یاریی تاوڵە

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-15-10:12:00 - کۆدی بابەت: 7834
یاریی تاوڵە

ناوه‌ڕۆك

یاریی تاوڵە چییە؟

تاوڵە یان تەختە نەرد (بە عەرەبی:طاولة، بە ئینگلیزی: Backgammon) یارییەکی زۆر باوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر کەس ئەنجامی دەدەن چونکە هەستی چێژ و خۆشیان پێدەبەخشێت، تاوڵە لە تەختەیەکی داری دوو پارچەیی پێکهاتووە کە هاوشێوەی سندووقێکی دارە، وەکوو کتێب دەکرێتەوە و دادەخرێت، هەروەها بە هێڵکاری نەخش و هێمای ناوازە نەخشێنراوە، ناوەکەی دابەشکراوەتە سەر چوار بەش، هەر لایەکی لە 12 خانە پێکهاتووە، کۆی خانەکانی هەردوو بەشەکەی 24 خانەیە، پووڵ یاخود داشەکان کە یاریی پێدەکرێت ژمارەیان 30 دانەن لە پلاستیک یان دار دروست دەکرێن و ڕەنگیان جیاوازە، یارییەکە بە دوو زار یان تاس دەکرێت کە شێوەی شەش پاڵویییەکی بچووکی ڕەنگ سپییە و بە خاڵی ڕەش لە ژمارە یەک تاکوو ژمارە شەشی تێدا نەخشێنراوە، بە گشتی ڕەنگی زارەکان سپی و ڕەشن و لە ئێستادا چەند ڕەنگێکی تریشیان هەیە. زۆرجار ئەو تەختەیەی کە تاوڵەی لەسەر دەکرێت، ڕووی دەرەوەی یاریی شەتڕەنجی لەسەر ئەنجام دەدرێت.
یاریی تاوڵە یارییەکە زیاتر پشت بە شانس و بەخت دەبەستێت، دوو شەشی زارەکان گەورەترین ڕۆڵ دەبینێت لە یارییەکە.
لە زۆرێک لە چایخانە و گازینۆ و کۆبوونەوە خێزانییەکان ئەم یارییە لە نێوان دوو کەس ئەنجام دەدرێت، لە ئێستادا بە شێوەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە تابلێت و مۆبایلە زیرەکەکانیش بەردەستە. 

مێژووی یاریی تاوڵە

ـ مێژووی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش زایین، له ناوچەکانی ئێران و هیندستان دەرکەوتووە.
ـ هەندێک بۆچوون پێیان وایە کە سەردەشتییەکان ئەم یارییەیان داهێناوە.
ـ بۆچوونێکی ڕاستتر هەیە کە مێژووی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان، بە دیاریی کراوی لە ناوچەی "مێژوویی ئۆر"ـی شارستانییەتی دۆڵی دوو ڕووبار، کە ئێستا دەکەوێتە باشووری پارێزگای زەی قاڕ لە عێراق.
ـ هەندێکی تر پێیان وایە کە ئەم یارییە تورکییە، هە لەوێوە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. 

واتای ژمارە و هێماکانی یاریی تاوڵە

بە گشی بردنەوە لە یاریی تاوڵە لەسەر بنەمای شانس و ڕێکەوتە، تاڕادەیەک یارییەکە زیاتر بە بەختەوە پەیوەستە، هەڵبتە چەند تەکتیک و ستراتیجییەکی سادەشی هەیە کە یارمەتی بردنەوە دەدەن لەو یارییەدا، هێما و واتای ئامرازی یارییەکە پەیوەستە بە کاتەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
ـ تەختە و ئە بنچینەیەی کە یاریی لەسەر  دەکرێت هێمایە بۆ گۆی زەوی.
ـ تەختەکە دابەشکراوە بۆ چوار بەشی سەرەکی کە هێمان بۆ وەرزەکانی ساڵ.
ـ کۆی گشتی پووڵ و داشەکان کە یارییان پێدەکرێت 30 دانەن و هێمان بۆ 30 ڕۆژی  مانگ.
ـ 24 خانەی سەر تەختەکە هێمای 24 کاتژمێری شەو و ڕۆژە.
ـ هەردوولای تەختەکە 12 خانەی تێدایە کە هێمای بوورجەکانن یاخود ئاماژەن بۆ 12 مانگەکەی ساڵ.
ـ دانان و هەڵگرتنەوەی پووڵەکان ئاماژەن بۆ لەدایکبوون و مردنی مرۆڤ.
ـ ڕەنگی ڕەش و سپی زارەکان ئاماژەن بۆ تاریکی شەو و ڕووناکی ڕۆژ، هەروەها زارکان هێمان بۆ خۆر و مانگ.


سەرچاوەکان



1496 بینین