لە هەمان ڕۆژ چالاکوانی تۆڕی کۆمەڵایەتی وائل غەنیم دەستگیر کرا.

ڕۆژی چوارەم/ ٢٨ـی یەک

لە ڕۆژی هەینی ٢٨ـی مانگ کە دواتر ناونرا بە هەینی تووڕەیی، حکوومەتی میسڕ هەستا بە کۆنتڕۆڵکردن و وەستاندنی تەواوی هێڵەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت بۆ ڕێگری لە هەموو کۆبوونەوەیەک. بەڵام سەرەڕای ئەوە سەدان هەزار خۆپێشاندەر لەدوای نوێژی هەینی لە مزگەوتەکان هاتنە دەرەوە و لە گۆڕەپانی تەحریر کۆبوونەوە، هەروەها هەریەک لە (ئەسکەندەریە، سویس، ئیسماعیلیە، مەنسووڕە، دمیات، فەیووم، منیا، دەمنهوور، شەرقیە و باکووری سینا) خۆپێشاندان دەستی پێکرد.

لەم ڕۆژەدا هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەران و نزیکەی ٨٠٠ کەسیان کوشت و هەزار کەسیش برینداربوون. زۆرترین کوژراوی ئەم ڕۆژە لە شاری ئەسکەندەریەبوو کە ٨٧ کەسی لەدەست دا. لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی پۆلیس نەیانتوانی ڕێگری لە خۆپێشاندان بکەن و لە پردی قەسڕی نیلی قاهیرە کشانەوە. هەریەک لە شارەکانی ئەسکەندەریە و سویسیش کەوتە دەست خۆپێشاندەران و لە زۆرینەی شارەکان بنکەکانی حیزبی نیشتمانییان سووتاند، کە حوسنی موبارەک لەو حیزبە بوو.

لەم ڕۆژەدا حوسنی موبارەک وەک فەرماندەی تەواوی هێزە چەکدارەکان بڕیاری دا بە ڕاگرتنی هاتووچۆ لە هەموو شارەکانی میسڕ، لە کاتژمێر شەشی ئێوارە بۆ حەوتی بەیانی. بۆ یەکەمین جاریش سوپا بە زرێپۆشەکانییەوە هاتە نێو شەقامەکانی میسڕ. لە هەمان ڕۆژ محەمەد بەڕادعی بە ناچاری لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرا.

بازاڕەکانی دەوروبەری مۆزەخانەی میسڕیش لە قاهیرە هێرشی کرایە سەر و هەندێک سووتێنران و هەندێک بەتاڵان بران. زۆرینەی خاوەن فرۆشگەکانی زێڕ و خشڵ و پارەگۆڕینەوەش لە ترسی بەتاڵانبردن و ڕفاندن فرۆشگەکانیان داخست.

ڕۆژی پێنجەم/ ٢٩ـی یەک

سەرۆک موبارەک لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد ئاگاداری خواستەکانی خەڵک بووە و دەست لەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەی ئەحمەد نەزیفی ڕاگەیاند. بەڵام دوای ڕۆژێک لە خۆپێشاندانە توندوتیژەکان ڕەتیکردەوە دەست لەکاربکێشێتەوە. هەروەها حوسنی موبارەک بە بڕیارێکی کۆماری، عومەر سولەیمانی کرد بە جێگری سەرۆکۆمار و ئەحمەد شەفیقیشی وەک سەروەزیرانی نوێ دەستنیشان کرد.

لەم ڕۆژەدا گەنجان لە دوای هەینی تووڕەیی، هەڵمەتی "ماڵە گەورەکەت بپارێزە"ـیان دەست پێکرد تا ئەو کاتەی ئاسایشی گشتی دەگەڕێتەوە، گەنجان بۆ پاراستنی ماڵەکانیان لە بەڵتەجی و چەتەکان لە بەردەم ماڵەکانیان دەوەستان.

بەڵتەجییەکان شەقامەکان و گۆڕەپانەکانی قاهیرە و پارێزگاکانیان گەمارۆدا و دەستیان کرد بە تاڵانی بەرفراوان و چەندین بانک و کۆمپانیا و دوکانیان تاڵان کرد. هەروەها هێرشیان کردە سەر مۆڵ و هۆتێلەکان کە بەناوبانگترینیان هێرشی سەر مۆڵی ئەرکادیا بوو. کشانەوەی لەناکاوی هێزەکانی پۆلیس بووە هۆی ئەوەی لاواز ببن و زۆرێکیان لەلایەن خەڵکییەوە ڕاوبنرێن، چەندین چەتە و بەڵتەجیش لەناو شارەکان بڵاو بوونەوە و کاری خراپە و دزی و جەردەیی زیادی کرد.

