یاری ڕوبیکس کیوب

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-02-03-20:20:00 - کۆدی بابەت: 7739
یاری ڕوبیکس کیوب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یاری ڕوبیکس کیوب یان ڕوبیک کیوب یان شەشپاڵووی ڕوبیک (بە ئینگلیزی: Rubic’s Cube، بە عەرەبی: المكعب روبيكس)، ئامڕازێکی یاری کردنی شێوە جوان، سەرنجڕاکێش و ڕەنگاو ڕەنگە، یارمەتی چالاککردنی مێشکی مرۆڤەکان دەدات، ئەم یارییە شەشپاڵوویەکی سێ ڕەهەندییە کە وەک مەتەڵێکە، جۆری یەکەم و بنەڕەتی یارییە جادوییەکە پێکدێت لە شەش ڕوو کە هەر ڕوویەک لە نۆ چوارگۆشەی بچووک پێکهاتووە و کۆی گشتی چوارگۆشەکان پێکدێت لە ٤٣ دانە، یاری ڕوبیکس لە چەند ڕەنگێکی بنەڕەتی پێکدێت وەک، سوور، سپی، شین، پرتەقاڵی، سەوز و زەرد، لە هەندێک لە شێوەکانیدا ڕەنگی تریش هەیە، یارییەکە لە سێ ستوون پێکدێت کە لە سەرەتادا هەموو ڕەنگەکانی سەر چوارگۆشەکان ڕێکن و بەشێوەی خولانەوە دەجوڵێن و ڕەنگەکان تێکەڵ دەبن پاشان مرۆڤەکان هەوڵی دووبارە چاککردنەوە و ڕێکخستنەوەیان دەدەن کە ئەمەش کارێکی گرانە و پێویستی بە توانا، بیرکردنەوە و کاتێکی زۆرە، ئامانج لە دروستکردنی ئەم یارییە داهێنانی پێکهاتەیەک بوو کە بە جوڵاندن و خولاندنەوە تێکنەشکێت و خراپ نەبێت.

 مێژووی دۆزینەوەی

لە بەهاری ساڵی ١٩٧٤ لە وڵاتی هەنگاریا تەلارسازێکی هەنگاری بە ناوی "ئیرنۆ ڕوبیک" کە مامۆستای زانکۆ بوو هەوڵی دروستکردنی ئامڕازێکی سێ ڕەهەندیدا بۆ قوتابییەکانی تا بتوانن بەهۆیە لە بابەتی سێ ڕەهەندی تێبگەن بەڵام پێویست بوو ئامڕازەکە بەشێوەیەک بێت توانای جوڵە و خولانەوەی هەبێت لەگەڵ ئەوەشدا خراپ نەبێت و نەشکێت، سەرەتا بە دار و کاغەز یارییەکەی دروستکرد و بە چەند لاستیکێک بەیەکەوە بەستی و دواتر لەدوای هەوڵێکی زۆر ئەم شەشپاڵووە جادووییەی بەرهەم هێنا، دۆزینەوەی ئەم یارییە بووە هۆی سەرسام کردنی هەموو جیهان و هەموو تاکێک لە گشت تەمەنە جیاوازەکان بە "نێر و مێ" وە یارییەکەیان تاقیدەکردەوە، یاری ڕوبیکس لە ساڵی ٢٠٠٩ زیاتر لە ٣٥٠ ملیۆن دانەی لێفرۆشرا کە ئەو ساڵە نازناوی پڕ فرۆشترین یاری ساڵی پێبەخشرا.

جۆر و شێوەکانی

یاری ڕوبیکس کیوب بە چەندین جۆر، شێوازی جیا جیا و چەندین ڕەنگی جیاواز دروستکراوە لەلایەن چەند کەسێکەوە، هەندێک لە جۆر و شێوەکانی بریتین لە:

