یاریی ڕێد دێد ڕیدێمپشن ٢

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-11-15:13:00 - کۆدی بابەت: 7963
یاریی ڕێد دێد ڕیدێمپشن ٢

ناوه‌ڕۆك

ناساندی یاری

ڕێد دێد ڕیدێمپشن ٢ (بە ئینگلیزی: Red Dead Redemption 2، بە عەرەبی: ريد ديد ريدمبشن 2) یارییەکی ڤیدیۆیی ئاکشن و سەرکێشیی ساڵی ٢٠١٨ـە و لەلایەن کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمسەوە بڵاوکراوەتەوە. یارییەکە بەشی سێیەمی زنجیرە یاریی ڕێد دێدە و دەستپێکێکە بۆ یاریی Red Dead Redemptionـی ساڵی ٢٠١٠.

یارییەکە شێوەیەکی ڕاستەقینە و جیهانی کراوەی هەیە و یاریکەری یارییەکە هەست بە تەواوی ئەو وردەکارییانە دەکات کە تێیدایە.

چیرۆکی یارییەکە

چیرۆکی یارییەکە باس لە کەسێک دەکات لە ساڵی ١٨٩٩ کە لە یاسا دەرچووە و ناوی ئارسەر مۆرگانە و ئەندامی باندی (ڤان دێر لیند)ـە. جوگرافیای یارییەکەیش ویلایەتەکانی ڕۆژئاوا و باشوور و ناوەڕاستی ڕۆژئاوایە. ئارسەر کە کاراکتەری سەرەکی یارییەکەیە دەبێت لەگەڵ حکوومەت و گرووپ و کەسەکانی تری یارییەکە ڕووبەڕوو ببێتەوە و خۆی بپارێزێت.

شێوازی یارییەکە

یارییەکە بە شێوەی بینینی کەسی یەکەم و کەسی سێیەم بەردەستە، یاریکەر دەتوانێت بە ئازادی لەنێو ناوچەکانی نەخشەکە بجوڵێت و بگەڕێت و ئەو کارانە بکات کە حەزی پێیەتی. هەروەها هەموو چالاکییەکانی (تەقەکردن، دزیکردن، ڕاوکردن، ڕامکردن، ئەسپسواری، قسەکردن لەگەڵ کەسەکانی تری نێو یارییەکە، پاراستن و بەرزکردنەوەی ڕێز بەهۆی کاری ئەخلاقییەوە) لەخۆی دەگرێت کە یاریکەر دەتوانێت ئەنجامیان بدات.

دروستکردنی یارییەکە

دروستکردنی یارییەکە ماوەی هەشت ساڵی پێچوو و دوای ماوەیەک لە بڵاوکردنەوەی Red Dead Redemption دەست کرا بە دروستکردنی ئەم یارییە. بەهۆی ئەو ماوە زۆرە و وردەکارییەکانییەوە، یەکێکە لە گرانترین یارییەکانی مێژوو. بۆ ئەم مەبەستە کۆمپانیای ڕۆکستار تەواوی ستۆدیۆکانی لە یەک گرووپدا کۆکردەوە بۆ ئاسانکردنی کارەکە. شوێنەکانیان لە جیهانی ڕاستییەوە وەرگرتووە و هەموو شوێن و دۆخ و کات و ڕووداوەکان لەگەڵ کاراکتەرەکەدا یەک دەگرنەوە. ئەم یارییەش یەکەمین یاریی کۆمپانیای ڕۆکستارە کە تایبەت بێت بە نەوەی هەشتەمی کۆنسۆڵەکان.

دەنگ

مۆسیقا و ساوندتراکی یارییەکە لەلایەن وودی جاکسن و کۆمەڵێک کاریگەریی دەنگییەوە دروستکراون لەلایەن دانیێل لانوا.

بڵاوبوونەوە

لە ٢٠١٨/١٠/٢٦ یارییەکە بۆ هەریەک لە پلەی ستەیشن چوار و ئێکس بۆکس وەن بەردەست بوو، دواتریش لە ٢٠١٩/١١/٥ بۆ مایکرۆسۆفت ویندۆز بەردەست خرا. جۆری سەرهێڵی یارییەکەیش لە ئایاری ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە.

پێش بڵاوکردنەوەی ڕیکلامێکی زۆری بۆ کرا و ناوبانگێکی باشی پەیداکرد، لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا زۆرینەی ژمارە پێوانەییەکانی شکاند و بووە خاوەنی ناسناوی دووەم گەورەترین بڵاوبوونەوە و فرۆشەکانی لە پشووی کۆتایی هەفتە گەیشتە ٧٢٥ ملیۆن دۆلار. لە ماوەی دوو هەفتەشدا فرۆشی تەواوی ساڵەکانی Red Dead Redemption شکاند. لە کۆتایی ساڵدا بوو بە خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانیی و خەڵاتی تایبەتی "باشترین یاریی ساڵ". یەکێکە لە باشترین یارییەکانی مێژوو و زیاتر لە ٤٣ ملیۆن لەبەرگیراوەی لێ فرۆشراوە.