سەفووت شەریف سکرتێری گشتی حیزبی نیشتمانی ڕایگەیاند کە ئەحمەد عز، سکرتێری ڕێکخستنی حیزبی نیشتمانی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە حیزبەکە پێشکەشکردووە و پەسەند کراوە.

وەزارەتی گواستنەوە ڕایگەیاند کە ١٢ وێستگەی میترۆ تاڵانکراون و کەرەستەکانیان دزراوە کە بڕێکی زۆر داهات و کۆمپیوتەری تێدایە.

سەرۆکی بۆرسە بەهۆی خۆپێشاندانی خەڵکی لە میسڕ، وەستانی بازرگانی لەسەر ئاڵوگۆڕی بۆرسە ڕاگەیاند.

باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ حوسنی موبارەک قسەی کرد و ڕاستەوخۆ داوای لێکرد چاکسازی هەمەلایەنە بکات و بەڵێنەکانی بۆ زیادکردنی دیموکراسی و ئازادی ئابووری جێبەجێ بکات.

ڕۆژی ٣٠ـی یەک

هێزە سەربازییەکانی سوپای میسڕ لەم ڕۆژەدا بەردەوام بوون لە کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخی ئاسایشی میسڕ. فڕۆکە شەڕکەرەکان و هەلیکۆپتەرەکان بەسەر خۆپێشاندەراندا لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەندی قاهیرە دەفڕین. دواتر شەڕوپێکدادانێکی توند لە نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس لەبەردەم بینای وەزارەتی ناوخۆ لە قاهیرە ڕوویدا و تێیدا سێ کەس کوژران و دەیان کەسی تر برینداربوون. زرێپۆشەکانی سوپای میسڕیش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە هاتنە پێشەوە.

لە هەرەم بەڵتەجییەکان سەرەڕای ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە شەقامەکاندا بڵاوبوونەوە و لەڕێی تەقەکردنێکی زۆر و قورس بەسەر بیناکەدا هەوڵیاندا بچنە ناو چاپەمەنی بانکی ناوەندییەوە. بەڵام سوپا بە کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە ڕێگەی لێگرتن.

بەهۆی نەبوونی هێزی پۆلیس لە ناو شار و شارۆچکەکاندا، کۆمەڵێک لە زیندانەکان شکێنران و چەندین سەرکردەی سیاسی و کەسانی چالاکوان لە زیندان ئازادکران. دیارترین ئەو کەسانە (محەمەد مورسی، دکتۆر عیسام عوریان، سەعد کەتاتنی، محەمەد موحیی، سەعد حسێنی، موستەفا غەنیمی، مەحموود ئەبووزەید، سوبحی ساڵح، حەسەن ئیبراهیم، سەید نەزیلی، حەمدی حەسەن و ڕەمزی وەشاحی) بوون، کە ئەوەی کۆتاییان سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینە. دواتریش بەهۆی سوپاوە لەڕێی گەڕانێکی زۆرەوە زۆرێک لە زیندانییەکان گەڕێنرانەوە زیندانەکان.

بۆ پاراستنیان لە بەڵتەجییەکان، هێزە چەکدارەکان بەرپرسیاریەتی پاراستنی کارگە و وێستگە کارەباییەکانی هەموو میسڕیان گرتە ئەستۆ، بۆ ڕێگری لە هەر زیانێک لەو ماوەیەدا. تاوەکوو بە توانایەکی تەواوەوە کار بکەن بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو هاوڵاتیان بە کوالێتییەکی بەرزەوە.

بەڕێوبەرایەتی ئاڵوگۆڕی بۆرسە بڕیاریدا ماوەی مامەڵەی چەقبەستوو لە بازاڕدا بۆ ماوەی ڕۆژێک درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ماوەی دوو ڕۆژ تا ئاڵوگۆڕی بۆرسە دەگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی جێگیری خۆی. بانکی ناوەندی میسڕیش کارکردنی لە تەواوی بانکەکانی میسڕ ڕاگرت بە هەمان کاتی سڕکردنی بۆرسە بۆ پاراستنی بانکەکان لە دزی و تاڵانکردن.