  • شێوەی ٢x٢: ئەم شێوەیە پێی دەوترێت "مینی کیوب" یان "کیوبی گیرفانی"، بچووکە و لە دوو چین پێکهاتووە، لە کاتی بینینی ئەم جۆرەی یاری ڕوبیک وا هەست دەکەیت چاککردن و ڕیککردنی کاتێکی کەمی پێویستە و زۆر ئاسانە بەڵام ئەوە ڕاست نییە، چاککردنی گرانە و کاتێکی زۆری پێویستە.
  • شێوەی ٣x٣ یان ڕوبیکی کلاسیک: ئەم جۆرە قەبارەیەکی مامناوەندی هەیە و زۆرینەی خەڵک ئەمە بەکاردەهێنن.
  • شێوەی ٤x٤ یان روبیک ماستەر: ئەم جۆرەی شەشپاڵووی ڕوبیک پێکدێت لە ٢٤ چوارگۆشەی بچووک.
  • شێوەی ٥x٥: ئەمەیان بە شەشپاڵووی پڕۆفیسۆر ناسراوە و لەلایەن زانا "ئۆدۆ کڕێڵ"ـەوە دروستکراوە.
  • مێگامینیکس: جۆرێکی تری یاری ڕوبیکە و چەندین شێوەی هەیە، دیارترینی بریتییە لە شێوەی ئەستێرەیی کە لە ١٢ ڕەنگ و ٥٠ چوارگۆشە پێکدێت.
  • پێرامینیکس: ئەم جۆرەیان شێوە هەڕەمییە و چوار ڕووی سێگۆشەیی هەیە، پێکدێت لە نۆ سێگۆشەی بچووکی لەیەکچوو.
  • سکیوب: جۆرێکی ترە لە شەشپاڵووی ڕوبیک کە بە "ڕوبیکی ئاڵۆز" ناسراوە، هەرچەندە شێوەکەی نامۆیە بەڵام دەتوانرێت بە چەند هەنگاوێکی سادە و ئاسان ڕێک بخرێت.

خێراترین کەسەکان لە چاککردنی یارییەکە

لە سەرەتای دروستبوونی ئەم یارییە تاوەکوو ئەمڕۆ چەندین پێشبڕکێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەنجام دراوە بە مەبەستی دیاریکردن و خەڵاتکردنی ئەو کەسەی کە دەتوانێت لە کەمترین ماوەدا ڕەنگەکانی شەشپاڵووەکە ڕێکبخات، دیارترین و بەناوبانگترین ئەو کەسانە بریتین لە:

  • یوشینگ دو: ئەم کوڕە چینییە لە ساڵی ٢٠١٨ توانی جیهان سەسام بکات بە ڕێکخستنی شەشپاڵووی ڕوبیک لە جۆری ٣x٣ بە ماوەی تەنها ٣.٤٧ چرکە.
  • فیلێکس زیمدێگز: فیلێکسی ئوسترالی بەناوبانگترین و ناسراوترین کەسە لە جیهاندا کە بە خێراییەکی زۆر دەتوانێت پێشبڕکێ بکات، ئەو توانی لە ماوەی ٤.٢٢ چرکەدا شەشپاڵووی ڕوبیکی جۆری ٣x٣ ڕێک بخات.
  • پاتریک پۆنس: پاتریک خەڵکی ئەمریکایە و یەکێکە لە بەناوبانگترین کەسە خێراکانی جیهان، چەندین جار ناوی لە پێشبڕکێ جیهانییەکاندا تۆمارکراوە و توانی لە ماوەی ٤.٢٤ چرکەدا شەشپاڵووی ڕوبیک ڕێک بخات.
  • نیکۆڵاس سونچێز: لە ٤/ ١٢/ ٢٠١٩ دا نیکۆڵاس توانی لە ماوەی ٤.٣٨ چرکەدا یارییەکە لە جۆری ٣x٣ ڕێک بخات.
  • ماکس پارک: خێراترین و بەناوبانگترین پاڵەوانی جیهانە کە توانی لە ماوەی ٤.٤٠ چرکەدا شەشپاڵووی ڕوبیک ڕێک بخات.

ئایا مرۆڤەکان خێراترن لە چاککردنی یارییەکە یاخود ڕۆبۆتەکان؟

خێراترین مرۆڤ لە جیهاندا توانی بە ماوەی تەنها ٣.٤٧ چرکە یاری روبیکس ڕێک بکات و پێوانەی جیهانی بشکێنێت و ناوی لە کتێبی گینس تۆمار بکرێت، بەڵام بەراورد بە ڕۆبۆتەکان ئەم کاتە بۆ چاککردنی شەشپاڵووەکە زۆرە و سێ خولەک زیاترە، ڕۆبۆتەکان توانایەکی زیاتریان هەیە لەچاو مرۆڤەکاندا، ئەوان دەتوانن تەنها لە ماوەی ٠،٣٨ چرکەدا یارییەکە چاک بکەن و ڕێکی بخەن.


سەرچاوەکان



1311 بینین