سووتەمەنی بەبەردبوو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-03-01-23:35:00 - کۆدی بابەت: 7907
سووتەمەنی بەبەردبوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سووتەمەنی بەبەردبوو (بە ئینگلیزی: fossil fuel) هەر گروپێکە لەو ماددانەی کە هایدرۆکاربۆنیان تێدایە و بە شێوەیەکی زیندەیی لە توێکڵی زەویدا لە ئەنجامی شیبوونەوەی ئاژەڵ و ڕووەکەوە دروست دەبن، دەتوانرێت وەک سەرچاوەی وزە بەکاربێن، مرۆڤ لە ڕێگەی هەڵکەندن و دەرهێنانی کانەوە سووتەمەنی بەبەردبووی دەست دەکەوێت، گرنگترین سووتەمەنییە بەبەردبووەکان بریتیین لە خەڵووز، نەوتی خاو و گازی سروشتی کە ئەمانە هەمووی لە کاربۆن و لە ئەنجامی چەندین پڕۆسەی جیۆلۆجی دروست دەبن، ئەم پڕۆسە جۆلۆجیانە نزیکەی ٥ ملیار بۆ ٢,٥ ملیار ساڵی پێش زایین کاریان لەسەر ئەو ماددە ئەندامییانە کردووە کە لە ئەنجامی ڕۆشنەپێکهاتنەوە پێکهاتوون، هەروەها زۆربەی ماددە کاربۆنییەکان نزیکەی ٤١٩,٢ ملیۆن بۆ ٣٥٨,٩ ملیۆن ساڵی پێش زایین لە کەڕوو و بەکتریاوە دروست بوون، لە کاتێکدا کە هەندێکی تر لە ماددە کاربۆنییەکان لەدوای ئەو ماوەیە و لە سەرچاوەی ڕووەکییەوە دروست بوون، هەموو سووتەمەنییە بەبەردبووەکان لە هەوادا یان بە بوونی ئەو ئۆکسجینەی لە هەواوە وەرگیراوە دەسووتێن و گەرمی و وزە دەبەخشن.

بەکارهێنان

لەسەرەتای شۆڕشی پیشەسازی و لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٨ لە بەریتانیا، بەکارهێنانی سووتەمەنییە بەبەردبووەکان ڕووی لە زیادبوون کرد، لە سەدەی پێشکەوتوودا زیاتر لە ٨٠٪ تێکڕای وزەی بەکارهاتوو لەلایەن وڵاتە پێشکەوتووە پیشەسازیەکانەوە لە سووتەمەنییە بەبەردبووەکانەوە دەست دەکەوێت، هەروەها شوێنەواری نوێ بەردەوام لە دۆزینەوەدایە، پاشەکەوتی گرنگی ماوەی سووتەمەنی بەبەردبوو لەسەر زەویدا سنووردارە.
خەمڵاندنی بڕی ئەو سووتەمەنییە بەبەردبووانەی کە دەتوانرێت ئابوورییانە نوێ بکرێنەوە قورسە، بەتایبەت لەبەر گۆڕانی بەهای بەکاربردن وئەو بڕەی لە داهاتوودا بەکاردەبرێت بەپێی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا.

گرنگی

سووتەمەنییە بەبەردبووەکان گرنگییەکی مەزنیان هەیە چونکە دەسووتێن (دەئۆکسێن بۆ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئاو)، بڕێکی شیاوی وزە بۆ هەر بەشێکی بارستەکەی پێکدەهێنێت، بەکارهێنانی خەڵووز وەک سووتەمەنی مێژوویەکی دێرینی هەیە، لە کاتێکدا کە هایدرۆکاربۆنە نیمچە ڕەقەکانی دەڵیانەکان بەهەمان شێوە لە سەردەمی دێریندا دەسووتێنران، مێژووی بەکارهێنانی نەوتی خاو بۆ مەبەستی بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٩ی زایینی، بەتایبەت بۆ جێگرتنەوە ئەو سووتەمەنیانە بەکاردەهات کە لە ڕۆنی ئاژەڵەوە دەست دەکەوتن.
لەسەرەتادا گازی سروشتی وەک بەرهەمێکی لاوەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو دەسووتێنرا، بەڵام لەسەردەمی پپێشکەوتوودا وەک سەرچاوەیەکی گرنگی سووتەمەنی دادەنرێت.
نەوتی خاوی قورس کە زۆر لینجترە لە نەوتی خاوی ئاسایی لە سەرەتاکانی ساڵانی ٢٠٠٠ی زایینی وەک سەرچاوەیەکی سووتەمەنی بەبەردبوو گرنگییەکەی زیاتربوو.

گرنگترین سووتەمەنییە بەبەردبووەکان

گازی سروشتی

گازی سروشتی کە پێشی دەوترێت گازی میسان یان گازی میسانی سروشتی، گازێکی هایدرۆکاربۆنیی بێڕەنگی گڕگرتووە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە میسان و ئیسان پێکدێت، جۆرێکی پێترۆڵیەمە کە بەشێوەیەکی باو لەگەڵ نەوتی خاودا بەرهەم دێت، سووتەمەنی بەبەردبووی گازی سروشتی بەکاردێت بۆ ڕێکخستنی کارەبا و گەرمی و لێنانی خواردن و وەک سووتەمەنی بۆ هەندێک جۆری ئامێر، هەروەها وەک ماددەیەکی خاوی کیمیایی گرنگ لە دروستکردنی پلاستیکدا بەکاردێت، سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ کۆمەڵەیەکی فراوان لە بەرهەمە کیمیاییەکانی تری وەک بۆیە و پەیین.

نەوتی خاو

پێتڕۆڵیەم (بە ئینگلیزی: petroleum) تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە ئەو هایدرۆکاربۆنانەی کە لە دۆخی شلی و گازی و ڕەقی لە زەویدا دروست دەبن، دەستەواژەی پێتڕۆڵیەم زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی شلەکەی، بەشێوەیەکی باو پێی دەوترێت نەوتی خاو (بە ئینگلیزی: Crude oil)، دۆخی شل و گازی پێتڕۆڵیەم بەشێکی گرنگی سووتەمەنییە بەبەردبووەکانە.

خەڵووز

خەڵووز یەکێکە لە گرنگترین سووتەمەنییە بەبەردبووەکان، کە ماددەیەکی ڕەقی کاربۆنییە و ڕەنگی ڕەش یان قاوەییەکی تۆخە، زۆرجار لە چینی تاوێرە نیشتووەکاندا دروست دەبێت، نزیکی ٥٠٪ کێشەکەی لە کاربۆن پێکدێت، چەندین جۆری جیاوازی هەیە و جیاوازی ئەم جۆرانە دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ئەو ڕووەکەی سەرچاوەی خەڵووزەکەیە لەگەڵ ڕێژەی بەخەڵووزبوون و ئاستی بوونی ماددەی نەخوازراو تیایدا.

ئەو وڵاتانەی دەوڵەمەندن بە سووتەمەنی بەبەردبوو

گازی سروشتی

وڵات هەناردەکردن (مەترسێجا)
ڕووسیا 196,000,000,000
قەتەر 120,800,000,000
نەرویج 102,800,000,000
یەکێتی ئەورووپا 93,750,000,000
کەنەدا 82,450,000,000

نەوتی خاو

وڵات هەناردەکردنی نەوتی خاو
سعودییە (1,094,000 m3/d)
ڕووسیا (735,300 m3/d)
ئیماڕات (400,000 m3/d)
عێراق (380,000 m3/d)

نەیجیریا

(372,200 m3/d)


سەرچاوەکان



848 بینین