ڕۆژی ٣١ـی یەک

ژمارەی خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی بێوێنە بەرزبووەوە و بۆ داوای وازهێنانی سەرۆک شەقام و گۆڕەپانەکان پڕبوون. هەمان ڕۆژ لەلایەن سەرکۆمارەوە هەریەک لە پارێزگارەکانی شەرقیە و دەمیات و سوهاج گۆڕان.

سالار ئیسماعیل عەتمانی وتەبێژی سوپای میسڕ ڕایگەیاند کە سوپا هەرگیز دژی خۆپێشاندەران ناوەستێتەوە و ئازادیی بیروڕا و دەربڕین بۆ هەموو کەسێک ڕەوایە کە بە ئاشتی داوای مافی خۆی بکات. حکوومەتی نوێیش بە سەرۆکایەتیی سەردار ئەحمەد شەفیق سوێندی یاسایی خوارد.

جێگری سەرکۆمار، عومەر سولەیمان بە بڕیاری حوسنی موبارەک دەستی کرد بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چارەسەری کێشەکان.

چەند ئاژانسێکی گەشتیی ئەوروپی و نێودەوڵەتی گەشتە دیاریکراوەکانیان بۆ میسڕ هەڵوەشاندەوە و داوایان لە کارمەندەکانیان کرد لە ئەگەری دروستبوونی پشێوی زیاتر میسڕ چۆڵ بکەن.

بۆرسە و بانکەکان کە لە بازاڕی ناوخۆدا کار دەکەن بەردەوام بوون لە داخستنی بۆ ڕۆژی سێیەم لەسەر یەک بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئاسایش و سیاسییەوە.

ڕۆژی یەکی شوبات

ڕۆژی یەکەمی مانگی دووی ٢٠١١ بە بڵاوکردنەوەی گوتارێکی حوسنی موبارەک دەستی پێکرد کە ڕەتی کردەوە لە دەسەڵات بڕوات و جەختی کردەوە کە حکوومەتی نوێی ڕاسپاردووە داواکارییەکان بەجێ بهێنێت. بەڵام خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر و ناوچەکانی تر گوتارەکەیان ڕەتکردەوە.

هەمان ڕۆژ هێزە چەکدارەکان دەستگیرکردنی چەند کەسێکیان بە جلوبەرگی مەدەنییەوە ڕاگەیاند کە لەناو هاووڵاتیاندا بوون و ئاژاوە و پشێوییان دروست کردووە و کۆمەڵێکیان چەکیان پێبووە.

ڕۆژی دووی شوبات

جەماوەر لە گۆڕەپانی تەحریر بۆ ڕۆژی نۆیەمی خۆپێشاندان کۆبوونەوە و داوای دەستپێکردنی "ڕێپێوانی ملیۆنی"ـیان دەکرد. هەروەها قسەکانی موبارەکەیان ڕەت دەکردەوە کە وتبووی نایەوێت دەسەڵات بەجێ بهێڵێت.

بۆ یەکەمین جار کۆمەڵێک خەڵک بۆ پشتگیریکردنی سەرۆک موبارەک لە گۆڕەپانی مستەفا مەحموود کۆبوونەوە و داوای "جێگیری" و "پشتیوانی" سەرۆک و میسڕیان دەکرد. ژمارەیەک لە هونەرمەندان و میدیاکاران و یاریزانانی تۆپی پێ بەشدارییان تێداکرد و شەڕوپێکدادان لە نێوان ئەوان و نەیارانی سەرۆکدا ڕوویدا.

دواتر کۆمەڵێک لە لایەنگرانی موبارەک بە یاوەری چەندین بەڵتەجی و کۆنەدز و تاوانبار بە ئەسپ و وشتر بە دار و چەکی سپی و باتۆنەوە بەرەو گۆڕەپانی تەحریر بەڕێکەوتن. بە زەبری هێز هێرشیان کردە سەر گۆڕەپانی تەحریر بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران لەوێ دەربهێنن. خۆپێشاندەرانیش بە بەرد وەڵامیان دانەوە و ماوەی چەند کاتژمێرێک پێکدانان بەردەوام بوو و ناوەندی گۆڕەپانی تەحریر بووە نەخۆشخانەیەکی خێرا بۆ خۆپێشاندەران. لایەنگرانی موبارەک بە مۆلۆتۆڤ و پارچە چیمەنتۆ هێرشیان کرد و زۆرێک لە هاووڵاتیانیان بریندارکرد. سوپای میسڕیش بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بە تەقەکردن بە ئاسماندا ویستی جیاکردنەوەی هەردوولای هەبوو و ڕەتی کردەوە تێوەبگلێت بۆ ئەوەی زیاتر دۆخەکە تێکنەچێت.