وردەکارییەکانی یارییەکە

  1. بە تێپەڕبوونی کات قژ و ڕیشی ئارسەر زۆر دەبێت و دەتوانیت بەپێی درێژییەکەی بیتاشیت و چاکی بکەیت.
  2. بەپێی زیادبوون و کەمبوونی کێشی، ڕیشی ئارسەر دەجوڵێت و پان و باریک دەردەکەوێت.
  3. ئەگەر نان نەخۆیت و نەخۆیتەوە، ئارسەر هیلاک دەبێت.
  4. بەپێی ئەو خواردنەی دەیخوات ئارسەر قەڵەو و لاواز دەبێت.
  5. ئەندامانی تری یارییەکەش وەک یاریکەری سەرەکی جەستەی کوژراوەکان دەپشکنن و کەرەستەکانیان دەدزن، بۆیە دەبێت پەلە بکەیت و بەخێرایی شتەکان هەڵبگریتەوە.
  6. دەشێت کڵاوەکەی سەری ئارسەر بەهۆی لێدانی دەست یان بە فیشەک بخرێتە خوارەوە.
  7. دەتوانیت لە پێستی ئەو ئاژەڵانەی ڕاوی دەکەیت کڵاو دروست بکەیت، وەک ڕاکۆن و ڕێوی.
  8. دەتوانیت جلوبەرگەکان بەدڵی خۆت هەڵبژێریت، بۆ نموونە بڕیار بدەیت کە پانتۆڵەکەت لەناو پێڵاوەکەت بێت یان نا.
  9. چەکەکان بە تێپەڕبوونی کات پیس دەبن، یان ئەگەر تەڕ ببن ئەوە بەباشی کار ناکەن و پێویستیان بە پاککردنەوەیە.
  10. بەتێپەڕبوونی کات ئەسپەکەت پیس دەبێت و قوڕاوی دەبێت و ئەوەش وادەکات خاو ببێتەوە، بۆیە دەبێت پاکی بکەیتەوە یان بڕۆیتە نێو ئاو.
  11. ئەسپەکەت زیاتر لەگەڵت باش دەبێت ئەگەر خواردنی باشتری پێ بدەیت.
  12. قسەکانی ئارسەر بۆ ئەسپەکەی دەگۆڕێت بەپێی ڕەگەزی ئەسپەکەی.
  13. ئەگەر ئارسەر بە قوڕ یان خوێن پیس بووبێت، ئەوە خەڵکی دەوروبەری بە شێوەیەکی جیاواز سەیری دەکەن وەک لەوەی پاک و خاوێن بێت.
  14. ئەو بەفرەی لەسەر جلەکانە لە کۆتاییدا دەتوێتەوە، قوڕەکەش ڕەق دەبێت و دەسڕێتەوە. خوێنەکەش وشک دەبێت.
  15. دەتوانیت ئەو جۆرە هەڵبژێریت کە سواری دەبێت کاتێک لەنێو گرووپێکدایت.
  16.  ناتوانیت سواری ئەسپی ئەندامانی تری چەتەکان بیت. ئەسپی هۆڵەندی لێت دەدات ئەگەر نزیک ببیتەوە لێی.
  17. دەنگی فیشەکەکان جیاواز دەبن بەپێی ئەوەی لە دەشتێک بیت یان لە شوێنێکی داخراو و باریک.
  18. پێش ئەوەی تەقینەوە ڕووبدات ئارسەر چاو و گوێیەکانی دەپارێزێت.
  19. بەشێوەیەکی خۆکارانە ئەسپەکان پیسایی دەکەن
  20. مانگی نێو یارییەکە وەک مانگی ڕاستی شێوەکەی دەگۆڕێت بەتێپەڕبوونی کات.
  21. ئەگەر ئەسپەکەت بمرێت جارێکی تر ناتوانیت زیندووی بکەیتەوە.
  22. دەتوانیت بە ئەسپەکەت بڵێیت ڕابکات ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانی هەبوو، ئەمەش بۆ پاراستنی لە مردن.
  23. جلوبەرگەکانی یارییەکە دەبێت بەپێی کەشوهەوا بێت، بۆ نموونە گەر جلوبەرگی تەنک لەبەر بکەیت لە زستان و کەشی بەفراوی نەخۆش دەکەویت.
  24. کاتێک ئارسەر بە تەنیا بێت گۆرانی دەڵێت لەبەرخۆیەوە.
  25. ئەگەر ئاژەڵێک بکوژیت و هەڵی نەگریتەوە، مشەخۆرەکان دێن بۆیان و بە درێژایی کات شی دەبنەوە.
  26. ئاژەڵە دڕندەکان دەتوانن ئەسپەکەت بترسێنن ئەگەر زوو نەیانکوژیت.
  27. ئەگەر کەسێک ڕزگار بکەیت لە مەترسییەک، هەرکات تۆی بینی سوپاست دەکات
  28. جاروبار هەورەبروسکە لە درەختەکان دەدات و دەیانسووتێنێت.
  29. ئەگەر ئاژەڵێک بە فیشەک بکوژیت لەکاتی فرۆشتنیدا نرخی کەمترە وەک لەوەی بە تیر بیکوژیت
  30. ئارسەر کە لە ئاوێنە خۆی دەبینێت ڕای خۆی دەردەبڕێت
  31. ڕۆژنامەکان هەموو ڕووداوەکانی ناوچەکە باس دەکەن
  32. ژێر نینۆکەکانی ئارسەر پیس دەبن
  33. گونەکانی ئەسپەکەت لە زستان و کەشی سارددا بچووک دەبنەوە
  34. ئەگەر فیشەک لە بەلەم بدات ماوەیەکی پێدەچێت بۆ ئەوەی نوقم ببێت    


سەرچاوەکان



650 بینین