هەڵبژاردنی جلی گونجاو لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-23-00:05:00 - کۆدی بابەت: 7675
هەڵبژاردنی جلی گونجاو لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەماوەی دووگیانیدا جگە لە بەرزبوونەوە و گەورەبوونی سک، ئەندامەکانی دیکەی جەستەی خانمەکەش گەورە دەبن و جەستەی بەتەواوی دەئاوسێت و ئیتر ناتوانێت جلە ئاساییەکانی ڕۆژانی پێش دووگیانی بپۆشێت، پێویست دەکات جلی پانتر و گونجاوتر لەبەربکات.

ڕێنوێنی بۆ هەڵبژاردنی جلی گونجاو لەماوەی دووگیانیدا

جلی ژێرەوە

لە سەرەتایی دووگیانییەوە تاکوو کۆتایی دووگیانییەکە، قەبارەی مەمک و سمت دەست دەکات بە گەورەبوون و ئەو جلانەی ژێرەوە کە پێشتر لەبەرت کردووە ناتوانیت لەبەری بکەیتەوە و گونجاو نییە، دەبێت ستیانی تەسک نەپۆشیت چونکە مەمک بەردەوام له گەشەکردندایە و پێویستە قەبارەی گەورەتر هەڵبژێریت، هەروەها واباشترە قوماشی ستیانەکە گونجاو بێت و دوربێت لە نقێم و نەخشی زۆر کە ئازاری مەمکی خانمەکە بدات، لە کۆتایی دووگیانیدا دەبێت وردە وردە جۆرە ستیانێک بکڕیت کە بۆ ماوەی شیردانیش گونجاو بێت.
کاتێک شۆڕت دەکریت دەبێت قوماشێکی گونجاوی هەبێت و تەسک نەبێت و لاستیکی توندی تێدا نەبێت لە سەرەوە کە توند سک بگرێت.

کراس

یەکێک لە گونجاوترین جل بۆ ماوەی دووگیانی کراسە، کراسی پان و درێژ زۆر گونجاوە بۆ ماوەی دووگیانی و گەورەیی سک دادەپۆشن، واباشترە کراسێک بکڕیت تاکوو سەر ئەژنۆت بێت چونکە وردە وردە بە گەورەبوونی سکت کراسەکە کورتر دەبێتەوە.

بیجامە و پانتۆڵ

لە ماڵەوە ئەو بیجامەیەی کە لەپێی دەکەیت نابێت زۆر تەسک بێت، چونکە قاچەکان زۆر دەئاوسێن لەماوەی دووگیانیدا کاتێک بیجامەیەکی تەسک لەپێ دەکەیت قاچت ئەوەندەی تر ئاوسانەکەی خراپتر دەبێت، هەروەها زۆر گرنگە ئەو خانمانەی کە پانتۆڵ لەبەر دەکەن پانتۆڵی دووگیانی لەبەر بکەن کە ئێستا هاتووەتە بازاڕەوە، چونکە ئەم پانتۆڵانە کەمەرەکەی تایبەت بە خانمانی دووگیان دروست کراوە و ئازاری خانمەکە نادات.

پێڵاو و گۆرەوی

بەهەمان شێوە دەبێت گۆرەوییەکە قەبارەی قاچی خۆت بێت و توند قاچەکانت نەگرێت، هەروەها بەشی خوارەوەی قاچ لەماوەی دووگیانیدا زۆر دەئاوسێت بۆیە کە دووگیان دەبیت هەرگیز پێڵاوەکانی پێشووت بۆ ناشێتەوە و دەبێت قەبارە گەورەتر بکڕیت، ئەم پێڵاوانە دوای لەدایکبوونی منداڵەکەش دەتوانیت بەکاریان بهێنیت، چونکە لەماوەی دووگیانیدا قەبارەی قاچی دایک بە ڕادەیەک گەورە دەبێت دوای منداڵبوونەکەش ناگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی و نیو ژمارە زیاترە.
هەروەها خانمانی دووگیان بە هیچ جۆرێک نابێت پێڵاوی پاژنە بەرز لەپێ بکەن، چونکە زیانی زۆرە و ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئازاری پشت، واباشترە پێڵاوەکە چەرم بێت و ژێرەکەی بە جۆرێک دروست کرابێت کە خز نەبێت تاکوو ئەگەری کەوتنی ژنە دووگیانەکە زۆر کەم بێت.

زیانەکانی لەبەرکردنی جلی تەسک

وشکبوونەوەی زیاتری جەستە

بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە جەستەی خانمانی دووگیان وشک دەبێتەوە، کاتێک جلێکی تەسک لەبەردەکەیت یاخود گۆرەوی و پێڵاوێکی توند لەپێ دەکەیت، جەستەت زیاتر وشک دەبێتەوە چونکە ئەو جلوبەرگانە زیاتر دەلکێن پێتەوە و پێستەکە هەستیارتر دەکەن.

نائاسوودەیی

کاتێک جلەکانت تەسکە ناتوانیت بە ئاسوودەیی کاروباری ڕۆژانەت بکەیت و لە هەر جێیەک بیت هەست بە نائاسودەیی دەکەیت بەهۆی جلەکانتەوە و بەمەش فشاری دەروونیت لەسەر دروست دەبێت، کە زۆر گرنگە خانمانی دووگیان کەمترین فشاری دەروونیان لەسەر بێت، بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە جلی فراوان واباشترە ڕەنگەکان ڕوون و دڵڕفێن بن و دورکەونەوە لەو ڕەنگانەی کە هەستێکی نامۆت لا دروست دەکات.


سەرچاوەکان



1902 بینین