دواتر کۆمەڵێک بەڵگە بڵاوبوونەوە لەسەر ئەوەی هێرشبەران بەشێکیان پۆلیس بوون و جلوبەرگی مەدەنییان لەبەربووە.

لەو ڕۆژەدا ١٠ کەس لەو شەڕەدا کوژران و ٨٣٠ کەس برینداربوون. دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی موبارەک چەندین بەرپرس و کەسی گەورەی حیزبەکەی ئاشکرابوون کە دەستیان لە هێرشکردنە سەر هاووڵاتیان هەبووبوو.

دوای ٦ ڕۆژ لە نەمانی ئینتەرنێت، دووبارە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت گەڕایەوە و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتیش زیانی ٥١ ملیار جونەیان بەرکەوتبوو.

هەمان ڕۆژ جێگری ڕاوێژکار دکتۆر عەبدولمەجید مەحموود ڕایگەیاند کە هەریەک لە: حەبیب عادلی وەزیری پێشووی ناوخۆ و ئەحمەد مەغربی وەزیری خانووبەرە و زوهەیر جرانە وەزیری پێشووی گەشتوگوزار. ڕێگە لە چوونەدەرەوەیان لە وڵات گیراوە و هەژمارە بانکییەکانیشیان سڕکراوە کە بەهۆی گەندەڵی و بەرتیل و دزییەوە سامانەکانیان بەدەست هێناوە.

ڕۆژی سێی شوبات

پێکدادانی نوێ لە دەوروبەری گۆڕەپانی تەحریر ڕوویدا و لایەنگرانی موبارەک و چەند چەکدارێک هەوڵیان دا لە ڕووی پردی کوبری  ٦ـی تشرینی یەکەم و گۆڕەپانی شەهید عەبدولمونعیم ڕیادەوە هێرش بکەن. بەڵام لەلایەن سوپاوە ڕێگرییان لێ کرا و دوورخرانەوە.

گوتەبێژی فەرمی ئەزهەر پۆستەکەی بەجێهێشت و چووە پاڵ خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و ڕایگەیاند بە هەموو تواناوە پشتیوانییان لێ دەکات و تا سەرۆک موبارەک بمێنێت گۆڕەپانەکە بەجێناهێڵێت.

لایەنە سەرەکیەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕەتیان کردەوە کە بە دەم داواکەی عومەر سولەیمانەوە بڕۆن بۆ دانووستان. بەڵام ٢١ حیزبی بچووک لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.

پۆلیس و هێزەکانی پاراستن ٣١٣ زیندانی هەڵاتوو و ٤٤٧ چەکی جۆراوجۆریان لە ١٨ پارێزگادا تۆمارکرد. هەروەها ڕایانگەیاند کە ١٦٠ زیندانییان دەستگیر کردووەتەوە.

ڕۆژی چواری شوبات

سەدان هەزار میسڕی لە مەیدانی تەحریر کۆبوونەوە بۆ داواکردنی ڕووخاندنی ڕژێم و ڕۆژەکەیان ناونا "هەینی ڕۆشتن". خۆپێشاندەرانی موسوڵمان لەو شوێنەدا نوێژی هەینییان ئەنجام دا و لەلایەن خۆپێشاندەرانی مەسیحییەوە پارێزگارییان لێ دەکرا.

ئیخوانەکان دانووستانیان بە مەرجێک قبووڵ کرد کە دەبێت لە کەشێکی کراوەدا بێت و گفتوگۆیەکی جدی و ڕاستگۆیانە بێت و لە پێناو بەرژەوندی میلـلەت بێت. هەروەها دووربێت لە زمانی هەڕەشە و توندوتیژی بۆ ئەوەی گەل لەم دۆخە ڕزگاری ببێت.

نان لە بازاڕەکانی زۆرێک لە پارێزگاکان نەما. بەوەش قەیرانی کڕینی نان و دەستکەوتنی دروستبوو و سوپای میسڕ بەخێرایی بە فڕنەکانی خۆی هاوکاری خەڵکی کرد.

ڕۆژی پێنجی شوبات

کۆمەڵێک چاودێری نێودەوڵەتی سامانی حوسنی موبارەک و خزمەکانیان بە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار خەمڵاند. کە زۆرینەیان لە بانکەکانی بەریتانیا و سویسرا و لەندەن و نیویۆرک و لۆس ئەنجلسن.

