بڕیاردان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-25-16:12:00 - کۆدی بابەت: 7702
بڕیاردان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بڕیاردان (بە ئینگلیزی: Decision making) ئەو ئەنجامەیە کە لە بیرکردنەوەوە بەدەست دێت و هەڵبژاردنێکە لەنێوان کۆمەڵە هەڵبژاردنێک، بڕیاردانەکان جۆری جیاوزیان هەیە و هەموو کەسێک دەبێت لە هەر بارودۆخێکی ژیانیدا بێت بتوانێت بڕیاری ڕاست بدات، ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە مافی هەڵەکردنمان لە ژیاندا نییە و دەبێت هەمیشە ڕاستترین بڕیارەکان بدەین، تەنها ئەوەیە کە دەبێت بزانین لە هەر بارودۆخێکدا پێویستمان بە چی جۆرە بڕیارێک دەبێت، بۆ نموونە هەندێک کات وا پێویست دەکات بە هەست بڕیار بدەتن و هەندێک کاتیش بە لۆجیکی.

شێوەکانی بڕیاردان

 بڕیاردانی پەیوەست بەکاتەوە

  • بڕیاردانی خێرا
  • بڕیاردانی درەنگ
  • بڕیاری چارەنووسساز

بڕیارە ئاڵۆزەکان

  • ساده
  • ئاڵۆز

بڕیاردانی پەیوەست بە بیرکردنەوە 

  • بڕیاردان بەپێی هەست و سۆز
  • بڕیاردان بەپێی لۆجیک
  • بڕیاردانی بە ڕاوێژکاری و یارمەتی کەسانی تر

بڕیاردانی تاکەکەسی

ئەم شێوە بڕیاردانە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانمان بوونی هەیە و بە یەکێک لە ڕووداوە سەرەکییەکانی ژیانمان دادەنرێت، بۆ نموونە بڕیار دەدەیت بۆ ڕۆژی هەینیت کاتت لەگەڵ هاوڕێکانت بەسەر ببەیت، ئەمە یەکێکە لە سادەترین ئەو بڕیارانەی کە بە شێوەی تاکەکەسی بۆ ماوەیەکی دیاری کراوی ژیانتی دەدەیت، بڕیاری تاکەکەسی یەکێک لە باوترین جۆرەکانی بڕیاردانە کە دەتوانێت بچووکترین ڕووداوی ژیانمان تا گەورەترین ڕووداو پێکبهێنێت. 

بڕیاردان بە هەست

بڕیارە هەستییەکانن یەکێکی ترە لە شێوەکانی بڕیاردان، ئەم جۆرە بڕیاردانە تەنها سەرچاوە لە هەست و سۆز و باشکردنی حاڵی کەسەکە وەردەگرێت، لۆجیک و هەڵسەنگاندی داهاتوو بە لۆجیک تێیدا نابینرێت، هەڵبەت ڕەنگە هەندێک کاتیش لۆجیک تێکەڵ بەم بڕیاردانە ببێت، بەڵام ئەوەی گرنگی هەیە ئەوەیە کە بەبێ گرنگیدان بە هیچ شتێک، کەسەکە دڵی ڕازی ببێت و دڵخۆش ببێت.

بڕیاردانی لۆجیکی

یەکێک لە باشترین شێوەکانی بڕیاردانە کە کەسەکە هەوڵ دەدات بە یارمەتی بیرکردنەوە و لۆجیک و کۆکردنەوەی زانیاری بەسوود دەربارەی بابەتەکە و لێکۆڵینەوە، بڕیارێکی ڕاست و دروست بدات. بەگشتی لەم بڕیارانەدا دەرئەنجامی کارەکە لەبەرچاو دەگیرێت، کەسەکە ئەوەندە متمانەی بە خۆیەتی کە دەتوانێت بەئاسانی بەرپرسیارێتی کارەکەی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، ئەگەری بەهەڵەداچوونی ئەم بڕیارانە زۆر کەمە و باسی بەخت و هەست و بۆچوونی کەسانی تری تێدا ناکرێت.

بڕیاردانی خێرا

ئەم شێوە بڕیاردانە بە یەکێک لە قورسترین جۆرەکانی بڕیاردان دادەنرێن، دەبێت لە ساتێکدا بڕیارێک بدرێت و ئەم بڕیارە دەکرێت هەستی، لۆجیکی، تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ بێت، لێرەدا ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە کەسەکە بتوانێت بە ڕاستی و ژیرانە بڕیارێکی خێرا بدات.

ئەو بڕیارانەی لێیان دووردەکەوینەوە

هەندێ لە بڕیارەکان زۆر قورسن بۆمان کە بیاندەین، ئەم بڕیارانە بە ئازارترین جۆری بڕیاردانەکانن، مرۆڤ هەمیشە خۆی دووردەخاتەوە لێیان، ئیتر ئەم بڕیارانە دەکرێت بۆ شتێک یان ڕووداوێک بن کە خۆمانی لێ بەدووردەگرین، بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم حاڵەتەدا ئەگەر بۆ یەکجاریش بێت دابنیشە و بیر لەو بابەتە بکەرەوە کە هەمیشە لێی ڕادەکەیت و بڕیاری ڕاست بدە.

بڕیاردانی گوێڕایەڵانە

لەم جۆرە بڕیاردانە مرۆڤ توانای ئەوەی نییە کە ویست و خواستی خۆی تێکەڵ بە بڕیارەکە بکات، بەگشتی هەوڵ دەدات لەکۆتاییدا بە قسە و خواستی کەسانێکی تر بڕیارەکەی بدات، توانای هەڵسەنگاندنی لایەنە جیاوازەکانی بابەتەکە و دەرئەنجامی بابەتەکەی نییە، هەروەها ئەم کەسە گوێڕایەڵانە، توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و لە ئەستۆگرتنی ئەنجامەکانی بڕیارەکەی خۆشیان نییە. 


سەرچاوەکان



4939 بینین