ڕۆژی شەشی شوبات

گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان کە ئیخوان موسلیمین و چەند سەربەخۆیەکیان تێدابوو. گفتوگۆیەکیان لەگەڵ عومەر سولەیمان جێگری سەرکۆمار ئەنجامدا و تێیدا لیژنەیەک ڕازی بوو بۆ ئامادەکردنی هەموارکردنەوەی دەستوور لە ماوەی چەند مانگێکدا. لەگەڵ کارکردن بۆ کۆتاییهاتنی باری نائاسایی و دامەزراندنی لیژنەیەکی بەدواداچوونی نیشتمانی و جێبەجێکردن و دەستکاریکردنی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و دادگاییکردنی تۆمەتباران لە دۆسیەی گەندەڵیدا.

کرانەوەی بانکەکان دوای داخستنیان بۆ ماوەی یەک هەفتە.

هەزاران کەس لە مەیدانی تەحریر بە ئامادەیی هەزاران مەسیحی نوێژی غایبیان بۆ ڕۆحی ئەو کەسانە کرد کە لە ماوەی خۆپێشاندانەکاندا کوژرابوون. هەزاران مەسیحیش بە ئامادەبوونی موسوڵمانان نوێژی یەکشەممەیان خوێند.

دەسەڵاتدارانی میسڕ وائیل غەنیمی چالاکوان و بەڕێوبەری بازاڕگەریی هەرێمیی گووگڵیان ئازادکرد کە دەستگیرکرابوو.

ڕۆژی حەوتی شوبات

سەرۆک حوسنی موبارەک بڕیاری ژمارە ٥٤ـی ساڵی ٢٠١١ـی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی خوێندنەوە و پێشنیازی هەموارکردنی هەندێک ماددەی دەستووری و یاسادانانی دەکرد.

خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریریش دەستیان کرد بە دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو لە هەموو هێزە سیاسی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەسە سەربەخۆکان.

ڕۆژی نۆی شوبات

لەم ڕۆژەدا خۆپێشاندان بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کرد و لە چەندین شاری نوێ و ناوچەی تایبەت دەستی پێکرد.

تیمی لێکۆڵینەوە لە دامەزراوەکانی پۆلیس ئاشکرایان کرد کە ٩٩ بنکەی پۆلیس لە چەند پارێزگایەک تێکشکێنراون و سووتاون.

ڕۆژی دەی شوبات

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەگەر هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا حوسنی موبارەک واز لە پۆستەکەی بهێنێت.

سەرۆک موبارەک سێیەمین گوتاری خۆی پێشکەش بە خەڵکی میسڕ کرد و هەمووانی سەرسام کرد کاتێک ڕەتیکردەوە دەست بکێشێتەوە و دەسەڵاتەکانی بە عومەر سولەیمانی جێگری بدات، لە گوتارەکەیدا وتی کە هەموو ژیانی لە پاراستنی میسڕدا بەسەربردووە و لە جەنگەکانی بەشداری کردووە، بە سەرکەوتن و دۆڕانییەوە.

خۆپیشاندەران لە مەیدانی تەحریر قسەکانی موبارەکیان ڕەتکردەوە کە نائومێدی کردن بەوەی وتی لە دەسەڵات ناکشێتەوە. بۆیە خۆپێشاندەران کاتێک موبارەک وتی "هەموو ژیانم لە بەرگری لە میسڕ بەسەربرد" بایکۆتیان کرد و گوێیان بۆ ڕانەگرت و بە دروشمی "بڕۆ" وەڵامیان دایەوە. کۆمەڵێکیش پێڵاوەکانیان بە ڕوویدا بەرزکردەوە.

ڕۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی ڕایگەیاند کە شانشینی سعوودیە هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر ئەمریکا داوای گۆڕینی حکوومەتی حوسنی موبارەک بکات، ئەوان پشتی موبارەک دەگرن. هەروەها پێشتریش پادشا عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولعەزیز لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە ئۆباما کردووە کە تانە لە حوکمڕانی موبارەک نەگرێت.

ڕۆژی ١١ـی شوبات

لە ئێوارەی ڕۆژی یازدەی مانگدا. عومەر سولەیمان، جێگری سەرکۆماری میسڕ لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حوسنی موبارەکی سەرۆکۆماری لە دەسەڵات ڕاگەیاند. عومەر سولەیمان ڕاستەوخۆ لە پەیامێکدا وتی:

"بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان.

 ئەی هاووڵاتیان، لەم دۆخە سەختەدا کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت. سەرۆک محەمەد حوسنی موبارەک بڕیاریدا واز لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بهێنێت. هەروەها سەرۆکایەتی باڵای هێزە چەکدارەکانی ڕاسپارد بە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت".

دوای ئەوەی هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەکەی موبارەک بڵاوبوویەوە، لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات جۆش و خرۆشی گەورە تەقییەوە و ملیۆنان کەس لە هەموو پارێزگاکاندا ڕژانە سەر شەقام و مەیدانەکان بۆ دڵخۆشی بە دەستکەوتەکانی یەکەم داواکارییەکانی شۆڕش کە بریتییە لە ڕووخاندنی ڕژێم.

چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەی حوسنی موبارەک دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، گەنجانی شۆڕش هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد بۆ پاککردنەوەی مەیدانی تەحریر.

لەم ڕۆژەدا ڕاگەیەندرا دەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ بە سەرکەوتوویی ١٠ هەزار و ١٤٧ زیندانی هەڵاتوویان لە ژمارەیەک پارێزگا لە کۆی ٢٣ هەزار و ٦٠٠ زیندانی هەڵاتوو دەستگیرکردووە.

وڵات دوای موبارەک

دادگایی موبارەک

دوای دەست لەکارکێشانەوەی موبارەک. دادگاییکردنی خۆی و خێزانەکەی دواکەوت، بەوەش هەزاران کەس لە ڕۆژی ٢٠١١/٤/٨ ڕژانە سەر شەقام و گۆڕەپانی تەحریر و داوای دادگایی ئەویان کرد. دادگایی موبارەک و کوڕەکانی لە ١٩ـی نیسانی هەمان ساڵ دەستی پێکرد.

دادگایی موبارەک و وەزیری ناوخۆی سەردەمی ئەو ماوەی زیاتر لە ساڵێکی خایاند و لە ٢٠١٢/٦/٢، بەهۆی کوشتنی خۆپێشاندەرانەوە سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنرا.

ماوەی سەرۆکایەتی کاتی

لە ماوەی سەردەمی دەسەڵاتی کاتی چەندین بەریەککەوتن لە نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکان و ئەنجوومەنی سەربازیدا ڕوویدا. لە ٢٠١١/١٠/٩ بە ڕووداوی ماسبیرۆ دەستی پێکرد کە تێیدا ٣٥ خۆپێشاندەر کە زۆرینەیان لە قیپتییەکان بوون لە نزیک مەیدانی تەحریر کوژران.

دواتر لە ١٩ـی تشرینی دووەم یەکەمین پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکان و ئەنجوومەنی سەربازی ڕوویدا کە بە ڕووداوەکانی محەمەد مەحموود ناونرا. شەڕی شەقام و پێکدادانی خوێناوی لە نێوان خۆپیشاندەراندا ڕوویدا کە داوای گواستنەوەی خێرای دەسەڵاتیان دەکرد لە ئەنجوومەنی باڵای هێزە چەکدارەکانەوە بۆ سەرکۆمارێکی هەڵبژێردراو و حکوومەتێکی مەدەنی. بەهۆی پێکدادانەکانەوە سەدان کەس کوژران و هەزاران برینداربوون.

هەڵبژاردن

یەکەم هەڵبژاردنی یاسادانانی دوای شۆڕش لە سێ قۆناغدا ئەنجامدرا، کە لە ٢٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠١١ دەستی پێکرد و لە ١٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ کۆتایی هات.

لە مانگی ئایار و حوزەیرانی ٢٠١٢، یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فرەیی ئازاد بەڕێوەچوو، کە محەمەد مورسی دوای گەڕێکی هەڵبژاردن لە بەرانبەر ئەحمەد شەفیق سەرکەوتووبوو. بەوەش بوو بە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی مەدەنی لە مێژووی هاوچەرخی میسڕدا، دواتریش لە گۆڕەپانی تەحریردا سوێندی یاسایی خوارد.

لە ١٢ـی ئابی ٢٠١٢ مورسی بڕیاری لابردنی وەزیری بەرگری، شکۆدار حسێن تەنتاوی دەرکرد و سەرداری یەکەم عەبدولفەتاح سیسی لە شوێنی ئەو دانا. کە دوای ساڵێک بە کودەتایەک دەسەڵاتەکانی لە مورسی سەندەوە و خۆی بوو بە سەرکۆماری وڵات.


سەرچاوەکان



1077 بینین